هاوسەنگیی هێز؛ هێڵی یەکەمی بەرگریی کوردستان

‌فه‌رزه‌ند شێرکۆ

سیستەمە سیاسییەکان تەنها لە کاتی قەیراندا هێزی ڕاستەقینەی خۆیان دەردەخەن. وەک هێنری کیسینجەر لە تێزە ناسراوەکەیدا ئاماژەی پێ دەدات، "سیاسەتی دەرەوە تەنها درێژکراوەی سه‌قامگیریی ناوخۆییە". واتە دەوڵەتێک کە نەزمی ناوخۆیی جێگیر نەبێت، ناتوانێت لە دەرەوە وەک ئەکتەرێکی خاوەن ئیرادە رەفتار بکات. بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمە بابەتێکی تیۆری نییە، بەڵکو مەرجی یەکەمی مانەوەیە. لە ڕۆژگارە ئاساییەکاندا، دەکرێت لاوازییە دامەزراوەییەکان لە پشت ڕەوانبێژیی گوتار و ڕێککەوتنی نافەرمی پەردەپۆش بکرێن، بەڵام کاتێک فشار لە دەرەوە دێت، کاتێک دراوسێیەک دەجوڵێت، یان هێزێکی ئیقلیمی لێكدانه‌وه‌كانی نوێ دەکاتەوە، تەنها ئەو بونیادە دەمێنێتەوە کە بە ڕاستی دروست کراوە. هەموو شتەکانی تر، هه‌ره‌س ده‌هێنن.


ڕەگ و ڕیشەی هاوسەنگی


حوکمڕانیی هاوچه‌رخی کوردی لەسەر ژێرخانێكی تاقیكراوه‌ بنیاد نراوه: هیچ کام لە هێزە سیاسییە سەرەکییەکان نه‌یده‌توانی ئەوی تر بسڕێتەوە، بە بێ ئەوەی زیان بە خودی پڕۆژە كوردستانییه‌كه‌ بگەیەنێت. لێره‌وه‌، پێكهێنان و شێوازی كاری بەرەی کوردستانی لە ساڵی ١٩٨٨، ڕەنگدانەوەی پابەندبوون بوو بە لۆژیکی هاوسەنگیی هێز. ئەو بەرەیە بۆیه‌ دروست بوو، چونکە لایەنەکان به‌ ته‌واوه‌تی تێگەیشتبوون كه،‌ تێچووی گۆڕینی ناکۆکی بۆ جەنگی یه‌كتر سڕینەوە، چەند گەورەیە.


هاوكێشه‌ی ٥٠ بە ٥٠ی دواتر، هەرچەندە لە ڕووی کارگێڕییەوە تێچووی زۆر بوو، بەڵام خزمەتی بە ئه‌ركێكی ستراتیژیی گرنگ ده‌كرد: ڕێگری لە‌ قۆرخكاری. ئەم هاوسەنگییە ته‌نها خه‌ڵات نه‌بوو بۆ حزبه‌كان، بەڵکو دیوارێکی بەرگریی بونیادی بوو لە دژی دەستبەسەرداگرتنی دامەزراوە نیشتمانییەکان. کاتێک دامەزراوە ئەمنی و داراییەکان لە نێوان دوو جەمسەردا دابەش بوو بوون، جۆرێک لە ڕێگریی ناوخۆیی دروست بوو، کە ڕێگەی نەدەدا تاكڕه‌ویی هیچ لایك به‌ ته‌نیا، قه‌واره‌كه‌ به‌ره‌و هه‌ڵدێر به‌رێت.


لادان لە هاوسەنگی


کێشەکان لەوێوە دەستیان پێکرد کە زمانی شەراکەت، پیادەکردنی ناداديی لە هاوسەنگیی هێزدا شاردەوە. ڕێککەوتنی ستراتیژیی ٢٠٠٧، لە جیاتی ئەوەی هێزی هەردوو شەریکەکە فراوان بکات، وردە وردە گۆڕا بۆ مەیدانی ململانێ و هەوڵدان بۆ تواندنه‌وه‌ی لایەک لە ناو نفووزی ئەوی تردا. ڕۆبەرت شتراوس-هوپێ ئەم داینامیکە بە وردی وەسف دەکات: "هاوپەیمانێتییەک کە تێیدا لایەنێکی بەهێز بیەوێت هاوبەشەکەی بکاتە پاشکۆیەکی خولگه‌یی خۆی، لە ڕاستیدا خەریکی داڕشتنی نەخشەی داڕمانی ناوخۆیی خۆیەتی.".


دانوستانەکانی ٢٠٢٦


ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەمان دووڕیان-دایه‌ . تا دوێنێ، گفتوگۆ گشتییەکان تیشكیان ده‌خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی کێ کام وەزارەت وەردەگرێت، بەڵام ئەم پرسیارە هەڵەیە. پرسیاری راست ئه‌وه‌یه‌: ئایا حکومەتی داهاتوو، لۆژیکی هاوسەنگیی دامەزراوەیی دورست ده‌كات، یان به‌ كردار دەستبەسەرداگرتنی دامەزراوەییقووڵتر ده‌كاته‌وه.


ده‌رئه‌نجام


هاوپەیمانەکانی کورد دەبێت تێبگەن ئەوان تەنها پێویستییان بە ئازایەتیی کورد نییە لە شەڕدا، بەڵکو بە قەوارەیەکە کە بتوانێت بڕیاری یەکگرتووی نیشتمانی بدات. سه‌ركردایه‌تی كوردستانیش، ئه‌گه‌ر له‌ دیدی ریالیزمی ستراتیژییه‌وه‌ له‌ قه‌یرانی ئه‌مڕۆی هه‌رێم بڕوانن، ده‌بینن كه‌ تەنها حیکمەتی هاوسەنگيی هێز و هاوسه‌نگیی دامه‌زراوه‌یی، دەتوانێت کوردستان بپارێزێت. ئەگەر هەرێم لە ناوخۆدا وەک گۆڕه‌پانێكی کراوە بۆ ململا‌نێ بمێنێتەوە، هێزە ئیقلیمییەکان وەک مەیدانی جەنگ مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. بەڵام ئەگەر حوكمڕانییه‌ك بنیاد بنێت کە تێیدا هیچ لایەک نەتوانێت ئەوی تر هەرس بکات، ئەوا هەرێمی کوردستان ده‌بێته‌ ئه‌و یاریزانه‌ی، جوگرافیاکەی رێی پێ دەدات: نەک قوربانیی رکابەرییەکان، بەڵکو پردێکی نفووز و فشار کە هیچ نەیارێک نەتوانێت په‌راوێزی بخات.


PM:07:17:02/06/2026

ئه‌م بابه‌ته 32 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی