هێرشی دژە عەرەب ڕاگرن!
بابەکر درەیی
هێرشی رەگەزپەرستی لە میدیا کۆمەڵایەتیەکاندا دژی هاوڵاتیانی عەرەب لە پەرەسەندندایە، ئەم هێرشانە هیچ بنەمایەکیان نییە و بۆ تێکدانی دۆخی سیاسی کوردستان و نانەوەی ئاژاوەیە لە نێوان گەلی کوردستان و هاوڵاتیانی عەرەب زماندا، پەرەپێدان و باسکردنی ئەم رەگەزپەرستیە و دانانی کورد وەک گەلێکی پاکتر ، پیشکەوتوتر، وشیارتر و هتد لەگەل هیچ کام لە:
یەکەم/ بنەما ئاینیەکانی ئیسلام.
دوەم/ بنەماو بناغەی بیروباوەرە پیشکەوتوەکانی چەپ و دیموکرات.
سیهەم/ بەرنامەو کارنامەی حکومەتی هەریمی کوردستان و حزبە پیکهێنەرەکانی.
چوارەم/ دەستوری عیراق کە پەسندکراوی هاوڵاتیانی عیراقە.
پێنجەم/ بەیاننامەی مافەکانی مرۆڤ.
شەشەم/ ئەخلاقی ئینسانی و دراوسێیەتی و تێکەڵی هەزاران ساڵەی هەردو گەلی برای کوردو عەرەب ناگونجێت و بەتەواوی دژ دەوەستێتەوە.
ئەوانەی بە مەبەستی فیتنەیی و ئاژاوەگێری ئاو دەکەنە ئاشی دوژمنایەتی قەومی و نەتەوەیی سبەی رۆژێ هیج لێپرسراوەتیەک قبوڵ ناکەن و دەبنە هۆکاری ئاژاوەیەک کە توخمی مرۆڤ لە زۆر وڵات و جیگەی تردا باجی قورسی لەسەر داوە.
هیوادارم و داواکارم میدیای رەسمی کۆمەڵایەتی ئەم بابەتە جدی وەربگرن و هەلمەتیک بۆ دژایەتی رەگەزپەرستی بخەنەڕێ و تەڕو وشک ی گەلانی تر پێکەوە نەسوتێنن و هیچ کەس تەقە لە نیشانەی هەڵە نەکات چونکە سەرەنجام کوروکچە هەژارەکانی ئەم میللەتە زیانی لێدەکەن و ئەوانەی ئاگری فیتنەیی هەڵەگیرسێنن خۆیان وەک کەسانی ترسنۆک دەرباز دەبن بە شێوەی نەعامەی بیابان سەریان دەخەنە ژێر لم و لە تاریکیا خۆیان دەشارنەوە.
PM:08:02:25/04/2026
ئهم بابهته 528
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی