شارل دی گۆل و وتە بەناوبانگەکانی

‌د. نازەنین عوسمان

جەنەراڵ شارل دی گۆل، ناودارترین کەسایەتی فەرەنسایە لە سەدەی بیستەمدا. لە فەرەنسا تەنیا بڵێیت جەنەراڵ، ئەوا هەموو کەس دەزانێت باسی کام جەنەراڵە. لە ساڵی 1890 لە خێزانێکی نیشتمانپەروەر و مامناوەندی لەدایک بووە. لای باوکی، مێژوو زۆر گرنگ بووە و هەوڵی داوە منداڵەکانی گرنگیی پێ بدەن.

شارل دی گۆل؛ نووسەر، سەرباز، سیاسەتووان و پیاوی دەوڵەت بوو. لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا چەند جارێک بریندار دەبێت و بە دیل دەگیرێت. چەند جارێک هەوڵی هەڵاتن دەدات، بەڵام سەرکەوتوو نابێت، تا لە کۆتایی جەنگدا ئازاد دەکرێت.

لە قسەکردندا زۆر بەتوانا بوو، تەلەڤزیۆن و رادیۆ چەکی سەرەکیی ئەو بوون بۆ گەیاندنی داوا و بیرۆکەکانی، هەنگاوەکانی و پرۆژەکانی... زمانی زۆر پاراو بووە و هیچ هەڵەیەکی زمانەوانی نەکردووە، بۆیە دەڵێت: " کارەکان هەست دەجووڵێنن، بەڵام وشەکان گڕ دەکەنەوە"، و نازناوی دیگۆلی مایکبەدەستی لێ نراوە.

دی گۆل، باڵای زۆر بەرز بوو، درێژترین سەرۆکی وڵات بووە تاکوو ئێستا؛ 1.96 مەتر بووە، ئەوەش کارزمایەکی تایبەتی پێ داوە.

لە تەمەنی پەنجا ساڵیدا دەبێت کاتێک هیتلەر پاریس داگیر دەکات. ئەو کاتە، مارشاڵ فیلیپ پێتان سەرۆکی حکومەتی فەرەنسا دەبێت و شارل دی گۆل جێگری وەزیری بەرگری دەبێت. خاوەنی دەسەڵاتێکی زۆر کەم دەبێت لە نێو حکومەتەکەیدا، بەڵام رێگەی بۆ خۆش کرد ئاگاداری کاروباری سوپای فەرەنسا بێت. مارشاڵ پێتان دان بە داگیرکردندا دەنێت و حکومەتەکەی لە پاریسەوە دەگوازێتەوە شاری ڤیشی. شارل دی گۆل لەگەڵ چەند کەسێکی کەم لە هەڤاڵانی، دژ بە داگیرکردن دەبن و لەگەڵ چەند کەسێک بە فڕۆکەی ئینگلیز بە دزییەوە دەچنە بەریتانیا.

وینستن چەرچڵ پشتی دەگرێت و هاوکاریی زۆری دەکات. بۆ چەرچڵ گرنگ بووە دەنگی ناڕازی لە فەرەنسادا هەبێت و پشتیوانیان بن بۆ لێدانی نازییەکان. پەیوەندییەکانی دی گۆل لەگەڵ هاوپەیمانان، بەرز و نزمیی بەخۆوە بینیوە. چەرچڵ جارێک پێی دەڵێت: "دەزانیت تۆ لە نێو هاوپەیمانان زۆرترین کێشەت بۆ دروست کردووین"، دی گۆل لە وەڵامدا دەڵێت: "گومانم لەوە نییە، چونکە فەرەنسا گەورەیە".

شارل دی گۆل، بڕوای بە بەرگری هەبوو، چونکە دەیزانی فەرەنسا زۆر وڵاتی لەژێر دەستدایە، بەتایبەتی لە ئەفریقا، خاوەنی کەشتیگەل و فڕۆکە و هێزی سەربازین و توانای بەرگرییان هەیە.

لە 18ی حوزەیرانی 1940 شارل دی گۆل بانگەوازە بەناوبانگەکەی لە رادیۆی (بی بی سی) لە لەندەن بڵاو کردەوە؛ ئەو بانگەوازە، داستانێکی ئەفسووناوییە بۆ ئەو کاتە و بوو بە خاڵی وەرچەرخان لە مێژوو و دواڕۆژی فەرەنسادا.

لە دەرەی وڵات، لە لەندەن، دی گۆل رێکخراوی کۆمیتەی "فەرەنسای ئازاد"ی دامەزراند و لەناوەوەش هێزی ئازادیی فەرەنسا بۆ بەرگری دامەزرا و هەردووکیان پشتیوانی یەکتر بوون.

هێزی فەرەنسای ئازاد، تاکە هێز بوو نوێنەرایەتی فەرەنسای دەکرد لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی. هەر ئەم هێزەش بوو گەشەی کرد و بوو بە هێزی بەرگریی نیشتمانی و دوای ئەوە بوو بە حکومەتی کاتی. (سەرۆک ماکرۆن لە رۆژی 18ی ئازاری 2026، بڵاوی کردەوە و مزگێنیی بە هێزی بەرگری دا کە کەشتییەکی جەنگی دروست دەکەن بەناوی "فەرەنسای ئازاد". ئەو کەشتییە، هەڵگری فڕۆکەی جەنگییە، جیلی تازەیە و بە ئەتۆم کار دەکات و لە 2031 تەواو دەبێت).

مارشاڵ پێتان، قارەمانی شەڕی ڤێردان بوو لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا، بەڵام لە جەنگی جیهانیی دووەمدا هاوکاری نازییەکان و هۆکاری بەدەستەوەدانی پاریس بوو. دەسەڵاتی فەرەنسی لە شاری ڤیشی دامەزراند و خۆی وەک سەرۆک دانا. دوای ئەوەی شارل دی گۆل دەچێتە ئینگلتەرا و حکومەتی کاتی دادەمەزرێنێت، پێتان لە 2ی ئابی 1940 ناسنامەی فەرەنسی لە دی گۆل دەسەنێتەوە و حوکمی لەسێدارەدانی غیابیی لە دژ دەدات، بەڵام وەڵامی دی گۆل ئەوەیە: "ئێستا پێویستە فەرەنسا بکڕینەوە، لە رێگەی چەک، ئێستا ئەرکێکی گەورە لەسەر شانمە و تەنیا بە ناوی فەرەنساوە قسە دەکەم". هەروەها "هەرچەندە ئاستەنگەکان گەورە بوون، بەڵام بەرگری بکەیت باشترە لەوەی خۆت بەدەستەوە بدەیت".

هێزی ئازادیی فەرەنسا بۆ بەرگری، لە سەرەتادا چەند هەزارێک بوون، بەڵام لە 1943دا ژمارەیان زیارتر بوو لە پەنجا هەزار سەرباز و ئەفسەر و فڕۆکەوان. دی گۆل هێزەکانی زیاتر لەو وڵاتانەی لەژێر دەستی فەرەنسادا بوون لە ئەفریقا، بەتایبەتیی چاد، کامیروون، کۆنگۆ، گابۆن و ئەفریقای ناوەڕاست، دروست کرد. هەر فەرەنسای ئازادیش بوو بە هەوێنی دامەزراندنی حکومەتی کاتیی کۆماری فەرەنسی لە ساڵی 1944 و دی گۆل لیژنە و خزمەتگوزاریی بەڕێوەبردنی دامەزراند و لەگەڵ هاوپەیمانان هەوڵی دا هێزەکانیان پێکەوە بەشداریی جەنگەکان بکەن، بەتایبەتی لەگەل جەنەراڵی ئەمەریکی، دوایت ئایزنهاوەر، کە سەرکردەی هێزەکانی هاوپەیمانی بوو لە ئەوروپا.


هەرچەندە ئەمە لە سەرەتادا ئاسان نەبوو بۆی و هاوپەیمانان دانیان پێدا نەدەنا و زۆر جار رایان وەرنەدەگرت، هەتا بۆ ئەو پلانانەی بۆ شەڕیش دەربارەی فەرەنسا و ئەو وڵاتانەی لەژێر دەستی فەرەنسادا بوون دادەنران، بەڵام کۆڵی نەدەدا و خۆی دەسەپاند بەسەریاندا تا گوێی لێ بگرن و بەشداریی پێ بکەن. دی گۆل دەڵێت: "بێمانایە، وڵاتێکی گەورە بڕیاری دواڕۆژی بخاتە دەستی وڵاتێکی تر، هەتا ئەگەر دۆستیشت بوو". هەروەها دەڵێت: "وڵاتەکەمان وەک ئەوەی هەیە، لە نێو وڵاتان وەک ئەوەی هەن، دەبێت سەربەرز و راست بوەستێت، هەتا ئەگەر لەژێر مەترسیی کوشتن و بڕینیشدا بێت". "لە سیاسەتدا وا باشترە قەناعەت بە بەهێزەکان بکەیت وەک ئەوەی دژیان بوەستیت". "هەردەم ئاگر دەستپێشخەری بەسەر ئاگرکوژێنەوەدا هەبووە، دەبێت شتەکان وەکوو خۆی قبوڵ بکەین، سیاسەت لەسەر راستییەکان بەڕێوە دەچێت"...

بڕوای تەواوی هەبوو بە فەرەنسا و فەرەنسییەکان، بۆیە دەڵێت: "فەرەنسا باری گرانە بە مێژووی، بە شەڕە خوێناوییەکانی، بە شۆڕشەکانی کە بە بەردەوام دێن و دەڕۆن، بەڵام چاک دەبێتەوە و تەندروست دەبێت لە رێگەی تازەبوونەوەوە".

یەکێک لە پێداگرییە گرنگەکانی ئەوە بوو؛ دەبێت یەکەم هێزی دابەزین بۆ رزگارکردنی نۆرمەندی، هێزی فەرەنسی بێت، هەروەها بۆ رزگارکردنی پاریسیش، هەر پێداگریی کرد کە دەبێت هێزی فەرەنسی یەکەم هێز بن بۆ چوونەناوەوەی. دوای ئازادیی پاریس و لە یەکەم وتاریدا، دی گۆل لە 25ی ئابی 1944 لە پاریس گوتی: "پاریس تووڕەیە، پاریس شکێنراوە، پاریس شەهید کراوە، بەڵام پاریس ئازادە و ئازاد کراوە لەلایەن فەرەنسییەکانەوە". ئەم وتەیە، بە لای هاوپەیمانانەوە ناخۆش بوو، چونکە بە سەدان شەهیدیان لە شەڕەکانی فەرەنسادا هەبوو، بەتایبەتی لە نۆرمەندی. دی گۆل دەیزانی ئەو قسەیەی راست نییە، بەڵام بۆ بەهێزکردنی خۆی و بەرگریکردن سوودی هەبوو.

حکومەتی کاتیی فەرەنسا، لەدوای رزگاربوونی پاریس، لە 1944 بۆ 1946 دامەزرا. دی گۆل هەندێک چاکسازیی هێنایە کایە؛ دەنگدانی ژن لە هەڵبژاردندا بوو بە یاسا لە ساڵی 1945، خۆماڵیکردنی بانکەکان و وزە و هاتوچۆ، دانانی یاسا بۆ سەندیکاکان، بیمەی تەندروستی و کۆمەڵایەتی دانا... سیاسەتێکی تێکەڵە لە سیستمی سەرمایەداری و سۆشیالیستیی بەڕێوە دەبرد، هەر بۆیە چەپەکان دەیانخستە بەرەی راستڕەوەکان و راستڕەوەکانیش دەیانخستە بەرەی چەپەکانەوە. خۆی دەیگوت: "من نوێنەرایەتی فەرەنسا دەکەم بە هەموو بۆچوونەکانیانەوە". لە شوێنێکی تریشدا دەڵێت: "من پیاوێکم سەر بە کەس نیم، سەر بە هەمووتانم".

زۆر بڕوای بە پارتە چەپەکان، بەتایبەتی بە سۆشیالیزم نەبوو و دەیگوت: "سۆشیالیستەکان بەدەگمەن پرۆژەی گەورەیان پێیە، سیاسەتی پۆپۆلیستی بەکار دەهێنن، ئاستی کۆمەڵگە دادەبەزێنن بەناوی یەکسانییەوە، هەر بەو شێوەیە چۆن ئێمەیان خستە نێو هاوپەیمانیی نازییەکانەوە لە ساڵی 1940دا". "سۆشیالیستەکان لە خەیاڵدا دەژین و دوورن لە واقیع و خاوەنی بیرۆکەی روون نین". "سۆشیالیستەکانم خۆش ناوێت، چونکە کاریگەر نین، لاوازن و ترسناکن... خۆشم ناوێن، چونکە سۆشیالیست نین".

دی گۆل بڕوای بە دیموکراسیەت هەبوو و دەیوت: "دیموکراسیەت، حوکمی گەلە، بە سەربەخۆیی و بێ ئاستەنگ کار دەکات". "بە لای منەوە دیموکراسیەت هاوواتای دەسەڵاتی نیشتمانییە".

لەگەڵ ئەوەی بە باشە باسی سۆشیالیزمی نەدەکرد، لەگەڵ سەرمایەدارییشدا نەبوو و لەو بارەیەوە دەیگوت: "لە سیستمی سەرمایەداریدا سەرمایەدار دەسەڵاتدارە، هەوڵی زیادکردنی سەرمایەکەی دەدات، بەڵام ئەو کەسانەی سەرمایەیان نییە، خۆیان بە بێگانە دەزانن، هەتا لەو شوێنەی کاری بۆ دەکەن. نەخێر، سەرمایەداری لە دیدی مرۆڤایەتییەوە چارەسەرێکی گونجاو نییە".

کۆماری چوارەم دامەزرا. لە دەستووری کۆماری چوارەمدا، هێز و دەنگی سەرەکی بۆ پەرلەمان بوو. دی گۆل کەوتە ناکۆکی لەگەڵ ئەو سیستمە، داوای دەکرد سەرۆککۆمار دەستی واڵاتر بێت و بتوانێت ئازادانەتر کار بکات و پێویستە وڵات خاوەنی دەسەڵاتێکی جێبەجێکاری بەهێز بێت. تا ئەو کاتە زوو زوو حکومەت دەگۆڕا بەپێی رێککەوتنەکان و هاوپەیمانییەکانی نێو پارتەکانی پەرلەمان، حکومەت تووشی ئیفلیجی بووبوو.

دی گۆل کەوتە ناکۆکی لەگەڵ پارتەکان و لە 1946دا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش کرد و دوور کەوتەوە لە دەسەڵات و سەرۆکایەتی حکومەتی کاتی. لەو رووەوە هێرش دەکاتە سەر پەرلەمانتارەکان و بە یاریکەری نەزۆک ناویان دەهێنێت و کادیری خراپیان دروست کردوە و دەڵێت: "گەلی فەرەنسی بەرپەچی ئەو یاریکەرە نەزۆکانە دەداتەوە و ئەو چوارچێوەیە چاك دەکاتەوە کە گەلی پێ خراوەتە دەرەوە". "خەڵکی فەرەنسا نەگۆڕاون، سەرکردەکانیان رازی نابن گوێ بگرن و کار بکەن، بەڵام زۆر حەزیان لە قسە و وتووێژە".

لە حکومەت دوورکەوتەوە، بەڵام لە سیاسەت نا. بیروڕاکانی لە رۆژنامەکان دەنووسی و باسی پێویستی و چۆنێتی بەهێزکردنی سیاسەتی فەرەنسای دەکرد لە جیهاندا و چۆن سەربەخۆیی و تایبەتمەندیی بپارێزێت و دەستوور بە چ شێوەیەک بگۆڕدرێت. کەوتە نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی، هەروەها بەوردی سەیری سیاسەتی فەرەنسای دەکرد لە جەزائیر و ڤێتنام، پاشان پارتی گردبوونەوەی گەلی فەرەنسای دامەزراند.

دامەزراندنی کۆماری پێنجەمی فەرەنسا لە 1958:

کۆماری چوارەم کێشەی زۆر بوو، نەیدەتوانی بەو شێوەیە بەردەوام بێت. بەهۆی زوو زوو گۆڕینی حکومەت، تەنیا لەنێوان 1954 بۆ 1958 شەش جار حکومەت گۆڕدرا. کێشەی نێوان پارتەکان زۆر بوو، فەرەنسا لەسەر رۆخی شەڕی ناوخۆ بوو، بەتایبەتی ناکۆکییان لەسەر هەڵوێستیان بەرانبەر بە جەزائیر، کە دابەش بووبوون بۆ دوو بەرە؛ بەرەیەکیان جەزائیری بە بەشێک لە فەرەنسا دادەنا و بەرەکەی تر داوای سەربەخۆیی بۆ دەکرد.

داوا لە دیگۆل کرا بێتەوە سەر حوکم، دی گۆل مەرجێکی دانا؛ دەستوور بگۆڕن و رێگەی پێ بدرێت چاکسازی بکات. پەرلەمان رازی بوو. لە تشرینی یەکەمی 1958 دەستووری تازە دانرا بۆ کۆماری پێنجەم و دەسەڵاتی تازە درا بە سەرۆککۆمار، بەتایبەتی لە سیاسەتی دەرەوە و لە کاتی قەیرانی نائاساییدا، دەسەڵاتی پەرلەمانیش هەر وەکوو خۆی مایەوە. هەردوولا؛ پەرلەمان و سەرۆککۆمار، بە هەڵبژاردنی راستەوخۆ لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردران. ئەم شێوە سیستمە سیاسەی فەرەنسا، زۆر جار ناو دەبرێت بە "کۆماری پاشایەتی". دیگۆل دەڵێت: "بۆ فەرەنسا سیستمی پاشایەتی گونجاوترە" و هەوڵی دا کۆشکی ڤێرسای بکاتەوە بە کۆشکی سەرۆککۆمار، هەرچەندە بۆ ماوەیەک توانی، بەڵام دوایی سەری نەگرت و جارێکی تر گەڕایەوە بۆ پاریس.

بەشێک لە هاوڵاتیان مەترسییان هەبوو لەو گۆڕانکارییانە، بۆیە دڵنیایان دەکاتەوە و دەڵێت: "دەمەوێت دڵنیا بن کە رووباری لوار بەردەوام دەبێت و بە گۆڕینی کۆمار، رێڕەوی ناگۆڕێت. دەستوور گۆڕاوە، بەڵام فەرەنسا بەردەوامە". لە جەزائیر پێ رەشەکان (ئەو فەرەنسییانەی لە جەزائیر دەژیان) ترسیان هەبوو لە سەربەخۆیی جەزائیر، دی گۆل پێیان دەڵێت: "لێتان تێدەگەم". بەرگری و شەڕی خوێناوی کرا لەنێوان فەرەنسا و جەزائیر لە 1954-1962، شەڕی یەک ملیۆن و نیو شەهید لە جەزائیر زامێکی گەورەیە و تا ئێستاش ساڕێژ نەبووە. دی گۆل پێی باش بوو وردە وردە لە جەزائیر بێنە دەرەوە و دەسەڵات بدەنەوە بە جەزائیرییەکان.

لە ساڵی 1962 جەزائیر سەربەخۆیی وەرگرت، دوای ئەوەی بۆ ماوەی 132 ساڵ لەژێر دەستی فەرەنسادا بوو. ئەوەش یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکانی مێژووی فەرەنسا. دی گۆل لەو کاتەدا بڕوای تەواوی بە ئازادیی جەزائیر هەبووە، بەڵام نەیوێراوە بەئاشکرا ئەوە بوورووژێنێت، چونکە هەوادارانی "جەزائیر بەشێکە لە فەرەنسا" زۆر بەهێز بوو، بەتایبەتی لە نێو سوپا و ئەفسەرەکاندا، بۆیە لە ساڵی 1966 لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت: "من هەردەم لەو بڕوایەدا بووم کە دەبێت جەزائیر سەربەخۆ بێت، بەڵام بیر بکەنەوە لە ساڵی 1958 گەر لە کۆڕبەندی جەزائیردا ئەو قسەیەم بکردایە، ئێستا لێرە نەدەبووم و نەدەگەیشتمە هەڵبژاردن". چەندین جار هەوڵی کوشتنی دی گۆل درا، بۆ نموونە؛ لە 1962 هێرشێکی گەورە لەلایەن ئەفسەرە فەرەنسییەکانەوە کرایە سەری و ئۆتۆمبێلەکەی 187 گوللەی بەرکەوت، بەڵام ئۆتۆمبێلە باشەکەی و شوفێرە لێهاتووەکەی رزگاریان کرد.

هەر لەو کاتەی لەسەر حکوم بوو، دانی نا بە کۆماری کۆمۆنیستیی چینیدا لە ساڵی 1964، پەیوەندیی دیپلۆماسیی کردەوە، بەوەش فەرەنسا یەکەم دەوڵەتی گەورەی بەرەی رۆژئاوا بوو کە دانی بە چیندا ‌نا.

داواشی کرد هەرێمی کوبێک، کە فەرەنسی زمانن لە کەنەدا، سەربەخۆیی وەربگرێت. ئەوەش کێشەی لەگەڵ کەنەدا بۆ دروست کرد.

دی گۆل، سیاسەتێکی میانڕەوانەی لەگەڵ هەردوو کوتلەی سۆشیالیست و ئەمەریکا پیادە کرد، هەرچەندە ئەوە ناکۆكی لەگەڵ ئەمەریکا بۆ دروست کرد. گرنگیی بە چەکی ئەتۆمی دا و دەستیان کرد بە دروستکردنی و بەتەواوی پشتی بە ناتۆ نەبەست.

لە ساڵی 1963 لەگەڵ ئەڵمانیا پەیمانی بەست و کۆتاییان بە دوژمنایەتی هەردوو جەنگی جیهانی هێنا لەنێوانیان و بوو بە سەرەتای دامەزراندنی بناغەی یەکێتیی ئەوروپا، لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەوەی پێویستە بۆ ئاشتی، لێکتێگەیشتنی نێوان گەلانە، هەرچی سیستم و حکومەتەکانە دێن و دەڕۆن، بەڵام بەداخەوە گەلان ئەمە نازانن". راوێژکاری ئەڵمانیا، تاکە سەرۆکی وڵاتە کە دیگۆل بردوویەتە ماڵەکەی خۆی.

بڕوای بە سەربەخۆیی نیشتمانیی هەر وڵاتێک هەبووە، لە نێو ئەوروپایەکی هەماهەنگدا نەک ئەوروپایەکی فیدراڵی، وەک ئەو کاتە داوا دەکرا و دەڵێت: "تا چ رادەیەک خەیاڵاوی بین و بڕوا بەوە بکەین کە گەلانی ئەوروپا، بەدرێژایی سەدەکان، لە رێگەی ماندووبوون و دەردەسەری، هەر یەکە بەو جوگرافیا و مێژوویەی هەیەتی، بە زمانیان، بە کولتووریان، بە پێکهاتەکانیان، بە دامودەزگا تایبەتییەکانیان، ئەمانە هەمووی رابگیرێن و ببن بە یەک کیان!".

دژی هاتنی بەریتانیا بوو بۆ نێو ئەو هەماهەنگییەی ئەوروپا. لە سەرەتادا پەیوەندیی لەگەڵ ئینگلتەرا زۆر باش بوو، وردە وردە لێی دوورکەوتەوە. ئەمەریکا کاریگەریی زۆرە لەسەر ئینگلتەرا و هەردەم گرێ دراوە بە سیاسەتی ئەمەریکاوە. دیگۆل دوو جار دژ بە ئینگلتەرا ڤیتۆی کرد؛ لە ساڵی 1963 بۆ نێو بازاڕی پێکەوەیی ئەوروپی و لە ساڵی 1967دا دژ بە هاتنی بۆ نێو کۆمەڵەی ئەوروپی. دی گۆل بەریتانیای وەک ئەسپی تەروادە دەبینی، کە هێزی ئەمەریکا دەهێنێتە نێو ئەوروپا و سەربەخۆیی ئەوروپا لەق دەکات، لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەوروپایەکی فیدراڵی، ئەوروپایەکە لەژێر هەژموونی ئەمەریکادا". خاڵێکی تر، ئەوە بوو گەر ئینگلتەرا بێتە نێو ئەو یەکێتییەوە، لە رێگەی وڵاتانی کۆمەنوێلسەوە بازرگانیی کشتوکاڵ بۆ خزمەتی خۆیان بەکار دەهێنن و بەم شێوەیە جووتیاری فەرەنسی زەرەرمەند دەبێت. کۆنە رقێکی بەرانبەر بە ئینگلتەرا هەر هەبووە، کە دەڵێت: "بەلجیکا وڵاتێکە، ئینگلیز دایمەزراند تا کێشە بۆ فەرەنسا بنێتەوە". "پەیمان وەکوو کچی گەنج و گوڵە، هێندە دەمێنێتەوە تا گەشە".

لە هەڵبژاردنی 1965 بۆ جارێکی تر وەک سەرۆککۆمار هەڵبژێردرایەوە (ماوەی سەرۆکایەتی لە کۆماری پێنجەم، حەوت ساڵ بوو).

لە 1966 هەنگاوێکی تری گرنگی بۆ فەرەنسا هاویشت، ئەویش کشانەوە بوو لە ڤێتنام. داوای کرد لە ئەمەریکا کرد هەمان هەنگاوی فەرەنسا بنێت، کە چۆن لە جەزائیر هاتنە دەرەوە. ئەم وتەیەی بۆ ئەمەریکا قورس بوو.

لە ساڵی 1966 دی گۆل فەرەنسای لە پەیمانی ناتۆ هێنایە دەرەوە. دی گۆل حەزی دەکرد فەرەنسا سەربەخۆ بێت لە بڕیارەکانیدا، نەک ئەمەریکا بەسەریدا بسەپێنێت وەک شەڕی ڤێتنام. لە بەرانبەردا بنکەی ناتۆ لە پاریسەوە چووە برۆکسل. هەرچەندە فەرەنسا بە ئەندامی پەیمانی ئەتلەنتیک مایەوە، بەڵام کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر سوپاکەیدا هەبوو. فەرەنسا لە هەنگاوێکی دژ بە ئەمەریکادا، پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی ئەمەریکای لاتین خۆش کرد و سەردانی بەشێک لەو وڵاتانەی کرد و پەیوەندیی بازرگانیی لەگەڵ بەستن.

دی گۆل بڕوای وابوو دوو هێزی گەورەی (سۆڤیەت و ئەمەریکا)، دوو جەمسەری کاریگەرن لەسەر دنیا، بۆ ئەوەی فەرەنسا وەک کیانێکی سەربەخۆ بێت و گرێدراوی هیچ لایەکیان نەبێت، لە حوزەیرانی 1966سەردانی سۆڤیەت دەکات، بە سوپای سوور پێشوازی لێ کرا و یاداشتێکی دوولایەنەیان واژوو کرد. لە وتەیەکدا لە سۆڤیەت دەڵێت: "هیچ یاسایەک رێگە نادات گەلێکی ئاسیا بچێتە ژێر دەستی وڵاتێک لەودیو ئۆقیانووسەوە و حوکمت بکات، دەبێت رێگە بدرێت هەر گەلە بە حەزی خۆی داواڕۆژی دیاری بکات".

دژی هاتنی زۆر و بە لێشاوی پەنابەری موسوڵمان بوو، دەترسا دیمۆگرافیی فەرەنسا تێک بچێت و کاریگەرییان هەبێت لەسەر کولتووری فەرەنسی، دەڵێت: "فەرەنسا، فەرەنسا نامێنێت. راستە، کۆماری فەرەنسا سیکۆلارە، بەڵام فەرەنسا کریستیانە. با قسەی بێمانا نەکەین، خۆمان هەڵنەخەڵەتێنین، سەیری موسوڵمانەکانتان کردووە بە دژداشە و عەمامەی سەریان؟ دەبێت فەرەنسی بین. ئەوانەی دەڵێن ئەمانە تێکەڵ بە کولتووری فەرەنسی دەبن، مێشکیان بە قەد مێشکی باڵندەیەکە، هەتا ئەگەر دبلۆمی بەرزشیان هەبێت". "بڕوات وایە فەرەنسا دەتوانێت دە ملیۆن موسوڵمان وەربگرێت، سبەی دەبنە بیست و دووسبەی چل، ئەگەر رەگەزنامەی فەرەنسی بدەینە جەزائیرییەکان و بەربەرەکان، چۆن دەتوانین رێگەیان لێ بگرین بێنە فەرەنسا دابنیشن، بەتایبەتی کە باری ئابووریی فەرەنسا باشترە". "دێیەکەی من ناوی کۆلۆمبەی دوو کەنیسە، ناوی دەبێتە کۆلۆمبەی دوو مزگەوت". "وەرە سرکە و رۆن تێکەڵ بکە، چەند تێکیان بدەیت هەر لێک جیا دەبنەوە، عەرەب و فەرەنسییش وان، عەرەب عەرەبە و فەرەنسییش فەرەنسییە". "فەرەنسیی زەردپێست، رەش و گەنمڕەنگمان هەیە، ئەمە مانای ئەوەیە فەرەنسا کراوەیە بەرەو رووی گەلان و خاوەن پەیامێکی جیهانییە، بەڵام وا باشترە بە کەمینە بمێننەوە".

لە ئایاری 1968، گەنجان، بەتایبەتی لە زانکۆکاندا، راپەڕین. هۆکار زۆر بوون، تایبەت بە خوێندن، سیستمی خوێندن، بێکاری، دەسەڵاتی زۆری دی گۆل، مافی مرۆڤ، مافی کرێکار و هاوپەیمانیی گەنجانی جیهان. دە ملیۆن لە خوێندکاران و کرێکاران دژ بە پۆلیس بوون. دەسەڵاتی پۆلیس توانیی سەرکوتیان بکات و کۆتایی بە ڕاپەڕینی ئایاری 1968 بهێنێت و لە 30ی ئایاری 1968 دی گۆل دەڵێت: "واز ناهێنم، سەرۆکوەزیران ناگۆڕم، بەڵکوو پەرلەمان هەڵدەوەشێنمەوە". لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا پارتەکەی و هاوپەیمانانی، زۆرینەیان هێنا سەرەڕای ئەو هەموو دژایەتییەی کە کرا.

زۆر جار گلەیی هەبووە لە فەرەنسییەکان و ناڕازیبوونیان، دەڵێت: "فەرەنسی، تەنیا بیر لە خواردن و خواردنەوە و خۆشگوزەرانی دەکاتەوە، گۆشت و پەتاتەی سوورەوەکراو بخوات و خاوەنی ئۆتۆمبێلی رینۆی چوار بێت، بەڵام ئەمانە هیچیان لە بەرژەوەندیی نیشتمانیدا نین". "چۆن دەتوانیت گەلێک حوکم بکەیت کە خاوەنی 258 جۆرە پەنیرە". "یەکسانیی کۆمەڵایەتی، لەسەر هیوا، لەسەر گەورەیی وڵات دروست دەبێت، نەک لەسەر جۆری پێڵاو". "هەموو فەرەنسییەک حەز دەکات هەندێک مافی تایبەتی هەبێت و سوودی لێ وەربگرێت و وا نیشان بدات بڕوای بە یەکسانی هەیە". "فەرەنسی، حەز دەکات هەردەم هەندێک جیاوازیی هەبێت و لە هەمان کاتدا داوای یەکسانی دەکات، ئەم دووڕووییە بەدرێژایی مێژوو لای فەرەنسییەکان هەبووە". "هەموو گێرەشێوێنییەک رێگە بۆ گرووپی جیاواز دروست دەکات تا رق و کینەیان دەرببڕن". "بەڵێ بۆ ریفۆرم، نەخێر بۆ گێرەشێوێنی".

"گەر کەسێک گەمژە نەبێت، نابێتە پۆلیس، رەخنە و زیرەکی لەگەڵ ئیشی پۆلیس ناگونجێت، پۆلیس تەنیا فەرمان جێبەجێ دەکات" . "بەگشتی، مرۆڤی ئازا زیرەک نییە و زیرەکەکانیش ئازا نین".

لە نیسانی 1969، دی گۆل رەشنووسێکی پێشکەش بە گەل کرد بۆ گۆڕێنی بەشێکی زۆر لە یاساکان و خستییە ریفراندۆمەوە، بەڵام لە ریفراندۆمەکەدا رەشنووسەکە رەت کرایەوە و دی گۆل دەستی لە کار کێشایەوە، هەروەک خۆی پێشوەختە بڕیاری دابوو. ئەو سەرکردەیەی بووبوو بە سونبولی بەهێزی بەرەنگاری و سەربەخۆیی فەرەنسا لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، شکستی هێنا لەوەی گەل بە رەشنووسەکەی رازی بکات. هەموو ژیانی بڕوای بە گەورەیی فەرەنسا هەبوو و زۆر جار باسی ئەو گەورەییەی کردووە، کە ئەو هەر لە خزمەتیدا بووە و دەڵێت: "هیچ شتێکی گەورە، بەبێ مرۆڤی گەورە ناکرێت و ئەو مرۆڤانەش هەر ئەوەیان ویستووە کە گەورەبن"."گەل خاوەن قسەیە و قسەی گەلیش قسەی دەسەڵاتە". "داواکاریی گەلی گەورە، هاوتەریبە لەگەڵ گەورەیی کێشە و بەڵاکان". "فەرەنسی لە هەر شتێک بگەڕێت، ئەو شتە سەرسوڕهێنەرە". "ناکرێت فەرەنسا، فەرەنسا بێت و گەورە نەبێت". "گەر لەلایەن زۆرینەتان بڕواتان پێم نەما وەک سەرۆکی وڵات، واز لە کارەکانم دەهێنم". "لە هەموو ژیانم بیرۆکەیەکم بەرامبەر بە فەرەنسا هەبوو ئەوێش (گەورەییەتی)". "بە سروشت فەرەنسا ناتوانێت لەپێشەوە نەبێت، یەکەم نەبێت. پرۆژەی گەورە دەتوانێت کۆمەڵگەی فەرەنسی دوور بخاتەوە لە دابڕان لە یەکتری".

دوورکەوتەوە لە پاریس و لە خانووەکەی لە دێی کۆلۆمبەی دوو ئگلیز، لە رۆژهەڵاتی فەرەنسا، لە ماڵەکەی خۆیدا، لەدوای 10 مانگ، لە 9ی تشرینی دووەمی 1970 کۆچی دوایی کرد. لە باسی خۆی و کارەکانیدا دەڵێت: "لەبەر ئەوەی زۆر شت دەستپێدەکاتەوە، زوو یان درەنگ، ئەوانەی کردوومە دەبنە ئیلهامبەخش، دوای ئەوەی دەمرم". "چ مرۆڤێک کۆتایی بە سەرکەوتنەکانی هێناوە؟". "ژیان ژیانە، بە مانایەکی تر، دەبێت هەوڵ بدەیت، جا ئەمە راستە بۆ مرۆڤ و بۆ گەلیش". "نەمری، تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە کە هەردەم خەونیان پێوە بینیوە". "پیری، نقومبوونی کەشتییە". "گەر هیوا کۆتایی هات، مانای مردنە". "دواڕۆژ موڵکی کەس نییە". "زەحمەتی، پیاوی بەهێز رادەکێشێت و خۆی لەو رێگەیەدا دەدۆزێتەوە". "لە گەرمەی رووداوەکاندا، هەوڵی تەنیاییم داوە، ئێستا تەنیایی هاوڕێمە".



PM:01:51:13/05/2026

ئه‌م بابه‌ته 16 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی