من عاشقی مەلا جاسمم

‌خه‌ندان جه‌زا

پێم دەڵێن جاسم خێل وقیچە (ئایدۆلۆژیای) مەیلی شەر دەکا، خێل و قیچە ئایدۆلۆژیای یان ترازووی نازی (ئایین و مرۆڤ) نەختی سەردەکا؟

من عاشقی جاسمم وەختێ سەرەی مەرگمە و ئەودێ بەکوردی تەڵقینم دائەدا.

تۆ لەوپەری ڕاستەوە بەزاری نالی لەزکر و تەسەوفی تەکییەی مرۆڤ دۆستیەوە!

من لەوپەڕی چەپەوە لە هەگبەی فمنیستێکەوە بەیاسای بەرابەری و پاراستنی مافی مرۆڤەوە!

دەی کێ دەتوانێ دڕکبێ لەم نێوەندەی من وتۆ ؟

لەبیستی عصری سەدەی بیست ویەکەمدا قەتڵ عامی جنسی بەشەر دەبێ
نوعی طاعون دێ، علم و عالمان فەهمی ناکەن ، بێ چارەدەبێ .
دەی جاسم لەم عەصری بیست و یەکەدا تەنها سێوێکی مێخەکڕێژ بارتەقای مارەیی من وتۆبێ،

لەدادگاسەرای دەوڵەتدا تەنها گفتی من وتۆ کافی بێ ، تۆ پێت وانییە نالی و ڤۆلتێر دەکرێ دووشاهیدی باوەڕپێکراوی ئێمەبێ؟

ئیدی چ بەهانەیەک هەیە فمنیستێک عاشقی تۆ نەبێ؟

جاسم لەمێژە تان وپۆی دەردی دووری نێوان من وتۆ بێ دەوایە، ئێستاکە تۆ حەکیم و من طبیب ، ئیتر گەرەکی نییە شەن وکەوی قەبرو قیبلە.

هەروەک چۆن دووای هەر شەوێک خۆری بەیانی دێ ، ئاواش دڵنیام نەوەکانمان چ نێربێ ،چ مێ وەک یەک میراتگری ئێمەدەبێ . دەی کەوایە بۆ نابێ عاشقتبم؟

ئەوەی ئەمرۆ بەدەوری تەختیایە هەل هەلەی مەخلوق، کەنیشکێکی منداڵ دەکاتە بوکی یەک شەوەی خۆی ، بەدەوری نەعشیا سبحەی دەبینی وەل وەلەی مەخلوق.

بەپەلپەلکردنی ویژدان ئەگەر ببوایە باوەڕیان ، دەبوو قەت بەم حەدە نەبووایە سەرببڕن لەپێناو حۆریە نادیارەکان!

من عاشقی جاسمم

ئەوخودایەشم خۆشگەرەکە کەتۆ تەعریفی دەکەیت، ئەما ئەوەنا کە من بەنیوەبەشەر ببینێ!

لەئایدۆلۆژیاکەی تۆدا جاسم، نەکچەکان دەبنە قەیرە، نەپیرێژنەکان قرچۆکن، نە ژنەکان داینەسورن، نە مێینەکان زەعیفەن.

تۆ جاسم، لە دەفتەری بیرەوەریەکدا کوشتن وسەربڕین و رەجم وکەنیزەکت تۆمار نەکردووە.

کەچی بەدەم گوڵچنینی خانەقاکەی نالی بە گوڵ بارانی ووشە وەسفی جوانیم دەکەی، ئیتر خودا لێم نابورێ گەر نەڵێم عاشقتم.


PM:03:13:30/05/2026

ئه‌م بابه‌ته 1408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی