سیاسەت بەر لەهەرشتێك هەڵوێستە
محەمەد نوری
بەهیچ وێستگەیەكی میدیایی وسیاسیی قەت كارم لەگەڵ شێخ لاهوردا نەكردوە(لەوقەڵەمانەش نەبووم كە ئێستا بای زەمانە بایداونەتەوە ،پێشتر لەخزمەتی ئەودابون)،دواین پەیوەندیش،خۆی كەرەمی نواند وتەلەفونی كرد بۆ پرسەی باوكم ، ئیتر پاش ئەو تەلەفونە روداوە ناخۆشەكە وكارەساتبارەكەی لالە زار رویدا.
بەڵام بالێرە راستگۆیانە و بێ لایەنانە بنوسین: لاموایە ئەم مەلەفە كاتێتی دابخرێت و شێخ لاهور و شێخ پۆڵاد و هاوڕێكانی ئازاد بكرێت.مەلەفەكە بەرەو ئاڕاستەیەك دەروات كە هەر رون نەبوە و تابشمێنێتەوە نارونتر و بێ سەوداتر دەبێت،كاتكوشتنێكە بۆمانەوەیان لەزیندان وبەس.
كاری نوخبەی سیاسیی یەكێتییە ،كە بەشێوەیەكی تەواو كۆتایی بەم حیكایەتی مێشەی دادگا بهێنن.
ئاشكراشە بەشێكی باشی نوخبەی دەسەڵاتداری ئێستای ئەو حیزبە زۆر نزیكبون لە شێخ لاهور ، درۆشی تێیدا نییە كە بڵێن زۆربەیان بەپەیژەی ئەم پیاوەدا سەركەوتوون بۆ پۆست وهاتنەپێشەوە، بۆیە دەبێت ئێستا هەڵوێستە وقسەیان هەبێت(سیاسەتكردن بەر لەهەر شتێك نواندنی هەڵوێستە لەكاتی پێویست)بۆیە ئەو نوخبەیەكاتێتی قسەی خۆی بەدەنگی بەرزبكات،بوێری بەشێكە لەمەردایەتی ژیانكردن، دەبێت قسەیان هەبێت بۆیە كۆتایی بەم مەلەفە ئاڵۆز و ناروون و سیاسییە بهێنرێت.
یەكێتی بەدرێژایی مێژوویەك شەو ورۆژ بە شانازییەوە باسی ئازادی وبۆچونی جیاواز لەسلێمانی دەكات، وەك دەسكەوتی سیاسیی بەكاریدەهێنێت و بەردەوام دەیڵێتەوە ،دەی ئێستا لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی قورسدایە، با هیچ نەبێت ئەو قسانەمان بۆ بسەلمێنێت و ئەم رستەیە تۆخبكاتەوە كە شانازی پێوە دەكات ،ئەوەش بەكۆتایی هێنان بەم مەلەفە وئازادكردنی شێخ لاهور ،وەك سیاسییەك كە كارئەكتەرێكی كاریگەریش بوە لەناویەكێتی وهەرێمدا،(لەبەرئەوەی كۆی مەلەفەكەی لاهور شێخ جەنگی پەیوەندی بە سیاسەتكردن و رای جیاوازەو بۆچوونەوە هەبوە)
ئازادكردنی لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد و هاوڕێكانی خاڵێكی گرنگە ،هەردەبێت روبدات،رووشدەدا ، بەڵام چی دەبێت دەستپشخەرێكی سیاسیی لەناو یەكێتیدا هەبێت؟
PM:11:14:15/05/2026
ئهم بابهته 76
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی