ڕاڤەیتر1: لەدایکبوونی ڕاڤەی تر

‌ئازاد حەمە

ئەم نووسینەی بەردەستمان،"لەدایکبوونی ڕاڤەی تر"،دەستپێکی، ئەو زنجیرە نووسینەیە، لەژێر ناوی""ڕاڤەیتر""نیازمەندین کاریلەسەربکەین. ئامانجی سەرەکی لە نووسینی ئەم زنجیرە باسە لەلایەک جەختکردنە لە شکۆی ڕاڤەInterpretation، لەلایەکیتر پێداگیرییە لە پێویستیی بۆ بوونی ڕاڤەی تر بۆ ڕاڤەکراوەکانی لەمەوبەر. لێرەوە دەڵێێن، ڕاڤە نەگۆڕ نییە و گرنگیشە خودی گشت ڕاڤەیەک ڕاڤەیتر بەرهەمبهێنێت. گەر ڕاڤە ببێتە دەرەتانێک و هۆکاری لەدایکبوونی ڕاڤەی تر لەو حاڵەتەدا لێکدانەوە و دیدگای جیاواز دێتەکایەوە. وەکیتر، ویست بۆ ڕاڤەکردن پێویستیشە بۆ دروستبوونی ڕاڤەی نوێ.

وێڕای ئەوە، ئەوەی ئامانجە بنەڕەتییەکەی ئێمەیە لەم کۆمەڵە نووسینە بەناوی""ڕاڤەیتر""ئەوەیە، کە سەرەتا بپرسین ڕاڤە چییە؟دواتر گرنگە ئەوەش بزانین ئەی ڕاڤەیتر چییە؟بۆ ئێمە گرنگە ئەوەش ڕوونکەینەوە،کە کاتێک تر Other دێتە سەر وشەی ڕاڤە، چی بەسەر چییەتی ڕاڤەدا دێت؟

زنجیرە نووسینی ناوبراو کۆششێکە بۆ بیرکردنەوە لە ڕاڤەی تر،کە مانای جیا و تێگەیشتنی نوێ لەتەک خۆیدادێنێت. گومانیشیناوێت، گەر دەرگا لە ڕاڤەیتر نەکرێتەوە ئەوا ڕاڤەکانی پێشوو پەژۆم و بێچارە دەمێننەوە، هاوکات لەدایکبوونی ڕاڤەیتر ڕاڤەکانی ڕابردوو(پێشوو) لە پەژمەرین و ژاکان دەپارێزێت.

ڕاڤە واتە ڕوونکردنەوە. ئەڵبەتە لەناو ڕاڤەدا لێکدانەوە، شرۆڤە، تەفسیرکردن، سەرنجخستنەسە، پاساوهێنانەوە و تەنانەت ڕەوایەتیدانیش بوونی هەیە. لەبەرئەوەی ڕاڤە ڕوونکردنەوەیە، لە ماهیەتی ڕاڤەدا دەربڕین، گووتە و عەقڵانیکردنیش هەیە. زۆر بەکورتی ڕاڤەکردن هێرمێنۆتیکە(تەئویلە) و هیچیتر.

هەرچی ڕاڤەیترە بەو واتایە دێت،کە هەردەم پاش گشت ڕاڤەیەک ڕاڤەیەکیتر(دیکە)بوونی هەیە. لەگەڵ سەرهەڵدانی جۆرێکی دی(دیکە) لە ڕاڤە تێگەیشتنی تر و شیکاریی تازە دێتەکایەوە. ئەو دەمەی کەسێک ڕاڤە بۆ کوردبوون، یان بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردیی، یاخود هاوڕێیەتی یان هەر دیاردە و کێشە و گوتنێکیتر دەکات، بەبێگومانەوە بینینی ئێمە بۆ جۆرێک لە قسەکردن دەبا،کە لە پشت ئەو قسانەوە، قسەی دی(تر) هەن. بوونی ڕاڤەیتر دەرگاکردنەوەیە لە تێگەیشتن و شرۆڤە لە جۆری دیکە.

ئەمەش تەنیا لەبەرئەوەی خودی وشەی ڕاڤە لە زۆر ڕوەوە شیاوی هەڵوەستە لەسەركردنە. ڕاڤە کە بەدەر نییە لە ژیان خودی ژیان دەخاتە ژێرپرسیارەوە. مەحاڵە بتوانین لە ڕاڤەکان تێبگەین گەر ڕاڤەیتر سەبارەت بە ڕاڤەکانی پێشتر نەیەنەکایەوە. واتە ڕاڤەیتر نەبێت ڕاڤەکانی پێشتر ھیچی لێ دروستنابێت. ڕاڤەکانی پێشوو بە ڕاڤەیتر دەگەنە چڵەپۆپە لە ماناسازان و تێگەیشتن. بۆ ئەوەی ڕاڤەیتر لەدایکبێت ناکرێت بەهەمان میکانیزمی پێشوو کار لەسەر واتا و دیدگاکانی ڕاڤەکانی پێشوو بکرێن.

ئەو دەمە ڕاڤەیتر لەدایکدەبێت، کە ڕاڤەکانی لەوەوبەر پڕپڕ و سیخناخ نەبووبێتن بە تێگەیشتن و تەماشاکردنی نوێ. ڕاڤەنوێکان هەوڵێکنیین بۆ دەستەمۆکردنی ئەوی پێشتر گوتراوە، بەڵکو ڕاڤەیتر ئەو دەمە دێتەدونیاوە کە ڕاڤەکانی پێشتر لێکترازانیان لەگەڵ مانای ژیان دروستکردووە. وەکی دی، ڕاڤەیتر ئەو ڕاڤەیەیە، کە هێشتا نەکراوە. ئەوە ڕاڤەیەکی نوێیە، کە لە شادەماریدا لێكه‌وته‌ى جیاواز و پەیبردنی تر بە ئێستامانی تیابەدیبکرێت.

ئەمەو ڕەگ و ڕیشەی ڕاڤەیتر تەقەلایەکە بۆ پرسیارسازیی لەسەر هەنووکە. بۆئەوەی بە ڕاڤەی تر بگوترێت نوێ، پێویستە ئەو ڕاڤەیە هەر لەسەرەتاوە دەمبەگازندەبێت و شرۆڤەی هەمەلایەن بۆ بەدبینی و خەمناکیەکانی ئێستا بکات.

سەرباری ئەوە، گرنگە گوتنی ئەوەش، کە لێرە، لەم دەڤەرەی ئێمە، نووسین؛ لەجۆری نووسینی ناکاریگەر و بێ ناواخن، زۆر زۆرە، هەرچی خودی ڕاڤە و ڕاڤەکارییە بەدەگمەن چرۆدەردەکەن، جا چ جای ڕاڤەیتر.

بۆپتر ڕوونکردنەوەی ئەوەی لای سەرەوە گوترا، ئەوەش دەڵێێن، کە لەناو جڤاکی کوردیدا تاکڕاڤەیی بەردەوام کاری خۆی کردووە؛ ئەمەش ئەزموونی شکست و نامۆبوونمانی قوڵترکردووە. تاکڕاڤەیی، کە بکوژی ڕاستەقینەی بەدواداچوون و پەیگیرییە، هەر ئەو شتەشە،کە دەمانبات بەناو پێچاوپێچیی و خواریی لە تێگەیشتن لە ڕاستییەکان.بەواتایەکی تر، تاکڕاڤەیی مەترسیە بۆسەر ئەندێشەمان؛ بۆسەر ئەو دیتنانەی سەبارەت بە خۆمان و دەوروبەرمان هەمانە.

بۆیە کرۆکی زنجیرە باسەکان ئەو پرسە دەجوڵێنێت، کە ڕاڤەکان سەبارەت بە ڕووداو و دیاردەکانی ڕۆژانە دەرفەت لەبەردەم ڕاڤەیتردا دەکەنەوە و زەمینەش بۆ دید و سەرنجی نوێ دەڕەخسێنن. ڕاڤەکان،کە ڕاڤەیتر بەدوایاندا دێت پتر ڕاچڵەکێنەر و کاریگەر دەبن. وەکیتر، ڕاڤەکان لەم سەردەمە تەنگژاوییەی ئێستادا پێویستیان بەسەرلەنوێ راڤەکاریی هەیە.

لەکۆتاییدا هێما بۆ ئەو سەیرکردنە فەلسەفییەش دەکەین، کە پێماندەڵێت ڕاڤەیتر نەبێت تاکڕاڤەیی داگیرماندەکات و زۆربەی بەزمەکانی تەفسیر و لێکدانەوەش لە بوونی ڕاڤەیترەوە دەستپێدەکات.ڕاڤەیتر بۆ بۆچوون و کێشەکان پێویستن، لێ تەحەمولکردنی ئەو جۆراوجۆرییەی بە هۆی (تر)بوونی ڕاڤەوە دێتەسازان، ئاسان نییە. ڕاڤەیتر شتی تر Othering لەتەک خۆیدا دێنێت. شتگەلێک کە لە ڕاڤەی پێشوودا نەبینراوە/درکیپێنەکراوە.



PM:06:23:11/06/2026

ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی