لێدوانە تووندەکان و لێکەوتەکانی
فارس نەورۆڵی
قسەکردن ڕێگای پەیوەندیکردنە لە ناو کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا لە فۆرمی ڕەوانبێژیدا؛ هەمیشە وەک ئامرازێک بۆ قەناعەتپێکردن، ڕێکخستنی جەماوەر و گەیاندنی پەیامی فیکری و سیاسی کاری لەسەر کراوە، یان لە گفتوگۆ دیپلۆماسییەکاندا بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتن بەکارهاتووە. بە پێچەوانەشەوە، هەندێک جار بۆ ئیستفزاکردن پەنای بۆ دەبرێت.
کوردستان کە بە قۆناغی جۆراوجۆری خەباتی چەکداریی ڕزگاریخوازییدا تێپەڕیوە، لە کاتی خۆیدا لێدوانی توند بەرامبەر بە داگیرکەر ئەرکێکی شۆڕشگێڕانەی هەبووە بۆ هاندانی خەڵک دژی ستەمکاری. بەڵام کێشە گەورەکە لەوێوە دەستپێدەکات، کاتێک پێ دەنێیتە قۆناغی دەوڵەتداری و ژیانی مەدەنی بە هەمان دیسکۆرس و زمانی سەردەمی شاخ و جەنگەوە بەردەوام بیت؛ کە چۆن لەتەک داگیرکەر و دوژمندا لێدوانت هەبووە، ئێستاش لە سەردەمی حکومەتی دیموکراتی و کۆمەڵگەی مەدەنیدا، بە زمانێکی زبرتر ڕووبەڕووی یەکدی ببیتەوە.
ئێستا لێدوانی توند و ئاگرینی کارەکتەرە حزبییەکانی کوردستان، نەک تەنها بەرهەمێکی باشی بۆ حیزبەکانیان و بۆ کۆمەڵگەش نەبووە، بەڵکو لە سێ دەیەی ڕابردوودا هەمیشە ڕیسەکەی کردووەتەوە بە خوری و بووەتە هۆی دروستکردنی ناسەقامگیریی دەروونی و سیاسی، کە جەستەی کۆمەڵگەی کوردیی بەرەو لاوازی و بێهیوایی بردووە.
لە ڕوانگەی فیکرییەوە، لە فەزای دیموکراتیدا، زانستی سیاسەت پێمان دەڵێت: لێدوان و زمانی حزبی نیشتمانی و دیموکرات دەبێت ئامرازێک بێت بۆ ڕوونکردنەوەی ستراتیژییەت، دروستکردنی کۆدەنگیی نیشتمانی لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان، و کەمکردنەوەی گرژییەکان لە کاتی قەیراندا. بەڵام لە بنەچەی کلتووری سیاسیی کوردیدا، بەهۆی کاریگەریی هەیمەنەی داگیرکەر، بیری داخراوی حزبی ،وکێشەی نەبوونی ئارگۆمێنت و ململانێی ناوخۆیی درێژخایەن، لێدوان ئەرکە ڕەسەنەکەی خۆی لەدەستداوە. لە جیاتی ئەوەی ببێتە پردێک بۆ لێکتێگەیشتن، بووەتە چەکی هێرشبەر و بریندارکەر؛ لێدوان لە کوردستاندا زۆرجار بۆ شاردنەوەی شکستەکان، مۆبیلیزەکردنی ڕەشبینانەی جەماوەر و ناشرینکردنی ئەویتر بەکاردێت. لێدوانی حزبی و سیاسی لە کوردستاندا لە گوتارێکی بنیاتنەرەوە گۆڕاوە بۆ گوتارێکی پۆپۆلیستیی سۆزداری کە تەنها کار لەسەر غەریزە و توڕەیی خەڵک دەکات، نەک عەقڵانیەتیان.
ئەم دۆخە لێکەوتەی دەروونیی کارەساتباری بەسەر کۆمەڵگەوە جێهێشتووە. تاک لە کوردستاندا لەژێر بارگرانییەکی گەورەی ئابووری، دەروونی و کۆمەڵایەتیدایە؛ کاتێک میدیا و سۆشیاڵ میدیاش دەبنە سەکۆی گواستنەوەی لێدوانی ئاگرین و چاندنی ترسی نائارامیی کۆمەڵایەتی و داڕووخان، کۆمەڵگە دەخرێتە ناو دۆخێکی چاوەڕوانیی کارەساتەوە، کە دڵەڕاوکێی بەکۆمەڵ و خەمۆکی سیاسی بەرهەم دەهێنێت.
لە لایەکی ترەوە، کاتێک هاووڵاتی دەبینێت لێدوانەکان تەنها بۆ شکاندنی یەکترن و هیچ پڕۆژەیەکی ڕاستینە بۆ چاککردنی ژیانی ئەو لە ئارادا نییە، متمانەی بە بەهای نیشتمان و پرۆسەی سیاسی نامێنێت و نائومێدی باڵ دەکێشێت بەسەر هەمواندا؛ ئەمەش دەبێتە پاڵنەری سەرەکی بۆ کۆچی گەنجان. هاوكات زمانی توند لە سەرەوە، شۆڕ دەبێتەوە بۆ خوارەوەی شەقام و کۆمەڵگە فێری توندوتیژیی زمانی و قبوڵنەکردنی جیاوازییەکان دەبێت، کە ئەمەش شیرازەی خێزانی و کۆمەڵایەتی هەڵدەوەشێنێتەوە.
زیانەکانی ئەم جۆرە لێدوانانە تەنها لەسەر دەروونی تاک ناوەستێتەوە، بەڵکو پرۆسەی سیاسی بە تەواوی پەکدەخات؛ چونکە سیاسەت لە پرۆسەی دیموکراتی و جەوهەری خۆیدا هونەری سازشکردن و گەیشتنە بە خاڵی هاوبەش. کاتێک سەرکردە یان حزبێک لە ڕێگەی لێدوانی ئاگرینەوە بنکە جەماوەرییەکەی خۆی دژی لایەنەکەی تر بارگاوی دەکات، دواتر ناتوانێت لەسەر مێزی گفتوگۆ سازش بکات. لە دۆخێکی ئاوادا حزب ئاراستەکردن لەدەست دەدات و دەکەوێتە ژێر کاریگەریی فەیسبووک و حەشامات ئاراستەی دەکات، چونکە دەترسێت لایەنگرانی پێی بڵێن تەسلیمبوو یان دۆڕاو؛ ئەمەش هەمیشە پرۆسەی سیاسی تووشی چەقبەستوویی دەکات، وەک ئێستای هەرێمی کوردستان.
لە هەمان کاتدا، نەیارانی هەرێم لەم پارچەپارچەیی و شەڕە گوتارییە ئاگرینە سوود وەردەگرن و لێدوانە توندەکان دەبنە بەڵگەی ئەوەی کە کوردناتوانێت خۆی بەڕێوەبەرێت و توانای ئارگۆمێنتسازیی نییە؛ وەک ئینگلیزەکە وتبووی: «کورد ناتوانێ خۆی بەڕێوەببات، دەبێ بەڕێوەببرێن». بەتاڵکردنەوەی ئەم قسەیە دەکەوێتە ئەستۆی حزبەکان بەپێی قورسایی خۆیان، و سەلماندنیشی هەر لەسەر شانی ئەوانە، ئەگینا بەردەوامبوونی ئەم دۆخە دەبێتە هۆی لاوازبوونی پێگەی قەوارەی سیاسیی هەرێم. لە فەزایەکی ئاوادا، مشتومڕی عەقڵانی لەسەر دۆزینەوەی ڕێگای دەربازبوون ڕێگا ڕاستەکەیە، بەڵام کورتکردنەوەی هەموو شتێک بۆ شەڕی دەسەڵات و تۆمەتبارکردنی یەکتر بە خیانەت و گەندەڵی، بەبێ ئەوەی چارەسەری یاسایی و دامەزراوەیی بخرێتە ڕوو، بەرەنجامێکی تراژیدی دەدات بەدەستەوە.
مێژووی سیاسیی کورد پێمان دەڵێت کە ئەوانەی بە زمانی ئاگر قسە دەکەن، لە کۆتاییدا ڕەنجی هاونیشتمانی و نیشتمان دەسووتێنن. لێدوانە توندەکان لە کوردستاندا لە ڕابردوودا هیچ دەستکەوتێکی نیشتمانییان نەهێناوە، بەڵکو تەنها کاتکوژی و قووڵکردنەوەی قەیرانەکان بووە.
بۆ دەربازبوون لەم دۆخە، پێویستمان بە سازشکردن هەیە بۆیەکدی پێش ئەوەی شەمەندەفەری گۆڕانکارییەکان بەجێمان بێڵێت ئەمەش دەبێت بیرکردنەوەی خۆمان ڕاستکەینەوە، تا زمان و دیسکۆرسی سیاسی لە گوتاری شەڕو ، کینە و زبری و سۆزدارییەوە بگۆڕدرێت بۆ گوتاری دەوڵەتداری و عەقڵانیەت. ئەم گۆڕانکارییەش پێویستی بەهاوکاری و فشاری کۆمەڵگەی مەدەنی هەیە بۆ هۆشیار کردنەوەی هاووڵاتیان لە بایکۆتکردنی میدیای زمان توند، و بیر کردنەوویەکی نوێ لە سیاسەتی هێمن و خاوەن پڕۆژە دەبێت، کە بزانن زمان، ئامراز وئەرکی بنیاتنانە نەک وێرانکاری و نائارامی .
PM:01:48:24/06/2026
ئهم بابهته 80
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی