نوخشە خان؛ شایستەی ڕێزگرتن و خەڵاتکردنە
بێریڤان سهرههنگ
نوخشە خان؛ نموونەیەکی جوانی مرۆڤایەتی و خزمەتگوزاری. شایستەی ڕێزگرتن و خەڵاتکردنە
لە مێژووی گەلاندا هەمیشە کەسانێک هەن کە بە کردار و هەڵسوکەوتیان ناویان لە دڵی خەڵکدا دەمێنێتەوە.لە پارێزگای هەڵەبجەش نوخشە خان یەکێکە لەو کەسانەی کە بە خزمەتگوزاری، دڵسۆزی و هەستکردن بە ئازاری خەڵک، ڕێز و خۆشەویستی هاووڵاتیانی بەدەستهێناوە.
نوخشە خان خانمێکە زۆر سەرکەوتوو لە کار و بەرپرسیارێتییەکانی خۆی، هەمیشە لەنێو خەڵکدایە و لەگەڵ خەڵک دەژی. ئامانجی سەرەکی ئەوەیە باشترین خزمەت بۆ شارەکەی و هاووڵاتیان دابین بکات. ئەو هەرگیز لە ئازار و کێشەکانی خەڵک دوور نابێتەوە، بەڵکوو بە دڵ و دەروون گوێ لە گرفت و ناخۆشییەکانیان دەگرێت و هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدات.نمونەیەکی بەرچاوی ئەم مرۆڤایەتییە لە کاتی ونبوونی کچێکی بچووک بە ناوی ڕوقیە دەردەکەوێت. ئەو کچەی لەگەڵ خانەوادەکەی وەک گەشتیار هاتبوون بۆ هەڵەبجە، بەڵام بەداخەوە لە ڕووباری زەڵم خنکا وون بوو. لەو ساتانە سەخت و دڵتەزێنەدا، نوخشە خان لەگەڵ هاووڵاتیانی هەڵەبجە بە بێ وەستان و بێ ماندووبوون ماوەی چەند ڕۆژ خەریکی گەڕان و دۆزینەوەی تەرمی ڕوقیە بوون. ئەو تەنها وەک بەرپرسیار نەجوڵایەوە، بەڵکوو وەک دایکێک و وەک مرۆڤێکی هەستیار، پیاوانە لە تەنیشت باوکی کچەکە وەستا و هەوڵی دڵنەوایی دان و پشتیوانی کرد.ئەم هەڵوێستە تەنها خزمەتگوزارییەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو نیشانەی بەرزی مرۆڤایەتی، ڕەسەنایەتی کەلتوری کوردی و نەریتە جوانەکانی کوردستان بوو.
نوخشە خان و هاووڵاتیانی هەڵەبجە بە کرداریان نیشانیان دا کە هەستکردن بە ئازاری خەڵک سنووری نەژاد، ئایین و ناسنامە ناناسێت.لەبەر ئەم هەموو هەوڵ و خزمەتە بەڕێزانەیە، پێویستە نوخشە خان تەنها ستایش نەکرێت، بەڵکوو بە فەرمی ڕێزی لێ بگیرێت و خەڵاتی تایبەتی پێ بدرێت. خەڵاتکردنی وەک پێزانینێک بۆ ئەو هەموو ماندووبوون و دڵسۆزییەی بۆ خەڵک و نیشتمان پیشانی داوە، هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ پشتگیری لە کەسایەتییە خزمەتگوزار و دڵسۆزەکان.
نوخشە خان تەنها سەرمایەی هەڵەبجە نییە، بەڵکوو نموونەیەکی بەرزی ژنی کوردە کە توانیویەتی بە کردارەکانی وێنەیەکی جوانی مرۆڤایەتی و بەرپرسیارێتی نیشان بدات. بۆیە شایستەی ئەوەیە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم و عێراقەوە ڕێزی لێ بگیرێت و خەڵاتی شایستەی پێ بدرێت، چونکە ئەوەی کردوویەتی جێگای شانازی و پێزانینەئەو وێنەیەکی جوانی ژنی کوردە، نموونەیەکی بەرزی بەرپرسیارێتی و مرۆڤایەتییە و دەبێت کار و خزمەتەکانی بۆ نەوەکانی داهاتووش وەک نموونەیەکی باش باس بکرێن. هەڵەبجە بەو جۆرە کەسانە شانازی دەکات و ناویان لە یادەوەری خەڵکدا دەمێنێتەوە.
PM:06:25:24/06/2026
ئهم بابهته 164
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی