ئێمە، ئێمەی کورد، لە سەرەتای هەرە سەرەتای ئاشنابوونین بە ئارگۆمێنتسازی وەکو کایەیەکی مەعریفی. ئارگۆمێنتسازی وەکو کۆڵەکەیەکی ژییاری، واتە وەکو بوونی بە جەوهەری پەروەردە و ڕەنگدانەوەی کارامەیییەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و ئارگۆمێنتسازی مەدەنی لە گوفتار و کرداری هاووڵاتییاندا، کایەیەکە، زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین دەستمان پێنەکردووە.
دیراساتی ئارگۆمێنتسازی (Argumentation Studies)، لێکۆڵینەوەیە لە ئارگۆمێنت؛ لە دروستکردنی، ناردنی، وەرگرتنی، شیکردنەوەی، هەڵسەنگاندنی لە گشت کایەکانی ژیاندا، هەر لە گفتوگۆی خێزانییەوە تا گفتوگۆی نێوان فەیلەسووفەکان، لە بەکارهێنانی زمان لای منداڵ تا دەگاتە کاریگەرە مێژووگۆڕەکانی ئارگۆمێنت لای ڕابەرە سیاسی و فەرهەنگییەکان، لەوانە کاریگەریی ئارگۆمێنت لە خەبات دژی سێکسیزم و ڕەیسیزم و کۆڵۆنیالیزم و، هتد. دیراساتی ئارگۆمێنتسازی بەردەوام لە خۆتازەکردنەوە و گەورەبووندایە، چونکە زمان لە نوێبوونەوەدایە. لە هەر شوێنێک زمان و ئاڵوگۆڕی ئارگۆمێنت هەبێت، لە هەر شوێنێک مرۆڤێک بیەوێت قەناعەت بە مرۆڤێکی تر بهێنێت، توێژەرانی دیراساتی ئارگۆمێنتسازی لەوێن. بۆ نموونە لەگەڵ هاتنی ژیریی دەستکرد، لێکۆڵینەوەی ئارگۆمێنتسازی کێڵگەیەکی تری توێژینەوەی بۆ دروست بوو کە تێگەیشتنە لەوەی کە ژیریی دەستکرد چۆن ئارگۆمێنتسازی دەکات. (بۆ ناساندنێکی زۆر خێرای ئارگۆمێنتسازی، بڕوانە وتاری "ئاشنابوون بە ئارگۆمێنتسازی: ئێمە لە کوێی ئارگۆمێنتسازیداین؟").
لە ژێر چەتری لێکۆڵینەوەی ئیپستیمۆلۆژی لە ئارگۆمێنت، تیۆرییەک هەیە بەناوی لۆژیکی نافەرمی. لەناو لۆژیکی نافەرمیدا بەشێک هەیە بەناوی هەڵە لۆژیکییەکان. ئەم وتارە ئاشنابوونە بە هەندێک هەڵەی لۆژیکی لەڕێگەی خوێندنەوەیەکی لۆژیکی بۆ وتارێکی کاک مەریوان وریا لەسەر فاڕوق ڕەفیق بە ناوی "دەربارەی فاڕوق ڕەفیق وەک ڕۆشنبیر" کە چەند ڕۆژێکی کەم دوای کۆچی دوایی فاڕوق بڵاوی کردووەتەوە. واتە ئێمە لەم وتارە سەرقاڵی بیرکردنەوەیەکی لۆژیکین لە بیرکردنەوەی نووسەرێکی دیاری کورد دەربارەی نووسەرێکی دیاری تر. (پێش دەستپێکردن، گرنگە ئاماژە بەوە بدەم، کە من سەرقاڵی گەورەکردن یان بچووککردنەوەی ئەم یان ئەو نووسەر نیم. ئەگەر خوێنەرێک بەم نیازە وتارەکە دەخوێنێتەوە، سوپاسی دەکەم کە لێرەدا دەست لە خوێندنەوە هەڵبگرێت. بەپێچەوانەوە، ئەگەر لۆژیکییانە گفتوگۆ لەگەڵ نووسەرێک بکەین، ئەگەر ببێتە هۆی دەستنیشانکردنی هەڵە لۆژیکییەکانیشی، ئەوە ڕێزێکی قووڵمان لەو نووسەرە گرتووە چونکە بە باڵاترین ئامراز گفتوگۆمان لەگەڵ کردووە کە لۆژیکە. بۆ من چی کاک مەریوان و چی ڕەوانشاد کاک فاڕوق دوو نووسەرن کە دەبێت ڕێز و پێزانینمان بۆ بەرهەم و ماندووبوونیان هەبێت و بە جدی بیانخوێنینەوە. کۆمەڵگەیەک ڕێز لە مرۆڤە جدییەکانی خۆی نەگرێت، مەحکوومە بە هەژاریی ماددی و مەعنەوی).
هەڵەی لۆژیکی کاتێک ڕوودەدات کە ئارگۆمێنتێک بەهێز (strong)، دروست (valid) یان "لۆژیکی" دیارە، بەڵام لە جەوهەردا ئارگۆمێنتێکی لاوازە، نادروست و نالۆژیکییە. مەترسیی هەڵە لۆژیکییەکان هەر ئەوە نییە کە ئارگۆمێنتی لاوازن بەڵام بەهێز دەردەکەون، بەڵکو ئەوەیە کە دەکرێت قەناعەتپێکەر و دڵبەر بن. نووسینی کوردی، بەتایبەت نووسینە "فکرییەکان"، سەرشارن بەو ئارگۆمێنتە دڵبەرانەی کە هەڵەن بەڵام قەناعەتپێکەرن. هەر بۆ نموونە کاک بەختیار عەلی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕادیۆی دەنگی ئەمریکا لە خولەکی ٨دا دەڵێت ناتوانین پێناسەی تیرۆر بکەین چونکە لە مێژووی مرۆڤ جیا نابێتەوە، بەڵام تەنها دوای دوو خولەک دەڵێت تیرۆر دیاردەیەکی مۆدێرنە. ئەم دوو ڕستەیە سادەترین و جەوهەریترین پرەنسیپی ئارگۆمێنتێکی لۆژیکی پێشێل دەکات کە پرەنسیپی نەبوونی دژیەکییە. ئەگەر تیرۆر دیاردەیەکی بە ئەندازەی مێژووی مرۆڤ کۆن بێت، چۆنە دوای دوو خولەک دەبێتە دیاردەیەکی مۆدێرن؟ ئەگەر تیرۆر مێژووەکەی بگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ، چۆن دەکرێت لە هەمان کاتدا مێژووەکەی کورت بێتەوە بۆ چەند سەد ساڵێک لەمەوبەر؟ کەواتە کاک بەختیار ئەم پرەنسیپە هەرە جەوهەرییەی لۆژیکی پێشێل کردووە چونکە تووشی دژیەکی بووە. بە هەرحاڵ، کێشەیەکی جەوهەریی کۆمەڵگای ئێمە هەر سەرسامیی کوێرانە نییە بە سیاسی و کەسایەتییە ئاینی و کۆمەڵایەتی و ئەستێرەکانی سۆشیاڵ میدیا، بەڵکو ناڕەخنەییانە دوای کەسایەتییە ڕۆشنبیرەکانیش دەکەوین. بۆ؟ چونکە ئێمە کۆمەڵگەیەکین لەپێش قۆناغی ئارگۆمێنتسازیدا دەژین بە مانا بەرفراوان و قووڵەکەی دیراساتی ئارگۆمێنتسازی. بۆ نموونە تا ئێستاش زانکۆش تەواو دەکەین وەک پێویست ئاشنا ناکرێین بە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی وەکو ئەوەی لۆژیکی نافەرمی پێناسەی دەکات. لێرە و لەوێ تاکەکان دەکرێت خۆیان پەروەردە بکەن جا بوارەکە هەرچییەک بێت، بەڵام ئێمە بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەک ئاشنای کایەیەک بکەین، بۆ نموونە ئارگۆمێنتسازی، دەبێت پەروەردەی بکەین کە نەمانکردووە (ئەمە جگە لەوەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی تەنها لقێکە لە درەختێکی گەورە و باڵابەرز، کە کایەی ئارگۆمێنتسازییە).
هەڵە لۆژیکییەکان باجی گەورەیان هەیە چونکە ئارگۆمێنتی لاواز هەر بەرهەمی بیرکردنەوەی خراپ نییە، بەڵکو بیرکردنەوەی خراپیش بەرهەم دەهێنێت. بیرکردنەوەی خراپیش ئاکار و گفتاری خراپ بەرهەم دەهێنێت. کۆمەڵگەیەک کە زۆربەیان خاوەن بیرکردنەوەی خراپن و بیرکردنەوەی خراپ پەخش بکەن، باجی گەورە دەدەن چونکە لە ڕاستی، لە زانست و لە فەلسەفە دوور دەکەونەوە. بۆ نموونە، ئەگەر بۆچوونەکانی کاک مەریوان لەسەر فاڕوق ڕەفیق هەڵەی لۆژیکییان تێدابێت، بەڵام خوێنەرەکانی هەڵەکان نەبینن و "ڕەخنە"کانی مەریوان هەڵبگرنەوە، ڕەنگە لە خوێندنەوەی فاڕوق دووربکەونەوە، بگرە ناوبانگی بڕزێنن و خەڵکانی تریش لە خوێندنەوەی فاڕوق بکەن.
دەرئەنجامی ئەمەش هەموو ئەو تیۆر و ئارگۆمێنت و ئایدیایانەی فاڕوق، وەکو پسپۆڕێکی دانسقەی فەلسەفەی سیاسی لە کۆنتێکستی ڕۆشنبیریی کوردیدا، نادیدە دەگرن و پەراوێز دەخرێن. واتە هەڵە لۆژیکییەکانی کاک مەریوان دەبنە ڕێگرێک لەنێوان ئایدیا سوودبەخشەکانی فاڕوق و کۆمەڵگە. نووسین بەرپرسیارێتییەکی گەورەترە لەوەی کە بیری لێدەکەینەوە. (بۆ تێگەیشتنی کەمێک زیاتری پەیوەندیی نێوان ئارگۆمێنت و واقیع، بڕوانە سیمیناری "ڕۆڵی ئارگۆمێنت لە گۆڕینی واقیعدا").
بەداخەوە کاک مەریوان لە نووسینەکەیدا لەسەر دواکۆچی فاڕوق ڕەفیق دەکەوێتە کۆمەڵێک هەڵەی لۆژیکییەوە. لەم وتارەدا بە هێمنی، بە خاتری تێگەیشتن، چەند دانەیەکیان بەسەر دەکەینەوە. بۆ ئاسانیی خوێندنەوە، بڕگە بە بڕگەی نووسینەکەی کاک مەریوان دەخوێنینەوە و هەڵەکانیان دیاری دەکەین، دواتر دەرئەنجامگیری لەسەر کۆی نووسینەکە دەکەین. پێشنیار دەکەم خوێنەر سەرەتا وتارەکەی کاک مەریوان بخوێنێتەوە پێش ئەم وتارە.
بڕگەی ١:
لە بڕگەی یەکدا، هەڵەیەکی لۆژیکی بەدی ناکەین. بەڵام ئەگەر لە ڕووی ڕەوانبێژییەوە سەرنج بدەین، ناوهێنانی فاڕوق لە سەرەتاوە وەکو "مرۆڤێکی ئاسایی" ئامادەکاریی شانۆکەیە بۆ ڕەخنەکردنی فاڕوق و کارەکانی. دەکرا کاک مەریوان پێش ڕەخنەکانی، لەم بڕگەیەدا، بە یەک ڕستەی کورتیش بووایە ئەرێنییانە وێنای فاڕوقی بکردایە کە هەفتەیەک بەسەر مەرگیدا تێنەپەڕیوە. لە ڕاستیدا، ئینتیوتیڤلی، یانی حدسیانە، یان دەنگی دڵمان، ئەوە دەڵێت کە ئەتەکێتی نووسین و ئادابی قسەکردن لەسەر کەسێکی تازە کۆچکردوو، ئەوە دەخوازێت کە ئەرێنییانە باسی مرۆڤێکی تازە کۆچکردوو بکەین، چی جای نووسەرێک ٣٠ ساڵە بە جدی کار دەکات. لەم ڕووەوە، موسەنا ئەمین هۆشیاریی تێکەڵنەکردنی بۆنەکانی لە کاک مەریوان بەرزتر بوو، کە سەرەڕای ڕەخنە توندەکانی فاڕوق لەسەری، لەبەر ڕێزی ئەوەی کە ئەم نووسەرە تازە دواکۆچی کردووە، دەستبەرداری ڕەخنەکردن دەبێت لە ئێستادا. وەک وتمان لەم بڕگەیەدا هەڵەیەکی لۆژیکی بەدی ناکەین بەڵام ئارەزوومەندانە بێت یان لە نەزانین، ئەو هۆشیارییە لای کاک مەریوان نابینین کە بۆنەکان تێکەڵ نەکات: بۆنەی سەرخۆشیکردن لەلایەک و ڕەخنەکردن لەلایەکی تر.
بڕگەی ٢:
کۆمەڵێک هەڵە لە بڕگەی دوودا هەیە. یەکەم بریتییە لە "جەمسەرگیریی ناڕاست" (false polarization). ئەم هەڵەیە کاتێک ڕوودەدات کە کەسێک گفتوگۆ و مشتومڕ لەسەر بابەتێک سادە دەکاتەوە و دابەشی دەکات بەسەر دوو بەشی تەواو دژبەیەکدا. لێرەدا مەریوان دەڵێت ئەوانەی قسەیان لەسەر فاڕوق کرد دوو کەمپن: جوێندەرەکان و پیاهەڵدەرەکان. یان ئەوانەن کە جوێن دەدەن، یان ئەوانەی کە فاڕوقیان بردە ئاسمان و وتیان فاڕوق فەیلەسووفە. هەڵەکە لێرەدا ئەوە نییە کە ئایا هەر بە ڕاستی ئەم دوو کەمپەمان بینی لە پەرچەکرداری ژیانئاوایی فاڕوق ڕەفیق یان نا. کێشەکە ئەوەیە؛ یەک: خوێندنەوەی هاوسەنگ و مامناوەندەکان نادیدە دەگرێت. دوو، کە کێشە گەورەکەیە، بەبێ ئارگۆمێنت و سەلماندنی سەنگین، نرخاندن و پێزانینی فاڕوق وەکو بیرمەند و فەیلەسووفێک دەخاتە هەمان تای تەرازووی ئەوانەی کە جوێنیان دەدا و ئیهانەیان بە فاڕوقی بێڕۆح دەکرد کە هێشتا کفنەکەی زەرد نەبووبوو. لەبەرامبەریشدا، پێکەوە لکاندنی ئەوانەی کە ڕەخنە و سەرنجی بەجێیان هەبوو لەسەر فاڕوق ڕەفیق بە جوێنفرۆشەکان، کە ئەمەش دووبارە لەبەرچاونەگرتنی هێڵی سێیەمە (پرسیارێکی ڕەوا لێرەدا ئەمەیە: بە لۆژیکی نووسینەکەی کاک مەریوان خۆی، خۆی دەکەوێتە کام بەرەیەوە؟).
لێرەدا، دوو هەڵەی لۆژیکیی تر خۆیان مەڵاس داوە. یەکەم "هاوسەنگیی هەڵە" (false balance). ئەم هەڵەیە کاتێک ڕوو دەدات کە بەناوی هاوسەنگییەوە کەسێک دوو لایەنی جیاواز و بگرە دژبەیەک وەک یەک دەخاتە ڕوو گوایە هاوسەنگیی پیادەکردووە، لە کاتێکدا ڕەوایەتیی لایەک، یان بەڵگەکانی لایەک لەپێشتر و بەهێزترە وەک لە لاکەی تر. لێرەدا کاک مەریوان هەردوو بەرەکە، وەکو ئەوەی بەهەمان شێوە هەڵە بن دەخاتە ڕوو. لەمەشەوە هەڵەیەکی تر دەردەکەوێت کە هەڵەی لۆژیکیی "ژەهراویکردنی سەرچاوەیە" (poisoning the well). وەکو چۆن کاتێک ئاوێکی سازگار سەرچاوەکەی پیسکرا، ئیتر هەر جامێک لەو سەرچاوەیەوە بخۆیتەوە، پیسە، کاک مەریوان هەر لە بڕگەی دووەمی نووسینەکەیەوە، هەموو قسەکردنێکی جدی لەسەر فاڕوق کە شیاوی فاڕوق بێت وەک بیرمەندێکی دلێر کە دژ بە ستەمکاریی سیاسی و ئاینی و کولتووری کاری جدی کرد و باجی دا، وەکو زیادەڕۆیی و مەدح و سەنای ناپێگەیشتووانە لە قەڵەم دەدات. لێرەوە، وێنەی فاڕوق کورت دەکاتەوە بۆ "ڕۆشنبیرێک" لەناو ڕۆشنبیرەکاندا کە نەک ڕۆشنبیرێکی باشیش نییە، بەڵکو ڕۆشنبیرێکە کە زیانی گەورەی بە پێگەی "ڕۆشنبیر" گەیاندووە، کە دەبێت ڕاست بکرێتەوە (بڕوانە بڕگەی ١٠ی نووسینەکەی مەریوان).
هەڵەیەکی تر هەر لە هەمان بڕگەدا بریتییە لە "تاوان لەڕێگەی پەیوەندییەوە" (guilt by association). ئەم هەڵەیە زۆر بەزەقی لە بڕگەکانی دواتردا دەیبینین. لەم بڕگەیەدا کاک مەریوان لەڕێگەی پەیوەستکردنی کەمپی "پیاهەڵدەران!" بە فاڕوق بە میدیای پارتییەوە، بۆچوونەکانیان لەسەر فاڕوق بێئەرزش دەکات. چۆن؟ لە بیرکردنەوەی کاک مەریواندا پارتی بوون و میدیای پارتی جێی متمانە نین، هەر لێرەوە کەسێک کە لە میدیای پارتیدا دەربکەوێت جێی متمانە نییە و وەک پارتی "تاوانبارە." مادام کەسانێک لە میدیای پارتییەوە ڕێز و پێزانینیان بۆ ژیانئاوایی فاڕوق ڕەفیق دەربڕیوە، پێزانینەکانیان جێی متمانە نییە، وەکو چۆن پارتییەکان جێی متمانە نین. من لە نووسینێکی تردا بەرگریم لە کاک مەریوان کردووە کاتێک کامیار سابیر بەرمەبنای هەمان هەڵەی لۆژیکی تۆمەتی نابەجێ دەخاتە پاڵ کاک مەریوان (بڕوانە وتاری "ئایا مەریوان وریا بە تیکتێکی تەیارە کڕدرا؟").
بڕگەی ٣:
لە بڕگەی سێیەمدا کاک مەریوان دەکەوێتە هەڵەیەکی ترەوە کە "هەڵەی سەرچاوەیە" (genetic fallacy). واتە ئارگۆمێنتێک هەڵەیە لەبەر سەرچاوەکەی. لێرەدا کاک مەریوان دەڵێت مادام "گەورەکردنەکانی" کاک فاڕوق لە "سۆزێکی کۆنتڕۆڵنەکراوەوە" سەرچاوەیان گرتووە، کەواتە هەڵەن. کەسێک دەشێت زۆر بە هێمنی و لەسەرخۆیی بەرگری لە ئارگۆمێنتێکی هەڵە بکات، دەشکرێت زۆر بە حەماسەت و سۆزەوە بەرگری لە ئارگۆمێنتێکی دروست بکات. ئەوەی سەرچاوەی ئارگۆمێنتێک، بۆ نموونە لە هەستەکانەوە بێت، خۆبەخۆ نایسەلمێنێت کە ئارگۆمێنتەکە هەڵەیە. ئێمە تەنها و تەنها دوای هەڵسەنگاندنی بەڵگەکان، دەتوانین داوەریی ئارگۆمێنتێک بکەین، جا سەرچاوەی ئەو بەڵگانە ئەگەر لە هەست و حەماسەتیشەوە سەرچاوەیان گرتبێت.
بڕگەی ٤:
لە بڕگەی چواردا هەڵەکان بریتین لەمانەی خوارەوە. یەکەم، "هانابردن بۆ بێگەردی" (appeal to purity). هانابردن بۆ بێگەردی یان بێخەوشی بریتییە لە پێناسەکردنی بابەتێک یان پێوەرێک بەشێوەیەک کە ئەوەی دەتەوێت ڕەخنەی بکەیت خۆبەخۆ بکەوێتە دەرەوەی ئەو ستانداردە بێخەوشەی دایدەنێیت. ئا لێرەدا کاک مەریوان وا پێناسەی فەیلەسووف دەکات، کە ئەوەندە بێخەوش و پوختەیە، خاڵییە لە هەموو دژبەیەکییەک یان بۆچوون گۆڕینێک، یان خاڵییە لە هەر شەرح و لێکدانەوەیەکی فەیلەسووفانی تر. فەیلەسووف لای کاک مەریوان ڕوون نییە کێیە، کە ئەمەش هەڵەیەکی لۆژیکییە سەر بە هەڵە زمانەوانییەکان، بۆ نموونە "ناڕوونی" (vagueness).
ئەگەر خوێندنەوەیەکی بەخشندانە (principle of charity) بۆ بڕگەی ٤ بکەین، ئەوا دەتوانین بڵێین فەیلەسووف لای کاک مەریوان ئەو کەسەیە کە پڕۆژەیەکی فیکریی یەکانگیری هەیە بەرمەبنای مەنهەجییەتێکی دیاریکراو، کە لەم کتێب بۆ ئەو کتێب چەمک و ئایدیای بۆ زیاد دەکات. بەڵام بۆ دەبێت فەیلەسووف خاوەنی یەک پڕۆژە بێت؟ بۆ دەبێت خاوەنی یەک مەنهەجییەت بێت؟ بۆ ناکرێت فەیلەسووف لە سیاقی گەشەکردنی فیکریی خۆیدا، خۆی خۆی تێپەڕێنێت و بچێتە سەر پڕۆژەی تر و چەمک و بیری نوێ دابهێنێت یان بەکاربهێنێت بۆ پڕۆژە نوێکانی؟ یانی بۆ نموونە ئەگەر فاڕوق تەنها و تەنها لەسەر یەک تەوەرەی ئیشەکانی، جا ستەمکاری بێت، فەلسەفەی زانست بێت، فەلسەفەی ئەفڵاتوون بێت، فەلسەفەی پەروەردە بێت، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بێت، یان سێکۆلاریزم هتد، بڕۆیشتایە؛ واتە ئەگەر تەنها یەکێک لەم تێمایانە هەموو نووسینەکانی داگیربکردایە، ئێستا دەبووە فەیلەسووف بە پێناسەکەی کاک مەریوان؟
ئەمە جگە لەوەی کاک فاڕوق لە زۆربەی ئیشەکانیدا چووەتەوە سەر تێمایەکی هاوبەش ئەویش فەلسەفەی سیاسییە. ڕەخنەکانی لە ستەمکاری، لە نەبوونی سیاسەت، لە نەبوونی مەدەنییەت، لە ئۆپۆزیسیۆن، لە نەبوونی تاک، هتد، مرۆڤ ئەگەر بەویژدانەوە بیخوێنێتەوە، هێڵێکی هاوبەش بە ئاسانی بەدی دەکات. ئەو، فاڕوق، سەرقاڵی ئاشناکردنی خەڵک و عام بوو بە فەلسەفە بە گشتی و فەلسەفەی سیاسی بە دیاریکراوی، ئەمەشە ئەو پڕۆژە هاوبەشەی کە لە هەموو ئیشەکانی کاک فاڕوقدا هەیە و کاک مەریوان نایدیدەی دەگرێت. بە پێناسەکەی کاک مەریوان بۆ فەیلەسووف، ئەرستۆ فەیلەسووف نەبووە، چونکە یەک پڕۆژەی فیکریی نەبووە کە لە "کتێبێکەوە بۆ کتێبێکی دیکە گەشەی پێبدات و پێشیبخات، ئەم یان ئەو بیرۆکەی تازەی بۆ زیاد بکات،" چونکە ئەرستۆ لە بۆقەوە تا خودا قسەی لەسەر بابەتەکان کردووە.
هەڵەیەکی تری نووسینەکەی کاک مەریوان بریتییە لە "ئەوەی لێناکەوێتەوە" یان "ئەوەی بەدوادا نایەت" (non sequitur)، واتە لە پێشەکییەکانەوە دەرئەنجامەکە ناکەوێتەوە. واتە ئەوەی کاک فاڕوق خاوەن پڕۆژەیەکی یەکگرتوو نەبووە، شەرحی کاری فەیلەسووفانی تری کردووە، کۆرسی وتووەتەوە، دژبەیەکی و بۆچوون گۆڕین لە نووسینەکانیدا هەیە، لە میدیا حیزبییەکاندا دەرکەوتووە، هتد، ئەوەی لێ ناکەوێتەوە کە فاڕوق بیرمەند یان فەیلەسووف نەبووە. لە مێژوودا ئەو فەیلەسووفانەی سەرلەبەری پڕۆژەیەکی فیکرییان لە سفرەوە دروستکردبێت، من کەس شک نابەم. فەلسەفەی فەیلەسووفێک هەمیشە لە دیالۆگدایە لەگەڵ پێش خۆی و لەگەڵ پاش خۆشی. بەڵام حەتمەن فەیلەسووفانێکیش هەن کە هەم قووڵتر، هەم سیستەماتیک و لۆژیکی و یەکانگیرتر دەنووسن لە فەیلەسووفانی تر. فەیلەسووفێک دەشێت داهێنەرتر بێت لە فەیلەسووفێکی تر. هەتا فەیلەسووفێک هەم قووڵ و هەم سیستەماتیکی تر بنووسێت، گەورەترە. من بەش بە حاڵی خۆم لەو باوەڕەدا نیم هەموو کارەکانی کاک فاڕوق خاوەن ئەو تایبەتمەندییە بن، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئەو "ڕۆشنبیرێک" بوو بەس، کە زیانی زۆری بە وێنە و کایەی ڕۆشنبیری گەیاندووە، وەک کاک مەریوان وێنای دەکات. ئەوەشمان بیر نەچێت ئێمە لە سیاقی کۆمەڵگەی کوردیدا داوەریی فاڕوق دەکەین، نەک لە سیاقی کۆمەڵگەی ئەمریکی و ئەوروپییەکان کە زیاد لە دوو هەزار ساڵە سەرقاڵی فەلسەفاندنن.
واتە دەبێت دادپەروەری (fair-mindedness) لە هەڵسەنگاندنەکانماندا هەبێت، کە فەزیڵەتێکی ئەقڵی و ئارگۆمێنتسازییە (epistemic and argumentational virtue).
بڕگەی ٥:
لە بڕگەی پێنجەمدا کاک مەریوان پێداگری لە خاڵێک دەکات کە لەگەڵی کۆکم: "کاری فیکری کارێکە بە جۆرێک لە مەنهەجییەت و بە نەبوونی ناکۆکیی ناوەکییەوە پەیوەستە." بەڵام ئایا بەم پێوەرە، فاڕوق هیچ کارێکی فیکریی نەکردووە، یان هەندێک لە دەرکەوتنە میدیاییەکانی کێشەیان هەیە لە پەیوەندیدا بە بوونی مەنهەجییەت و ناکۆکیی ناوەکییەوە؟ هەڵەیە لە فاڕوقی میدیاوە، فاڕوقی نووسەر ڕەتبکەینەوە گەرچی فاڕوقی ناو میدیاش جێی ڕەخنە بێت. فاڕوق ڕەفیق بیرکەرەوەیەکی پڕ وزە و پڕ پڕۆژە بوو کە لە زیاد لە ناوەندێکەوە پەیامەکانی دەگەیاند، کە بەداخەوە هەمیشە لەبار نەبوون بۆ پەیامەکانی. بیرکردنەوەی فەلسەفی پێویستی بە هێمنی هەیە، پێویستی بە ئارگۆمێنت و ئارگۆمێنتی بەرامبەرە، کە سروشتی میدیا و سۆشیاڵ میدیا لەبار نین بۆ چنینی هێمن و درێژی ئارگۆمێنتەکان. با وردتر هەڵە لۆژیکییەکان دیاری بکەین.
یەکێک لە گەورەترین هەڵەکانی ئەم بڕگەیە "هەڵەی پاڵنەرە" (motive fallacy). ئەم هەڵەیە کاتێک ڕوو دەدات کە کەسێک هەڵوێست و گوتاری کەسێکی دی ڕەتدەکاتەوە، نەک لەبەر سروشتی ئەو هەڵوێست و گوتارە، بەڵکو لەبەر پاڵنەرە ناوەکی و شاراوەکانی کەسی قسەکەر، یان هەڵوێستوەرگر. بۆ مەریوان، پاڵنەری گۆڕانی بۆچوونەکانی فاڕوق بریتی بوون لەو گرووپ و لایەنانەی کە پەیوەندیی لەگەڵدا دەبەستن، نەک ئەقڵ بەڵکو حەز و بەرژەوەندی و ئەم شتانە. واتە کاک مەریوان دەزانێت پاڵنەرە ناوەکییەکانی فاڕوق چی بوون. بەمانایەکی تر، گۆڕان لە بۆچوونەکانی فاڕوقدا دەبێت ڕەتبکرێنەوە. بۆ؟ چونکە فاڕوق بە پاڵنەری سایکۆلۆژی و بۆ ڕاگرتنی پەیوەندییە نوێکانی، گۆڕانی لە بۆچوونەکانیدا کردووە.
لێرەدا دوو کێشە هەیە: یەکەم، چۆن کاک مەریوان زۆر بە ئاسانی حوکمێکی وا دەدات بەسەر توێژەرێکی دلێر و ڕەخنەگری وەک فاڕوقدا؟ ئایا کاک مەریوان لە دڵیی کاک فاڕوقدا بووە؟ ئێوە بیری لێبکەنەوە، مرۆڤ چۆن دەتوانێت سووک و ئاسان قسە لەسەر نییەتە شاردراوەکانی ئەوانی تر بکات؟ دوو، گریمان کاک مەریوان بە قودرەتی قادر دەستی گەیشتووە بە مەیل و پاڵنەرە شاردراوەکانی فاڕوق، هێشتا ئەمە هیچ لەسەر ڕاستی و دروستیی بۆچوونەکانی فاڕوق ناڵێت. من دەتوانم بۆ ڕازیکردنی دڵی تۆ قسەیەک بکەم و قسەکەشم ڕاست بێت. سەنگی مەحەک یەک شتە و بەس: ئایا بەڵگەی مەعقوڵم هەیە بۆ حوکمەکانم یان نا، نەک ئەوەی حوکمەکانم دژ یان هاوڕای ئەم یان ئەو لایەن بێت.
هەڵەیەکی تر لەم بڕگەیەدا، بریتییە لە "پەلاماردانی ئارگۆمێنتساز لەبری ئارگۆمێنت" (ad hominem). کاک مەریوان دەڵێت فاڕوق بە "هاتوهەوار و دەنگەدەنگ و پەلاماردان و گوتنی شتێک و پێچەوانەکەی" پەیامەکانی گەیاندووە. گریمان ئەم قسەی کاک مەریوان ڕاستە (لێرەدا لەگەڵ کاک مەریوان کۆکم کە فاڕوق لە هەندێک دەرکەوتنی میدیاییدا توند قسەی کردووە و هەڵچووە، ئەمە ڕاستە). بەڵام وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، شێوازی وتنی شتێک ڕەنگە شتێک لەسەر کارەکتەری قسەکەر بڵێت، بەڵام بەتەنها هۆی تەواو (sufficient reason) نییە بۆ قبووڵکردن یان ڕەتکردنەوەی ئەو شتەی وتراوە. واتە ئەگەر فاڕوقیش هەڵچووبێت و هاواریشی کردبێت، ئەمە خۆبەخۆ هۆکارێکی تەواو نییە بۆ ڕاستسەلماندن، یان هەڵەسەلماندنی ئەوەی کە کاک فاڕوق لەسەری توڕە بووە و هاواری بۆ کردووە. هەتا زیاتر دەنووسم، زیاتر دڵم بە حاڵی ئێمەی کورد لە پەیوەندیدا بە فەلسەفە و ئارگۆمێنتسازییەوە دەسووتێت. با بەردەوام بین..
گرنگترین بەشی ڕەخنەکانی کاک مەریوان بریتییە لە تۆمەتبارکردنی فاڕوق بە "گوتنی شتێک و پێچەوانەکەی." من هاوڕای کاک مەریوانم کە ئارگۆمێنتی باش دەبێت دژایەتیی تێدا نەبێت، ئەگەر تێدا بوو، لەوە دەکەوێت ئارگۆمێنتێکی لۆژیکی بەهێز بێت. بەڵام، ئەم بەڵامەش، هەم زۆر سادەیە و هەم زۆر گرنگە: دژایەتی لەناو یەک ئارگۆمێنت و ڕەوگەدا، سیاقدا، شتێکە و دژایەتی لەنێوان ئارگۆمێنتەکان و ڕەوگەکاندا شتێکی ترە. واتە ئەگەر من لە هەمان نووسینمدا، سیمینارمدا، یان پۆدکاستمدا، شتێک و پێچەوانەکەشی بڵێم، وەرگر هەقێتی بڵێت "ئایا تۆ خۆشت دەزانیت چی دەڵێیت؟" بەڵام ئەگەر لە نووسینێکەوە بۆ نووسینێکی تر، لە بەرنامەیەکەوە بۆ ئەوی تر، لە کتێبێکەوە بۆ ئەوی تر، تا دوایی، من گۆڕان لە بۆچوونەکانمدا ڕووبدات، تا ئاستی ڕەتکردنەوەی بۆچوونەکانی پێشوترم، خۆبەخۆ نەک جێی ڕەخنە نییە، بەڵکو ڕەنگە جێی دەستخۆشی بێت.
بۆ؟ چونکە من لێرەدا نوێنەرایەتیی سێ فەزیڵەتی ئەقڵی و ئارگۆمێنتسازی دەکەم: خاکەڕایی مەعریفی، مێشکراوەیی و دلێری. ئەگەر من بەرگری لە ئایدیایەک بکەم، بەڵام دواتر بۆم دەربکەوێت کە هەڵەم و ئەمجارە خۆم ڕەخنە بکەم و خۆم تێپەڕێنم، مانای وایە هەم کەسێکم کە سنووری زانینی خۆم دەزانم بۆیە نەوەستاوم لە خۆپەروەردەکردن، واتە خاکەڕایی مەعریفیم هەیە، هەم کەسێکی مێشککراوەم بۆیە بۆچوونم گۆڕاوە، هەم دلێریی ئەوەم تێدا بووە بە پرۆسەی خۆڕەخنەکردن و خۆتازەکردنەوە هەڵبستم. من لێرەدا بانگەشەی ئەوە ناکەم هەموو گۆڕانێک لە فکر و هەڵوێستدا، جا هی فاڕوق ڕەفیق بێت یان کەسی تر، بەناچاری ئەم مەرجانەی بەسەردا دەسەپێت کە باسم کرد، بەڵکو باسی ئەوە دەکەم بەبێ لەبەرچاوگرتنی هۆکارەکانی پشت گۆڕانی بیرکردنەوەی کەسێک، ڕاستەوخۆ بۆچوونەکانی ڕەتبکەیتەوە بەس لەبەر ئەوەی جیاواز و بگرە دژی پێشووتری خۆی بیردەکاتەوە، هەڵەیە.
بڕگەی ٦:
لە بڕگەی شەشدا، لە چەند پەرەگرافێکدا، کاک مەریوان کۆمەڵێک "بەڵگە" دەخاتە ڕوو بۆ ڕەخنەکانی لە فاڕوق ڕەفیق. بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنەکەی من بۆ وتارەکەی کاک مەریوان ڕەوا بێت، دەبێت لەگەڵ ئەم بەشەی وتارەکە بە وردی بکەوینە گفتوگۆ. لەم بڕگەیەدا کاک مەریوان کۆمەڵێک بەڵگە دەهێنێتەوە بۆ بەرگری لە ڕەخنەکانی لە فاڕوق کە هێڵێکی هاوبەش بەیەکیان دەبەستێتەوە ئەویش گوتنی شتێک و پێچەوانەکەیەتی. بە کورتی و بە کوردی، بەڵگەکانی کاک مەریوان دەیانەوێت بەرگری لەم ڕەخنەیە بکەن کە بۆچوونەکانی کاک فاڕوق هەڵەن چونکە بۆچوونی لەسەر شتەکان گۆڕاون و بگرە پێچەوانەش بوونەتەوە. هەڵە بنەڕەتییەکەی ئەم ڕەخنە سەرەکییەی کاک مەریوان بریتییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانی بۆچوون وەک ناکۆکی و دژبەیەکیی بۆچوون. بەڵام وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، هەموو گۆڕانێک لە بۆچووندا خۆبەخۆ یەکسان نییە بە خودناکۆکی (self-contradiction).
با بیر لە نموونەکانی کاک مەریوان بکەینەوە:
ا- هەڵەی سەرەکی لە خاڵی (ا)دا بریتییە لە هەڵەی "هێرشکردنە سەر کەسی ئارگۆمێنتساز لەڕێگەی هەلومەرجەوە" (circumstantial ad hominem). واتە کاتێک بۆچوونی کەسێک ڕەتدەکرێتەوە لەبەر کەمکوڕیی بۆچوونەکە نا، بەڵکو لەبەر پەیوەندی، بەرژەوەندی، یان هەلومەرج و بارودۆخی قسەکەرەکەوە. مرۆڤ بێگومان دەبێت هەلومەرج لەبەرچاو بگرێت، بۆ نموونە کاتێک بەرژەوەندیی کەسی لە ئارادایە، بەڵام دەکرێت بۆچوونێک ڕاست بێت و لە بەرژەوەندیی قسەکەرەکەشدا بێت، کەواتە ڕەتکردنەوەی ئارگۆمێنتێک تەنها بەرمەبنای بارودۆخ یان هەلومەرجی ئارگۆمێنتسازەکە، هۆیەکی ئەقڵانی و تەواو نییە. بەڵام لێرەدا کاک مەریوان بۆچوونەکانی کاک فاڕوق لەسەر عەلمانییەت، ئیسلام و مافەکانی مرۆڤ ڕەتدەکاتەوە چونکە فاڕوق لە یەکگرتوو یان مەلا بەختیار نزیکبووەتەوە. ئەوەی کە بۆچوونی نووسەرێک لە وێستگەیەکی گەشتە فکرییەکەیدا لەم یان لەو لایەن نزیک دەبێتەوە، نایسەلمێنێت کە بەهەڵەدا چووە. حەقیقەت چی باکی بەوە هەیە تۆ وەکو نووسەرێک بۆچوونەکانت چی لایەنێکی سیاسی هەڵی دەگرێتەوە یان ڕەخنەی دەکات. (دوای ئەوە، ئەمە یانی چی ئەگەر کەسێک لە دەسەڵاتەوە نزیک بێت، یان لایەنداری ئەم یان ئەو حیزبە بێت (من ناڵێم فاڕوق وا بووە)، ئیتر وەکو ئەوەی تووشی ڤایرۆسێکی کوشەندە بووبێت نابێت لێی نزیک بینەوە. یەکسانکردنی دەسەڵات و حیزبەکان بە شەیتان هەڵەیەکی گەورەیە کە ڕەهەندییەکان لێی بەرپرسن، کە ئەم وتارە شوێنی ڕاستکردنەوەی نییە، بەڵام گرنگە ئەوەمان لە یاد بێت کە دروستکردنی درز لەنێوان دەسەڵات و ڕۆشنبیراندا، بە قازانجی دەسەڵات و بە زیانی کۆمەڵگە دەشکێتەوە: بەبێ مەعریفەی تەکنیکی و ئەخلاقی، چۆن لە سیاسییەکان چاوەڕێ دەکەیت بەخاتری چاکەی گشتی سیاسەت بکەن؟).
تکایە ئەم سەرنجانەی من نە لەم پەرەگرافە و نە لە هیچ شوێنێکی وتارەکەدا مانای وایە نییە کە بۆچوونەکانی فاڕوق ڕەفیق جێی ڕەخنە نین، بەڵکو تەنها دەمەوێت کەمکوڕی و بگرە هەڵە لۆژیکییەکانی ڕەخنەکانی کاک مەریوان لەسەر فاڕوق ڕوون بکەمەوە. بۆ نموونە، هەر تەنها بۆ مەشقێکی ئەقڵی، گریمانەی ئەوە بکەن بۆچوونەکانی یەکگرتوو یان یەکێتی دەربارەی پەیوەندیی ئیسلام و عەلمانییەت و مافەکانی مرۆڤ ڕاستە؛ واتە لایەنێک هەڵە و لایەنەکەی تر ڕاست. گریمان، بانگەشەکەی کاک مەریوان ڕاستە کە گوایە فاڕوق ڕەفیق لایەنداریی کردووە بۆ ئەم دوو حیزبە. خۆ ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، دەبێت لانی کەم کاک فاڕوق قسەیەکی ڕاستی کردبێت جا ئەو کاتەی لایەنگری یەکگرتوو بووبێت یان یەکێتی، هەر لێرەوە ڕەتکردنەوەی کۆی بۆچوونەکانی کاک فاڕوق دەربارەی بابەتەکە و ناوهێنانی بە "نائەقڵانی و کەلەرەقانە،" یان "سەرپێیی و ڕۆژنامەنووسانە" بەرمەبنای ئەو بەڵگانەی کاک مەریوان لێرەدا دەیخاتە ڕوو، سەنگین و مەحکەم نین، بگرە دەچنە خانەی بەکارهێنانی زمانێکی بارگاوی بە هەست و سۆز بۆ جووڵاندنی هەست و سۆز لە خوێنەردا.
بۆ ئەوەی تووشی بێزاریتان نەکەم و خۆمان لە دووبارەکردنەوە بپارێزین، تەنها بە گشتی قسە لەسەر خاڵەکانی تری بڕگەی ٦ دەکەین چونکە هەموویان سەر بە هەمان ڕەخنەن کە فاڕوق شتێک و پێچەوانەکەی وتووە:
-لە "ب"دا، کاک مەریوان ڕەخنە لە کاک فاڕوق دەگرێت لەبەر ئەوەی بۆچوونی لەسەر ڕۆشنگەری گۆڕیوە.
-لە "ج"دا، بابەتەکە لێرەدا گۆڕانی بۆچوونەکانی کاک فاڕوقە لەسەر ڕۆشنبیر.
-لە "ح"دا، مەسەلەکە گۆڕانی بۆچوونی کاک فاڕوقە لەسەر ئیسلامی سیاسی و ئیدوارد سەعید.
-لە "خ"دا، بابەتەکە بریتییە لە کوردایەتی و ناسیۆنالیزم.
-لە "د"دا، مەسەلەکە پشتکردنە دین و عیرفان و بەرگریکردنە لە ئیسرائیل لە دیدی هێزە فاشی و نیمچە فاشییەکانی ئیسرائیلەوە (هەموو ئەم حوکمە قورسانە بێ هیچ بەڵگەیەک).
-لە "ز"دا، بابەتەکە لە لایەک نووسینی کتێبە لەسەر عەشق، لە لایەکی تر ڕەخنەگرتنە لە خۆشەویستی لەڕێگەی ئێس ئێم ئێسەوە لەسەر شاشەی تەلەڤیزیۆنەکان.
-لە "س" و "ش"دا، بابەتەکە پشتگیریکردنە لە ئاین لە لایەک و بەرگریکردنە لە عەلمانییەت لە لایەکی تر.
کاک مەریوان دوای ڕیزکردنی نموونەکانی، بەم ڕستەیە کۆتایی بە بڕگەی شەش دەهێنێت: "وەک وتم گوتنی شتێک و دژەکەی بەشێکی گەورەی نووسینی ئەم نووسەرەیە. ئەمەش هەرچییەک بێت بیرکردنەوەیەکی نیمچە زانستییش نییە، نەک فەلسەفی، کە تیایدا بیرکردنەوە خاوەنی لۆژیکێکی ناوەکیی کۆگیرە و بەش و ڕەگەزە جیاوازەکانی بەیەکدی ناکۆک و دژ بەیەک نین." ئەم ڕستەیە لە ڕووکەشدا زۆر مانادار و هاوسەنگ و ئەقڵانی دیارە، بەڵام لە سیاقی قسەکانی کاک مەریواندا لەسەر فاڕوق ڕەفیق کێشەی زۆری هەیە. پێش هەموو شتێک، یەکسانکردنی گۆڕان لە بۆچووندا، خۆبەخۆ هەڵە نییە، بگرە ڕەنگە دەرئەنجامی فەزیڵەتە ئارگۆمێنتسازییەکان بن وەکو لەسەرەوە ئاماژەمان پێدان. پاشان، حوکمدان لەسەر بەشی زۆری نووسین و بەرهەمەکانی فاڕوق کە هەزارەها لاپەڕە و سەدان کاتژمێری کۆرس و بەرنامەی تەلەڤیزیۆنین، لە چەند بەڵگەیەکی پڕ ئیشکاڵەوە وەک ڕوونمانکردەوە، جگە لەوەی بێویژدانییە، نموونەیەکی ڕوون و ڕەوانی هەڵەی لۆژیکیی "پەلەکردنە لە گشتاندن" (hasty generalization)، ئەمە جگە لە هەڵەکانی تری وەکو هانابردن بۆ بێگەردی و هەڵەی تریش.
بڕگەی ٧:
ئەم بڕگەیە یەکێکە لە خراپترین و دڵڕەقانەترین و بێویژدانانەترین بڕگەکانی نووسینەکەی کاک مەریوان. کاک مەریوان ئاوا بیردەکاتەوە: مادام کاک فاڕوق "پارتی سیاسی لە کوردستاندا نەما پەیوەندییان پێوە نەکات و لێیان نزیک نەبێتەوە و نەچێتە پاڵیان و لە میدیاکانیاندا کار نەکات"، ئیتر نووسەرێکی هەلپەرستە و پشتی کردووەتە پرەنسیپی سەربەخۆیی ڕۆشنبیران و بووە بە زمانحاڵی حیزبەکان چونکە "لەباتی ئەوەی پارتەکان ناچار بکات بە زمانی ئەو قسە بکەن، ئەو بە زمانی ئەو پارتە سیاسییانە قسەی دەکرد کە لێیان نزیک دەبووەوە." ئەم بڕگەیە بۆیە خراپترینە، چونکە بێویژدانییەکی گەورە بەرامبەر بە ڕەنج و ماندووبوونی ٣٠ ساڵ کارکردنی کاک فاڕوق دەکات. ئەم فاڕوقەی کاک مەریوان پیشانی دەدات دەڵێی وتەبێژی حیزبەکانە، دەڵێی نووسەرێکە کە قەڵەم و ویژدانی فرۆشتووە. ئەم غەدرە لە کاتێکدا بەیانکراوە، کە کفنەکەی کاک فاڕوق زەرد نەبووە. با ئێستا زۆر بەکورتی بە زمانێکی لۆژیکی ئەم پەرەگرافە غەدارە هەڵبسەنگێنین.
پرەنسیپێکی لۆژیکی و ئاکاریی ئارگۆمێنتسازی بنەڕەتی هەیە کە دەڵێت: "هەموو بانگەشەیەک بۆ ئەوەی ببێت بە ئارگۆمێنت بەڵگەی دەوێت، بەڵام بانگەشەیەک هەتا زیاتر جێی مشتومڕتر بێت، بەڵگەی بەهێزتری دەوێت." کوا بەڵگەکانی کاک مەریوان بۆ ئەم حوکمە؟ بەڵگەکانی کاک مەریوان لە باشترین حاڵەتدا دوو هەڵەی لۆژیکین کە هەردووکیانمان پێشتر باسکرد لە پەرەگرافەکانی پێشووتردا. یەکەمیان مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانی بۆچوون وەک مەرجی تەواو و کافی بۆ خود-دژیەتی. دووەم، تاوانبارکردن لەڕێگەی لایەندارییەوە.
مەبەستمان لە هەڵەی یەکەم ئەوەیە کە بۆ کاک مەریوان کاتێک نووسەرێک شتێک و پێچەوانەکەشی دەڵێت، هیچ پەیوەندیی بەوەوە نییە کە ئەو نووسەرە ڕەنگە بۆی دەرکەوتبێت کە پێشتر هەڵە بووە، یان بۆی دەرکەوتبێت ئەوەی پێشتر بینیویەتی کۆی وێنەکە نەبووە و دەبێت ئێستا شتی تر بڵێت کە ڕەنگە جیاواز بێت لەوەی پێشتر وتوویەتی. نا، بۆ کاک مەریوان کە نووسەر ئەمەی کرد، ئەوە ئیتر هەموو پرەنسیپەکانی نووسەرێکی باشی پێشێلکردووە تا ئەوەی بووە بە قەڵەمبەدەستێکی هەلپەرست و زمانحاڵی حیزبەکان.
هەڵەی دووەمیش، واتە تاوان لەڕێگەی پەیوەندییەوە؛ واتا مادام هەموو حیزبەکان بە تێکڕا هەڵەن، کەواتە هەر دەرکەوتنێکی نووسەرێک لەو کەناڵە حیزبییانەوە، خۆبەخۆ نووسەرەکەش بەشدار و تاوانبار دەبێت لە هەڵە و تاوانەکانی حیزبەکاندا. بەداخەوە من هەم پێکەنینم دێت، هەم گریان بۆ حاڵی نەتەوەیەک کە ئەمە ئاستی بیرکردنەوەی نووسەرە "دیارەکانیەتی." وەک سەرەتا ئاماژەم پێدا، من لە شوێنی تردا بەرگریم لە کاک مەریوان کردووە کاتێک بەرمەبنای ئەم هەڵە لۆژیکییە ڕەخنە، بگرە غەدریان لە کاک مەریوان کردووە، بەڵام ئەوەتا لێرەدا مەزڵووم بووە بە زاڵم.
بڕگەی ٨:
لە بڕگەی هەشتدا کاک مەریوان ڕەخنە لە زمانە زبرەکەی کاک فاڕوق دەگرێت. لێرەدا کاک مەریوان سەرنجەکەی دەبێت بە هەند وەربگیرێت. منیش هاوڕای کاک مەریوانم کە کاک فاڕوق لە هەندێک شوێندا زمانی زبر بووە. بەڵام هەڵە دەکەین جیاوازی نەکەین لەنێوان فاڕوقی میدیا و فاڕوقی کتێب و کۆرسە فەلسەفییەکاندا. بەو مانایە نا، کە کاک فاڕوق لە بەرپرسیارێتی دابماڵین، نا بەڵکو بەخاتری ئەوەی نەکەوینە ناو ئەو هەڵە لۆژیکییانەوە کە ڕیزمان کردن و کاک مەریوان تێی کەوتەوە، لەوانە هەڵەی پەلەکردن لە گشتاندن و هانابردن بۆ بێخەوشی و بێگەردی. ئەمە جگە لەوەی فەیلەسووفانی گەورە هەبوون و هەن کە زمانی ڕەخنەیان توند و بریندارکەرە، بۆ نموونە ڕەخنەی ئەفڵاتۆن لە سۆفیستاییەکان، یان ڕەخنەی شۆپنهاوەر لە فەیلەسووفە ئایدیالیستەکان وەکو شەڵاتی و فێڵباز، یان ڕەخنەی نیچە لە کانت، هتد. وەک وتم لەگەڵ کاک مەریوان کۆکم کە زمانە توندەکەی فاڕوق جێی ڕەخنەیە، بەڵام بە شێوەیەک کە نەبێتە هۆی نادیدەگرتنی ٣٠ ساڵ ماندووبوون.
بڕگەی ٩:
لە بڕگەی نۆدا وەک دەرئەنجامگیرییەک، کاک مەریوان هەڵە لۆژیکییەکان ڕیز دەکات کە باسمان کردن و بگرە هەڵەی تازەش ئیزافە دەکات. کاک مەریوان تۆمەتی "هەڵبەزودابەزی ناعەقڵانی" دەخاتە پاڵ کاک فاڕوق و دەڵێت "وایکرد نرخی ڕەخنەی فیکری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی ڕۆشنبیر، تەواو کەمبایەخ و کەم نرخ بکاتەوە." بانگەشەی "هەڵبەزودابەزی ناعەقڵانی" وەک پێشتر ڕوونمانکردەوە کە "بەڵگەکانی" کاک مەریوان ئەو حوکمە قورسە ناسەلمێنن، بەڵکو لە باشترین حاڵەتدا ئەوە دەسەلمێنن کە فاڕوق بۆچوونەکانی گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. بۆ ئەوەشی کە کاک فاڕوق ڕۆڵی ڕۆشنبیری "تەواو کەمبایەخ و کەم نرخ کردبێت"، حەقمانە بپرسین کاک مەریوان چۆن ئەمە دەزانێت؟ کوا داتا و بەڵگەکان دەربارەی گۆڕانی بۆچوونی خەڵک لەسەر ڕۆشنبیر بەهۆی نووسینەکانی کاک فاڕوق ڕەفیقەوە؟ هەڵە نوێیەکە لێرەدا بریتییە لە هەڵەی "هۆکار و دەرئەنجامی ناپەیوەندیدار" (causal fallacy)؛ واتە بانگەشەی ئەوەی کە ئەلف بووەتە هۆی با، بەبێ ئەوەی ئەم پەیوەندییە هۆکارییە (سەبەبییە، کۆزاڵییە) بسەلمێنێت.
بڕگەی ١٠:
کۆتا بڕگەی نووسینەکەی کاک مەریوان ئەوەندە خراپە نازانم کوێی ڕاست بکەمەوە. من متمانە بە خوێنەرەکان دەکەم کە خۆیان لە دەرئەنجامی دەستنیشانکردنی هەڵە لۆژیکییەکان لە بڕگەکانی پێشووتردا، دوا بڕگە شیبکەنەوە و هەڵەکان دەستنیشان بکەن.
ئومێد دەکەم ئەم وتارەی من، سەرەتایەک بێت بۆ لەدایکبوونی نەوەیەکی خوێنەر، کە بەرمەبنای هونەرەکانی ئارگۆمێنتسازی، لە نێویشدا هۆشیاری بە هەڵە لۆژیکییەکان، کارێک بکەن کە سیاسییەکانمان، کەسایەتییە ئاینییەکانمان، بگرە نووسەرەکانمان، ئەوانەشیان کە خاوەن ناو و ناوبانگن، باشتر بە ئەرکی خۆپەروەردەکردن هەڵسن و بەرپرسیارانەتر بنووسن، پێش ئەوەی مافی قسەکردنی خێرا و بەردەوام بدەن بە خۆیان.
دوا سەرنجیش، بگرە تکاش ئەوەیە، کە ئەم نووسینەی من وا نەخوێندرێتەوە کە نووسینەکانی کاک فاڕوق خاڵین لە هەڵە و ناکرێت کەس ڕەخنەیان بکات، یان کاک مەریوان نووسەرێکی خراپە و نابێت ئیتر نووسینەکانی بخوێنینەوە، یان ئەم نووسینەی لەسەر فاڕوق ڕەفیق هیچ ڕەخنەیەکی بەجێی تێدا نییە. نا، ئەگەر ئەمە دەرئەنجامەکە بێت لای تۆی خوێنەر، کەواتە من وەک توێژەرێکی کایەی ئارگۆمێنتسازی، شکستم هێناوە. ئامانجەکە هەڵکشانی زمان و بیرکردنەوەی کوردییە بۆ ئاستێکی ئەوەندە ڕاقی کە کەمترین هەڵەی لۆژیکی تێدابێت، جا نووسەرەکە مەریوان بێت، فاڕوق یان نووسەری ئەم دێڕانە.
*هەرێم هادی، دکتۆرا لە دیراساتی ئارگۆمێنتسازی لە زانکۆی وێندزەر لە کەنەدا- مامۆستا لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق-سلێمانی