ئایا ڤایرەسی هانتا مەترسیدارە؟ ئایا مرۆڤایەتی نزیکە لەڕوبەڕوبونەوەی پەتایەکی تر؟

‌ئاوات عەلی

بڵاوبونەوەی ڤایرەسی هانتا لەنێو کەشتییەکی گەشتیاریدا، لە دوا ئاماردا گەیشتە ٨ توشبوو، کە سێ کەسیان گیانیانلەدەستدا. ئەم زانیارییانە زۆر بەخێرایی بڵاودەبنەوە و زۆر کەسیان توشی دڵە ڕاوکێ کردووە، بەوەی کە مرۆڤایەتی نزیکە لە پەتایەکی تر هاوشێوەی کۆڤید-١٩ ە و قورستر! بەڵام ئایا ئەمە ڕاستییە یان تەنها دەرەنجامەکانی کۆکردنەوەی لایک و ڤیووە لەلایەن ئەو کەسانەی ئاگایان لە زانست و زانیارییە پزیشکییەکان نییە!

ڕاستییەکان دەربارەی ڤایرەسی هانتا:

- ڤایرەسەکە نوێ نییە و گروپێکە لە ڤایرەسی پۆلێنی جیاواز و لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردووەوە ناسراوە و ٥٠ ساڵ زیاتریشە لە تاقیگەدا تێستی بۆ کراوە و تۆمارکراوە.

- ڤایرەسەکە لەڕێگەی لیک و پاشەڕۆی قرتێنەرەکانەوە (وەک مشک) بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، کاتێک ئەو پاشەڕۆیانە لەڕێگەی پیسبونی خواردن، ئاو یان هەوا دەگەنە مرۆڤ.

- بڵاوبونەوەی ڤایرەسەکە نوێ نییە و ساڵانە لەنێوان ١٠ هەزار بۆ ١٠٠ هەزار کەس توشی ئەم ڤایرەسە دەبن و زۆرینە کەیسەکان لە ئەفریقا و ئاسیان.

- بڵاوبونەوەی ڤایرەسەکە لەنێوان مرۆڤ بۆ مرۆڤ زۆر کەمە و تاڕادەیەک دەگمەنە. تەنها جۆری ئاندیس لە گروپی ڤایرەسەکانی هانتا توانای گواستنەوەی هەیە لە کەسی توشبوو بۆ کەسانی نزیکی کە لەیەک جێگادا دەخەون، یان پێکەوە نان دەخۆن یان بەرکەوتنی زۆر نزیکی هەناسە و لیک و سێکسیان هەیە پێکەوە.

- جۆری ڤایرەسی سەر کەشتییە گەشتیارییەکە لە جۆری ئاندیسە کە توانای گواستنەوەی لە کەسی توشبوەوە هەیە بۆ کەسانی بەرکەوتووی نزیکی، بە پێچەوانەی جۆرەکانی تری ڤایرەسەکە کە لە تاقیگەش سەلمێنراوە ئەو توانایەیان نییە.


- وڵاتان چاودێری تەندروستی ئەو هاوڵاتییانەیان دەکەن کە لەسەر کەشتییە گەشتیارییەکە بوون، مەترسییەکە لەسەر توشبونی ئەو هاوڵاتیانەیە نەک بڵاوبونەوەی ڤایرەسەکە لە نێو کۆمەڵگە، چونکە نیشانەکانی توشبون دوای چەند هەفتەیەک دەردەکەون.

- یەکێک لە ئەگەرە بەهێزەکانی بڵاوبونەوەی ڤایرەسەکە لەسەر کەشتییەکە، پیسبونی خۆراک یان ئاو بە پاشەڕۆی قرتێنەرەکان وەک مشک! یان پیسبونی سیستەمی هەواگۆڕکێی کەشتییەکە بە پاشەڕۆی ئەو قرتێنەرانەی هەڵگری ڤایرەسەکەن.

- ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دڵنیایی دا کە بڵاوبونەوەی ڤایرەسەکە لەنێوان مرۆڤ و ئەگەری بڵاوبونەوەی وەک پەتایەک لاوازە، بەڵام نابێت پشتگوێ بخرێت.

- ڕێژەی مردن لە نێوان توشبوانی ساڵانەی ئەفریقا و ئاسیا لە نێوان ١٪ بۆ ١٥٪، بەڵام کەیسەکانی کیشوەرەکانی ئەمریکا ٥٠٪ ی توشبوان گیانلەدەستدەدەن هەرچەندە ژمارەی ساڵانەی توشبوان زۆر کەمە.

- نیشانەکانی توشبون بەپێی جۆری ڤایرەسەکە جیاوازە و سەرەتا بە تا و وەک هەڵامەتێکی ئاسایی دەستپێدەکات و دواتر کاریگەری جیاوازی لەسەر بەشە جیاوازەکانی جەستە دەبێت.

- گروپی ڤایرەسی هانتا تا ئێستا ڤاکسینی نییە چونکە نەبووە بە پەتا و کێشەی گەورە لە ڕابردوودا تا ڤاکسینی بۆ بدۆزرێتەوە و تەنها لەوڵاتە هەژارەکانیشدا بووە. چارەسەرێکی تایبەتیش نییە بۆ توشبووان تەنها چاودێریی تەندروستی و ڕێگریی لە وشکبونەوە و خۆراک و ئیسراحەتی پێویست.

بەکورتی:

- ڤایرەسەکە کۆنە و نوێ نییە

- مەترسی بڵاوبونەوەی وەک پەتا لاوازە

- ڤایرەسەکە لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ زۆر بە دەگمەن دەگوازرێتەوە

بەهیوای سەلامەتی بۆ هەمووان!



PM:02:09:09/05/2026

ئه‌م بابه‌ته 552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی