سیاسەت و قیڕەقیڕ
زیرەک کەمال
بەڕێزان، ئەوەی دەیگێڕمەوە حیکایەت نیە، بەڵکو بەسەرهاتێکی ئەم کوردستانەی خۆمانە. دەشێ سەر بە قوڕ بخاتە پێکەنین و بۆشی هەیە سەرچۆپیکێشی حەوت شایی بخاتە گریان.
من و (ئەحە)ی خزمم دوو ساڵ لە نێوانماندا هەبوو. بە قسەی دایکم بێت، ئەو دوو پایز لە من گەورەتربوو، بەڵام هەردووکمان پێکەوە نێردراینە قوتابخانە. من بە شێوەیەکی تۆکمە و بەرنامە بۆ داڕێژراو، شانم وەبەر قۆناغەکانی خوێندن دا، بەبێ دابڕان و کەوتن، پاش شازدە ساڵ خوێندن و لە تەمەنی بیست و دوو ساڵیدا زانکۆم تەواو کرد، بەڵام ئەحە تەواوی ئەو ساڵانەی بە گرمۆخی و تەمبەڵ و تەوەزەلی بەڕێ کرد و هەر زوو وازی لە خوێندن هێنا، تەنانەت نەیتوانی قۆناغی سەرەتاییش ببڕێت.
من ئەگەرچی زانکۆم تەواو کردبوو، بەڵام سەرم بە هەر شوێنێکدا دەکرد، دەستیان دەنا بە ڕومەوە و ئیشیان نەدەدامێ. دواجار بە قەرز و قۆڵ ماتۆڕێکم کڕی، چومە یەکێک لە چێشتخانەکانی شار بۆ ئەوەی بمکەن بە کارمەندی دلیڤەری، بەڵام پێیان گوتم تەمەنت زۆرە و ئیشی ئێمە توانای گەنجی پێویستە.
دوای ئەوە، لەسەر یەکێک لە شۆستەکانی نزیک ماڵمان، مێزێکم دانا و دەستم کرد بە فرۆشتنی وردەواڵە، بەڵام هەم دوکاندارەکان بەردەوام شەڕیان پێدەفرۆشتم و هەم ڕۆژانەش شارەوانی ڕاوی دەنام، بۆیە وازم لەو ئیشەیش هێنا. دواتر چوومە مەیدانی کرێکاری بۆ فرۆشتنی ژیانی ڕۆژانەم ،بەڵام خاوەن کار چونکە لەڕولاواز بووم ئیشیان نەدەدامێ.
سەرەنجام، تاکو ئێستاشی لەگەڵدابێت کە ئەو چەند دێڕە دەنووسم، لە خانوی کرێ دەژیم و بە ژیانێکی سەخت و کولەمەرگی دەیگوزەرێنم.
لەو ماوەیەی ڕابردوو، شەوێکیان لە ماڵەوە دانیشتبووم، لەپڕ بینیم ئەحە لەسەر شاشەی تیڤی دەرکەوت و بە دەنگی بڵند قسەی لەگەڵ لایەنی بەرامبەر دەکرد و بە پەنجە ڕاوەشاندنەوە باسی بیر و بۆچونەکانی خۆی دەکرد، هێندە توند قسەی دەکرد، قەیسەری لە لایەنی بەرامبەری کردبووە کونە مشک. دوای ئەوەی حزبی قیڕەقیڕ لە وڵاتی ئێمە دامەزرا، ئەحە خۆی خزاندە ناو ئەو حزبە و لە ماوەیەکی یەکجار کەمدا گەیشتە چڵە پۆپە و لەو کاتەوە ژیانی گۆڕا. دواتر ئەحە وردەوردە زیاتر ئەستێرەی دەوڵەمەندبوونی دەدرەوشایەوە، بۆیە ئەو حزبە خستیە ناو لستی هەڵبژاردن. ئەوەبوو سەرەنجام ئەحە، بە دەنگێکی یەکجار زۆر بووە ئەندامی ئەنجومەنی چاودێریکردن و یاسادانانی عمومی وڵات.
دواتر، ئەحە هەر لە ڕێگای حزبی قیڕەقیڕەوە بوو بە خاوەنی کارگەیەکی زۆر گەورە. پێتان وانەبێت مەبەستم کارگەی ڕستن و چنین و بەرهەمهێنان بێت، بەڵکو ئەو کارگەیەی ئەحە دروستی کرد، بۆ بە لاڕێدابردنی هۆشیاری کۆمەڵگا و دروستکردنی درۆ بوو.
ببورە خوێنەری ئازیز، ئەگەر هەڵە و کەموکوڕیەک لەم نوسینەمدا هەبێت، چونکە بەر لەوەی بابەتەکەم تەواو بکەم، خاوەنی خانوو تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی خانوەکەم بۆ چۆڵ بکە، چونکە ئەحەی خزمت کڕیویەتی و دەیکا بە باڵەخانە.
PM:08:46:20/05/2026
ئهم بابهته 184
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی