ئامۆزاکان، لە دیوەخانەوە بۆ دادگا
لاهوری شێخ جەنگیم چۆن بینی؟
عەزیز ڕەئووف
کە پەیوەندی بە ئاوات خان، خوشکی لاهور شێخ جەنگی دەکەم کە دەمەوێت وەک چاودێڕێک لە دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی ئامادە بم، بە خۆشحاڵییەوە ڕازی بوو، ڕۆژی دواتر زەنگی لێدا و وتی: ڕۆژی پێنچ شەممە ساعات هەشت و نیو ئامادەبە.
🔻سەرلەبەیانییەکی جیاواز
سەرلەبەیانی بەرەو دادگای سلێمانی دەکەومە ڕێ. ئەو ناوە بە هێز تەنرابوو، ئەمبەر و ئەوبەری شەقامەکەی بەردەم دادگا پڕ بوو لە ئۆتۆمبیلی سەربازی. چەکدارێکی زۆر بە جلی سەربازی و چەکەوە، هەندێکیش بە جلی مەدەنی و جیهاز یان مۆبایلەوە، هەموو سەرقاڵ و پەشۆکاو وەک ئەوەی شتێک ڕووبدا وابوو. گڵۆپی ترافیک سەوز دەبێ و دەپەڕمەوە بەری دادگای سلێمانی. قەرەباڵغیەکی زۆر ئەوناوەی تەنیوە.
بە جیاواز لە ڕۆژانی تر، هەست دەکەی دادگا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسدایە و کەسانێک دادگایی دەکرێن، کە نۆ مانگ پێش ئیستا بە هەزاران چەکدار و تانک و زرێپۆش لە بەرە بەیانێکی هاویندا دوای شەڕێکی سەخت لەو هاوینەهەواری سەرچنارە دەستگیریان دەکەن. ئەو سەرلەبەیانییەی کە گەنجەکانی لالەزاریان ڕووتکردۆتەوە لە سەر زەوی و هەر ئەو هێزە ئیستا لە دەسەڵاتن، گەنجێک لە پشتەوە زلەیەک لە لاهوری شێخ جەنگی دەدات و یەکێک ڕوودەکاتە ناو ئۆتۆمبیلێک کە دیلی تێدایە: وازم لێبێنە با یەکێکیان بکوژم.
🔻پێڕەکەی خۆم دۆزییەوە
لەناو قەرەباڵغیەکەدا هەریەک لە هاوڕێ ڕەحمان غەریب و هێمن مەحمود سەرنوسەری زووم دەدۆزمەوە و بە پێڕی خۆمیان دەزانم و هەست دەکەم ئەوانیش بەبینینی من کۆڵێک دڵخۆشن. کاک میرانی محامی دێتە دەرەوە و دەڵێت کاک عەزیز، ئاوات خان دەڵێ وەرە ژوورەوە. بەناو قەرەباڵغی و پشکنینێکی چڕ و لێسەندنی مۆبایل، خۆمان دەگەیەنینە بەردەم ژووری دادگا و ئاوات خان لەناو قەرەباڵغیەکەدا بانگم دەکا و وەژووری دادگا دەکەوم.
کە وەژوور دەکەوم و سڵاو لە خزمانی شێخ جەنگی دەکەم کە زۆرینەیان لەوێن، فێنک و ژینۆ دەبینم، وەک دوو ژنی چالاک لەناو ئەم سەردەمی بێ پیاویەدا شوێنی سەدان پیاویان بۆ لاهور و بنەماڵەکەی گردۆتەوە و ژنانێکی وا سەرسەخت و ئازا دەبینی کۆڵێ دڵت بەوە خۆشە کە هێشتا وەفا بۆ کەسێکی زیندانی و بێدەسەڵات ماوە کە سەردەمێک کۆی دەسەڵاتە ئەمنی و سیاسییەکانی ئەم زۆنەی بەدەستەوە بوو.
سڵاو کردن و مقۆمقۆ و وەرە ئێرە دانیشە و هەریەک دەخوازێت لای ئەو قەفەزە ئاسنینەوە دانیشێت کە دوای چەند دەقیقەیەکی تر لاهور شێخ جەنگی و براکەی و ڕێبواری حامی حاجی غالی و نۆ کەسی تر لەو گەنجانە دەهێنن کە سەردەمانێک دڵسۆزی پیاوێک بوون کە دەسەڵاتی ڕەهای هەبووە و ئیستاش لە قەفەزێکی ئاسنیندا هەر بە برا گەورە و هاوڕێ و کەسی خۆیانی دەزانن.
🔻چاکەت شینێک لە قەفەزێکی ئاسندا
هەموو چاوەکان لە دەرگای بەرامبەرە و چاوەڕێی لاهور و هاوڕیکانی دەکەن وەژوور بکەوێت. لەپڕ لاهور دێتە ژوورەوە و بەدوایدا پۆڵادی برای و ڕێبواری حامی حاجی غالی و کۆی برادەرەکان لە قەفەزەکەدا کەلەکە دەبن.
لاهور چاکەتێکی شین و قەمیسێکی سپی پۆشیوە و وەک ئەوەی هیچ نەبووبێ، وەک جاران کە چۆن دەچووە شوێنێک بە خێرایی دەڕۆیشت و دەستی سڵاوی بەرزدەکردەوە، پێش هاوڕێکانی بەرەو قەفەزە ئاسنینەکە دەڕوا و بە هەموو لایەکدا چاودەگێڕێ و دەیەوێت بزانێت کێن ئەوانەی لە تەنگانەدا جێیان نەهێشتووە. ئەو جوست و چالاک و شیک و دەم بەخەندەیە. لاهور یەک یەک تەماشای میوانەکان دەکات و دەستی سڵاو بەرز دەکاتەوە و کە چاوی دەچێتە سەر من، دەستی سڵاو بەرز دەکاتەوە و تەماشام دەکات و لەچاویا سوپاسگوزارییەک دەبینم، وەک ئەوەی بڵێ کە لانی کەم بەرامبەر ئەو غەدرەی لێمکراوە بێدەنگ نەبووی یان لانی کەم سوپاس کە لێرەی.
ڕێکارەکانی دادگا دەستی پێکرد. دادوەر یەک دنیا ئەوراقی لەبەر دەست بوو، خوێندنەوەی ئەم هەموو ئەوراقە تاقتەتپڕوکێن بوو. لەو کاتەدا دادوەر داوا لە هەریەک لە پاڤڵ جەلال حیسامەدین و قوباد جەلال حیسامەدین دەکات کە بێنە ژوورەوە. کارمەندەکە دەچێتە دەرەوە و لەناو خەڵکەکە هاوار دەکات :
پاڤڵ جەلال حیسامەدین
قوباد جەلال حیسامەدین
کارمەدەکە دێتە ژوورەوە: گەورەم نەهاتوون. نەهاتنیان لای کەس گرنگ نەبوو وەک ئەوەی پێشتر هەموو بزانن کە هەردوو خاوەن سکاڵا ئامادە نابن.
🔻فەرشی ناو ئاسانسۆرەکە
شاشەیەکی گەورە دەکرێتەوە. چەند ڤیدۆیەک پیشان دەدرێ کە چۆن هەوڵی تیرۆرکردنی پاڤڵ و قوباد دەدرێت. وێنەی سەیارە و وێنەی درۆن و جوڵەی سەیارەکان، زۆری ڤیدۆکان تەواو تاقەتپڕوکێنە و لەگەڵ هەر ڤیدۆیەکدا لاهور پێدەکەنێ و بە چرپە شتێک بە ڕیبواری حامی دەڵێت و هەردوکیان پیدەکەنن. ڤیدۆ بەردەوامە تا دەگاتە فەرشە چەماوەکەی ناو ئاسانسۆرەکە کە قەناسی تێدایە و هەموو ئامادەبووان بە لاهور و برادەرەکانیشیەوە پێدەکەنن.
هێنانی چەک بۆناو شوقەیەک لەناو فەرشێکی لولکراوی چەماوەدا کەمێک بۆ ئامادەبووان و تۆمەتبارانیش مایەی پێکەنین بوو.
لەوکاتەدا لاهور قسە دەکا: جەنابی دادوەر من پێنچ کەس لە کەسە نزیکەکانم لە ڕانیە تیرۆر کران، کەیسەکەیان گەیشت بە کوێ؟ ئەو تۆمەتانەی من دوو ساڵ پێش ئیستایە بەڵام کەیسی هاوڕێ شەهیدەکانم چوار ساڵ پێش ئیستایە. دادوەر هەڵدەداتێ: کار لە سەر ئەو کەیسە کراوە و چاوەڕیی ڕێکارە یاساییەکانین.
🔻خوشکێک وەک شنەی با
ژووری دادگا گەرم دادێ. ئاوات شێخ جەنگی چەند پارچە کاگەزێک دەداتە هاوڕێکانی بۆ خۆباوەشێنکردن. بە بیانووی گەرماوە کاغەزێک لە خانمێکی ناو ژوورەکە وەردەگرم بۆ باوەشێن، بەڵام بۆ نوسینی تێبینییەکانم لەسەر دادگاییکردنەکە و ئەوەی بینیومە پارچە کاغەزەکە بەکاردێنم.
سەعات و نیوێک دەخایەنێت. جارجار پارێزەرەکانی ڕیزی پێشەوە قسەیەک دەکەن و دادوەر وڵامیان دەداتەوە. لاهور بە کلینێکسێک نێوچاوان و لا ملی دەسڕێ. ئاوات خان کاخەزێکی سپی دەدات بە کارمەندەکە تا بیدات بە لاهور تا خۆی باوەشێن بکات. خوشک گەوهەرە بۆخۆی. شەوی سەر لالەزارم بیر دێتەوە کە چۆن ئاوات خان براکانی جێناهێڵی و دەبێتە پشت و پەنا بۆیان.
دادوەر ئەوراقەکان دەخوێنێتەوە. کات زۆر ڕۆی. لاهور و برادەرانی سەیری یەک دەکەن و پیدەکەنن. وەک ئەوەی بڵیی ئێمە ئاگامان لەم شتانە نییە. لاهوور چاوی بچووک دەکاتەوە و بە تەواوی گوێقوڵاغی خوێندنەوەی نوسراوەکانی بەردەم دادوەرەکەیە و جارجار سەیری ڕیبوار و جارجارەش سەیری ئامادەبوان دەکات و پێدەکەنێ.
🔻تینو بۆ ئاو، یان ئازادی؟
گەرما بێتامی کرد و کات دەڕوا. پەنجەرەکە دەکەنەوە تا هەوا بێتە ژوور. بورهان رەشید وەک پارێزەر داوای ئاوی خواردنەوە دەکات بۆ تۆمەتباران. دادوەر کۆتایی بە دانیشتنەکە دێنێت بۆ پێنچ شەممەی داهاتوو. ئاوی خواردنەوە نەگەیشت و لاهور و براکەی و ڕێبوار و نۆ لە هاوڕێکانی کە هەموو گەنجن و ڕیشی ڕەشی نەتاشراویان سەرنج رادەکێشێ. لاهور لەپێشەوە و ئەونی تر بەدوایا دەستی خواحافیزی بەرز دەکەنەوە و لە ژوورەکە دەچنە دەرەوە.
PM:07:19:07/05/2026
ئهم بابهته 228
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی