تاکی کورد و رەدووکەوتنی هەڵەکان

‌کنێر عەبدوڵا

ململانێی نێوان هۆشیاریی تاکەکەس و عەقڵیەتی کۆمەڵایەتی یەکێکە لە گەورەترین تراجیدیاکانی مرۆڤایەتی؛ کاتێک زۆرینە دەزانن ڕێگاکە هەڵەیە و لە خزمەت کۆمەڵگەدا نییە، کەچی هێشتا ڕەدووی کلتوری باو و سەرکردەکان دەکەون.

پرسیار ئەوەیە بۆچی زۆرینەی بەئاگا تەسلیم دەبێت؟

هۆکار زۆرە لەوانە؛ کۆمەڵگە و دەسەڵات ڕەحم بەوانە ناکەن کە هاودەنگی گشتی دەشکێنن. ئیدی مرۆڤ بۆ پاراستنی بەرژەوەندی یان پێگەی خۆی، پەنا دەباتە بەر بێدەنگیی بەئاگا.

 لە لایەکی تر کلتوری باو زۆرجار دەبێتە ئامرازێک بۆ قەدەغەکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، و سەرکردەکانیش ئەم ژینگەیە بۆ بەرهەمهێنانی سڕبوونی دەستەجەمعی بەکاردەهێنن. ئیدی کاتێک نادادپەروەری و دواکەوتوویی دەبنە کلتور و هەموان بە ئاگاهیەوە قبوڵی دەکەن، سنووری نێوان چاکە و خراپە لێڵ دەبێت، وەسەرکردەکان کاتێک دەبینن زۆرینە سەرەڕای تێگەیشتنیان لە هەڵەکان هێشتا چەپڵەیان بۆ لێدەدەن، زیاتر لەسەر گەندەڵی بەردەوام دەبن، وێڕای ئەوەی پەیڕەویکردنی کوێرانە، داهێنان و نوێگەری لە ناخی کۆمەڵگەدا دەبڕێتەوەو ئیدی باجەکەی بۆ سەر مرۆڤایەتی زۆر دەبێت.

ئەم هاوکێشە چەوتە لە کۆمەڵگەی کوردیدا رەنگدانەوەی هەیە بە نموونە؛

زۆرینەی هاوڵاتیانی کورد لە ناخەوە دەزانن کە سیستمی حیزبایەتی، گەندەڵی، و دابەشکاریی ناوچەیی زیانی گەورەی لە قەواره و داهاتوویان داوە. دەزانن بڕیارە سیاسییەکان زۆرجار لە خزمەت خێزان و گروپێکی تایبەتدان، نەک نیشتمان؛ بەڵام کاتێک وەرزی هەڵبژاردن یان کێشمەکێشە سیاسییەکان دێت، هەمان ئەو زۆرینەیە لەژێر کاریگەریی مێژووی بنەماڵەیی، ترسی لەدەستدانی مووچە، یان دەمارگیریی حیزبیدا، سەرلەنوێ دەبنەوە بە سووتەمەنیی بەردەوامبوونی هەمان دەسەڵات ، سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵگەی کوردی هێشتا لەژێر هەژموونی نەریتە خێڵەکی و کلتورییە کۆنەکاندایە. بۆ نمونە:

 نەریتی سوڵحی کۆمەڵایەتی لەسەر حیسابی یاسا: زۆرجار کاتێک تاوانێک (وەک کوشتن یان دەستدرێژی)  روودەدات یان داوای مافێکی خۆت ئەکەیت کە زەوتکراوە ، هەموان دەزانن کە پەنابردن بۆ یاسا ڕێگە ڕاستەکەیە، بەڵام بۆ ڕزگاربوون لە لۆمەی خێڵ و "با کێشەکە گەورەتر نەبێت" تەسلیمی سوڵحی عەشایەری دەبن کە مافی قوربانییەکە پێشێل دەکات.

 یان لەکاتی چاولێکەرێ لە بۆنەکانی هاوسەرگیری یان شینگێڕاندا، خەڵکێکی زۆر لە ناخەوە دژ بە خەرجییە بێماناکانن، بەڵام لەبەر قسەی خەڵک و تانەی کلتور، خۆیان دەخەنە ژێر قەرزی گەورەوە و دەڵێن: عەیبەیە یان لە خەڵکی کەمتر نین. 
بەکورتی:

تاکی کورد لە دانیشتنە تایبەتەکاندا، فەیلەسوفێکی ڕەخنەگرە و هەموو هەڵەکان دەستنیشان دەکات، بەڵام کاتێک دێتە سەر هه‌ڵوێستی کرداری لە شەقام، سندوقی دەنگدان، یان لەناو خێزانەکەیدا، تەسلیمی هەمان ئەو کلتور و سەرکردایەتییە دەبێتەوە کە خۆی ڕەخنەی لێدەگرتن. ئەمەش گەورەترین بەربەستە لە بەردەم گۆڕانکاریی ڕاستەقینەدا.

دەرئەنجام

ڕێگای ڕزگاربوون لەم بازنە چەوتە لە بوێریی تاکەکەسەوە دەست پێدەکات. پێویستە مرۆڤە هۆشیارەکان لە بێدەنگی و پاساوهێنانەوە بێنە دەرەوە. حەقیقەت پێویستی بە دەنگی زۆرینە نییە بۆ ئەوەی ببێتە ڕاستی؛ هەڵەش هەر هەڵەیە، تەنانەت ئەگەر هەموو جیهان پشتیوانی لێبکات.


PM:06:05:23/06/2026

ئه‌م بابه‌ته 532 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی