برادەرانی یەكێتیی ئەوە چی دەگوزەرێت!؟
کەمال ڕەئوف
46 ساڵ لەمەوبەر من پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بوم، دەزانمو شاهیدی ئەوەم كە لەشەڕی خۆبەخۆو براكوژی چی دەگوزەرا، دەزانم هەمیشە لەگرژییەكاندا هەندێك دەبونە پاڵەوانی چیرۆكە ناشرینەكانو چەند دڵڕەقانەو ناشارستانیانە كارەكتەری كارە قێزەونەكانی ناو حزبە كوردیەكان دەبونو چیان بەیەكتر دەكرد.
هەندێك ڕوداوی ناخۆشی ئەوكاتە تائێستا لەزاكیرەمدا ماوەتەوەو ویژدانم ئازار دەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هەڵوێستو پەرچەكردارە جوانانەشم بیرنەچوەتەوە كە بەردەوام لەبەرامبەر هەركارێكی نەشیاوو ناشریندا حزورێكی بەهێزی هەبوو.
لەیەكێك لەو ڕوداوانە هەڵوێستی د.هەژار مەعروف بوو كە شوكر خۆی لەژیاندا ماوە، سەرەتای ساڵانی هەشتاكان لەچونی مەفرەزەیەك بۆ سلێمانی، لەوێ دەكەونە كەمینەوە پێشمەرگەیەك بەبرینداری جێدەمێنێت، مەفرەزەكە دەگەڕێنەوەو چەند دیلێكیشیان لەگەڵ خۆیان هێنایە دەرەوە، بەرپرسێك لەداخی پێشمەرگە ونبوەكە كە تائەوكاتە هیچ سۆراخێكی نەبوو، ئازاری یەكێك لەدیلەكانیدا، د.هەژار یەكسەر هاواری لێهەڵسا كە ناكرێت وامامەڵە لەگەڵ دیلەكان بكرێتو بەرپرسەكەی ڕاگرت.
18 ساڵ لەمەوبەر كە ئەوكات سەرنوسەری ڕۆژنامەی هاوڵاتی بوم، چەند كەسێك بەتۆمەتی تیرۆرو پەیوەندی بەئیسلامی سیاسی توندڕەوەوە دەستگیركرابون، سێ كەس لەگیراوەكان لەئەوروپاوە گەرابونەوە، یەكێكی دیكهش لەكرێكاری لەئێرانو هاوسەرەكەشی لەگەڵ گیرابوو، یەكێكیان خاڵو مامی شەهیدی یەكێتیی بوو، بەڵام بەهۆی لەیەكچونی ناوەوە گیرابوو، هیچ كام لەگیراوەكان تۆمەتەكەیان بەسەردا ساخ نەبوەوە، بەڵام لەزیندانی تاكەكەسی ڕاگیرابونو زۆر ئەشكەنجە درابون، لەزیندان لەزستاندا ئاویان كردبوە ژێریانو بێ دادگاییكردن زیاتر لەساڵیك ڕاگیرابون، دوای ئازادكردنیان بەمەرج، هەمویانم كۆكردەوەو لەسەر زمانی خۆیان ڕاپۆرتێكمان لەسەر چیرۆكە ناخهەژێنەكانی رۆژانی زیندانیان كرد، دوای چەند سەعات لەبڵاوكردنەوەی، دۆستێكم كە ئێستاش لەژیان ماوە تەلەفۆنی كرد، وتی، ئەوەی بڵاوتكردوهتەوە گەر ڕاست بێت، دەبێت یەكێتیی پاداشتت بكات، گەر هەڵبەستراوبێت، هەقە بەتوندترین شێوە سزابدرێت، بەداخەوە زانیارییەكان هەموی ڕاستبوو، بابەتەكە وەك ئاگری ناوپوش لەناو مەكتەب سیاسی یەكێتیی بەخێرایی بڵاوبوەوەو گەیشتە ڕەحمەتی مام جەلال، ئەویش داوای لەكاك عیماد ئەحمەد كردبوو كە ئەوكات جێگری سەرۆكی حكومەت بوو، لێكۆڵینەوەی وردی لەسەربكات، بەمەبەستی لێكۆڵینەوە ناچار خاوەنی چیرۆكەكانم بەیەكەوە بردە ئۆفیسی كاك عیماد كە ئەوكاتە لەتەنیش چیشتخانەی شكار بوو، هەریەك لەزمانی خۆیەوە چیرۆكەكەیان بۆ كاك عیماد گێرایەوە، دواتر یەكێتیی بریاریدا قەرەبوو بكرێنەوە.
فەترەیەك دوای ئەوە حاكم قادر كە ئەوكات بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایش بوو ناردی بەدوامدا، دەرگای زیندانەكانی ئاسایشو كانی گۆمەی بۆ كردمەوە تا بیسەلمێنیت كە زیندانی تاكەكەسیان نەماوە.
من كە نەلایەنگری لالەزارمو نە دۆستو ناسیاوی حەمەڕەشو نەدورو نزیك هێمن هادی دەناسم، بەڵام چیرۆكو بەسەرهاتەكانی ئەوان، توشی نائومێدیەكی گەورەی كردم، نائومێدی بەوەی كە لەسلێمانیو لەزیندانەكانی لای یەكێتیی چی دەگوزەرێت، ئێستا بەبیستنی ئەو ڕوداوانە دۆشداماوم بەدیار بیرەوەرییەكانی ڕابردومەوە، چونكە وامدەزانی ئەوانە تێپەڕیونو لەگۆڕمان ناونو نایانبینینەوە، ئاخر جاران لەشاخو لەناو شەڕداو لەسەردەمێكی دیكهدا دەكرێت چاوپۆشی لەهەندێك ڕوداو بكرێت، بەڵام ناكرێت لەناو سلێمانی لەحزوری دادگاو یاساو ئەو هەموو بەڵێنو فەنتازی مەدەنی بونو مرۆڤدۆستیەدا بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ گیراوێكدا بكرێت كە تاوانەكەی تەنها ڕزگاركردنی برایەكی بێت لەمردن.
ئەم ڕوداوانە لێكۆڵینەوەی وردی دەوێت، پێویستە سزادانی ئەوانە بدرێت بەوكارانە هەستاون تا هەڵەكە ڕاستدەكاتەوە، ئەوە سەنگی مەحەكی یەكێتییە وەك حزبێكی سۆسیالدیموكراتو ئیمتیحانێكی گەورەی هەموو ئەو یەكێتییە دڵسۆزانەیە كەباس لەمافی مرۆڤ دەكەن، ئەركی ئەخلاقی ڕۆشنبیرەكانو ئەكادیمیستەكانی ناو یەكێتییە دەنگ هەڵبڕن ناكرێت لەسەر ڕوداو گەڵیكی لەوشێوەیە بێدەنگبن، ناكرێت ئەم ڕوداوە بێهەڵوێستی مەكتەب سیاسییو سەركردایەتی یەكێتیی تێپەڕێت، من نازانم كاك بافڵو كاك قوباد، تاچەندە ئاگاداری ئەو ڕوداوانەن، خۆ گەر ئاگادارنەبن، زۆر خراپە گەر ئاگاداریش بن ئەوا كارەساتەو خراپترە، چونكە ئەمە خلۆربونەوەیەكی خێرای مەترسیداری ئەو حزبەیە بەرەو فاشیەت، ئەمە خاڵی كردنەوەی ناوەرۆكی دروشمەكانی حزبەكەو سەرتایەكی مەترسیداری ڕۆچونیشە بۆناو تونێلێكی تاریكتر كە ئەوسەری دەمانگەیەنێتەوە بەمامەڵەی حزبی بەعس لەگەڵ زیندانیانو دەستگیركراوەكانی سەردەمی تاركی.
PM:05:39:19/05/2026
ئهم بابهته 252
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی