كارنامەی حکومەتی راسپێردراو، فەرامۆشکردنی مافەکانی کورد
هاوڕێ تۆفیق
بە گوێرەی دەستور، پێویستە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی راسپێردراو لە ماوەی (٣٠) رۆژدا ناوی وەزیرەکان و کارنامەی حکومەتەکەی پێشکەشی پەرلەمان بکات . هەتاوەکو بۆ هەردوکیان دەنگی لەسەر بدرێت، لە دەستوری عێراقدا بۆ دروستکردنی حکومەتی تازە دوو مەرجی دەستوری دانراوە، یەکێکیان پێویستەناوی وەزیرەکان ئامادەبکرێ و بە دەنگدانی زۆرینەی رەها هەر وەزیرێک بە جیا دەنگیان پێ بدرێت.
مەرجی دووەم ، بەرنامەی حکومەت ئامادەبکرێ و ئەویش ئەبێ بەجیاو بەسەربەخۆ وەکو دەنگدانی وەزیرەکان، دەنگی زۆرینەی رەها بەدەست بهێنێت ، کە ئەم دوو پرۆسەیە پێکەوە تەواو کران، ئەو وەختە حکومەت متمانەی وەرگرتوە.کەواتە لقی دووەم کە کارنامەی حکومەتە، بەقەدەر لقی یەکەم کە ناوی وەزیرەکانی کابینەکەیە گرنگە. چونکە تەنانەت ئەگەر ناوی وەزیرەکان لەگەڵ ئەوەی متمانەشی پێدرا، بەڵام کارنامەی حکومەت ،دەنگی زۆرینەی رەهای بەدەست نەهێنا، ئەوا ئەو حکومەتە پێک نایات!
کەواتە کارنامەی حکومەت بەهایەکی دەستوریی و یاسایی هەیە، پاشەرۆژ ئەتوانی دەنگ هەڵبری، سکاڵا بکەی، برۆی بۆ دادگای فیدراڵی، بڵێی حکومەت قانونی کارنامەی خۆی پێشێلکردوە.
لە راستیا کارنامەی حکومەت (بە عەرەبی پێی ئەڵێن؛ مەنهاجی حوکمی) رێبازی سەرەکی کارکردنی چوارساڵەی حکومەتەو زۆر گرنگە، بەڵام بەهۆی سەرقاڵی زۆربەی لایەنەکان بەدابەشکردنی کورسی وەزارەتەکانەوە، ئەم بابەتەی دووەمیان فەرامۆشکردوەو گرنگی پێ نادەن! ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیەو پێویستە راست بکرێتەوە، چونکە مادام مەرجی دەستورییەو پەرلەمانیش بەدەنگدان پەسەندی ئەکات. کەواتە کارنامەی حکومیی بەهای جێبەجێکردنی دەستوریی و یاسایی هەیە .
عەلی زەیدی راسپێردراوی پێکهێنانی حکومەت کارنامەی حکومەتەکەی بە نوسراو پێشکەشی سەرۆکی پەرلەمان کرد. بەڵام ئەوەی جێگەی سەر سوڕمانە لە هیچ برگەیەک ،باسی چارەسەرکردنی کێشەکانی کوردستانی نەکردوە، پوختەی سەرەکیترین کێشەکان:
١: دەرکردنی قانونی نەوت و غاز ئەرکێکی دەستورییەو سەرچاوەی هەموو کێشەکانە، بەڵام باسنەکراوە ، کەواتە لە (٤ ) ساڵی داهاتوودا قانونی نەوت و گاز دەرناکەن و بەو هۆیەوە کێشەکان قوڵ دەبنەوە کە لە ئەسڵدا ئەبوو ،بەشێکی سەرەکی کارنامەکە بوایە!
٢: بە دێرێک باسی مادەی(١٤٠) ی دەستور نەکراوە، لەگەڵ ئەوەی پابەندی دەستورییە و حکومەت ئەبێ دەستور جێبەجێ بکات.
٣: بەهیچ شێوەیەک باسی چارەسەرکردنی کێشەکانی دارایی و بودجە و موچەی خەڵکی کوردستان نەکراوە.
٤: هیچ بودجەو پلانێک بۆ گەشەپێدانی پارێزگای تازە دامەزراوی هەڵەبجە باسنەکراوە.
٥: عێراق و کوردستان کێشەی ژینگەییان هەیەو هیچی لەبارەیەوە باس نەکراوە.
٦: پلانی مەسەلەکانی رەسمی گومرگی و رێکخستنەوەی باج باسنەکراوە.
٧: پلانی دارایی و ئابوری بۆ دانەوەی قەرزی ناوخۆیی کە دەیان ملیار دۆلارە باس نەکراوە.
هەقی خۆیەتی هەموو فراکسیۆنە کوردستانیەکان هەڵوێست وەربگرن و دەرکردنی قانونی نەوت و گاز لەگەڵ چارەسەرکردنی بودجەو موچەی خەڵک ، بکەنە مەرجی دەنگدان بەم حکومەتە ، خۆ ئەگەر ئەم داوایانە فەرامۆشکرا، هەقی خۆیەتی دەنگی پێ نەدەن، بیگومان ئەگەر بە زۆرینەی دەنگی لایەنەکانی تریش حکومەت دروستکرا،ئەو وەختە ئەتوانی لەسەر مافەکانت دەنگ هەڵبری، چونکە ئەوە کارنامەی پەسەندکراوی تۆ نیە!
*شارەزای یاسایی و دەستور
PM:12:14:08/05/2026
ئهم بابهته 112
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی