کێ بەرپرسە لەم پاشاگەردانییەی زمان؟

‌هەڤاڵ عارف

لەکاتێکدا زمانی کوردی لە ڕووی خەسڵەتە زانستییەکانەوە خاوەن ژێرخانێکی پتەو و دەوڵەمەندە و مێژوویەکی سەختیشی لە بەرەنگاربوونەوەو ململانێی مانەوەدا بڕیوە لە قۆناغی ئێستادا لە غیابی مەرجەعیەتێکی زمانەوانی یاسایی و نەتەوەییدا، کە وەک بنەمایەکی پارێزەر و پابەندکار ڕێگری لە هەر جۆرە زیادەڕۆیی و پەراوێزخستن و بەلاڕێدابردنێک بگرێت دووچاری دابڕانێکی فەرهەنگی و پاشەکشەیەکی قوڵی زانستی بووەتەوە، ئەمەش نەک هەر زمانی بەرەو پوکانەوە بردووە بەڵکو کایەی ئەدەبی و مەعریفیشی کردووەتە پاشکۆی دابەشبوونە سیاسی و ناوچەییەکان و هێزی گشتگیر و یەکگرتووی لە زمانی کوردی زەوت کردووە، هەرچەندە هۆکارەکان زۆرن و هەریەکەیان لە ڕەهەندێکەوە کاریان لە شێواندنی بونیادی و مۆرفۆلۆژیای زمانەکە کردووە بەڵام جەوهەری ئەم داکشانە لەبنەڕەتدا بۆ نەبوونی توانای گونجاندنی خودی زمانەکە لەگەڵ وەرچەرخانە خێراکان و  داهێنانە سەردەمییەکاندا دەگەڕێتەوە، کە نەتوانراوە لە ڕێگەی پرۆسەی چەمکسازییەوە پردێکی هاوسەنگ لە نێوان ڕەسەنایەتی فۆرمە کلاسیکییەکە و پێویستی دەربڕینە مۆدێرنەکاندا بونیاد بنرێت.‌

فەزای ئێستای زمانی کوردی و ئەو واقیعە شێواوەی بەرۆکی گرتووە، دەرهاویشتەی ڕاستەوخۆی غیابی دامەزراوەیەکی نیشتمانی و مەرجەعێکی زانستییە بۆ بڕیاردان ئەو بۆشاییە دامەزراوەیی و مەعریفییەش وایکردووە زمان لە کەرەستەیەکی زیندووی داهێنانەوە پاشەکشە بکات بۆ کایەیەکی بێ پەرژین، کە تێیدا تاقیکردنەوە سەرپێییەکان و دەستێوەردانە هەڕەمەکییەکان بڕستیان لێ بڕییوە، ئەم تێکچوونە میتۆدۆلۆژییەش کۆمەڵێک لێکەوتەو دیاردیدەی نەخوازراوی بەرهەمهێناوە، کە دیارترینیان لەم ڕەهەندانەی خوارەوەدا کورت دەبنەوە:

یەکەم: هەندێک لە دەزگا میدیایی و پلاتفۆرمە مەجازییەکان ڕۆڵێکی نەرێنیان لە شێواندنی زمانی کوردیدا هەیەو بە ئارەزووی خۆیان و بەبێ ڕەچاوکردنی بنەما ژێرخانییەکانی ئەدەبیاتی نەتەوەیی دەستکاری بونیادی ڕستەسازی و وشەسازی دەکەن و ستایلی دەبڕینی تایبەت بەخۆیان دادەڕێژن.

دووەم: ئەم پاشەکشەیە لە ناوەندە فێرکارییەکانیشدا بە فۆرمێکی جیاواز ڕەنگی داوەتەوە، لە لایەک پەراوێزخستنی زمانی دایک و سنووردارکردنی چەمکی داهێنان لە چوارچێوەی زمانە بیانییەکاندا و لە لایەکی دیکەشەوە سەرهەڵدانی جۆرە دیدگایەکی ڕۆشنبیری، کە تێکەڵکردنی زاراوەی بیانی وەک ئامرازێکی پۆزیتیڤیزمی مەعریفی دەبینێت. کارلێکی ئەم دوو ئاراستەیە بونیادی زمانی کوردی ڕووبەڕووی شێواندنێکی جەوهەری سیستماتیک کردووەتەوە و پەیوەندیی نێوان زمان و ئەقڵانیەتی دیدگابینی تووشی دابڕانێکی میتۆدۆلۆژی کردووە.

سێیەم: هەژموونی زمانە بیانییەکان بەسەر سیمای شار و کایەی بازرگانیدا، ئەم دیاردەیە، کە لە ناونانی پڕۆژە ستراتیژییەکان، ناوەندە بازرگانییەکان و تابلۆی شوێنە گشتییەکاندا ڕەنگی داوەتەوە زمانی کوردی لە زمانێکی کارا و ئابووری و شارستانیەوە گۆڕیوە بۆ زمانێکی پەراوێزخراو، ئەمەش تەنیا کێشەیەکی فۆرمی نییە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ پاشەکشەی زمانی دایک لە بەرامبەر ناسنامە کلتوورییە هاوردەکاندا.

دەرئەنجامی ئەم ڕاڤەکردنەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی زمانی کوردی لە ناو جەرگەی ئاڵنگارییەکی وجوودیدایە، تێپەڕاندنی ئەم پاشەکشەیەش پێویستی بە وەرچەرخانێکی دامەزراوەیی هەیە بۆ داڕشتنی زمانێکی ستانداردی یەکگرتوو ئەمەش تەنیا لە ڕێگەی کاراکردنی فەرهەنگی زاراوەسازیی زانستی و هاوچەرخەوە دەکرێت تاوەکو زمان بتوانێت لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا گوزارشت لە چەمکە مەعریفییەکانی خۆی بکات، چونکە زمانێک نەتوانێت ببێتە زمانی بازاڕ و زانست و بڕیاری سیاسی، بێگومان لە ژێر هەژموونی جیهانگیریدا بەرەو داڕمانی کلتووری دەچێت، کەواتە ئەرکی ئێستا تەنیا پاراستنی ڕێزمانی وشەکان نییە، بەڵکو گۆڕینی زمانە بۆ کەرەستەیەکی هێز و بزوێنەرێکی مەعریفی کارا، کە توانای ڕێبەرایەتیکردنی واقیعی ئەم سەردەمەی هەبێت بەم هەنگاوانەش زمان لە ئاستی ئامرازێکی گەیاندنەوە دەبێتە ژێرخانێکی ئەپێستیمۆلۆژی بۆ بەرهەمهێنانی مەعریفە چونکە لە هاوکێشەی هێزی هاوچەرخدا، ئەو نەتەوانەی خاوەنی سەروەری زمانەوانی نین، ناتوانن ببنە خاوەنی بڕیاری سیاسیی سەربەخۆ و وەک پاشکۆیەکی کلتووری لە پەراوێزی مێژوودا دەمێننەوە.

لە کۆتاییدا، پێویستە ئەو ڕاستییەش ڕوون بکەینەوە، کە لێرەدا بەڕەهایی مەبەستمان ڕەتکردنەوەی زاراوەی بیانی نییە  چونکە زمان وەک مرۆڤ قەوارەیەکی زیندووە و ئاوێتەبوون و وەرگرتن بەشێکە لە گەشە و مانەوەی، هەربۆیە زمانەکانیش وەکو خێزان وان، خزمایەتی و ئاڵوگۆڕ دەبێتە هۆی زیندووێتییان، بەو مەرجەی ئەم پرۆسەیە بونیادی ڕەسەنی زمانەکە دانەوەرێنێت و هاوسەنگییە سروشتییەکەی تێکنەدات دواجار کرانەوە بەڕووی جیهاندا نیشانەی هێزە، بەڵام تەنیا کاتێک، کە ببێتە هۆی دەوڵەمەندکردن نەک پاشکۆیەتی و کاڵکردنەوەی شوناس، لێرەدا ڕێگاکان و مەترسییەکانیش دەستنیشان کران، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە کێ بەرپرسیارە لەم پاشاگەردانییەی زمان و لەو هەنگاوە کردەییانەی، کە بۆ سەرپێخستنەوەی پێویستن؟!


PM:04:44:15/05/2026

ئه‌م بابه‌ته 1276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی