یەکێتی سوار و پارتی پیادە!
رێبوار كەریم وەلی
بە دیاریکراوی لە 31ی ئابی 1996ەوە کە یەکێتی تووشی هەزیمەت بوو، بە کردەوە بووە حزبی دووەم و براگەورەیی پارتیی قەبوڵ کرد.
*
ئەگەرچی یەکێتی بەناو لە حوکمڕانیدا شەریک بووە، کەچی زۆرترین داواکاریی لە پارتی ئەوە بووە کە شەریکی راستەقینە بێت! لەو لاشەوە پارتی بە بەردەوام وەک ئۆپۆزیسیۆنێکی نوستوو لە بازنەی حوکمڕانیدا تەماشای یەکێتیی کردووە.
*
"بەیانیان حکومەت و دوای نیوڕۆیان ئۆپۆزیسیۆن.”
*
جاران پارتی هەموو شتێکی کردار بوو، یەکێتیش پەرچەکردار. ئێستا جێگۆڕکێ رووی داوە، پارتی سیاسەت بەرهەم ناهێنێ. دانیشتووە بزانێ ئەمڕۆ بافڵ چ دەکات، چ دەڵێ و لەگەڵ کێ دانیشتووە؟ یان لە کوێ گۆڵێکی لە پارتی کردووە؟ ئینجا بووقی بەرماوە، کادیرەکانی پاراستن و مەکتەبی سیاسی دەست دەکەن بە بەیاننامە دەرکردن.
*
ئەو پۆپۆلیزمەی کە ئێستا بافڵ تاڵەبانی سەرکردایەتیی دەکات، ئەگەر بەشێکی پەیوەست بێ بەوەی یەکێتی غەدری لێکراوە، بەشە هەرە گرنگەکەی پەرچەکردارە لە بەرامبەر ئەو پۆپۆلیزمەی کە مەسرور بارزانی و دارودەستەکەی بناغەداڕێژەری بوون و ئیستا رووی شمشێرەکە لە خۆیانە!
*
ئێستا سەرباری ئەوەی پارتی، حکومەت و جومگەکانی حوکمڕانیی بەدەستەوەیە، وەک حزبێکی ئۆپۆزیسیۆن قسە دەکات و دەجولێتەوە. لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017 ەوە ئیشی پارتی بووەتە هەڕەشە و گوڕەشە لە پشت دەرگای حیوارەوە و تا ئێستا یەک دانەشیانی پێ تەنفیز نەکراوە!
*
پوختەی کەلام، هەموو کەس دەزانێ ئەو چەقبەستووییەی ئێستا دەرئەنجامی سەرەڕۆیی و زیادەخوازیی پارتیی باوک و کوڕە و، تا ئەوەش بەردەوام بێ هەڵبژاردنیش دوبارە بکرێتەوە(کە نە لە کورستان و نە لە بەغدا کۆمیسیۆن نییە)، هەمان تاس و حەمامە.
AM:09:52:24/04/2026
ئهم بابهته 96
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی