درامای کوردی و چەند سەرنجێک….
ئەحمەد مەحمود ئەمین
- بەشی یەکەم-
گەشتێک
بەناو هۆکارەکانی بەرەو دوا چوون و پاشەکشەدا
یەکێک
لە دیارترین هۆکارەکانی پاشەکشەی درامای ناوخۆیی، زاڵبوونی دراما دۆبلاژکراوەکانی
تورکی و کۆری و فارسییە. کەناڵە ناوخۆییەکان لەبەر هەرزانیی نرخ، پەنا بۆ کڕینی
درامایەکی ٢٠٠ ئەڵقەیی دەرەکی دەبەن، لەبری ئەوەی بڕە پارەیەک بۆ بەرهەمێکی ناوخۆیی
کوالیتی بەرز تەرخان بکەن.
بەمەش ئەکتەر و نووسەری
کورد پەراوێز دەخرێن، و بینەریش ڕادێت لەسەر کولتوور و شێوازە دەرەکییەکان،
لە
کاتێکدا لە بەغدا هەوڵی بوژاندنەوەی دراما دەدرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان هێشتا
سندووقێکی نیشتمانی بۆ پشتگیریی سینەما و دراما نییە. زۆربەی بەرهەمەکان لەسەر
حسابی لایەنە سیاسییەکان یان کۆمپانیا تایبەتەکانە کە زیاتر بۆ ریکلام یان ئەجێندای
دیاریکراو کار دەکەن.
زۆربەی
دراما کوردییەکان تەنها لەناو مێژوودا قەتیس ماون (ئەنفال، هەڵەبجە، خەباتی شاخ).
هەرچەندە ئەمانە ناسنامەی ئێمەن، بەڵام نەوەی نوێ پێویستی بە چیرۆکێکە کە ڕەنگدانەوەی
ژیانی ئێستای بێت:
• بێکاری و کێشە ئابوورییەکان.
• کاریگەریی سۆشیاڵ میدیا لەسەر کۆمەڵگە.
• پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە مۆدێرنەکان.
• ئەنجام: کاتێک دراما نەتوانێت گوزارش لە "ئێستا"ی
بینەر بکات، بینەر لێی دوور دەکەوێتەوە.
هۆکارێکی
تر خراپی کاستینگ و نواندنە، هێشتا زۆرێک لە ئەکتەرەکانمان بە شێوازێکی "شانۆیی"
(دەنگی بەرز و جوڵەی زیادەڕۆ) لەبەردەم کامێرادا دەردەکەون. نواندنی ناو تیڤی پێویستی
بە سادەیی و سروشتیبوون هەیە. نەبوونی پەیمانگا و خولی فێربوونی تایبەت بە "تەکنیکی
نواندن بۆ کامێرا" وای کردووە زۆرێک لە کارەکان لە ئاستێکی سەرەتاییدا بمێننەوە.هەرچەندە
کۆلێژی سینەما سەرمایەیەکی گرنگە بۆ ئێمە بەڵآم هێشت ماوییەتی ببیتە سەرچاوە…
لە
هەمان کاتدا گەورەترین پاشەکشە لە چیرۆکدایە. زۆربەی دراماکانمان خاوەنی "گرێی
درامی" (Plot) نین کە بینەر ناچار بکات چاوەڕێی ڕووداوی نوێ
و ئەڵقەی داهاتوو بێت.وەک ئەوەی لە ئادیابین و گەهەرو خوشکەکانیدا بە ڕوونی بەدیمان
کرد. لە گەڵ ئەوە کە دووکاری گرنگ بوون لەڕووی بەرگوم هێنانەوە
زۆربەی
چیرۆکەکان یان زۆر کلاسیکن و یان کۆپییەکی لاوازی دراما تورکییەکانن. بەتایبەت گەهەرو
خوشکەکانی..
چیرۆکەکان
لە کێشە ڕاستەقینەکانی ناو کۆمەڵگە دوورن. بینەر خۆی لەناو کارەکتەرەکاندا نابینێتەوە،
بۆیە پەیوەندی ڕۆحی لەگەڵ دراماکە دروست ناکات.
دیالۆگی
ناو دراماکانمان زۆرجار وەک "وتار" وایە نەک قسەکردنی ئاسایی ڕۆژانەی مرۆڤ.
ئێمەی
کورد چیرۆکخوانی باشمان هەیە، بەڵام "سیناریۆنووس"ی ئەکادیمیمان کەمە. سیناریۆ
تەنها نووسینی قسە نییە، بەڵکو ئەندازیاریی ڕووداوەکانە.
نووسەرەکانمان
زۆرجار دەترسن دەست بۆ بابەتە هەستیارەکان بەرن، یان بەپێچەوانەوە، شتێک پیشان دەدەن
کە هیچ پەیوەندی بە ژیانی ناو شار و گوندەکانی ئێمەوە نییە.
کاتێکیش
چیرۆک "جێی بڕوا" (Believable) نەبوو، بینەر چیدی دوای ناکەوێت.
لەبری
ئەوەی چیرۆکێکی کوردی یان عێراقی ڕەسەن بنووسرێت، هەوڵ دەدرێت لاسایی شێوازە بیانییەکان
بکرێتەوە. ئەمەش وا دەکات کارەکە نە ناسنامەی خۆی هەبێت و نە بگاتە ئاستی کارە جیهانییەکانیش.
تاوەکوو
چیرۆکێکی بەهێز، نوێ، و پڕ لە ڕووداوی سەرنجڕاکێشمان نەبێت، تەنانەت ئەگەر ملیۆنان
دۆلاریش لە بەرهەمهێنان خەرج بکرێت، دراماکە هەر بە "خراپی" دەمێنێتەوە،
وەک زۆربەی ئەوکارا درامیانەی لە رابردووی نزیکدا بەرهەم هاتوون چیرۆک دڵی درامایە،
ئەگەر دڵەکە وەستا، جەستەکەش نامێنێت.
درامای
ڕاستەقینە: ئاوێنەی تەواوی کۆمەڵگەیە
بۆچی چیرۆکەکانمان
"ئێمە" نین؟
- بەشی
دووەم -
بەهێزترین
و سەرکەوتووترین دراما لە جیهاندا ئەو درامایەیە کە هەموو تاکێکی کۆمەڵگە، بە
هەموو تەمەن و پیشە جیاوازەکانەوە، خۆی تێدا ببینێتەوە. ئەگەر درامایەک تەنها باس
لە لایەنێکی دیاریکراو بکات، پەیوەندی لەگەڵ زۆرینەی خەڵک دەپچڕێت.
لێرەدا
ئەو خاڵانە دەخەینە ڕوو کە بۆچی "چیرۆکی گشتگیر" گرنگە و ئێستا تێیدا
فەشەلمان هێناوە:
یەکێک
لە هۆکارە سەرەکییەکانی لاوازی درامای کوردی، ئەو ئاراستەیەیە کە زۆربەی گەنجانی
بوارەکانی سینەما و میدیا تێیدا پەروەردە دەبن — واتە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی
پڕوپاگەندەو ڕیکلام.کە بەڕای من یەکێکن لە خراپترین هۆکارەکانی پاشەکشەی دراماو
فیلم،
لەو
شوێنانەدا واتە لەو کۆمپانیا ریکلامیانەدا. سەرنج زۆرتر دەدرێت بە تەکنیک:
ڕووناکی، وێنە، مۆنتاژ، و دەرکەوتنی کارەکان وەک کارێکی جوانی وێنەی باق و بریق.
بەڵام چیرۆک؟ سکریپت (سیناریۆ)؟ ناوەڕۆک؟ زۆرجار لە دواوە دەبن و فەرامۆش دەکرێن.
ئەوە
وایکردووە کە زۆربەی گەنجە هونەرمەندەکان لە ڕووی تەکنیکەوە پێش بکەون، بەڵام لە
بنەڕەتی گێڕانەوەی چیرۆکدا لاواز بن. کاتێک ئەم کەسانە لە بواری دراما، کاردەکەن
هەمان بیرکردنەوە و هەمان ستایلی ڕیکلامی لەگەڵ خۆیان دەهێنن — و ئەنجامەکە دەبێت
درامایەک کە زیاتر فۆرمی ڕیکلام وەردەگرێت، نەک وەک چیرۆکی قووڵ و کاریگەر.
لە
لایەکی ترەوە، کۆمپانیاکانی ڕیکلام زۆرجار پشت بە وەرگرتن و کۆپی کردنی بیرۆکە و ستایلەکانی
دەرەوە دەبەستن. لە بری هێنانی بیرۆکە و ناوەڕۆکێکی ڕەسەن، گرنگی دەدرێت بە هەمان
فۆرم، هەمان شێوە، هەمان ڕووناکی، بێ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە.
ئەنجام؟
دروستبوونی فەرهەنگێکی کارکردن کە تێیدا:
*چیرۆک
لاوازە
*سیناریۆ
یەکەیەکی لاوازە و سەرەکی نییە
*شێوەی
کارەکە وێنەکان لە ناوەڕۆک لەپێشترە و دراما دەگۆڕدرێت بۆ شتێکی سادە و بێ ناوەرۆکێکی
قووڵ و بێ ڕۆح دەبێت..
هەروەها،
زۆرێک لەو بەرهەمە ریکلامیانە تەنها لە نێوان کۆمیدیایەکی سادە و گۆرانیەکی پێ
مانا بەرجەستە دەبن، بە شێوازێکی هەڵبژێردراوە بۆ ڕازی کردنەوەی داواکارییەکانی
خاوەنی کارە بازرگانیەکە، نەک بۆ دروستکردنی کاری هونەرییەکی بەهێز. کە بەڕای من
ئەمە بازرگانیکردنەو هیچ پەیوەندییەکی بە هونەرەوە نیە..
کاتێک
تەکنیک ببێتە ئامانج، هونەر دەمرێت.
و
کاتێک چیرۆک نەبێت، هیچ شتێک نییە بۆ دراما.
دەرئەنجام
درامایەکی
سەرکەوتوو تەنها بۆ کات بەسەربردن نییە، بەڵکو ئەرشیفێکی زیندووی ژیانی
نەتەوەیەکە. تا ئەو کاتەی درامای کوردی و عێراقی نەبێتە "ئاوێنەیەک" کە
هەموو پیشەوەر و تەمەنێکی جیاواز وێنەی خۆی تێدا ببێنێتەوە، ناتوانین بڵێین خاوەنی
هونەرێکی پێگەیشتووین. زۆربەی ئەوکارانەی لەم ساڵ و لە دوو سێ ساڵی ڕابردوودا لە
زۆربەی کەناڵکان برهەمهاتوون کاریگەری ئەم خاڵەیان بەسەرەویە…
دراما
ئەگەر ئاوێنەی کۆمەڵگە نەبێت،
تەنها
وێنەیەکی جوانە… بەڵام بێ مانا.
نەتەوەیەک
کە چیرۆکەکانی خۆی نەگێڕێتەوە،
بە
چیرۆکی کەسانی تر دەژی.
ئەوەی
ئێمە پێویستمانە، ڕووناکییەکی جوان نیە…
کامێرایەکی
تەکنیکی ئاست بەرزو جوان نیە…
ئەوەی
پێویستمانە،
ڕاستییە
— لە ناو چیرۆک.
چونکە
کاتێک خەڵک خۆیان لە ناو چیرۆکەکاندا نەبیننەو،
دراما
وجوودی نیە…
نەخۆشیی دراما و "سەردەمی زێڕین"ی چیرۆکە ڕاستەقینەکان
پەیوەندی نێوان مێژوو
و ناسنامەی تاک
-بەشی سێهەم-
دراما کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە ببێتە ئاوێنەیەک؛ پیر تێیدا
حیكمەت ببینێت، گەنج تێیدا ئازایەتی ببینێت، و منداڵ تێیدا خەون ببینێت. درامای مێژوویی
ئەمەیان کردووە، بەڵام درامای مۆدێرنی ئێمە
هێشتا لەسەر لێواری شاشەکان ماونەتەوە و نەچوونەتە ناو ماڵ و دڵی خەڵکەوە."
تۆ دەپرسیت بۆچی خەڵک زیاتر پەیوەست دەبن بە دراما مێژووییەکانەوە؟
وەڵامەکە لەو خاڵەدایە کە مێژوو تەنها باسی ڕابردوو نییە، بەڵکو باسی "بنەما
سەرەکیەکانی گەردوون و ژیان" دەکات کە هەموو کەسێک تێیدا بەشدارە.
و
متمانە و ڕاستگۆیی……
درامایەکی وەک ژاڵە تەنها چیرۆک نەبوو، بەڵکو مێژوویەکی زیندوو
بوو. هەموو ماڵێکی کورد لەو کاتەدا گیرۆدەی زوڵمی ئاغا و بیری کۆنەپەرستی و نەخوێندەواری
بوون و ، مامۆستا هێمن بووە سیمبولی بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و زۆر کە لەوسەردەمەدا بینەر ئەی شوبهان بە زۆرداری ڕژیمی بەعسی فاشیەوە،
هەستی نەتەوایەتی زۆر بەجوانی دەبەخشی بە بینەر هاوتەریب چیرۆک بەشێوازێکی واقعیانە عەشق و ژیانی ئاوێتە کردبوو بە ململانێکانی ڕۆژگار،
کاتێک خەڵک سەیری دەکرد، تەنها سەیری "ئەکتەر"یان نەدەکرد، بەڵکو سەیری
ئازارەکانی خۆیانیان دەکرد.ئەوەش بڵێین تی ڤی تەنها سەرچاوە و ئاوێنەی ژیان بوو…
ئەم سەرنجانەم بۆ گوڵاڵە و زۆربەی دراماکانی دواتریش دروستە
و هەمان کاریان کردووە لە مێژوودا بەگەورەییی و شاکار ماونەتەوە دواترلە ساڵەکان
٢٠٠٠ درامای مێژووی و مۆدێرن بەیەکەوە سەریان هەڵداو چەندین کاری گەورە بەرهەم هێنران، شاکارێکی تری مامۆستا ناسر حەسەن هەمان ڕێچکەی
گرتە بەرو بەناو مێژوو و ئازار و عەشقدا مەمی ئالانی کردە نموونە و بەشێوازیکی
جوان و پەرهەمێکی گەورەی پێشکەشی نەتەوەکەی کرد، مەمی ئالان تەنها ناوێک نەبوو، بەڵکو
سیمبوڵی پیاوێکی کورد بوو کە پڕ بوو لە حیكمەت و خەمخۆری. خەڵک چونکە کارەکتەرەکەیان
بە "ڕاستی" دەبینی، خۆیان تێدا دەبینییەوە.
ئەگەر سەیری مێژووی درامای کوردی بکەین، دەبینین ئەو کارانەی
کە تا ئێستاش لە بیری خەڵکدا ماونەتەوە، ئەو کارانە بوون کە "چیرۆکی مرۆڤی
کوردی"یان گێڕایەوە. هاوتەریب مامۆستا حسێن میسری چەندین کاری سەردەمیانەی دەست
پێکردوو شەبەنگی خۆری درامای کوردی دا لە خۆرنەوەزان وچۆلەکەکان خەمیان هەبوو ڕەشەی
پۆلیس ئازارەکانی هەموومانی ساڕێژ کردو چەندین کاری تر ، کە سەرەتایەکی گەورە جوان
بوون بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکانمان و هەموومان خۆمان تیادا بینیەوە بینەرێکی هێجگار زۆری
لە دەوری تی ڤی کۆکردەوە بەئێستاشەوە بینەر تەماشایان دەکەنەوە باسی ئەم کارانە دەکەن…
دواتریش گەردەلوول "بەشی یەکەم”
وەک درامایەکی مێژووی بە شێوازێکی جیاواز هاتوو شۆڕشی نوێی
میللەتەکەمانی گێڕایەوە تاڕادەیەک زۆرباش توانی بە چیرۆک و نواندن و تەکنیک بینەر رازی بکات و مێژوویەک بۆ خۆی دروست بکات
و مامۆستا جەلیل زەنگەنە خەرمانێکی خۆی لە ناو پەڕاوەکانی مێژووی دراما بە جوانی هەڵبگرێت……
تائێرە راستگۆیی متمانە زاڵ بوو بەسەر دراماو هونەری ڕەسەن،
بەڵام بەداخەوە کاتێک سیاسەت دەست دەخاتە ناو هونەر و بینەقاقەی دەگرێت، ئەنجامەکەی دەبێتە چیرۆکی
بێهێز و ڕییایی و هەڵەی زۆر لە ناوەرۆکدا. بەشەکانی تری گەردەلوول و ئادیابین
نموونەیەکی زیندوون هەرچەند بەڕای من ئادیابین بەشی یەکەم تاڕادەیەک متمانەیەک و ڕاستگۆیی
دابوو بە چیرۆک بەڵام دواتر هەیمەنەی سیاسەت کارەکانی بە ئاقارو ڕێگایەکی تردا
بردوو بوونە پەیامی حیزبێک….
هەرچەندە بودجەیەکی زەبەلاح بۆ ئەم کارانە تەرخان کراوە، بەڵام
لە ڕووی هونەرییەوە پڕن لە بۆشایی . ئەمە دەیسەلمێنێت کە پارە دەتوانێت وێنەی
جوان بکڕێت، بەڵام ناتوانێت "داهێنان"
و "چیرۆکی هونەری" و متمانە و ڕاستگۆیی بەرهەم بهێنێت کاتێک ئامانجەکە تەنها
پڕوپاگەندە بێت.
هونەری کوردی پێویستی بە سەربەخۆیی هەیە نەک ئەوەی بکرێتە
ئامرازێک بۆ بەرزکردنەوەی ناوی حزب و دەسەڵات…
زۆربەی دراما مێژوویی و مۆدێرنە سەرکەوتووەکان باس لە
ململانێی "ستەمکار" و "ستەملێکراو" دەکەن.
• کاتێک
پۆلیسێک، پارێزەرێک، یان کرێکارێک سەیری دراماکە دەکات، هەست بەو دادپەروەرییە دەکات
کە لەوانەیە لە ژیانی ڕۆژانەی ئێستایدا دەستی نەکەوێت. ئەمە وای لێ دەکات بە قووڵی
"ئینتیما" بۆ چیرۆکەکە دروست بکات. بەڵام دراماکانی ئەمساڵ بەهیچ شێوەیەک
ئەو کارەیان نەکرد کە ئاوێنەیەک بن بۆ تاکەکانی
کۆمەڵگاکەمان بەداخەوە……
کاتێک سیاسەت ببێتە نووسەری چیرۆک
هونەر دەبێتە پڕوپاگەندە.
دراما تەنها بە پارە دروست نابێ…..
بە ڕاستگۆیی، ئازارو متمانە دروست دەبێت.
١ی ئایار /٢٠٢٦
AM:10:56:03/05/2026
ئهم بابهته 120
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی