سەفەری خەمناکی سێو، لە باخەکانی عەدەنەوە، بۆ کەنارەکانی سیلیکۆن ڤالی
د. ئەمیر حسێن
لە ساتەوەختێکی یەکلاکەرەوە، لە مێژوی ئاگامەندی مرۆڤایەتیدا، بۆ یەکەم جار سێو تەنها وەکو میوەیەکی سادە خۆی پێشکەش نەکردین . بەڵکو وەک "یەکەمین ڕووداو لە مێژەدا " دووانەی "مەعریفە و ئازار" ی بەرجەستەکرد.
لەو چرکەساتەوە ئادەم بە تامەزرۆیی و بە فیتی شەیتان گازی لە سێوەکە گرت، سەفەری درێژی ئەم مەخلوقە وەکو سیمبولێکی فرە ڕەهەند دەستی پێکرد؛ ئەگەرچی سەرەتا، وەک ڕەگەزێکی گوناهباری ناو دێڕەکانی دەقێکی پیرۆزی تەوڕات سەری خۆی هەڵگرت، بەڵام لە کۆتایدا بو بە گەورەترین مێتافۆڕ بۆ یاخیبوون، تا گەیشتە سیمبولی مۆدێرنیتە و حەتمییەتی کەوتن.
ڕاستە وەک کەرەستەی هەڵخەڵەتاندن، مرۆڤی لە بەهەشت دەرپەڕاند، بەڵام دواتر گۆڕا بۆ " ئایکۆنێکی تەکنەلۆژی" بۆ ئەوەی مرۆڤ دوبارە بگێڕێتەوە ناو بەهەشتێکی فەیك و گریمانەییەوە، تا لە کۆتایدا سەرمایەداری مۆدێرن توانی جارێکیتر ئەم سیمبولی گوناە و تاوانە، دەستەمۆ بکاتەوە و بێکا بە هێما بۆ براندێکی درۆزنانەی خۆشگوزەرانی هەڵخەڵەتێنەر.
لە گێڕانەوە لاهووتییەکاندا، سەرەتا سێو وەک هێمای دارە قەدەغەکراوەکەی مەعریفەی" فەزیلەت و رەزیلەت " لە ناو باخەکانی عەدەن دەردەکەوێت. ئەم دەرکەوتنە لە ڕوکەشدا زۆر سادە خۆی پێشان دەدات ، بەڵام دواتردەمانخاتە بەردەم پارادۆکسێکی فەلسەفی ئاڵۆز، لە یەک کاتدا دەبێت بەو ڕایەڵەی کردەی بێتاوانی، لەگەڵ ئاگامەندی بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
وەک نیچە دەڵێت: "مەعریفە کرداردەکوژێت، بۆ ئەوەی بکەر بیت، دەبێت بە پەردەکانی وەهم دەورە درابی ". لێرەدا نیچە هێرش ناکاتە سەر مەعریفە، بەڵکو ئاماژە بە قۆناغێک دەکات، مرۆڤ تیایدا دەگات بە ئاستێک لە ئاگامەندی، هێدی هێدی پاکیەتی و بێتاوانی نەزانین لەدەست دەدات، چونکە کردار لە پاڵنەرێکی غەریزەیی سادە و نەزانینی منداڵانەوە، دەگۆڕێ بۆ پرسیارێکی بێ دوایەکی ، بۆچی ئەم کارە دەکەم ؟ سودی ئەم کارە چیە ؟ تا دەگاتە گومان لە کارو بون و جیهان و دەوروبەر. مرۆڤ بە گازگرتن لە سێوەکە، پەردەی وەهمی نەزانینی هەڵماڵی، بۆ ئەبەد "ئازادییەکی پڕ لە گومان و دڵەراوکێ"ی هەڵبژارد، لەبری "کۆیلایەتیی ئارام و ئاسودە بۆ نەزانین ".
لە ئەفسانەی سێوەکەدا، کەوتنی ئادەم، تەنها سەرپێچییەکی ئایینی یان درچون لە دەق نیە ، بەڵکو ساتی لەدایکبونی ئاگامەندی مرۆڤە . چونکە پێش سێوەکە، مرۆڤ لەناو " بەهەشتی وەهم "دا دەژیا : وەهمی دڵنیایی، وەهمی یەقین، وەهمی سازانی تەواو لەگەڵ جیهان و دەوروبەردا . هەرچەندە گازگرتن لە سێوەکە، مرۆڤی بە یەکجاری ڕوت کردەوە لەبەردەم لاوازی ئیرادە و تەسلیم بوندا ، بەڵام لە بەرامبەردا، دۆزینەوە گەورەکەی بەدەستهێنا " مرۆڤ بوونەوەرێکی ئازادە "، ئازادیش تەنها نیعمەتێکی پاک و بێگەردی ئەبستراکت نییە، بەڵکو بارێکی وجوودیی قورسە لە بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی.
لێرەوە " ئازادی پڕ لە دڵەڕاوکێ " دەست پێدەکات، ئەو کەسەی دەزانێت، واتا پارادۆکسە مەترسیدارەکان دەرک پێدەکات، بینینی ئەو هەمو دژ بەرانە، واتا لەدەستدانی ئەو ئارامییە دەروونییەی، بەردەوام وەهمەکان پێمانی دەبەخشن . کەسی نەزان بە ئاسانی و بەبێ ترس، دەجووڵێت و کردار دەنوێنێ، چونکە ئەو چاڵ و چۆڵ وهەڵدێرە زۆرانە نابینێت، لە بەر دەمیدان، بەڵام مرۆڤی ئاگامەند لە بەرامبەر هەر کردار و جوڵەیەک، تووشی ترس و شڵەژان دەبێتەوە، هەر هەنگاوێک لای ئەو، شیمانەی هەڵە و بێهوودەیی و شکستی هەڵگرتووە.
سێوە قەپ لێگیراوەکەی عەدەن، هێندەی پاڵنەری "بەئاگاهاتنەوەیەکی بوونگەرایی"ە، گوناهێکی ئەخلاقی نیە، بە تەوێڵی ئادەمەوە. بەڵکو ئەوە ئەو چرکە ساتە بوو، مرۆڤ تێیدا هەستی بە تەنیایی خۆی کرد، کاتێک خۆی دۆزیەوە، وەک بوونەوەرێکی جیاواز لە سروشت . هەر لەوێشەوە یەکەمین هەنگاوەکانی "من" لە ڕێگەی یەکەمین کردەی بەکاربردنەوە " گازگرتن لە سێو "، دەستی بە بونیادنانی خۆی کرد.
کاتێکیش سێوەکەی نیوتن کەوتە سەر زەوی، کەوتن چیتر وەک "سزایەکی خودایی" لە ئارادا نەمابو، چونکە قۆناغی گوناهباری تێپەڕکردبو، بەڵکو ئەمجارە بو بەهۆی دۆزینەوەی "یاسایەکی سروشتی". لێرەوە نیوتن گوزارشت لە وەرچەرخانێکی جەوهەری دەکات، لە واتای هێماکەدا، لە میتافیزیکەوە بۆ نێو دونیای زانست و فیزیک، لە فیردەوس و باخەکانی عەدەنەوە، بۆ دار سێوێک لە ناو دڵی سروشت ، ئەو سێوەی هێمای تووڕەیی ئاسمان بوو، ئێستا بوو بە هۆیەک بۆ تێگەیشتن لە کێشکردنی زەوی. کە دواتر زانست، بە دەستکەوتە ئەزمونیەکانی، هەڕەمی داهێنانە زۆرەکانی لەسەر هەڵدەچنێت.
ئەم دۆزینەوە زانستییە ناوازەیە، سەرەڕای ئەوەی ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی گێڕا، لەزۆر پرسی زانستیدا، بەڵام بۆشاییەکی ڕووحی دروست کرد. ڕاستە زانست "چۆنییەتی" کەوتنی سێوەکەی ڕوون کردۆتەوە، بەڵام لە ئاست "بۆچی" کەوتنی مرۆڤ، بۆ ناو سەردەمی پووچگەرایی، تا ئێستا بێدەنگە، بەڵکو خودی زانست و بازە خێراکانی تەکنۆلۆژیا، مرۆڤیان لە هەمو ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی تر داماڵیوەو، تەسلیم بە نامۆیی و بە شت بونی کردوە.
مۆدێرنیتەی زانستی هێماکەی لە "جادوی ناو ئەفسانەکان " داماڵێ و لە "نهێنی"یەوە گۆڕی بۆ "هاوکێشە"، بەمەش ڕێگەی خۆش کرد بۆ سەردەمێکی نوێ : گۆڕینی سێو بۆ " براند " ێکی بازرگانی.
بە سەرهەڵدانی کۆمپانیای "Apple"، و داهێنراوە بەردەوامەکانی ، بازنەی گۆڕانکارییەکە تەواو بوو. سێوە "گازلێدراوەکە" لێرەدا دانپێدانان نییە بە گوناه یان تاوان، بەڵکو جۆرێکە لە ڕیکلامی بازرگانی و کەمپین بۆ کەرنەڤاڵی ئاهەنگگێڕانی حەزو ئارەزوەکان ، بەتایبەت ئاوەڵاکردنی حەزی بێدوایەکی مەسرەفگەرایی . فەیلەسوفی فەرەنسی ژان بۆدریار پێی وایە : بەکاربردن لە سەردەمی نوێدا چیتر بەکاربردنی ماددە نییە وەک پێویستی، بەڵکو زیاتر بەکاربردنی براندەکانە . ئێمە مۆبایلی زیرەکی ئایفۆن تەنها بۆ وەزیفە تەکنەلۆژییەکەی ناکڕین، بەڵکو ئەو "سیمبولیزمە" دەکڕین، چێژی جیاوازیمان لەگەڵ ئەوانیتردا پێ دەبەخشێت، جیاوازی وەک شکۆی لوت بەرزی و هەستی مۆدێرن بوون و، بە شانازیەوە چوونە ناو نوخبەی مەعریفەی درۆزنانەی دیجیتاڵی.
سێوە گازلێگیراوەکە، وەک لۆگۆ لەسەر پشتی بەرهەمەکانی Apple، گەڕانەوەیەکی زیرەکانەی سەردەمی تەکنۆلۆژیایە، بۆ ئەفسانەی خەڵەتاندن، بەڵام لە فۆڕمێکی دیجتاڵیدا، ئەوەتا بێ شەرمانە پێمان دەڵێت: "گاز لەم سێوە بگرە تا ببیت بە خوداوەندی تەکنەلۆژیا، تا هەموو شتێک بزانیت و بە هەموو جیهانەوە ببەستریتەوە". سەرمایەداری مۆدێرن، توانی "گوناهی ئەزەلی" قوت بدات، بیگۆڕێت بۆ "پاڵنەری شێتانەی بازاڕکردن و چڕکردنەوەی تەنها لە توانای کڕیندا.
لە دڵی ئەم گۆڕانکارییەدا، "من"ی مۆدێرن هاوار دەکات و بەدوای ڕەسەنایەتی خۆیدا دەگەڕێت. ڕۆلان بارت دەڵێت: "ئەفسانە شتەکان ناشارێتەوە، بەڵکو دەیانکات بە بابەتی سروشتی". Apple هێما بوونگەراییەکەی، لە مەخلوقێکی تاوانبارەوە، کرد بە شتێکی سروشتی، ئەوەتا ئەمڕۆ، لە ناودەستی زۆربەماندایەو لەسەر شاشەکەی بەدوای خۆماندا دەگەڕێین ، ئەمەش گوزارشت لە شۆکی مرۆڤی هاوچەرخ دەکات، کاتێک خۆی وەک دیشلێکی بچوک، لە ماشێنێکی بەکاربردنی زەبەلاحدا دەبینێتەوە.
سەفەری سێو لە باخەکانی عەدەنەوە تا دەگات بە "سیلیکۆن ڤالی (Silicon Valley)، ناوچەیەکە دەکەوێتە باشووری کەنداوی سان فرانسیسکۆ، لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، و گەورەترین و ناسراوترین کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانی جیهانی وەک (Apple, Google, Meta, Microsoft)ی تێدایە ". سەفەری دڵخواز و سێرەی عەقڵانی مرۆڤە، لە گەڕانە بێوچانەکەیدا بەدوای واتادا. ئەوەتا وەک ئامرازێک بۆ مەعریفەی قەدەغەکراو دەستی پێکرد، لە کۆتایدا وەک ئامرازێک بۆ مەعریفەی بەردەست، بە یەک پەنجە یان کلیکێک کۆتایی هات.
ئەگەرچی ئێمە وەکو کورد یادەوەری تاڵمان لەگەڵ سێوداهەیە، بەڵام ڕەنگە خودی سێوهەرگیز ئامانج نەبووبێت، بەڵکو " یاخیبون " جەوهەری سەرهەڵگرتنەکەی بێت . سێوەکە چ لە دەستی ئادەمدا بێت، یان لەژێر دارەکەی نیوتندا، یان لەسەر پشتی مۆبایلێکی زیرەک، هێشتا هەر ئەو ڕاستییە گەورەیەمان وەبیر دەهێنێتەوە: ئێمە بوونەوەرێکی برسین و دەست لە "گازگرتن"ی هیچ چرکە ساتێکی ژیان هەڵناگرین، بەردەوام بەدوای بەهەشتێکی وندا دەگەڕێین، ئەوەتا ئەمڕۆ شاشە کریستاڵییە درۆزن و هەڵخەڵەتێنەرەکانی ناو دەستمان، لە فۆڕمێکی ئیفترازیدا بۆمان دەڕازێنێتەوە .
PM:05:40:16/05/2026
ئهم بابهته 368
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی