وەفاداریی، فاکتەری نەریت و بەهاکانی هێرۆخانە
بارزان شێخ عوسمان
هێرۆ خان ببورە ئەمساڵیش ئەگەر بە تەلەفۆن کردنیش بێت نەمتوانی پیرۆز بایی ساڵڕۆژی لەدایکبونت لێ بکەم و بڵێم پیرۆز بێت . بەڵام دڵی خۆم بەوە خۆش دەکەم کە لە دوریشەوە بێت بە بیر هێنانەوەی هەندێك لە نەریت و ئەو بەهایانەی کە هێرۆخانی پێ ناسراوە ، پیرۆز باییت لێ بکەم.
ئەمساڵ دیارییەکەم بۆ دادە هێرۆ بۆ یادی لەدایکبونی خستنە روی ئەو فاکتەرەیە کە بەڕێزیانی کردوەتە خاوەنی ئەو نەریت و خەسڵەت و بەها جوانانەی کە ئەوی پێ ناسراوە ، ئەویش وەفادارییە . وەفادارییەکەش لە خۆشەویستیی بۆ گەل و خاك و ئەو ئایدۆلۆژیایەوە هەڵقوڵاوە کە لە هزری خۆیدایە و روانگە پڕ لە مرۆڤایەتییەکەی پێ داڕشتوە.
کاتێك هێرۆخان هەمو خۆشیی و ئیسراحەتێكی خستە لاوە و لە ئەوروپاوە گەڕایەوە بۆ بەشدارییکردنی شۆڕشی نوێ ، هەر لەو روانگەیەوە نەبوە کە خۆی بەشدار و ئاگاداری کارای راو تەگبیری دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و رێوشوێنەکانی هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێ بوە ، بەڵکو وەفاداریی بو بۆ گەل و خاکەکەی کە لەو میحنەتەدا پێویستیان بە هەر فریاد رەسێك بو.
بەوەفایی بو لەبەرامبەر ئەو هەڤاڵانەی کە شانیان دایە بەر ئەو هەرەسە و سەختیی رۆژگارەکە . ئەمەکداریی بو بۆ ئەو بەڵێنانەی دابوی بە گەل و خاکەکەی کە لە تەنگانەدا جێیان نەهێڵێت.
هێرۆ خان کە بە کامێراکەی بە ڤیدیۆ و فۆتۆکان خەباتی گەلێکی ستەم دیدە و ، ئازایەتیی و جوامێریی پێشمەرگەکانی شۆڕشی نوێی پاراستوە و ئەرشیفی کردون ، هەر هەستێکی رۆژنامەوانی نیە ، بەڵکو ئەوە وەفاداریی یە بۆ ماندو بونی پێشمەرگە ، کادیر، فەرماندە و خەڵکی دیهاتەکان لەو سەردەمە سەختەی خەباتدا ، وەفاداریی بۆ ئەو سوێندەی کە خواردویەتی نەیەڵێت تاوانەکانی رژێمی بەعسی فاشست هەروا بە ئاسانی تێپەڕ بێت و جیهانی دەرەوەی لێ ئاگادار نەکات !.
دادە هێرۆ کاتێك بەرگریی لە پێشمەرگە یا هەر کەسێکی غەدر لێکراو دەکات ، بۆ بەزەیی سۆزی مرۆیی نییە ، بەڵکو دوپاتکردنەوەی بەوەفاییە بۆ خەبات و ماندو بونی ئەو پێشمەرگەیە و رەوایی مافەکانی ئەو پێشمەرگە و کەسەیە .
هەمو هەنگاو و کارە پڕ لە مرۆڤایەتییەکانی هێرۆ خان هەر لە پرۆژەی مناڵ پارێزی کوردستان ، خاك و کوردساتەوە بگرە تا ئاوڕ دانەوە لە هونەر ، فەرهەنگ ،کلتور تا پاراستنی خانوبەرە کۆنەکانی لە شارە جیاجیاکانی کوردستان بە قەڵای هەولێریشەوە ،تا رزگارکردنی سەرای سلێمانی لەچنگی چاوچنۆکەکان ،سەدان هەنگاو و پرۆژەی تر کە لە ژمارەیە نایەن ، هەر هەمویان لە روانگەی بەوەفایی بەڕێزیانەوەیە بۆ ئەو ئایدۆلۆژیا و پرەنسیبانەی کە بڕوای پێیانە و خەباتی بۆ دەکات. ئەوەش بەڵگەی راستگۆ یی یەتی لەگەڵ شەخسی خۆی و بیروباوەڕەکەیدا واتە بەوەفایی . کاتێك هێرۆ خان هانی دۆبلاژکردنی فیلمی کارتۆن بە زمانی کوردیی ، ئەلف و بێی کوردیی لە کوردسات و دەیان بەرنامەی هەمەرەنگ دەدات ، کاتێك روبەرێکی فراوان دەکاتەوە بۆ ئازادیی بیروڕا لە گۆڤاری خاك و کوردسات ، دەرگا دەکاتەوە بۆ گۆڤاری تەنز ی سیخوڕمە و بەرنامەی بەرنامە ، کاتێك دەرگا دەکاتەوە لەبەردەم توانا هونەریی و روناکبیرییەکانی کورد لە هەربەشێك بن بێ جیاوازیی ئەمەکداریی و بەوەفایی دوپات دەکاتەوە بۆ مادەی دوەمی راگەیاندنی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ کە بەدەق دەڵێت "پێویستە هەمو مرۆڤێك بێ جیاوازیی بە تەواوی مافەکانی ئازادییەکان شاد بێت " وەفادارییە بۆ باوەڕی تەواوی هەم بەو دۆکیۆمینتە نێودەوڵەتیتە ، هەم بە مافە رەواکانی تەواوی چین و توێژەکانی نەتەوە و گەلەکەی لە هەر جێ یەك . دیارە کوردستان هەمیشە یەك پارچەیە لای هێرۆخان و سنورەکان دەستکرد و وەهمیین بۆیە بەردەوام دەرگا کراوەیە بۆیان بێ هیچ سانسۆرێك . زۆر خەسڵەت و بەهای تریش هەن کە دادە هێرۆی خەمخۆر و مامە خەمەی هەموانی پێ ناسراوە بەڵام بۆ جارێکیتریان هەڵ دەگرم .
لە کۆتایی ئەم بابەتەدا بۆ یادی لە دایکبونی هێرۆخان دەبێت ئەو راستیەش بخەمە رو کە پشتیوانیی لێبڕاوانەی سەرۆك مامجەلالی مەزن و هەڤاڵە هاوڕاکانی ، رۆڵی سەرەکییان بینیوە لە سەرکەوتنی دادە هێرۆ لەم هەنگاوانەدا بە تایبەتیی لە هەنگاو و پرۆژە مەزنەکانی دوای راپەڕیندا . هەر بۆیە کارەکانی دادە رەنگدانەوەی کاریگەریی بوە لەو ژینگەیەدا کاری تیادا کردوە و سودمان لێ بینیوە و چاومان لێکردوە.
PM:12:12:12/06/2026
ئهم بابهته 60
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی