دیپلۆماسیەتی کولتووری و فێستیڤاڵی کان
پ.ی.د.دڵشاد مستەفا
دیپلۆماسیەتی کولتووری و فێستیڤاڵی کان : گێرِانەوەی بەشدارێک لەپەراوێزی بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کان ٢٠٢٦
لەنێو ئاپۆرا نێودەوڵەتییەکانی بواری فیلم و فێستڤاڵە سینەماییەکانیدا ژمارەیەکی کەم فێستڤاڵ هەن کە پر بایەخ و گرنگن و لەچوارقوڕنەی دنیاوە فیلمسازان و رەخنەگران و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان رویان تێدەکەن . فێستڤاڵی کان یەکێک لەهەر گرنگەکانە بەتایبەت بازاڕی فێستڤاڵەکە کە پێگەیەکی تەواو بەبایەخە . ئەم بۆنەیە هەموو ساڵێک دەبێتە سەکۆیەک بۆ نمایشکردنی نوێترین بەرهەمە سینەماییەکان و ئاڵوگۆڕی کولتووری. لەم نێوەندەدا، بەشدارییەکی بەهێز و ڕێکخراوی کورد لە فێستیڤاڵی کان ٢٠٢٦، نیشانەی پێشکەوتنێکی بەرچاوە لە هەوڵەکانی ناساندنی کولتوور و هونەری کوردی بە جیهان. ئەم بەشدارییە لە ساڵی ٢٠٢٦ دا لە چوارچێوەی نمایشکردنی فیلمدا نەبوو ، بەڵکو بوارەکانی دیکەی وەکو دیپلۆماسی کولتووری، پەرەپێدانی پیشەسازی فیلم، و دروستکردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ سینەماکارانی جیهاندا ئامانجی سەرەکی بوو.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کان، کە یەکێکە لە ناودارترین و کاریگەرترین بۆنە هونەرییەکان لەسەر ئاستی جیهان، هەموو ساڵێک دەبێتە سەکۆیەک بۆ نمایشکردنی نوێترین بەرهەمە سینەماییەکان و ئاڵوگۆڕی کولتووری. لەم نێوەندەدا، بەشدارییەکی بەهێز و ڕێکخراوی کورد لە فێستیڤاڵی کان ٢٠٢٦، نیشانەی پێشکەوتنێکی بەرچاوە لە هەوڵەکانی ناساندنی کولتوور و هونەری کوردی بە جیهان. ئەم بەشدارییە تەنها لە چوارچێوەی نمایشکردنی فیلمدا نییە، بەڵکو بوارەکانی دیکەی وەکو دیپلۆماسی کولتووری، پەرەپێدانی پیشەسازی فیلم، و دروستکردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ سینەماکارانی جیهاندا دەگرێتەوە. دیپلۆماسیەتی کولتووری، وەک لقێکی گرنگ لە دیپلۆماسیەتی گشتی ، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەبینێت لە چەسپاندن و ناساندنی ناسنامەی نەتەوەیی، بەها کولتوورییەکان، و بەرژەوەندییە سیاسییەکانی دەوڵەتان یان قەوارە سیاسییەکان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا. لەم چوارچێوەیەدا، بەشدارییەکی ڕێکخراو و ستراتیژیانەی هەرێمی کوردستان لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییە ناودارەکانی وەک فێستیڤاڵی فیلمی کان، نموونەیەکی بەرجەستەی جێبەجێکردنی دیپلۆماسیەتی کولتوورییە. ئەم وتارە هەوڵ دەدات بە شێوازێکی ئەکادیمی، تیشک بخاتە سەر گرێدانی چەمکی دیپلۆماسیەتی کولتووری بە بەشداری کورد لە کان ٢٠٢٦، بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی "هێزی نەرم" (Soft Power) و کارتێکەرییەکانی لەسەر پرسی ناسنامە و پێگەی نێودەوڵەتی.
دیپلۆماسیەتی کولتووری ئاماژەیە بۆ (ئالوگۆڕی بیرۆکە، زانیاری، هونەر، ولایەنەکانی دیکەی کولتوور لەنێوان گەلاندا بۆ پەرەپێدانی تێگەیشتنی هاوبەش) (Cummings, 2003). ئەم چەمکە لە پاش جەنگی ساردەوە گرنگییەکی زیاتری پێدرا، کاتێک دەوڵەتان زانییان کە تەنها هێزی سەربازی یان ئابووری ناتوانێت هەموو ئامانجە دەرەکییەکان بەدی بهێنێت. جۆزێف نای لەتێزێکی بەهێزدا (Joseph Nye, 1990) چەمکی "هێزی نەرم"ی ناساند، کە بریتییە لە توانای وڵاتێک بۆ بەرهەمهێنانی جۆرێک لە کاریگەری لەسەر وڵاتانی دیکە لە ڕێگەی سەرنجڕاکێشان نەک ناچارکردن ، بەدڵنیای کایەکانی کولتوور، بە گشتی، و سینەما، بە تایبەتی، یەکێکن لە گرنگترین ئامرازەکانی هێزی نەرم لە تەوای دنیادا بۆ بەجێهێشتنی کاریگەری لەسەر ئەوانی تر . ئەوەی لە زۆربۆنەی جیاجیادا ئاماژەی پێ دەدرێت کە هێزی نەرم دەتوانێک چۆن خۆی بکات بەنێو بیرکردنەوەی ئەوانی تردا و ئاراستی روانینیان بۆ شتەکان بگۆڕێت . ئێمە بەبەردەوام تەماشای دنیا دەکەین لە رێگەی ئەو وێنانەی خۆیان دەربارەی خۆیان بەرهەمی دەهێنن و دنیا لە وێنەی ئێمە ناڕوانێت مەگەر لە دۆخی قوربانیدا . بۆیە کاریگەری ئەوان لەسەر دنیای ئێمە بەهێزتر و دیارترە ، رەنگە وێنەکانی ئێم لە ڕێگەی سۆزەوە بچێتە لای ئەوان ، بەڵام ئەوان هەست و بیرکردنەوەمان داگیر دەکەن.
لە کایەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ، دیپلۆماسیەتی کولتووری چەندین ئەرکی سەرەکی جێبەجێ دەکات:
1. دروستکردنی وێنەیەکی ئەرێنی: نەتەوەکان هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی ناساندنی کولتوور و هونەرەکانیانەوە، وێنەیەکی پۆزەتیڤ لەسەر خۆیان دروست بکەن، کە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی تێگەیشتنە هەڵەکان و زیادکردنی متمانە.
2. پێکهێنانی پردی پەیوەندی: کارلێکی کولتووری دەبێتە هۆی دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان مرۆڤەکاندا و تێگەیشتن لە جیاوازییە کولتوورییەکان، کە لە درێژخایەندا دەتوانێت ببێتە بنەمای هاریکاری سیاسی و ئابووری.
3. پەرەپێدانی بەرژەوەندی نەتەوەیی: دیپلۆماسیەتی کولتووری بە ناڕاستەوخۆ دەتوانێت خزمەت بە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان بکات، بەتایبەتی بۆ ئەو قەوارە سیاسییانەی خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ نین، وەک کورد،و ئەوانی لەهەموو کایەکانەوە هەوڵ دەدەن ناسنامەی خۆیان بە جیهان بناسێنن.
ڕۆڵی فیلم کۆمیشنی کوردستان: دەروازەیەک بۆ سینەمای جیهانی:
دامەزراندن و چالاکییەکانی فیلم کۆمیشنی کوردستان، نیشانەی دامەزراوەییبوون و پلانداڕێژییەکی ستراتیژییە بۆ پەرەپێدانی سینەما و بەکارهێنانی وەک ئامرازێکی دیپلۆماسی. ئەم کۆمیشێنە، بە پشتگیری و ڕێکخستنی بەشدارییکردنی ژمارەیەکی باش لە فیلمسازانی کورد لە بۆنە نێودەوڵەتییە گەورەکانی هاوشێوەی فێستڤاڵی کان، بووەتە پردی پەیوەندی لەنێوان بەهرەمەندانی ناوخۆ و پیشەسازی فیلمی جیهانی. ئەمەش بە دڵنیایی هاوتایە لەگەڵ ئەو بۆچوونەی کە (دیپلۆماسیەتی کولتووری پێویستی بە دامەزراوە و سەرچاوەی پێویست هەیە بۆ ئەوەی کاریگەر بێت (Arndt, 2005)).
فیلم کۆمیشنی کوردستان، وەک دەزگایەکی فەرمی و گرنگ، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی بینیوە لە ڕێکخستن و هەماهەنگیکردنی بەشداری کورد لە کان ٢٠٢٦. ئەم کۆمیشێنە، کە ئەرکی پەرەپێدانی پیشەسازی فیلمی کوردی و ئاسانکاریکردن بۆ فیلمسازانی ناوخۆیی و بیانی لە هەرێمی کوردستان لەسەر شانە، توانیویەتی سەکۆیەکی شایستە بۆ کورد لە یەکێک لە گرنگترین فێستیڤاڵەکانی جیهاندا دابین بکات. کارەکانی فیلم کۆمیشنی کوردستان بریتی نییە لە پاڵپشتی دارایی، بەڵکو لە ڕێنماییکردن، تۆڕسازی، و ناساندنی بەهرەمەندانی کورد بە بەرهەمهێنەر و دابەشکارە نێودەوڵەتییەکان. بەشدارییان لە کان، دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ ڕاکێشانی سەرمایەگوزاری بیانی بۆ کەرتی فیلم لە کوردستان و دروستکردنی دەرفەتی کار بۆ سینەماکارانی کورد. هاوکات ناساندنی کوردستان وەک پێگەیەکی شایستە بۆ وێنەگرتن . ئەوان بە ئامادەکردنی وێنەو ڤیدیۆی تەواوی ناوچەکانی کوردستان دەرگایان بەرووی دنیای وەبەرهێنانی دەرەوەدا کردوە تابڵێن ئەڵتەرناتیفی تریش هەیە ، نیشتمانێکی کراوەوە رەنگین بە چوار وەرزی تەواوە هەیە کە ئێوە هێشتا بەو چاوە تەماشاتان نەکردوە . لەم سەردەمە نوێیەدا لەگەڵ ئەوەی سینەما دیوە هونەری و مرۆییەکەی لەدەست نەداوە ، بەڵام هەر وەک لەسەرەتای دروستبوونەوە بەو خاسیەت و تایبەتمەندییەوە لەدایک بووە کە وابەستەی بازاڕە و لەنێو ئەو تۆڕەدایە کە دەتوانێت لایەک لە ئابووری شوێن بخاتە ئەستۆی .بۆ رونکردنەوەی ئەم گریمانە نموونەی دیار زۆرن ، لەوانە : وێنەگرتنی بەشێکی باش لەو فیلمانەی هۆلیوود کە پێویستیان بە لۆکەیشنە لە شێوەی عێراق دەبرێنە ئوردون و ئەوانەشی دیمەنی بیابانیان تێدایە لە مەغریبی عەرەبی وێنەدەگیرێن . بێ گومان ئەم بەرهەمانە سەرمایەیەک لەگەڵ خۆیان دەبەنە ئەو وڵاتانەوە هەلی کار گەرچی کاتیش بێت بۆ کەسانێکی لۆکاڵ دەرەخسێنن کە لایەنی لۆجستی و لەهەنێک دۆخدا هونەری ئەو کارانەش رادەپەڕێنن . ئاخۆ بانگهێشتی ئەو جۆرە سەرمایە گوزارییە بۆ کوردستان لە ڕێی فیلم کۆمەشنی کوردستانەوە دەتوانێت بازاڕی بەرهەمهێنان و تەنانەت بازاری فرۆشتنی کەلو پەلیش لە کوردستان ببوژێنێتەوە ؟ بەڵێ بەدڵنیایی ، چونکە کوردستان لە ئێستادا لە پێگەیەکی باشی توانای مرۆیی و لۆجستیدایە ، ئەوەی بۆ ئەم پێکگەیشتنە گرنگە یاساکانی بەرهەمهێنان و دۆزینەوەی رێگاکەیە ، ئەوانەش لەو ستراتیجەدا رۆشنن کە فیلم کۆمەشنی کوردستان لە بەرنامەکەیدا ئاماژەی پێکردوون .
قوباد تاڵەبانی و پشتیوانی سیاسی بۆ هونەر
حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پشتیوانیکردنی ئەم هەنگاوە گەورەیە. ئامادەبوونی کەسایەتییەکی باڵای حکومی لە فێستیڤاڵێکی وەک کان، پەیامێکی ڕوون دەگەیەنێت کە حکومەتی هەرێم گرنگی بە هونەر و کولتوور دەدات و وەکو بەشێکی دانەبڕاو لە سیاسەتی دەرەوە و ناساندنی ناسنامەی نەتەوەیی دەیبینێت. بەڕێز تاڵەبانی، وەک نوێنەرێکی دیاری هەرێمی کوردستان، دەرفەتی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ کەسایەتییە گرنگەکانی پیشەسازی فیلمی جیهانی و دیپلۆماتکاران، بۆ باسکردن لە توانای هەرێمی کوردستان وەک ناوەندێکی نوێ بۆ بەرهەمهێنانی فیلم رەخساند . ئەم پشتیوانییە سیاسییە، متمانەیەکی زیاتر بە پڕۆژە هونەرییە کوردییەکان دەبەخشێت و دەرگای نوێیان بۆ دەکاتەوە. راگەیاندنی تەرخانکردنی بڕی دوو ملیۆن دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی فیلم لە کوردستان ئەو بۆمبە گەورەیەبوو کە نێوەندەکەی هەژاند . رەنگە ئەم ژمارەیە بۆ نێوەندی فیلمسازی چەشنی هۆلیوود و بیرکردنەوەی هۆلیودی لەبەرهەمهێنان شتێکی ئەوتۆ نەبێت ، بەڵام لەکایەی دەرەوەی هۆلیود و ئارت سینەما و فۆرمەکانی تر شتێکی گەورەیە.
دەشێت ئەم بەشدارییەی قوباد تاڵەبانی وەک دیپلۆماسیەتکارێکی کولتووری لێکبدرێتەوە ، چونکە ئامادەبوونی کەسایەتییەکی باڵای حکومی وەک جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و کاراکتەرێکی کاریگەری وەک ئەو کە جگە لەپێگە سیاسی و حکومییەکەی ، لەنێو خانەوادەیەکی ناسراو بە پشتیوانی کەلتوورەوە هاتووە لە فێستیڤاڵێکی وەک کان، دوو لایەنی گرنگی هەیە:
یەکەم، نیشانەی پشتیوانی سیاسی بەرپرسانە بۆ هونەر و کولتوورە، کە متمانە و شەرعییەت بە چالاکییە کولتوورییەکان دەبەخشێت.
دووەم، دەرفەتێکە بۆ دیپلۆماسیەتی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاستێکی کولتووری و سیاسی. لە ڕێگەی کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی لەگەڵ کەسایەتییە کاریگەرەکان، دەتوانێت پەیامی سیاسی و کولتووری هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی کاریگەر بگەیەنێت و پەیوەندییەکان پتەو بکات. ئەمەش وەک نموونەیەک لە دیپلۆماسیەتی سەرکردە دەبینرێت کە کارلێکی کولتووری بەکاردەهێنێت. لەو وتەیەی لە میانەی چالاکییەکانی فیلم کۆمەشنی کوردستان پێشکەشی کرد و بووە جێی سەرنجی میدیای جیهانی و- بەتایبەتی هۆلیود ریپۆرتەر بەوێنەیەکی گەورەی ( قوباد تاڵەبانی و باڤی یاسین ) ەوە بڵاوی کردەوە - جگە لە متمانە بەخشین بە فیلمسازانی کورد دەرگایەکی گەورەی بەڕووی دنیا والاکرد کە دەتوانن بێن و ببینن چۆن دەمانەوێت لە دیدی خۆمانەوە چیرۆکەکانمان بگێڕینەوە ، گەر پێشتر دیدگایەکی تر کایگەری لەسەر فۆرم و شێوازی گێرانەوەی جیرۆکەکانی کورد هەبووبێت ، ئەم جارە خۆمان و لەدیدێکی کوردانەی کراوەوە چیرۆکی خۆمان دەگێڕینەوە . ئەمە رێک هاوشێوەی ئەو هەنگاوەیە کە دواى جەنگ و بۆ بونیادنانەوەى وڵات حکومەتەکەى دیگۆل لە دەستوورى کۆمارى پێنجەم دا کردیان و هەلێکى دارایی زۆریان بۆ بەرهەمهێنانى سینەما رەخساند و سیاسەتێکى کەلتوورى پتەویان بۆ پشتیوانى کەلتوورى وڵات داڕشت. ئەو ئاسانکاریانە وایکرد بەرهەمهێنەران بەوردى کار لەسەر ئەمە بکەن کامە لە دەرهێنەرە نوێیەکان شایستەى پشتیوانیکردنە دیگۆل لە و کارەدا کە بۆ پشتیوانی کردنی سینەما لە فەرەنسا کردی و شۆڕشی گەورەی کەلتووری لەو وڵاتەدا بەدوادا هات و شەپۆلی نوێی سینەمای فەرەنسا یەکێک لە لێکەوتەوەکانی بوو . هەڵبەتە ئەم بەراوردکارییە بۆ ئەوەیە کە ئەو هەوڵانە هەروا سانا و لامسەلایی تێناپەڕن و جێی شایستەی خۆیان دەگرن.
کاریگەریی فیلمسازانی کورد لە پانێل و کۆبوونەوەکان
بەشداری کاریگەری فیلمسازانی کورد لە پانێلەکان و کۆبوونەوە تایبەتەکاندا، لایەنێکی دیکەی سەرکەوتنی کورد بووە لە کان ٢٠٢٦. ئەم فیلمسازانە، کە خاوەنی ئەزموون و بەرهەمی ناوازەن، توانیویانە دیدگا و چیرۆکە ڕەسەنەکانی خۆیان بە جیهان بگەیەنن. لە ڕێگەی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەگەڵ هاوپیشەکانیان لە وڵاتانی دیکە، نەک تەنها نوێنەرایەتی سینەمای کوردیان کردووە، بەڵکو زانیاری و ئەزموونی گرانبەهایان وەرگرتووە کە لە داهاتوودا سوودی زۆری دەبێت بۆ پەرەپێدانی سینەمای کوردی. تیشک خستنە سەر ژیان و مێژوو و کولتووری کورد لەم کۆڕ و کۆبوونەوانەدا، یارمەتیدەرە بۆ شکاندنی وێنە باوەکان و پیشاندانی ڕوویەکی دیکەی کوردستان کە دوور لەدیدی سیاسیەکان ئاراستەیەکی جیاوازە و دەشێت ئێمە بەم شوناسە کەلتووریەشەوە هەنگاوێک لە دنیا بچینە پێشەوە . ئیدی کاراکتەری کودی ئەو بکەرە کەلتووریە دەبێت کە دەشێت دنیا تەماشای بکات.
بەشداری چالاکانەی فیلمسازانی کورد لە پانێل و کۆبوونەوە پیشەییەکانی فێستڤاڵی کان، دیمەنێکی زیندووی توانای ڕۆشنبیری و فیکری کوردی پیشان دەدات. لە ڕێگەی گفتوگۆکردن لەسەر تەکنیکەکانی فیلمسازی، بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، و دیدگاکانیان، بەشداریکردنی (باڤی یاسین ) لە ژمارەیەک پانێڵی گرنگدا وەک قسەکەری سەرەکی پێگە و پایەی گەورەی بە نێوەندی فیلمسازی کوردستان بەخشی ، بەتایبەت ئەو دیدەی دەربارەی پێگەی ژن لەنێو خۆرهەڵاتدا هەیە پێچەوانە کردەوە ، ئەوەتا فیلم کۆمەشنی کوردستان خاتونێک دامەزرێنەر و بەرپرسێتی و قوباد تاڵەبانیش بەهێزێکی زۆرەوە پشتیوانی ئەم هەنگاوە گەورەیە دەکات . هاوکات بەشداریکردنی فیلمسازانی وەک ( سینا محەمد ، بەیان، لەنیا نورەدیین ) لە باشووری کوردستان لەو بۆنانەی بۆ بەرهەمهێنەرەکان سازکرابوو تا لەوێدا دیدگایەکی خێرا و روون دەربارەی فیلمەکانی ئایندەیان بخەنە روو وێنەیەکی گەشی پەرەسەندنی کایەی فیلمسازی باشووری کوردستانی پێشکەش بە دنیای دەرەوە کرد ، چونکە ئەم هونەرمەندانە نەک تەنها نوێنەرایەتی کولتووری خۆیان دەکەن، بەڵکو دەبنە سەرچاوەیەکی بینین بۆ جیهان و ناساندنی دۆزی کورد و پرسیارە هەنوکەییەکانی مرۆڤی کورد لە میانەی سینەماوە . هەروەها بەشداری( شوان عەتووف) وەک فیلمساز و ئەکتەرێکی دیار دەرفەتی بۆ ئاڵۆگۆڕی زانیاری و دیدگای جیاواز و رەخساندنی دەرفەتی کاری پێکەوەیی لەگەڵ هەندێک بەرهەمهێنەر و دەزگای جیاوازدا خولقاند ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ تێزی "دیپلۆماسیەتی خەڵک -بۆ-خەڵک " کە گرنگی بە پەیوەندییە ڕاستەوخۆکان لەنێوان ڕۆشنبیران و هونەرمەندان دەدات بۆ دروستکردنی تێگەیشتنێکی هاوبەش (Gilboa, 2008). هەڵبەتە ئەوە روونە کە هیچ نەتەوەیەکیش بە هێندی کورد پێویستی بە فەراهەمبوونی ئەو کایەیە نییە کاتێدا تێگەیشتنی هاوبەش بێتە گۆڕێ تا ببێتە دەربازی گەیاندنی پەیامە مرۆیی و کەلتوورییەکەی دوور لە گۆشە نیگا سیاسییە چوارچێوەدارەکان . بێگومان باشترین دەرفەت ئەم جۆرە بەشداریانەن کە هونەر وەک نوێنەری راستەقینە و بێ روتشی کوردی دەچێتە نێو ئاپۆرا نێودەوڵەتییەکان .
ئەنجام :
لە کۆتاییدا، سەرەڕای گرنگی ئەم بەشدارییە، هەندێک ئاستەنگیش هەن. یەکێک لەوانە، کێبڕکێی زۆرە لە گۆڕەپانی دیپلۆماسیەتی کولتووری جیهانیدا. بۆ ئەوەی کورد کاریگەرییەکی بەردەوامی هەبێت، پێویستە ستراتیژییەکی درێژخایەن و بەردەوام پەیڕەو بکات. هەروەها، دابینکردنی بودجەی پێویست و پەرەپێدانی ژێرخانی سینەمایی لە کوردستان، فاکتەری یەکلاکەرەوە دەبن. هاوکات لەگەڵ ئەوەدا پارێزگاریکردن لەو وێنە سەنگینە بە پشتیوانی فیلمسازان و نێوەندە هونەری و روناکبیرییەکی کورد دوور لە دیدی ئایدۆلۆجی و حیزبی و بەرژەوەندی تاکەکەسی ئەم سەرەتایە بە ئاقارێکی گەورەتر و سوددبەخشتردا دەبات.
بەشداری کورد لە فێستیڤاڵی کان ٢٠٢٦ تەنها بۆنەیەکی کاتی نییە، بەڵکو هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ چەسپاندنی پێگەی کوردستان لە نەخشەی سینەمای جیهانیدا. ئەمەش بە هەوڵی هاوبەشی دامەزراوە حکومییەکان، ڕێکخراوە کولتوورییەکان و بەتایبەت فیلمسازانی بەهرەمەند دێتە دی، کە پێکەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی دەنگی کورد بە جیهان بگەیەنن و ناسنامەی کولتووری نەتەوەکەیان بپارێزن و پەرەی پێبدەن. ئەم جۆرە بەشدارییانە، پەرە بە دیپلۆماسی کولتووری دەدەن و پردی پەیوەندی و تێگەیشتن لە نێوان گەلاندا دروست دەکەن. بەشداری کورد لە فێستیڤاڵی کان ٢٠٢٦، بە هەموو لایەنەکانییەوە (فیلم کۆمیشنی کوردستان، پشتیوانی حکومەت، بەشداری فیلمسازان)، نیشاندەری هەنگاوێکی گرنگە لە چوارچێوەی دیپلۆماسیەتی کولتووریدا. ئەمە تەنها نمایشکردنی چەند فیلمێک نییە، بەڵکو هەوڵێکی سیستماتیکی و ستراتیژییە بۆ چەسپاندنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد، دروستکردنی پردی پەیوەندی کولتووری، و بەکارهێنانی هێزی نەرم بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی و تێگەیشتنی نێودەوڵەتی. لە جیهانی ئەمڕۆدا کە پەیوەندییەکان زیاتر لەسەر بنەمای تێگەیشتنی کولتووری بنیات نراون، ئەم جۆرە هەنگاوانە بۆ داهاتووی نەتەوەیەک کە دەیەوێت شوناسێکی جێگیر و جیاواز لە دەرەوەی جەنگاوەر و قوربانی پیشان بدات زۆر گرنگن.
سەرچاوەکان:
- Arndt, R. T. (2005). The First Resort of Kings: American Cultural Diplomacy in the Twentieth Century. Potomac Books.
- Cummings, M. C. (2003). Cultural Diplomacy and the United States Government: A Survey. Centre for Arts and Culture.
- Gilboa, E. (2008). Searching for a Theory of Public Diplomacy. The ANNALS of the American Academy of Political and Social Science, 616(1), 163-176.
- Huntington, S. P. (1993). The Clash of Civilizations? Foreign Affairs, 72(3), 22-49.
- Nye, J. S., Jr. (1990). Bound to Lead: The Changing Nature of American Power. Basic Books.






AM:11:42:12/06/2026
ئهم بابهته 136
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی