شاشەی کوردی لە لێواری داڕماندا

‌ئاریان فەرەج

ئەوەی ئەمڕۆ لە کایەی مێدیای کوردیدا و بەتایبەت لەسەر شاشەکان دەبينرێت، جیا لەوەی گەڕانەوەیەکی نائومێدکەرە بۆ شەڕی بێهوودەی ڕاگەیاندن و زمانە زبر و بەدگۆییەکەی جاران؛ پاشەکشەیەکی بێباکانەشە لە کۆی پرەنسیپە پیشەییەکانی کاری ڕۆژنامەوانی و بەفیڕۆدانی تەواوی ئەو هەوڵانەیە کە لە بیست ساڵی ڕابردوودا، لە دوای شەڕی ناوخۆوە، بۆ هێنانەئارای مێدیایەکی پیشەیی سەنگین، چەسپاندنی وه‌ك دەسەڵاتی چوارەم و ئامرازى هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و دیموکراسی دراون.

ئەم پاشەکشەیە، دوورخستنەوەی مێدیایە لە ئەرک و بەرپرسیارییەتییە کۆمەڵایەتییەکانی و دووبارە بەکارهێنانەوەیەتی وەک ئامرازی شەڕانگێزی، شکاندن، فیتنەگێڕی، بڵاوکردنەوەی ڕق و هاندانی ناکۆکی و شڵەژاندنی کۆمەڵگە؛ هاوکات گۆڕینی مێدیایە بۆ کەرەستەی سەرگەرمیی چرووک و بابەتگەلی ناقابیل.

ئه‌و شاشانه‌ تەنیا بەوەوە نەوەستاون کە جۆرەها بەرنامەیان بۆ بڵاوکردنەوەی گوتاری ڕق و کینەى سياسى، قوڵتركردنه‌وه‌ى ناكۆكييه‌ ناوخۆييه‌كان، تۆمەتبەخشینەوە و یەکدی‌بەشەیتانکردنى ڕكابه‌ره‌ سياسييه‌كان تەرخان کردووە، بەڵکو لەپێناو سەرنجڕاکێشان و کێبڕکێی يه‌كدى و بۆ ئەوەی خیتابە ڕقاوییەکەیان بینەری زۆرتر بێت، جۆرەها بابەتی بێبایەخ و ناشایستە یان هەستیار و مەترسیدار بڵاو دەکەنەوە و ڕەواجی پێ دەدەن؛ بێ ئەوەی سڵ بکەنەوە لەوەی به‌و كاره‌ دواجار چ وێرانکارییەک لەسەر دەروونی وەرگرەکانیان و کۆمەڵگە بە گشتی بەجێ دەهێڵن. جێگەی داخیشە ئەم تراژیدیایە لەبەرچاوماندا ڕوو دەدات و بێدەنگیی خەمخۆران و ئەهلی کار، دۆخەکەی قووڵتر کردووەتەوە.

هەواڵ؛ لە زانیارییەوە بۆ نمایش

هەواڵ، وەک جیدیترین کەرەستەی مێدیایی، لە زۆربەی شاشەکاندا ماهییەتی خۆی لەدەست داوە و بووەتە کەرەستەیەک بۆ "سەرگەرمی". مۆدێلی "هەواڵ-نمایش" وای کردووە بێژەر لەجیاتی گواستنەوەی ئه‌مين و بێلایەنانەی ڕووداوەکان، لە هەواڵبێژەوە ببێتە شرۆڤەکار، گوتارخوێن، واعیز، دادوەر، بڕیاردەر، پاڵەوان، مژدەبەخش، تۆقێنەر و فریادڕەس. لە نمایشێکی حەماسی و بە جووڵەی پڕ موبالەغەوە، بێژەر هەر خۆی هەواڵەکە دەگێڕێتەوە، هەر خۆی سەرچاوەیەتی و هەر خۆشی شرۆڤەی دەکات. ئەم تێکەڵکردنی "هەواڵ" و "ڕا"یە، نەک هەر سەرەتاییترین بنەماکانی کاری ڕۆژنامەوانی دەبەزێنێت، بەڵکو متمانەی بینەر بە زانیارییەکان بە تەواوی لەناو دەبات.

بێباکی بەرامبەر زمان و ناسنامە

زمان تەنیا ئامرازی پەیوەندی نییە، بەڵکو پارێزەری کولتووری نەتەوەیە. مێدیا بەرپرسیارێتییەکی گەورەی لەسەر شانە بۆ پاراستنی شکۆی زمان، کەچی ئێستا بەشێک لە شاشەکان زمانێکی هێندە ناپاراو و ئاستنزم بەکار دەهێنن کە هەرگیز بۆ دواندنی بەرامبەر ناگونجێت. ئەم خەمساردی و سووك سه‌رنجدانه‌ى زمان، مەترسییەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر شوناسی فەرهەنگیمان؛ چونکە دواجار زمان تاكه‌ پەناگەی گەلێکى بێ قه‌واره‌ى وه‌ك كورده‌.

ئیتیکی مێدیایی و ئازارەکانی مرۆڤ

یەکێک لە خاڵە هەرە هەستیارەکان، مامەڵەکردنی بێ‌دەربەستانەی ئه‌م شاشانه‌يه‌ لەگەڵ ئازار و مەینەتییەکانی خەڵکدا. پەنابردن بۆ نیشاندانی دیمەنی ناخهەژێن و بەکارهێنانی کارەساتی مرۆیی لەپێناو سه‌رنجڕاكێشان و کۆکردنەوەی بینەر، لادانێکی گەورەیە لە ئیتیکی پیشەیی. مێدیا دەبێت خەمخۆری مرۆڤ بێت، نەک ئازارەکانی مرۆڤ بکاتە نمایشێکی سەرنجڕاکێش بۆ بازاڕگەرمی. ئەم پرنسیپە لەو شاشانه‌دا خەریکە بە تەواوی فەرامۆش دەکرێت.

نەعرەتەی شارچێتی و ناوچەگەری

هاندانی ئاشکرای نەعرەتەی شارچێتی و ناوچەگەری بێ هيچ سڵه‌مينه‌وه‌يه‌ك‌ به‌ شاشه‌كانه‌وه‌ دياره‌؛ ئەو دەنگە نەشازەی کە خەریکە گیانی پێکەوەژیان بە یەکجاری لەت‌وپەت دەکات. ئەم یاریکردنە مەترسیدارە بە ئاگر و ئەم کەرتوپەتکردنەی بنەما نیشتمانییەکان، تەنیا تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی ئەو بەستەرە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەشە کە نەتەوەیەک بەیەکەوە دەبەستێتەوە. کاتێک مێدیا دەبێتە سەکۆیەک بۆ بەرزکردنەوەی دیواری ڕق لەنێوان شار، ناوچە، لەهجە و عەشیرەتەکاندا، دەبێت بزانێت کارێک دەکات کە دوژمن پێی نەکراوە؛ پێی بزانێت یان نا، خەریکی نیشتمانکوژی و وێرانکردنی دوایین پەناگەکانی عەقڵ، یەکڕیزی و ئینتیمای نەتەوەییە.

چەلەحانێ و هەڕەشە لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی

لەسەر شاشەکان، چەلەحانێ و بەگژداچوونەوە جێگەی دیالۆگی عەقڵانییان گرتووەتەوە. ئه‌و شاشانه‌ بۆ کەسانی زانا و پسپۆڕی بوارەکان ناگەڕێن، بەڵکو بەدوای "ئەهلی شەڕەدەنووک"دا دەگەڕێن تا هاوشێوەی "شەڕەکەڵەشێر" بینەر کۆ بکەنەوە. بۆ کەسانێک دەگەڕێن کە لەبری زانیاری بەخشین بۆ بڕیاردانی هۆشیارانە، غەریزەکانی ڕق و کینە دەوروژێنن و شارەزای چەواشەکارین. بەو کارە، لەبری بڵاوکردنەوە و هاندانی کولتووری سەردەمیانەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن، کولتووری بەسەرچووی هەرا و پێکداهەڵشاخان، سه‌رڕەقی و یەکدی‌نەفیکردن هان دەدەن.

به‌ئەستێرەبوون لەم شاشانه‌دا

جاران مەعریفە، ئەزموون و لێوەشاوەیی مەرجی دەرکەوتن و پێشكه‌وتن بوون، بەڵام لە سایەی ئەم داڕمانەدا، "ڕووکەشگەرایی و هەرانانەوە" بوونەتە مەرجی ئەستێرەبوون. لاوازیی پاشخانی ڕۆشنبیری بە زۆرێک لە کارەکتەرە نوێیەکانی سەر شاشەوە دیارە؛ ئەمەش دەرئەنجامی ئەو فشارەیە کە ده‌زگا مێدیاکان دەیخەنە سەر کارمەندەکانیان بۆ ئەوەی بە هەر نرخێک بێت سەرنجی بینەر ڕابکێشن، نەک ئەوەی ناوەڕۆکێکی بەپێز و به‌سوود پێشکەش بکەن.

لە ڕاستیدا ئەو پاشەکشە ترسناکەی ئەمڕۆ دەیبینین، خەمێکی ڕاستەقینەیە و پێویستی بە هەڵوێستەیەکی جیدی هەیە. مێدياى كوردى هه‌نگاو و قۆناغى زۆر گرنگى بڕيبوو، بۆ ده‌بێ ئه‌م پاشه‌كشه‌ ترسناكه‌‌ بكات!

مێدیا ئەرکێکی باڵای لە ئەستۆیە و نابێت ڕێگە بدرێت لە بەها پیشەیی و ئەخلاقییەکان بەتاڵ بکرێتەوە. پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ڕێزگرتن لە عەقڵی گشتی، دەبێت لە سەرووی کێبڕکێ سیاسییەکان و شەڕی شاشەکانەوە بێت.
________________________________________
* ماستەر لە کۆمەڵناسیی مێدیا



PM:01:26:12/05/2026

ئه‌م بابه‌ته 180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی