جەللادێك دراوسێمانە

‌ره‌حمان غه‌ریب

كاتێك باس دێتە سەر ئەشكەنجەی ناو زیندانەكان، ئەشكەنجەدراوی بەدبەخت دیارە و، كارەكتەری جەلادەكە نادیارە، خۆ رەنگە وەحشەكە دراوسێمان بێت، بەیانیان مناڵەكەی دەبا بۆ قوتابخانە و رۆژانی هەینی لە باخەكەی سەرقاڵی بەخێوكردنی تاوس بێت، بەڵام دەمامكدارە، شاراوەیە.

جۆرێكی تریان ئاشكران، وەك مورو بە بە دامەزراوەی سەربازی و ئەمنی بڵاوبوونەتەوە، لەكاتی خۆپیشاندانەكان و روداوی ئەمنی گەورە و دەسگیركردنی هاوڵاتیانی ناڕازی، یان كاتێك دیلێك دەكەوێتە ژێر دەستییان، دەردەكەون. 

لە بیرەوەریی زیندانییە سیاسییەكانی خۆمان كە باس لە ئەخلاقی جەللادی ئەو سەردەمەی دائیرەكانی داپڵۆسین و دەستوپێوەندەكانی دەكەن، رواڵەتەكانی ئەشكەنجەدانی هەندێك لە ژوورەكانی لێكۆڵینەوەی سەردەمی حوكمی خۆماڵی تیایە، ئەخلاقێكی هاوبەشیان لە جنێودان و هەڕەشەی دەستگیركردنی ژن و خوشك هەیە، ئیتر تا فەلاقەكردن و، قێزەونترین جۆری ئەشكەنجەدانی جەستەیی و دەروونی.

جەللادی ئێمە، سوودییان لە شارەزایی و هونەری ئەشكەنجەدانی سیستمی سیاسیی پێش خۆیان وەرگرتووە، هەمان پرۆتۆكۆل، هەمان میراتی جەللادی ئەمن و ئیستخبارات و شوعبەكانی موخابەراتی لە شكاندنی شكۆ و كەرامەتی ئینسانی بۆ ماوەتەوە، ئەخلاقێكی هاوبەش لە لێكۆڵینەوە لەگەڵ گیراوان تا دەگاتە قۆناغی ئیعترافكردن، هەرچی میكانیزمی ئەشكەنجەدان، سوكایەتی و هەڕەشەیە تاقیدەكرێتەوە. 

دڕندەیی و بێباكی بەرامبەر بە كەرامەت، ئازارەكانی مرۆڤ، زەلیلكردن و لەقاڵبدانی زیندانیان بە شێوازێكی ژیان كە جیاوازییەكی زۆری نەبێت لە ژیان لە گەوڕێكدا، هەموو رۆژێكت كابوس و ئازار بێت، بۆ بەعسی عێراقی و سوری خەسڵەتی رژێمەكەی رووداوی ئاسایین، بەڵام دەبێت هەموو تووشی شۆك بین كە دەكرێتە ئەخلاقی حوكمڕانیی میللەتێك كە لایەكی قوربانیی دەستی جەلادە و شوناسی زیندانیی سیاسی هەڵگرتووە.

كاتێكیش سەنگەری سیاسیی ئەشكەنجەدراو، دەكەینە پێوەر بۆ هەڵوێست، ئەوە بەشدارییە لە ژیاندنەوەی ئەخلاقی زەمەنێك كە گەنج لەسەر (كراسی رەش) و (ریشی درێژ)ی لەسەر شەقامەكان گوللەباران دەكرا. كاتێك رەنگ و بیركردنەوەی ئەشكەنجەدراو، دەكەینە پێوەر بۆ هەڵوێست بەشدارییە لە گەڕاندنەوەی ئەخلاقی دادگاییكردنەكانی سەردەمی شاخ كە مخالفی سیاسی ئەگەر نەكرایە بە قوربانی فیشەكێك، ئەوە دەكرایە تەویلەی حەیوان تا باس لە جیاوازییەكانی بۆ رەشەوڵاخ بكات و لەوێ یادەوەرییەكانی بنووسێتەوە.  

ئیتر وایە، كە سیاسەت هەموو ئەو ئامرازانەی پێویستن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی فەزای گشتی بۆی بەردەست و كارابێت، كەلتوور ملكەچی پارەی حزب بێت، بەشێكی رۆشنبیران بە پلانی جەهەنەمی بێدەنگ كرابن، میدیا ئامرازی پڕوپاگەندە بێت، چالاكوانی سەندیكا و رێكخراوەكانیش وەك دەرگاوانی حزب ئەركیان بۆ دانرابێت، بێدەنگ بوون شۆك نییە، بەڵكو گوزارشتە لە وەزعی حاڵ و سەردەمێكی ناشرین.


AM:10:27:15/05/2026

ئه‌م بابه‌ته 72 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی