دۆخی ڕۆژنامەگەری لە سەردەمی شاشەدا

‌هەڤاڵ عارف

ئایا دەکرێت باس لە رۆژی ڕۆژنامەگەری بکرێت لە کاتێکدا خودی کایەکە لەناو قەیرانێکی بونیادی و ئاڵنگاری ئەرکدا ئیفلیج بوبێت؟
لێرەدا پرسیاری بنەڕەتی گەڕانەوەیەکی فۆرمالیستی نییە بۆ مێژووی دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردی بەڵکو گەڕانە بەدوای ئەو هەقیقەتە تەڵخەی، کە ئایا ئەم ئامرازە لە سەردەمی دیجیتاڵیزەکردندا توانیویەتی خاسییەت و وێنای مەعریفی و ئیعتیباری پیشەیی خۆی لای وەرگر بپارێزێت لە نێو ئەو فەوزاو قەرەباڵغییە بێمانایەی، کە تێیدا خێرایی کراوەتە پێوەر و ماددە کراوەتە ئامانج؟

ئاڵنگارییە بنەڕەتییەکە لەخودی ئەم پرسیارەوە دەست پێدەکات و چڕدەبێتەوە چونکە ئاشکرایە دۆخی ئێستای میدیا وک نەوەی پێگەشتووی رۆژنامەگەری لە نێوان تەوژمی خێرایی دیجیتاڵی و پاشەکشەی قووڵایی پیشەییدا ڕووبەڕووی هەڕەشەو مەترسی لێکترازان و لەدەستدانی هاوسەنگی جددی بووەتەوِە. 

ئەم پاشەکشەیە تەنیا لە گۆڕینی فۆرم و ڕواڵەت و میتۆدا نییە، بەڵکو لەو شێواندنە بونیادییەدایە. کە تێیدا پەلەقاژەی یەکەم بوون و  هەڵپەی دەستکەوتی ماددی بوونەتە بزوێنەری ئاراستەکردنی کایەکەو گواستنەوەی سەرپێی و زانیاریی بێ ڕەگ جێگەی شیکاری مەعریفی و تێڕامانی ستراتیژی گرتووەتەوە، ئەم وەرچەرخانەش میدیای لەئەرکە بنچینەییەکەی، کە بەرهەمهێنانی مەعریفەیە ترازاندووە بۆ ئامرازێکی وروژاندنی کاتی و جۆرێک لە نمایش، کە تێیدا ئیعتیباری پیشەیی دەکرێتە قوربانی چرکەساتی بینین، لێرەشدا مەترسییەکە تەنیا لەدەستدانی شەرعیەتی مەعریفی نییە بەڵکو پووکانەوەی ئەو ژێرخانە بونیادنەرەیە، کە میدیای وەک ناوەندێکی گوتارساز لە کایەی ململانێی ئاگاییدا جێگیر کردبوو.


ڕەهەندە فەلسەفییەکەی ئەم تەنگژەیە ئەو کاتە دەردەکەوێت، کە شوناسی ڕۆژنامەنووس دەخرێتە بەر نەشتەری پرسیار ئایا دەکرێت کارەکتەرێکی میدیایی بانگەشەی گەڕان بەدوای ڕاستیدا بکات، لە کاتێکدا ئیرادەی پیشەیی و نەخشەی بیرکردنەوەی لە لایەن داینەمۆی داراییەوە  بۆ دیاری بکرێت؟ لێرەدا قەیرانەکە تەنیا لە نەزانین یان خۆ لەگێلدانی سەرچاوەی تەمویلی دەزگاکاندا نییە، بەڵکو لەو  پاشکۆیەتییە بونیادییەدایە، کە تێیدا قەڵەم و گوتار دەبنە پاشکۆی ئەو لۆژیکەی پارە دایڕشتووە، بۆیە کاتێک ئاراستەی بیروڕا و چوارچێوەی گوتار بە پێوەری بڕی تێچوو دیاری دەکرێت ئیتر بکەر لەخودێکی مەعریفییەوە دەگۆڕێت بۆ ئەکتەرێکی جێبەجێکاری ئەو ئەجێندایانەی، کە پێشوەختە داڕێژراون.

بە پوختی، وەڵامی هەموو ئەو سرنج و پرسیارە ئاڵۆزانە و کۆی ئەو واقیعە تەمومژاوییەی ئێستا میدیای تێدایە بەرئەنجامی باڵادەستبوونی وەهمی خێرایی و هەڵپەی ماددییە، کە تێیدا هەقیقەت لەبەردەم غەریزەی بەرژەوەندی و یەکەمبووندا چۆکی داداوە و میدیا لە ناوەندێکی گوتارسازەوە بۆ پاشکۆیەکی بێ‌ ڕۆحی بڵاوکردنەوە کورتکراوەتەوە، تێپەڕاندنی ئەم تەنگژەیەش بەوە دەستەبەر، کە میدیا بایەخ و هێزە هەژموونگەراییەکەی بۆ خزمەتی شکۆی پیشەیی وەربگرێتەوە تا چیتر ماددە و وەهەمی پێشەنگبوون وەک داینەمۆی ئاراستەکردن باڵادەست نەبێت، بەڵکو مەزهەرییەتی پیشەیی ببێتە جەمسەری بڕیاردان و ئاراستەی ستراتیژیی کارکردنی دیاری بکات.

لەم نێوەندەشدا ئومێدی ڕاستەقینە لای ئەو قەڵەمە رەسەن و ڕەوتە پێشەنگانە ماوەتەوە، کە سوورن لەسەر گێڕانەوەی هێزی  میدیا وەک جەوهەری بواری رۆژنامەگەری بۆ خزمەتی خودی پیشەکە، تێپەڕاندنی ئەم تەنگژەیەش تەنیا بەوە مەیسەر دەبێت. کە مەرجەعیەتی بڕیار لەم کایەیەدا بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەهلی پیشەکە، چونکە تەنیا ئەم ئاراستە ڕەسەنە دەتوانێت میدیا لە پاشکۆیەکی بێ‌ ڕۆحەوە دووبارە بکاتەوە بە ناوەندێکی گوتارساز و کاریگەر، دواجار گێڕانەوەی فەزیلەت و شکۆ بۆ هەقیقەت وەک سەنتەری ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پاراستنی شکۆی رۆژنامەگەری، تاکە ڕێگەیە بۆ گۆڕینی بینەری چرکەساتی بۆ خودێکی هۆشیار، بەبێ ئەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییە و ڕزگارکردنی ئەم کایە بەلاڕێدابراوە هەر نووسینێک لەسەر بایەخ و گرنگی فەزای ڕۆژنامەگەری تەنیا زیادکردنی ژاوەژاوێکی بێسوودە بۆ ناو ئەو فەزا شێواوەی، کە تێیدا هەقیقەت و راستتیەکان لە پێناو غەریزەی باڵادەستی بێناوەڕۆکدا خنکێنراوە، کەواتە با ئەوەی لەسەر کاغەز وەک ژێرخانی ڕەسەنی ڕۆژنامەگەری کۆمان کردووەتەوە، لەبەردەم هەژموونی ساردی شاشەکاندا بەهەدەری نەدەین.


PM:08:30:23/04/2026

ئه‌م بابه‌ته 184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی