بەغدا و واشنتۆن لــە دیداری تەمــوزدا

‌هەڤاڵ عارف

وا بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق وەک یەکەمین وێستگە لە دوای وەرگرتنی پۆستەکەی سەردانی فەرمی خۆی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام بدات ئەم سەردانە، کە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت، تەنها سەردانێکی پرۆتۆکۆڵی ئاسایی نییە، بەڵکو وێستگەیەکی یەکلاکەرەوەیە بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن لە قۆناغەکانی ئێستا و داهانوشدا، ئەرکی زەیدی لەم گەشتەدا قورسە، چونکە دەبێت لەسەر پەتێکی باریک هاوسەنگییەک لە نێوان داواکارییەکانی ئەمریکا و فشارە ناوخۆییەکاندا دروست بکات، بەبێ ئەوەی لایەنێکیان لەسەر حیسابی ئەوی دیکە پەراوێز بخات.

کات و ساتی ئەم گەشتە لەکاتێکدایە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی هەستیار و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، بەتایبەتی ناوچەکە تازە لە ململانێیەکی سەخت و جەنگێکی وێرانکەر دەرچوە، عێراقیش وەک بەشێکی کاریگەری ئەم ناوچەیە، نەیتوانیوە خۆی لە شەپۆلی ئەو قەیرانانە بەدور بگرێت، لە ڕوی ناوخۆییەوە بەهۆی لێکەوتە ئابوورییەکان، هەڵاوسان و ناجێگیری بەهای دراوەوە زیاتر توشی گرفتی ئابوری و قەیرانی کەمیی نەختینەیی بوەتەوە، ئەمەش ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ کەمبونەوەی داهاتی نەوت وەک یەکێک لە باجەکانی ئەو جەنگەی، کە ئاستەنگی گەورەی بۆ جوڵەو ئاسایشی دەریاوانی لە گەرووی هورمز دروستکرد، لەم   هەلومەرجەشدا بۆ دەربازبون، بەغدا پێویستییەکی زۆری بە پاڵپشتیی دارایی و ئابوریی و هەماهەنگی واشنتۆن هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانانە، بەتایبەتی بۆ سوککردنی هەندێک لە فشارە داراییەکان و قوڵکردنەوەی لێکتێگەیشتنەکانی لەگەڵ گەنجینەی فیدراڵی و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە بۆ عێراق، بە مەبەستی بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری و سەقامگیریی بازاڕ.


وەک ئامادەکارییەکیش بۆ ئەم گەشتە گرنگە و بۆ نیشاندانی نیازپاکی و ئامادەیی بەغدا، سەرۆک وەزیران هەندێک هەنگاوی پێشوەختەی ناوە، لەوانە ئەنجامدانی گۆڕانکاریی جەوهەری لە چەند جومگەیەکی ئەمنی و داراییدا، هاوتەریب لەگەڵ ئاشکراکردنی کۆمەڵێک دۆسیەی گەندەڵی و دەستگیرکردنی چەند بەرپرسێکی حکومی تێوەگلاو لەو پرسانەدا، بێگومان ئەمەش وەک پەیامێکی ڕوون بۆ واشنتن خوێندنەوەی بۆ دەکرێت سەبارەت بە جددیەتی حکومەتەکەی لە پرسی چاکسازی و کۆنتڕۆڵکردنی دامەزراوە هەستیارەکاندا،
هەموو ئەم هەنگاوانەش هاوکاتن لەگەڵ سەردانەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوی تۆم باراک بۆ بەغدا، کە ئامانج لێی زەمینەسازییەکی تۆکمە و داڕشتنی نەخشەڕێگای گفتوگۆکان بو، تاوەکو دەرەنجامی کۆبونەوەکانی کۆشکی سپی لە لێکتێگەیشتنی ڕوکەشەوە بپەڕنەوە بۆ ڕێککەوتنی کرداری و ستراتیژییەکی واقیعی.

لەسەر مێزی گفتوگۆکانی کۆشکی سپی، دۆسیەی ئەمنی قورسترین تەوەری دانوستانەکانە، واشنتۆن بە ڕونی چاوەڕوانی هەنگاوی یەکلاکەرەوە دەکات بۆ چەککردنی گروپەکان و قۆرخکردنی چەک تەنها لەدەستی دەوڵەتدا، تا دڵنیا بێت عێراق نابێتە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی، لێرەدا خاڵی لاوازی زەیدی لەم سەردانەدا ئەوەیە تا ئێستا نەیتوانیوە هەنگاوی عەمەلی و بەرچاو بۆ هەڵوەشانەوە یان رێکخستنەوەی ئەو گروپانە بنێت چونکە سەرباری ئەوەی هەندێکیان بە شێوەیەکی سەرەتایی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەیان داوە، بەڵام بەشێکی تریان بە توندی ئەم هەنگاوە ڕەتدەکەنەوە. ئەمەش ئاستەنگێکی گەورەی لەبەردەم زەیدیدا دروستکردوە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم مەلەفە بەبێ تێکدانی ئاشتیی ناوخۆیی.

لە لایەکی دیکەشەوە، هەڵوێستی چوارچێوەی هەماهەنگی وەک پێکهێنەری سەرەکی حکومەت، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بڕیارەکانی سەرۆک وەزیران هەیە و بە هەستیارییەوە چاودێریی ئەم سەردانەی دەکەن، ئەمەش ناچاری دەکات هاوسەنگییەکی قورس ڕابگرێت، چونکە نە دەتوانێت بەتەواوی مل بۆ مەرجەکانی واشنتۆن بدات و هێڵە سورەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ببەزێنێت، نە دەشتوانێت پشتگیری چارەنووسسازی ئەمریکا بۆ ڕزگارکردنی ئابوریی عێراق لەدەست بدات، بۆیە ئەرکی سەرەکیی ناوبراو لەم گەشتەدا، دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و دروستکردنی هاوسەنگییە لە نێوان ئەم دوو جەمسەرە جیاوازەدا.

لە پاڵ ئەم تەوەرە ئاڵۆزانەدا، هەرچەندە تا ئێستا پێکهاتەی کۆتایی تیمی سەرۆک وەزیران دیاری نەکراوە، بەڵام پێویست دەکات نوێنەری باڵای هەرێمی کوردستان لەم گەشتەدا بونی هەبێت، چونکە بەشداریکردنی کورد لەم سەردانەدا، سەرباری پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێم و سودوەرگرتن لە پێگەی دەوڵەمەندی سەرچاوە سروشتییەکان بۆ گێڕانی ڕۆڵێکی ستراتیژی لە مەلەفی وزەدا، هاوکات وێنەی پەیوەندییەکی تەندروست و هەماهەنگیی نێوان هەرێم وناوەند لە کۆشکی سپی نیشان دەدات ئەمەش پرسێکە، واشنتن هەمیشە بایەخێکی زۆری پێ دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو لا.

​لە کۆتاییدا، سەردانەکەی ناوەڕاستی مانگی تەمموز تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ هێز و توانای دیپلۆماسی سەرۆک وەزیران لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکاندا. سەرکەوتنی گەشتەکە پەیوەستە بە توانای ناوبراو لە دەستەبەرکردنی پاڵپشتی ئابوری و قوتارکردنی عێراق لەو سزایانەی، کە واشنتن هەمیشە وەک کارتی هەڕەشە بۆ بەدەستهێنانی داواکارییەکانی بەکاری دەهێنێت، ئەمەش لە بەرامبەر سەلماندنی توانای حکومەتەکەی بۆ سەپاندنی هەژمونی دەوڵەت و کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی دۆخی ئەمنی بەبێ ئەوەی بچێتە ژێر باری هیچ مەرجێکی سەپێندراوەوە، کە بەزیان و پێشێلکاری بۆ سەروەری ووڵات بشکێتەوە، دواجار هەر لێکتێگەیشتن و بڕیارێک لەم سەردانەدا بکەوێتەوە، تەنها چارەسەرێکی کاتی نابێت، بەڵکو دەبێتە نەخشەڕێگایەک ئاراستەی داهاتوی سیاسی، ئەمنی و ئابوریی عێراق بۆ چەندین ساڵی داهاتو دیاری دەکات.

با چاوەڕوان بین و بزانین  سەرۆک وەزیران دەتوانێت لێزانانە ئەم هاوکێشە ئاڵۆزە تێپەڕێنێت و بە دەستکەوتی واقیعییەوە بۆ بوژاندنەوەی سەقامگیری  ئابوری و ئەمنی وڵاتەکەی بگەڕێتەوە بەغدا، یان قورسی مەرجەکانی کۆشکی سپی و بەربەستی ئەو چەکانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتن، سەردانەکە لە بەیاننامەیەکی دیپلۆماسیی بێ ئەنجامدا کورت دەکەنەوە!!!


PM:07:06:26/06/2026

ئه‌م بابه‌ته 1056 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی