کوردستان لەبەردەم دەستپێشخەری هێمنکردنەوەو گرەوەکانی بەغدا : ئایا رێساکانی یاریەکە گۆڕاوە؟
ئارام سەعید
دەستپێشخەریەکەی
یەکگرتوو گرنگ و جێی بایەخە بەڵام جگە لە هەڵویستێکی ئەخلاقی ناتوانێت
رەگی کێشە قوڵەکانی کوردستان چارەسەر بکات، دەکرێت ناوی بنێین فریاکەوتنی
سەرەتاییە بۆ بریندارێک کە خوێن بەربونی هەیە، چونکە ئەوەی لەکوردستان
دەگوزەریت لێکتێنەگەیشتنی میدیایی نیە، بەڵکو ناکۆکی و ململانێەکی وجودیە
لەسەر دەسەلات و شەرعیەت. راگرتنی هەڵمەتی راگەیاندن ناتوانێت موچە دابین
بکات بۆ هاولاتیان، نابێتە چارەسەر بۆ ئیدارەدانی دارایی هەرێم.
خاڵێکی
تر ئەوەیە یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان چ ئامرازیکی گوشاری هەیە (سەربازی و
دارایی) بۆناچارکردنی یەکێتی و پارتی کە پابەندی دەستپێشخەریەکە بن؟
هەربۆیە دەتوانین ناوی لێ بنێین سڕکردنێکی کاتیی شەقام و مانەوەی پارلەمان
بە ناکارایی! خۆزگە لەپاڵ ئەو دەستپێشخەریە کاربکرایە بۆ دروستکردنی
ئاراستەی سێهەم لەگەل هێزە مەدەنیەکان و سەربەخۆکان تا بەتەنها وەک
وەرەقەیەکی سیاسی لە رەفەکاندا نەمێنێتەوە.
گۆڕانی ڕێساکانی یاریەکە
بەشیوەیەکە کە چارەسەرە تەقلیدیەکان دەرەقەت نایەت. پێدەچێت پارتی
دیموکراتی کوردستان ستراتیژی نەفەس درێژیی پەیرەوبکات و گەمە لەسەر چەند
فاکتەرێک دەکات کە لە واقیعدا یاساکانی یاریەکە گۆڕاوە و وەک رابردوو نیە.
یەکەم:
پارتی پێیوایە هەولێر پایتەختەو هەموو مامەڵەکانی بەغدا لەرێگەی ئەوەوە
دەبن بەتایبەتی بریارە دارایی و یاساییەکان، یەکێتیش ناتوانێت خۆراگر بێت
بەرامبەر ئەم ستراتیژە، هەربۆیە دەستبەرداری پۆستە سیادیەکان دەبێت، یاسای
ئەم وەرەقەیە گۆراوەو یەکێتی ترسی نەماوەو هاوپەیمانی بەهێزی لە بەغدا هەیە
و ترسی لەدادگای فیدراڵیش نیە.
دووەم: پارتی پێی وایە کەحزبی
یەکەمەو شەرعیەتی هەڵبژاردنی هەیە و ئەمەش ئەو مافەی پێ دەدات سەرکردایەتی
هەرێم بکات و خۆی حکومەت پێک بهێنێت، ئەم وەرەقەیەش کۆتایی پێ هاتوە چونکە
سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی ئامادەی سازش نیە و هیچ ترسێکی لە دوو ئیدارەیی
نیە و دوو ئیدارەیی پێ باشترە لەوەی پاشکۆی پارتی بێت.
سێهەم:
پەیوەندیەکانی دەرەوە و گوشارە دەرەکیەکان: پارتی گرەو لەسەر ئەوە دەکات کە
پەیوەندی هەولێر لەگەڵ لایەنە دەرەکیەکان و ولاتانی دراوسی و کۆمپانیاکانی
نەوت باشە و لەبەر ئەمە سەقامگیری هەولێریان بەلاوە گرنگە ، بەڵام ئێستا
ولاتانی خۆرئاوا گوشارەکانیان بۆ سەر هەردولایەنە و پێیان وایە دوو
ئیدارەیی رەنگە لەلایەن وڵاتانی هەرێمیەوە بقۆزرێتەوە، هەربۆیە ئەم
وەرەقەیەش نەماوە.
لەکۆتاییدا پارتی یاری لەسەر کەنارێکی داڕماو
ئەکات و پێی وایە یەکێتی لە دارمان دەترسێ لەکاتێکدا یەکێتی پەرەشوتی
نیشتنەوەی بەغدای هەیە و ئەگەری سازشکردنی بەرامبەر پارتی دوورە.
لەئەنجامدا
هەرێمی کوردستان لەچەقبەستویی گەورەدایە، پارتیەک کە سازش ناکات
لەدەستکەوتەکانی هەڵبژاردن و یەکێتیەک سازش لەسەر ئەوە ناکات کە شەریکی
راستەقینە نەبێت و ئەمەش تەنها بەلایەنی سێهەم دەکرێت جا ئەوەش نێودەوڵەتی
بێت یان ناوخۆیی.
PM:06:31:19/05/2026
ئهم بابهته 228
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی