لە نێوان دوو گوتەبێژدا: خوێندنەوەیەک بۆ کەلێنی نێوان گوتاری حیزبە فەرمانڕەواکان و خەمی نیشتمان

‌عوسمان کاروانی

لەکاتێکدا سەکۆکانی ڕاگەیاندنی هێزە فەرمانڕەواکانی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی پەیام و لێدوانی گوتەبێژەکانیانەوە، سەرقاڵی نەخشاندنی هاوکێشەی نوێی ململانێی حیزبی و گۆڕینەوەی تۆمەتی سۆفستاییانەن، واقیعی شەقامی کوردی لە دۆخێکی تەواو جیاواز و دابڕاودا دەژی. ئەم درزە قووڵ و بێبنەی نێوان گوتاری فەرمی و خەمی ڕەسەنی جەماوەر، پرسیارێکی جدی، ئۆنتۆلۆژی و ویژدانی دەورووژێنێت: ئایا گەلێک کە مێژووەکەی بریتیە، لە قوربانیدانی بێوێنە لە پێناو ئازادی و کەرامەتی مرۆڤایەتیدا، شایستەی ئەم جۆرە لە بەڕێوەبردن و ناسەقامگیرییە بەردەوامەیە...؟؟!!

١. ئەزمەی فیکری و مەکینەی چەواشەکاری: تەسفییەی دۆسیە نیشتمانییەکان لە بازاڕی حیزبدا

خوێندنەوەی ڕەخنەیی و هێمایی بۆ پەیامی میدیایی گوتەبێژەکانی دەسەڵات، ئەو ڕاستییە تاڵە دەسەلمێنێت کە ستراتیژی ڕاگەیاندنی حیزبی، نەک لەسەر بنەمای بونیادنانی نیشتمانی، بەڵکو تەنها لەسەر سایکۆلۆژیای پەرچەکردار و تۆمەتبارکردنی ئەوی تر داڕێژراوە؛ گوتارێکە کە غەریزیانە کار لەسەر شاردنەوەی قەیرانەکان دەکات.

بە قوربانیکردنی دۆسییە نیشتمانییەکان گوتاری زاڵ گوتارێکی جەمسەرگیر و ململانێخوازە، کە تێیدا دۆسیەی نیشتمانی و ستراتیژییەکان دەکرێنە قوربانیی دەستکەوتی سیاسیی کورتخایەن و بچوك .

فەرامۆشکردنی نەخشەڕێگا چاکسازییەکان: لەبری پێشکەشکردنی دیدگایەکی زانستی بۆ دەربازبوون لە چەقبەستوویی و گرتنەبەری مامەڵەی ئەرێنی لەگەڵ دەستپێشخەرییەکانی ئەم دواییەی یەکگرتوو (کە وەک دەرفەتێکی ڕزگاریخوازی نیشتمانی خرانە ڕوو)، وزەی میدیایی و سیاسیی وڵات لە شەڕەپەیامی بێهودە و جەنگی دەروونیی حیزبیدا بەفیڕۆ دەدرێت.

ئەمەش دابڕانی تەواوی ناوەندەکانی بڕیار لە کێشە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگە دەسەلمێنێت.

٢. جینۆسایدی بژێوی و فەرامۆشکردنی جەماوەر: کاتێک مافەکان دەبنە خەونی مەحاڵ

لە بەرامبەر ئەم گوتارە ڕووکەش و دابڕاوەدا، خەمی ڕاستەقینەی هاووڵاتیان لە چەند پێداویستییەکی سەرەتایی و مافی سروشتیدا کورت دەبێتەوە، کە فەراهەمکردنیان سەرەتاییترین ئەرکی هەر دەسەڵاتێکی خاوەن شەرعییەتە، بەڵام لێرە کراونەتە ئامرازی سزادانی بەکۆمەڵ.

کۆمەڵگەی کوردی لە ئێستادا بەدەست ناسەقامگیریی هەمەلایەنەی ئابووری و کێشەی درێژخایەنی مووچە و بژێوی و سستبوونی بازاڕ و پاشەکشەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە دەناڵێنێت.

خەڵک لە چاوەڕوانیی چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی وسەروەریی ڕەهای یاسا و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمەکەیانن، بەڵام هەنگاوەکان پێچەوانەی ئەو ئاراستەیەن

کەلێنی متمانە: کاتێک جەماوەر دەبینێت ئەم خەمە گوزەرانی و ژیانییانە لە کارنامەی ڕاگەیاندنی فەرمیدا هیچ جێگەیەکیان نابێتەوە، کەلێنی نێوان دەسەڵاتی سیاسی و هاووڵاتی دەگاتە ئاستی نامۆبوونێکی ڕەها، ئەمەش گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی.

٣. ڕەهەندی دەروونیی و کۆمەڵایەتیی چۆن نادڵنیایی سیاسی ئینتیمای گەنجان کۆچ پێدەکات؟

لێکەوتەکانی ئەم جەنگە میدیایی و گوتارە دژبەیەکانە، تەنها لە چوارچێوەی ململانێی سیاسی چەقبەستوودا کۆتایی نایەت، بەڵکو ڕاستەوخۆ دەبنە هۆی دروستکردنی جۆرێک لە شڵەژانی دەروونیی بەکۆمەڵ،کە ئەمەش دەبێتە گەشەی زیاتری تا ئومێدی .

ـ کۆتوبەندی دڵڕاوکێ: تاکی کورد، کە هێشتا چەندین بارگرانی مێژوویی لەسەر شانە، لە ڕێگەی ئەم پەیامە نادڵنیایانەوە باری سەر شانی قورستر دەبێت و دەخرێتە ناو بازنەیەکی داخراو لە دڵەڕاوکێی بەردەوام.
مرۆڤ کاتێک لە سایکۆلۆژیای نادڵنیاییدا بژیت، توانای پلانڕێژیی داهاتوو و سەقامگیریی دەروونی لەدەست دەدات.

ـ پەراوێزخستنی توێژی گەنجان: ئەم دۆخە کاریگەریی وێرانکەر لەسەر توێژی گەنجان جێدەهێڵێت؛ کاتێک دەبینن گوتاری فەرمی لە خەمە ڕاستەقینەکانی ئەوان (وەک ڕەخساندنی دەرفەتی کار، پەرەپێدانی تواناکان و دابینکردنی پاشەڕۆژێکی ڕوون) دابڕاوە، تووشی جۆرێک لە نامۆبوونی کۆمەڵایەتی دەبن.

ـ کاڵبوونەوەی چەمکی ئینتیما: لێرەوە، چەمکی ئینتیما بۆ خەڵك و خاك هێندەی تر درزی تێدەکەوێت.

وزەی داهێنەرانەی گەنج لەبری ئەوەی ببێتە بزوێنەری سەرەکیی گەشەکردنی نیشتمان، دەبێتە خەمێک بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەك بۆ کۆچی جەستەیی (کۆچبەریکردن) یان کۆچی دەروونی (کشانەوە لە کایەی گشتی و بێهیوایی).

٤. حوکمی مێژوو و ڕاپەڕینی ویژدان: مرۆڤ وەک چەقی ڕزگاری، نەک کورسیی دەسەڵات

ئەم خەڵك و خاکە باجێکی گەورە و کەموێنەی لە پێناو ڕزگاری و کەرامەتدا داوە؛ لە تاوانی ئەنفال و جینۆسایدی کیمیابارانەوە تا ڕژانی خوێنی گەشی هەزاران شەهید بۆ هێنانەکایەی ئەم کیانە کوردییە.

لێرەوە پرسیارە جدی و مێژووییەکە سەرهەڵدەدات:
ئایا دوای ئەم هەموو قوربانیدانە، شایستەی ئەم گەلەیە لە ململانێی بەردەوامی نێوان دوو گوتاری حیزبیدا بپووکێتەوە؟

بێگومان گەلی کوردستان شایستەی ژیانێکی شایستەتر، حوکمڕانییەکی دامەزراوەییتر و گوتارێکی بەرپرسیارانەترە؛ گوتارێک کە تێیدا مرۆڤ و کەرامەتی، چەقی کۆششەکان بێت، نەک پاراستنی کورسییەکانی دەسەڵات.

وتەی گوتەبێژەکان هەرچەندە پڕ بن لە تەکتیك، ئارایشت و پاساوی سیاسی، ناتوانن دۆخی تاڵ و پڕ لە گرێی کۆمەڵگە بشارنەوە.

کاتی ئەوە هاتووە گوتاری سیاسیی کوردی لە قۆناغی ململانێی حیزبیی بەکاربەرەوە باز بدات بۆ قۆناغی بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی بەرهەمهێن.

بەردەوامبوونی ئەم دۆخە نەك هەر پایەکانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ڕێککەوتنی نیشتمانی دەشێوێنێ، بەڵکو متمانەی مێژوویی تاك بە پاشەڕۆژی ئەم نیشتمانە لە ڕیشەوە هەڵدەتەکێنێت.


PM:02:41:23/06/2026

ئه‌م بابه‌ته 192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی