کەزیەی کچی کورد: لە نێوان تیرۆر و هەژاریدا؛ ئەو ڤیدیۆیەی ڕۆح و ویژدانی زیندوو، برینداردەکات.

‌فارس نەورۆڵی

ئەم شەو ڤیدیۆیەکم سەیر کرد، بەڕاستی برینداری کردم؛ ڤیدیۆیەک کە تەعبیر لە تراژیدیای هەژاریی ماڵێک دەکات لە دهۆک. لەبەر ئەوەی کرێی کارەبایان نەبووە، بۆ مانگێک کارەباکەیان بڕاوە، ناچار چوونەتە سەنتەرێکی جوانکاری و پرچی (کەزیەی) کچەکەیان بڕیوە و بە ٧٠ هەزار دینار فرۆشتوویانە!

ئەگەر ئەم سەنتەرە زانیبێتی کە ئەم کچە بۆ کرێی کارەبا پرچەکانی هەڕاج دەکات، ئەوە کارەساتە و کوردبوون دەخاتە بەردەم پرسیارێکی قورسەوە؛ چونکە کەزیە و پرچی کچی کورد لە مێژوودا تەنیا هێمای جوانی نەبووە، بەڵکو هەمیشە گرێدراوی شکۆ، ناسنامە و بەرگری بووە. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر ئەم سیمبوڵەدا دێت، گوزارشت لە تراژیدیایەکی دابەش بوو دەکات.
لە لایەک لە ڕۆژئاوا: .کچی کورد بۆ بەرگریکردن لە خاک و ناسنامەی، کەزیەکەی بە دەستی تاریکپەرستان و تیرۆریستان دەبڕدرێت و دەبێتە قوربانیی شەڕی دژی جەهل.

لە لایەکی ترەوە لە باشوور: لە سایەی بێدادی و تەنگژەی دارایی ، کە لە جەنگێکی ئابووری و دەروونیدا لەلایەن نەیارانی هەرێمی کوردستانەوە دژی هاوڵاتیان و قەوارەی هەرێم بەڕێوە دەچێت ،هاوسەنگیی ژیانی خەڵکی تێکداوە، تا ئەو ڕادەیەی کچێک ناچار دەبێت لەبەر نەبوونی و هەژاری کەزیەکەی ببڕێت و بیفرۆشێت، تەنیا بۆ ئەوەی تاریکی ماڵەکەی پێ ڕووناک بکاتەوە.

ئەم بەراوردکارییە نیشانەیەکە لەو ئازارە قووڵەی کە مرۆڤی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان پێیدا تێپەڕدەبێت و تێیدا دەژی، و بووەتە شێوەژیانێکی دەقگرتوو کە پێویستی بە گۆڕانێکی بنەڕەتی هەیە. ئەگەر لە ڕۆژئاوا تفەنگ و ئایدۆلۆژیای تاریکپەرستی هێرش بکاتە سەر کەرامەت و جەستەی کچی کورد و پرچەکانی ببڕێت، ئەوا لە باشوور فۆرمێکی تری تاریکی کە ئەویش ئەو جەنگە ئابوورییە بەرنامەبۆداڕێژراوەیە کە لەلایەن ناحەزانی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبرێت ،نەبوونی و گرانیی ژیان .دەست دەبات بۆ بڕینی کەزیەی کچێک. لە هەردوو دۆخەکەدا، کچی کورد باجی نادادی، شەڕ و ململانێکان دەدات؛ جارێک بە خوێن و پێشکەشکردنی سەر و پرچی لە پێناو ئازادیی نیشتماندا، و جارێکی تر بە پێشکەشکردنی پرچی لە پێناو کڕینەوەی ڕووناکی بۆ خێزانەکەی.

ئەم دۆخە پڕ لە هاودژییە، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە نەبوونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئابووری، کەمتر نییە لە مەترسی تاریکپەرستی، کە دوژمنان هەردوو دۆخەکەیان بۆ دروست کردووین. بۆیە کاتێک جەستە و هێمای جوانیی کچێک دەبێتە کاڵایەک بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک کارەبا، ئەوا پێویستە پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتی بە سیستمی ئابووری و سیاسی دا بکرێتەوە ،چونکە بڕینی کەزیەی کچێک لە پێناو بژێویدا، برینێکی قووڵە لەسەر ویژدانی ئەو کۆمەڵگا و فەزا سیاسییەی کە ناتوانێت کەرامەتی هاوڵاتیانی بپارێزێت ، لێرە وە داوا لە حکومەت و ڕێکخراو ە خێر خوازیەکان وبازرگان ودەوڵەنەدەکان دەکەم ئاوڕێک لەم ماڵەبدەنەوە و کەزیەکەی لە ناوەندی جوانکارییە بکڕنەوە لەمۆزەخانەیەکدادانرێ وەک سیمبولی ڕووبەڕووبونەوەی هەژاری .


PM:02:53:19/06/2026

ئه‌م بابه‌ته 364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی