حەنینێک بۆ قەڵەم و کاغەز کە دەبونە ئاوێنەی نوسینەکانمان
بارزان شێخ عوسمان
چەند خۆش بو کە دەمان ویست وتارێك بۆ رادیۆ ، رۆژنامە یا تەلەفزیۆن بنوسین ،جۆری قەڵەمەکەمان لا گرنگ بو ( پاندانی پارکەر ،شیڤەر، قەڵەم جافی بیک یا سۆفت ) کاغەزەی خەت دار یا ئەی فۆری سپی) رۆڵی گرنگیان دەبینی لە کوالێتیی بەرهەمەکەمان.
جا چا خواردبەوە یا جگەرە کێشان ( بۆ جگەرەکێشەکان) گرنگ بو بۆ بەرهەمهێنان و لە دایک بونی بەرهەمەکە.
من خۆم حەزم بە کاغەزی رەنگاو رەنگ زیاتر بو بۆ نوسینەکانم ، ناونیشانی راپۆرت ،وتار و بابەتەکان بە ماجیکێك بنوسم ، ئەویتری بە پاندانی مەرەکەب یا جافی بیك یا جافە قەڵەوە سویدییەکان بنوسم یاخود قەڵەمی سۆفت .[ ئاخر لە سەردەمی خوێندکاریشدا دەفتەرەکانم جوانترین بون هەموی رەنگاو رەنگ و رازاوە بون بە گوڵ و گەڵا یا خۆم دەمنەخشاندن یا سودم لە وێنەی ریکلامەکان وەردەگرت].
ئیتر ئەو نوسینە زۆر بە تام و چێژێکی تایبەتەوە دەنوسران.
هەر بۆیە خاوەنی سامانێکی زۆری قەڵەمی جۆراو جۆر بوم ، تەنانەت لەکار کەوتوەکانیشم فڕێ نەدەدا .ئێستاش کە دەچمە کتێب فرۆش و شوێنە تایبەتەکانی پێداویستیی نوسین ، هەمیشە پەلکێش دەکرێم بۆ لای خانەی قەڵەمەکان.
چەند خۆش بو !بۆ نوسینی راپۆرتێك ، ئامادەکردنی بەرنامەیەکی رادیۆیی یا رۆژنامەی کاغەزیی ، تەنانەت تەلەفزیۆنیش، دەبوایە، پەنا ببەین بۆ ئەرشیف ، نوسینە کۆنەکان ، کتێب و سەرچاوە مێژوییەکان .
ئەمێستا کۆمیتەر ، مۆبایل و لاپتۆپی بێ گیانی بێ رەونەق لەبەردەستدایە ، دیار نییە کێ دەست و خەتی جوانە !، هەرچییەکت بوێت خۆت هیلاك مەکە و بەدواییدا ئەم کتێب ،ئەو سەرچاوە ، ئەو کتێبخانە و ئەم رۆژنامە یە مەکە ،لە گۆگل کلیکێك لێ بدە و هەقت نەبێت هەمویت وەك هێلکەی پاککراو دێتە بەردەست ، ئیتر هەڵەشی تیادا بێت گرنگ نییە. لەوەش خراپتر سیستمی ( Artificial Intelligence,AI ) زیرەکی دەستکردە ، کە ئیتر بۆ وتار نوسین و هەمو شتێکی تر جێگەی بیرکردنەوەی مرۆڤیشی گرتوەتەوە ، بەو واتایەی ئیدی هەمو کەس نوسەر ، ئەدیب ، دەنگ خۆش و موزیسان هەمو شتێکە .
سەرباری ئەوەی بێ ناەەڕۆکیشن و دیارە کە زادەی بیر و هزری کەسەکە نین ، بەڵام کوا ئێستا گوێ بە ناەەڕۆك و رۆح دەدرێت!. کەواتە نەك هەر قەڵەم و کاغەز بەڵکو. بیرکردنەوەکانیش ، توانا و بەهرەکانیش نرخ و ئەرزشیان نەماوە ، وەك چۆن سۆشیال میدیا بەهای رۆژنامەنوس و جنێو فرۆشی کردە یەك . وەك چۆن ئەم تەکنەلۆژیا و ئایدۆلۆژیایەی هیچ و پوچییە ، قەڵەمە مەزنەکانی رۆژنامەگەریی وەك بەدرخانییەکان ، پیرەمێرد ، مامۆستا ابراهیم احمد ، سەرۆك مامجەلال ، نەوشیروان مستەفا ، فەلەکەدیین کاکەیی ، عەلادین سجادیی ، پرۆفیسۆر عیزەددین مستەفا ، مستەفا ساڵح کریم و دەیانی تری کۆچکردو و سەدان رۆژنامەنوسی نا حزبیی ئێستای وەك دکتۆر مەریوان وریا قانع ، ئاسۆس هەردی ، رەحمان غریب ، ئارام سعید ، شوان محمد و دکتۆر احمد میرە و دەیانی تریان تەمەنیان درێژ و قەڵەمیان بڕشت بێت ، خراونەتە ریزی جنێو دەر و بوختان چییە کان و ناویان لە خۆناوە رۆژنامە نوس . یاخود بە هۆی ئەم سۆشیال میدیایەوە کە خراپ بەکار دەهێنرێت وەك هەر ئامێرێکی تر ، رۆژنامە نوسە گەشمەرگەکانی ئازادیی قەڵەم و بیروڕای وەك {جمال عیرفان ، شاسوار جلال(ئارام) ، عبدالخالق معروف ، کاردۆ گەڵاڵی ، رەئوف ئاکرەیی و ، فیکرەت جاوید ،عبدالجبار وهبي (أبو سعيد)،أبو گاتع ،سلام عادل و عبدالعباس سالم } و سەدانی هاوشێوەیان خراونەتە ریزی ئەوانەی کە بێ مۆراڵانە قسە دەکەن ، سجن کراون یا کوژراون ، لە کاتێکدا نێوانی پەیامی ئەو گەشمەرگانە و ئەمانەی تر ئاسمان و رێسمانە[سەرباری ئەوەی من بەهیچ شێوەیەیەك لەگەڵ کوشتن و تیرۆری جەستەییدا نیم ] .
بەڵێ وەك چۆن بەها و پێودانگی رۆژنامە نوس گەیشتوەتە ئاستێکی نەرێنی ، بەش بە حاڵی خۆم وای دەبینم بەهای قەڵەم و کاغەزیش لە قەیراندایە ،ئەو وتار و چیرۆك و بابەتانەی لەسەر شاشەی مۆبایلەکەم یا لاپتۆپەکەم دەیخوێنمەوە چێژی کتێب و رۆژنامە کاغەزییەکەی لێ وەرناگرم ، ئەو بابەتانەشی دەیان نوسم بە مۆبایلەکەم هیچ وەك ئەو بابەتانە نییە کە جاران بەقەڵەم دەمنوسین و بە فاکس یا بە نامە دەمناردن !. بەڵام چ بکەین ئەوە واقعە دەبێت سازشی لەتەکدا بکەین و خۆمانی لەسەر رابهێنین ، هەروەك چۆن ئەمڕۆ بە کەسێك دەڵێین جەردە و پیاوکوژ ، بەڵام کە توش دەبێت ، دەبێتە پاڵەوان و نیشتمان پەروەر و هەمومان دەبێت بۆی بلاوێنینەوە و بەسەریدا هەڵ بدەین و بە خۆراگر و رزگارکەری گەلی ناو بنێین !
PM:10:59:10/05/2026
ئهم بابهته 240
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی