سنوور و دیاسپۆرا و خێزان و خۆشەویستیی قاچاخ

‌مەریوان وریا قانع

رۆژی سێهەمی ڤێستیڤاڵی فیلمی کوردی بیرمینگهام لەناو کەش و هەوایەکی دۆستانەدا بە سەرکەوتوویی تێپەڕیی. جارێکی دیکە بینەرانێکی زۆر لەناو هۆڵی سینەماکە و دەرەوەی سینەماکەدا ئامادەبوون. ژمارەیەک لە فیلمی نایابیش لەسەر شاشەی سینەماکە نمایشکران. تەواو وەک رۆژی یەکەمی ڤێستیڤالەکە، سەرەتای ئێوارەکە بە بینینی کۆمەڵێک کورتە فیلم دەسیپێکرد و دوافیلمیش فیلمێکی درێژ بوو.

بەشێک لە فیلمەکانی ئەم رۆژی سێهەمە کەمەکێک جیاوازبوون لەو فیلمانەی لە دوو رۆژی یەکەمی ڤێستیڤاڵەکەدا بینیمانن. هەندێک فیلمیان هیچ پەیوەندییەکی بە کوردبوونەوە نەبوو ئەوە نەبێت کە دەرهێنەرەکەی کوردە و ئەکتەرەکانیش بە زمانی کوردی دەدوان. بۆ نموونە فیلمی «خۆکوشتن بە شێوازی نیچە» لە دەرهێنانی پەیام کوردستانی. ئەم فیلمە باسی دەرمانسازێک دەکات کە دەرمانی خۆکوشتن دروستدەکات. یەکێک لەو دەرمانانەش بۆ خۆکوژیی دروستیدەکات، ژەهراویکردنی لاپەرەکانی کتێبە.

ئەو کەسەی دەیەوێت خۆی بکوژێت پێویستە کتێبەکە بخوێنێتەوە، یان لانی کەم لاپەرەکانی هەڵبداتەوە و ژەهرەکە لە ڕێگای پەنجەکانییەوە بگوازرێتەوە بۆ لەشی.

بە پێچەوانەوە، فیلمی «خۆێ فرۆشەکان» لە دەرهێنانی مەریەم سەمەدی، باس لە ژن و مێردێکی کورد دەکات، کە دەخوازن پارەیەکی خێرا پەیدابکەن و بۆئەوەی ئەو شوێنەی تیایدا دەژین ،بەجێبهێڵن. ژنەکە سکی پڕە و کۆرپەیەک بەڕێوەیە. بەجێهێشتنی شوێنەکەشیان پەیوەندی بە پیسبوونی ژینگەی ئەو شوێنەوە هەیە، بە تایبەتی بە مەبەستی پاراستنی کۆرپەکەیان لەو ژینگە بیمار و ئالودەیە. بۆ ئەم مەبەستە بریارئەدەن خوێیەکی زۆر و ئەو چەند بەلەمەیش کە هەیانە بفرۆشن. فیلمەکە پڕیەتی لە دیمەنی هێجگار جوان، سروشتێکی سپی بە خوێ داپۆشراو و گۆلاوێکی گەورەیش، کە ووشکی کردوە.

هەرچی فیلمی «شاماران»ە لە دەرهێنانی شەرمین سولتانیان بەسەرهاتی ژنێکی گەنج دەگێڕێتەوە کە کچێکی هەیە و میردەکەی لە کاتی خۆشتنیدا لە حەمام مردوە. ژنەکە ئەم مردنە لە برای مێردەکەی و لە کەسوکارەکانی تریان دەشاریتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو ماڵەی لە مێردەکەیەوە بۆی ماوەتەوە، بپاریزیت و کاتی تەواوی هەبیت بیفرۆشێت. ئەمەش لە پێناوی دابینکردنی ژیانی خۆی و ژیانی کچەکەیدا.

فیلمی «گەڕان» لە دەرهێنانی مەحسوم تاشکین دیسانەوە دەمانباتەوە ناو تێمای «سنوور». ئەمجارەیان سنووری نێوانی تورکیا و سوریا و عێراق. رووداوەکان لەناو بەیەکگەیشتنی ئەو سنوورانەدا روودەدەن. تێمای سەرەکیی فیلمەکە تێکەڵێکە لە بەریەککەوتنی جەنگ و چاوەروانیی و ترس.

لەم بەریەککەوتنەشدا جەنگ ئەو رووداوە سەرەکییەیە کە سەرجەمی شتەکان و رووداوەکانی دیکە، بە کردە ئینسانییەکانیشەوە، ئاراستەدەکات.

سنوورەکان بە هۆی جەنگەوە داخراون و پیاوێکیش نائومێدانە چاوەروانی گەیشتنی کۆمەڵە ئاژەڵێک دەکات کە لەودیوی سنوورەوە کڕیویەتی. وەک گوتم ئەم فیلمە دەچێتە ناو خانەی فیلمەکانی «سنوور»ەوە، کە هەمیسە پڕن لە حیکایەت و بەسەرهاتیی هەمەجۆر و جیاواز، لە دۆخی کوردا، پڕ لە حیکایەت و بەسەرهاتی دڵتەزێن. «سنوور» لە مێژووی سەدەی بیستەمی خەڵکی کوردستاندا رۆڵی لەعنەتێکی سیاسیی گەورە دەبینێت، میلەتێک لەت لەت دەکات و لەگەڵیشیدا ژیان پڕ دەبێت لە ئازار و غەدر و ترس و جەنگ و چاوەڕوانیی.

هەرچی فیلمی «بالندەکان لەو شوێنانە کە بێ دارن» ن باس لە ژیانی کورێکی کوردی گەنج دەکات لە شاری دیمەشقی پایتەختی سوریا، باوکی لە کردەی بەرگریکردندا شەهیدبووە. تێمای سەرەکیی فیلمەکە هەستکردنێکی گەورە و بەرفراوانی ئەم گەنجەیە بە نامۆبوون لە دیمەشق وەک شار و لە کۆی ئەو پەیوەندییانەش کە کەوتۆتەناویانەوە.

فیلمی دیاسپۆرا:

فیلمی «جگە لە راستی، هیچ نییە» لە دەرهێنانی هامون دەوڵەتشاهی، فیلمێکی تەواو تایبەتە. لە سێ رۆژی یەکەمی ئەم ڤێستیڤاڵەدا ئەمە یەکەمین فیلمێکە باس لە ژیانی کۆچبەرانی کورد بکات. ئەمەش وادەکات ئەم فیلمە بچێتە چوارچێوەی «فیلمی دیاسپۆرا»وە. کاراکتەری سەرەکیی لەم فیلمەدا گەنجیکی کوردە، کە وەک وەرگێڕی کوردی بۆ ئینگلیزیی و ئینگلیزیی بۆ کوردیی، کاردەکات. ئەم گەنجە لە شارێکی ئەمریکادا لەگەڵ دایکیدا بەیەکەوە دەژین. هەر لەسەرەتاوە بینەر بەو راستییە ئاشنادەبێت، کە ئەم گەنجە وەرگێڕی بەسەرهاتی پر لە کارەساتی کەسانێکە کە لەو وڵاتەدا یان پەناهەندەن، یان دەیانەوێت بە پەناهەندە وەربگیرێن. لە دیمەنێکی تەواو تراژیدیی و سڕکەردا ئەم وەرگێرە، لە ڕێگای تەلەفۆنەوە، وردەکاریی بەسەرهاتی تراژیدیی کچێک بۆ زمانی ئینگلیزیی وەردەگێڕێت، کە لە زینداندا لەلایەن کەسانێکی زۆرەوە، کە نازانێت ژمارەیان چەندە، دستدرێژی سێکسیی کراوەتەسەر و لاقە کراوە. ئازاری گێرانەوەی حیکایەتەکان بە روخساری کوڕە وەرگێرەکەوە دیارە، جوڵەی کامێرەکە بەناو دەموچاوی ئەودا خەمبارییە قووڵەکەی بەرجەستەدەکات.

بەشێکی دیکەی ژیانی ئەم کورە ئەو قسە و باس و گفتوگۆیانەیە کە لەگەڵ دایکیدا هەیەتی. ئاکاری سەرەکیی ئەم قسانەش لێکتێنەگیشتن و ناکۆکییە. لای دایکی، وەک نەوەی یەکەم، کوردبوون بابەتی هەرەسەرەکییە، هەرچی لای کورەکەیە، وەک نەوەی دووهەم، لەپاڵ ئەوەدا کە کوردە، .بابەت و مەسەلەی تری گرنگ لە ژیانیدا هەیە. لەوانەش بۆ نموومە، مەسەلەی بەشداریکردن لە بزوتنەوە «ژیانی ڕەش گرنگە» Black Life mater. دایکی کورەکە گلەیی ئەوە لە کورەکەی دەکات، کە هاریکاریی کوردەکان ناکات کەچی لەو جۆرە چالاکیی و نارەزاییدەربڕینانەدا، بەشداری دەکات.

لێکتێنەگیشتنی ئەم دوو نەوەیە، لە ڕێگای چەند گفتوگۆیەکی کورتەوە، تێمایەکی هێجگار گرنگی فیلمەکەیە. ئەم لێکتێنەگەیشتنە وادەکات کورەکە لەکاتی هەوڵدانیدا بۆ هاریکاریکردنی پەناهەندەیەکی کورد لەڕێگای گونجاندنی ئەو بەسەرهاتەی کە بۆ دەسەڵتدارانی دەگێڕێتەوە، وەک وەرگێرێک کە دەبێت بێلایەن بێت، تووشی کێشەی گەورە دەبێت. بە کورتییەکەی، ئەم فیلمە دەشێت دەرگا لەسەر قسەکردن لەسەر ژیانی کۆچبەران و دیاسپۆرای کوردی بەگشتیی و پەیوەندیی نێوان نەوە جیاوازەکانی ئەم دیاسپۆرایە لەگەڵیەکدا بکاتەوە.

خێزان و خۆشەویستیی قاچاخ

دواهەمین فیلمێک بمەوێت لێرەدا کەمەکێک لەسەری بوەستم، فیلمە درێژ و نایابەکەی میرئەباس خوسرەوینەژادە، بەناوی «پەروین،ەوە کە ماوەی ٨٢ خولەک دەخایەنێت. پلۆتی فیلمەکە پلۆتێکی تەواو سادەیە. خانمێکی هەرزەکاری گوندنشین، کاتێک باوک و دایک و براکەی لەماڵ نابن، خۆشەویستەکەی دەهێنێتە ماڵەکەیان و بەیەکەوە لە ماڵەکەدا گۆرانی دەڵێن و سەما دەکەن، بەڵام لە پڕێکدا هەموو کەسوکارەکەی دێنەوە و خۆشەویستەکەی ناچاردەبێت لە ماڵەکەدا خۆی بشارێتەوە. کۆی فیلمەکە هەوڵدانی کچەکەیە بۆ بردنەدەرەوەی خۆشەوەیستەکەی لە ماڵەکە.

بەڵام لە پشتی ئەم پلۆتە سادەیەوە، فیلمەکە هەڵگری دیدگایەکی هێجگار ورد و بینینێکی هێجگار دەوڵەمەندی پەیوەندییە خێزانییەکانی ناو بەشێک لە خێزانی کوردیی سونەتییە. بەدرێژایی فیلمەکە ئێمە باوکێکی توڕە و ئەمرکەر، دایکێکی ئیشکەر و تێبینکەر، براگەورەیەک کە هەم کێشەی لەگەڵ باوکیدا و هەم لەگەڵ خوشکەکەیدا هەیە، ئینجا خوشکێکی گەنج کە لە تەمەنی شوکردنداییە و بۆی نییە حەوشەی ماڵەکەیان بەجێبهێڵێت، دەبینین.

خوشکێکی بچوکتریش کە بینەرێکی پاسیڤی کۆی ئەو شتانەیە. ئەوەی لەناو ئەم بونیادە خێزانییە سونەتییەدا غائیبە گفتوگۆ و ڕێز و ڕاگۆرینەوەیە، ئەوەی هەیە و کاردەکات تورەبوون و هاوارکردن و ئەمرکردنە، تا نزیکبوونەوە لە سنووری پەلاماردانی یەکتری. بەلام سەرجەمی ئەوەی روودەدات هێندەی جۆرێکە لە نمایشی رۆژانەی سەدبارە و رۆڵێکە بۆ جیاکردنەوەی سنووری دەسەلاتەکان لەیەکتری، هێندە پێکدادانێکی راستەقینە نییە. ناکۆکیی و پێکدادانەکان ناکۆکیی و پەکدادانی رەمزین، بەلام رەمزیەتێکی هەمیشە بەردەوام و هەمیشە ئامادە.

کۆی فیلمەکە لەناو حەوشەی ئەو ماڵە و ناو مەتبەخ و کولانەی مریشکەکانی ماڵەکەدا روودەدات، بەبێ ئەوەی بینەر هەست بە سنووردارکردنی شوێن و بە بێزاریی بکات. هەرچی دونیای دەرەوەیە لە فیلمەکەدا لەڕێگای تەقینی تفەنگێک و هاوار و گریان و دەنگەدەنگێکی زۆر و دەنگی ئیسعافێکەوە ئامادەیە. رۆحێکی کۆمیدیی گەورەش لەناو کۆی فیلمەکەدا ئامادەیە. بەبۆچوونی من ئەم فیلمە یەکێکە لە فیلمە هەرە جوانەکانی سێ رۆژی رابردووی ڤێستیڤاڵەکە.

وەک هەمیشە جارێکی تریش دەستخۆشی بۆ کار و ماندووبوونی رێکخەران و بەڕێوەبەرانی ئەم ئاهەنگە هونەرییە گەورەیە لە شاری بیرمینگهام.


PM:04:22:31/05/2026

ئه‌م بابه‌ته 112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی