پێشمەرگەی کوردستان لە نێوان پیرۆزیی مێژوو، دابەشبونی حزبی و پێشهاتە سیاسییەکاندا

‌فارس نەوڕۆڵى

چەمکی پێشمەرگە لە ویژدانی گشتیی گەلی کوردستاندا هەمیشە وەک بەهایەکی باڵای ئەخلاقی و هێمایەکی نەتەوەیی بۆ قوربانیدان و ڕزگاریخوازی، لە دەرەوەی ناسنامەیەکی حیزبی و ئایدۆلۆژیدا، شوناسی کوردبوونی هەڵگرتووە و کۆکەرەوەی بیری گشتی کورد بووە وەک سیمبولێکی باڵای نیشتمانی، بەڵام گواستنەوەی ئەم هێزە لە قۆناغی خەباتی ڕزگاریخوازی شاخەوە بۆ ناو شار و کایەی دەسەڵات و دامەزراوەیی، کەوتە دووڕیانێکی فیکریی سەخت و قووڵی نێوان حیزب و نیشتمان؛ چونکە پاراستنی ناسنامە ڕەسەنەکەی پێویستی بە تێپەڕاندنی فیکری حیزبی و چوونە ناو دامەزراوەی دەوڵەتدارییەوە هەبوو.

هەرچەندە دەرفەتێکی تەواو لەبار هەبوو کە بکرێتە هێزێکی تۆکمەی نیشتمانی لە دەرەوەی ماڵی حیزب، چونکە پێشمەرگە ببووە سیمبولی پاراستنی ئازادی لە چاوی جیهاندا و هەر بۆیە دەوڵەتە زلهێزەکان بە تەواوی کۆمەکی پێشمەرگەیان دەکرد لە مەشق و پڕچەککردن و هاوکاری دارایی، تا ئەو ڕادەیەی هێزە گەورەکانی جیهان بە فەرمی داوامان لێ بکەن و ڕێنماییمان بکەن و بڵێن: «تکایە پێشمەرگە لە یەک هێزدا ڕێکبخەن»، بەڵام ئێمە بێباک بووین و گوێبیستی ئەو داواکارییە نەبووین، ئەمەش لە فیلمێک دەچێت کە هاوکات هەم تراژیدییە و هەم کۆمیدی، ئاخر لە کوێی جیهاندا میللەتێکی بێدەوڵەت بەو هەموو دوژمنە بێبەزەیییەوە جیهان داوای لێ بکات کە ڕیزەکانتان یەکخەن و خۆتان کۆکەنەوە و پێشمەرگە لەم پەرتەوازەیییە دەرباز کەن، بەڵام حیزبەکانی ئەم کۆمەڵگەیە هیچ بەپیرەوەچوونێکیان بۆ ئەم پێشنیارانە نەبێت و بە پێچەوانەی ویستی نیشتمانییەوە ئەم هێزە سیمبولییەی کوردستان دابەش بکەی بەسەر حیزب و ئایدۆلۆژیادا تا دواجار بوونە هێزی زۆنەکان.

واتە پێشمەرگەی زەرد و پێشمەرگەی سەوز و ڕەنگە کاڵبووەکانی دیکە، بۆیە کاتێک هێزێکی چەکداری مێژوویی قوربانیدەری وەک پێشمەرگە لەبری پابەندیی ڕەها بە دەزگا دەستووری و نیشتمانییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێتە پاشکۆی بڕیار و ڕەنگ و زۆنی سیاسی جیاجیا، ئەمە جەوهەری ناوی پێشمەرگەی کوردستان ڕووبەڕووی شێواندن دەکاتەوە و چەمکی نیشتمانیش وەک چەتری سەرەکی دەخاتە بەردەم پرسیارەوە، لە تیۆریی سیاسیی هاوچەرخدا یەکگرتوویی هێزی چەکدار و ئاراستەکردنی شەرعیی هێز لەلایەن دەزگاکانی دەوڵەتەوە مەرجی بنەڕەتیی سەقامگیرییە بەپێچەوانەوە بەردەوامبوونی دابەشکاریی سەربازی وا دەکات هەر تەنگژەیەکی سیاسی ناوخۆیی مەترسی گۆڕانی بۆ پێکدادان هەبێت، کە ئەمەش دڵەڕاوکێی بەردەوام لە دەروونی تاک و کۆمەڵگەدا دروست دەکات و پرۆسەی دیموکراتی بە لەرزۆکی دەهێڵێتەوە.

ئەم واقیعە تاڵە نەک هەر لە ناوخۆدا بەڵکو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دەرهاویشتەی نەرێنی قورسی بۆ ناوبانگی هەرێمی کوردستان لێکەوتووەتەوە، بەتایبەت لەلایەن هاوپەیمانانەوە کە لە دوای شەڕی ڕووبەڕوبوونەوەی داعش پێشمەرگەیان وەک هاوبەشێکی جێگەی متمانە قبوڵ کرد، بەڵام ئێستا بە ڕوونی هۆشداری دەدەن کە بەردەوامبوونی ململانێ حیزبییەکان و سستبوونی پڕۆسەی چاکسازی و بەحیزبیکردنی یەکەکانی پێشمەرگە و یەکنەگرتنەوەی هێزەکان دەبێتە هۆی پاشەکشەی متمانەی جیهانی و بڕینی هاوکارییە دارایی و سەربازییەکان، ئەمەش هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەڕەشە دەرەکییەکاندا بێبەرگری دەهێڵێتەوە، جوانیی ناوی پێشمەرگە لە ڕابردوودا لەوەدا کورت دەبووەوە کە چەکدار بە بێبەرامبەر و بە پاڵنەری پاکی نیشتمانپەروەری بەرگری لە کوردبوون دەکرد، بەڵام لە ئێستادا تێکەڵبوونی هێز بە کایەی میزاجی کەسی و دەستکەوتی حیزبی وای کردووە فەلسەفەی چەکەکە لە ئامانجە باڵاکەی لابدات.

بۆیە گەڕانەوە بۆ ناوی ڕاستەقینەی پێشمەرگەی کوردستان تەنها گۆڕینی وشەکان نییە، بەڵکو گۆڕینی بنەڕەتیی فەلسەفەی هێز و چەکە بە ئاڕاستەی بنیاتنانی سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوو کە تێیدا یاسا و بەرژەوەندیی باڵای گەل تاقە مەرجەعی بڕیاردان بن و شکۆی مێژوویی ئەم ناوە لەژێر سێبەری ڕەنگەکاندا ڕزگار بکرێت، بە دڵنیایییەوە بەم ململانێ و بیرکردنەوەی ئێستاوە وەک دەڵێن «دارێکمان بۆ ناخرێتە سەر بەردێک»، هەر بۆیە هەرکات لە بەغدا قسەیەک لەسەر پێشمەرگە دەکرێ لەبری دروستبوونی ڕایەکی گشتیی کوردستانی تووشی شڵەژان و فرەڕایی دەبین، ئەمەش بەرەنجامی هەڵە مامەڵەکردنە لەتەک چەمک و وەزیفەی پێشمەرگەدا.

بۆیە پێویستە پارتی و یەکێتی پێشمەرگە بخەنە دەرەوەی ململانێ حیزبییەکان بەپەلە و بە کردار هێزی پێشمەرگە لەیەک یەکەی سەربازیدا ڕێکبخەنەوە، ئەم کارە خزمەتێکی گەورەیە بە کورد و بە پارتی و یەکێتی و هەموو حیزبەکان دەکەن، ئەوەش بزانن کات لە بەرژەوەندی ئێمەدا نییە و گۆڕانکارییەکانیش چاوەڕێی ئێمە ناکەن و بەردەوامیی ئەم دۆخە چەقبەستووە پێگەی پێشمەرگە و کۆی پرۆسەی سیاسی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە.


PM:01:59:08/06/2026

ئه‌م بابه‌ته 220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی