عەجاج تکریتی لە ناو قەفەسی تاواندایە، هێزە کوردیەکانیش لەبەردەم بەرپرسیاریێتیی نەتەوەیی و ئەخلاقیدان!

‌د. بەهات حەسیب قەرەداخی

سی و هەشت ساڵ بەسەر شاڵاوی ئەنفالی بەدناودا تێپەڕین و دژەکورد و جاش و داگیرکەر پێیان وابوو ئیدی ڕووخسار و ناوی جەللاد و تاوانباران لە یاد و بیرەوەریی قوربانیاندا سڕراونەتەوە و خۆیان و تاوانەکانیان لە قووڵایی تاریکستانی مێژوودا تا هەتا نێژراون و لەبیرچوونەتەوە، کەچی وەک هەمیشە مێژوو، پشکۆ ئاسا لە ناو خۆڵەمێشی خەمساردییەوە سەرلەنوێ گەشایەوە و ناوو ڕوخساری جەللادی بەدناو "عجاج أحمد حردان العبیدي التکریتي” هاتەوە ناو ناوان و فەزای بیستن و بینینمانی پڕکردەوە . ئێستا "عەجاج" وەک شایەتحاڵێکی زیندووی قێزەونترین تاوانی کۆتایی سەدەی بیستەم ، دەست و پێی بە کۆت و بەندە و لە چاوەڕوانیی دادگاییکردندایە.

پرسیارێک کە دەبێت ئه مڕۆ بکرێت ته نها ئەوە نییه : ئایا بە چۆن و لەکوێ ئەم گەورە تاوانبارە دادگایی دەکرێت و چ سزایاکی بۆ دەبڕدرێتەوە؟
بەڵکو پرسیاری هەرە جەوهەریی، کە دەبێت لە تاک بەتاکی کورد و یەک بەیەکی حیزب و ڕێکخراوو سەرکردە سیاسییەکانی کورد بکرێ ئەمەیە : ئەرێ ئێمە و ئێوە چیمان کردووە بۆ بەرزڕاگرتنی یاد و میراتی قوربانییەکانی ئەنفال ؟ ئایا ئێمە و ئێوە چ ئەرکێکی مێژوویی و نەتەوەیی و ئاینیی خۆمان بەرامبەر خوێنی بە ناهەق ڕژاوی سەد و هەشتا هەزار قوربانیی ئەنفال جێبەجێ کردووە؟

شاڵاوەکانی ئەنفال تەنیا چەند هەڵمەتێکی سەربازیی نەبوون، بەڵکو پڕۆژەیەکی سیستماتیکی قڕکردنی کۆمەڵگەی کورد و ڕیشەکێشکردنی شووناسی کوردبوون بوو لە عێراقێکدا کە شەست ساڵ بوو بە خواست و بڕیاری بەریتانیا ، کورد و کوردستان وەک نێچیر خرابووە بەر قەپ و چڕنووکی ژەهراویی گورگێکی هار و برسی.

دەیان هەزار خێزانی گوندنشینی کورد ، جووتیارو ئاژەڵدار، لە ڕیشەوە لە خاک و ئاوی باوو باپیرانیان هەڵکێشران و ماڵ و حاڵیان وێران کرا و سەروەت و سامانیان بەتاڵان برا. گەورە بچووک، ژن و پیاو، منداڵی ساواو نەوجەوانی بێ چەک، لە سەحرای عرووبەدا و بە درووشمی وەحدە و حریەو ئیشتراکییەتەوە ، لە سایەی ئایەتێکی قورئاندا ( الأنفال ) بەبەرچاوی یەک ملیار موسڵمان و چەند ملیارێک مرۆڤی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای سەرگۆی زەوییەوە، بێسەروشوێن و کۆمەڵکوژکران، نە دەنگ و هاوارێکی ناڕەزایی لە دنیادا بەرزبۆوە و نە کەسێک بە هانایانەوە چوو. ئەو سەدان هەزار ئەنفالکراوە ، نە سەرکردەی حیزب و نە کەسایەتی کاریگەری سیاسی و سەربازی بوون، ئەوانە مرۆڤی زۆر سادەی نوێژکەر و خواپەرستی بە قەناعەتی کورد بوون. ئەوانە لاوازترین ئەڵقەی بێ بەرگریی کوردەواری بوون کە غافڵگیرانە کەوتنە بەر شاڵاوی تۆڵەسەندنەوەو ڕقی شۆڤینیانەی سەرانی ڕژێمی بەعس و باجێکی زۆر قورسی خەباتی چەکداریی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردیان دا. بۆیە ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییەی ئەمڕۆ لە ئەستۆی حزبە کوردییەکاندایە، تەنیا بەرپرسیارێتییەکی سیاسی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقییە وهەر لایەنێک خۆی لێ بدزێتەوە، نیشانەیەکی گەورەی پرسیار وگومان لەسەر ( ئەخلاقی ) خۆی دادەنێت !!

هەموو حیزب و هەموو سیاسییەکانی ئەمڕۆی کوردستان، لە ڕووی ئەخلاقییەوە بەرپرسیارن بەرامبەر هەموو ئەو قوربانیانەی لە پێناو بەردەوامیی شۆڕشدا، لە سەحرای عرووبەدا بوونە خۆراکی سەگەکانی عەجاج و ڕەفیق حیزبییەکانی. ئەرکی هەمووانە، بە وەفا بن بۆ ئەو دایکە ڕەشپۆشانەی تا مردن چاوی پێداخستن، هە چاولەڕێی گەڕانەوەی مێرد و کوڕ وکچەکانیان بوون ، نە خۆیان گەڕانەوە و نە ئێسکوپروسکیان دۆزرانەوە. وەفا بۆ تاقانەکانی ئەنفال و هەزاران منداڵ کە بێبەش لە نازی دایک و باوک گەورە بوون.

ڕزگاربووانی ئەنفال، قسەی پڕ و پووچ و وتاری حەماسی و شین و شەپۆڕ و فێستیڤاڵی ساڵانەیان نە گەرەکە ! ئەوان سەرباری هەموو ئازار و سەختییەکانی ژیانیان ، گەرەکیانە ئێوەی سیاسی وەک سەردەمی ڕاپەڕین یەکگرتووبن ، یەکڕیز و هاوسەنگەربن ، ئەوسا هەستدەکەن قوربانیدانی خۆیان و ئازیزانیان بەهەدەر نەچووە. گەرکیانە ببینن ئێوە پشتتان لێ نەکردۆتەوەو خۆشییەکانی ژیانی ناو ڤێللا و مەزرەعەکانتان دووژمنی سەرسەختی کوردی لەبیر نەبروونەتەوە و دابەشنەبوون بەسەر ئەملاو ئەولاداو ململانێتان لە پێناو دەسەڵات و دەستکەوتی تەسکی حیزبیدا، کوردبوون و خوێنی گەشی شەهیدانی لەبیر نەبردوونەتەوە. گەرەکیانە ببینن هەموو حیزب و ڕێکخراوو جووڵانەوەکانتان، لە ئاستی ئەو ڕووبارە خوێنەدابن کە لە دەیان ساڵی شۆڕشدا ڕژاوە ، نەک نوقمی لیتاوی بەرژەوەندی و حیساباتی تەسکی حزبیی ڕۆژانەدا بن.

تکام لە هەموو سیاسییە بڕیار بەدەستەکانی کوردستانە، ساڵانە، بە خەیاڵیش بێت، چەند کاتژمێرێک لەگەڵ ڕزگاربووانی ئەنفالدا بەسەر بەرن. ئەو کاتەی لە دوورەوە دەرگای سمارتی کۆشکەکانیان بە مۆبایل دەکەنەوە، دیمەنی ئەو پیرەژنە ڕەشپۆشەیان لەبەرچاو بێ کە هێشتا کلیلی ژەنگاویی دەرکەی ماڵێکی قوڕینی لە دەستدایە، چل ساڵ لەمەوبەر تەختی زەویکراوە !. شەوانە کە منداڵە نازدارەکانیان لەناو جێی گەرم و نەرمدا، بەسەردەکەنەوە، با چیرۆکی دڵ تەزێنی ئەو گەورە ساڵەش بێتەوە یاد، کە 38 ساڵە هەموو شەوێک لە خەونی کابووس ئاساییدا، گوێی لە هاوار و زریکەی منداڵە برسی و تینووەکانی نوگرەسەلمانییەتی !.

دڵنیام تەنیا ئەو کاتە تێدەگەن کە جیاوازی و ناکۆکیی حیزبیی نێوانیان ، لە ئاستی گەورەیی و مەزنیی شاخی مەینەت و قوربانیدانی ئەم گەلەدا، چەند گچکە و بێ بەهایە!

تکایە نە خوێنی شەهیدانی ئەنفال و نە ئازار و مەینەتیی ڕزگاربووان، بکەنە موڵکی هیچ حزبێک و نە بۆ دەستکەوتی سیاسی و نە بۆ نمایشی میدیایی بیانقۆزنەوە. ئەو خوێنە و ئەو قوربانییدانە کەم وێنەیەی گەلی ئێمە، دۆزی ڕەوای کوردی زیندووکردەوە، هەربۆیە کەمترین پاداشت و پێزانیین بۆ یاد و بۆ سەروەرییان، یەکخستنەوەی ڕیزی شێواومانە و بنیاتنانەوەی متمانە و ڕێکخستنەوەی ناوماڵی پەرتەوازە و وەلانانی بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی و شەخسیمانە، لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵک و خاکی کوردستاندا.

ئەمڕۆ کە عەجاجی جەللاد و گەورە تاوانباری ئەنفال بە ئازایەتی و لەخۆبوردوویی خاتوونێکی قوربانیی ئەنفال، دەسگیرکراوە و لە ناو قەفەسی تاواندایە ، دەبێت سیاسی و پارێزەر و میدیا و چالاکانی کورد، بە یەکڕیزی لە دانیشتنەکانی دادگادا ئامادەبن و داوابکەن لە گەرمیان ، یان لە بارزاندا بە سزایەکی ڕەوا بگەێنرێت . لێرەش لەناوخۆماندا، دادگەیەک بۆ ویژدانی نیشتمانی و نەتەوەییش بگێڕین و لە خۆمان بپرسین:

ئایا ئەوەی تا ئێستا کردوومانە لە ئاستی گەورەیی ئەو قوربانیدانەدایە؟
ئایا ئەو دۆخەی کە ئێستا لەسایەی دابەشبوون و شارچێتی و حیزب پەرستییەوە، ناوماڵی کوردی تێدایە، شایەنی دەیان ساڵ قوربانییدان بوو؟


PM:06:58:08/05/2026

ئه‌م بابه‌ته 248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی