"ئەوان تەنها لەزمانی هێز تێدەگەن"

‌ئارام سەعید

 ئەم رستەیە زۆر لەلایەن ترەمپ و نەتانیاهو بەکاردەهێنرێت بۆ هەرەشەکردن لەئێران، کە مەبەستیان لێی سەپاندنی مەرجەکانە لەرێگەی هێزەوە. هەرچەندە بەکارهێنانی هێز ئامانج بەدی دەهێنێت بەڵام ئەو ئامانجانە کورتخایەن دەبن، بەکارهێنانی هێز توانای نیە چارەسەری درێژخایەن بهێنێتە دی وەک چۆن لەجەنگەکانی رابردوی ئیسرائیل بەرامبەر حزبوڵا و جەنگی دوانزە رۆژەی پێشوی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بینیمان، نەک ئامانجەکان بەتەواوەتی بەدی نەهاتن بەڵکو تورەیی زیاتری دروستکرد.
 
لەسیاسەتی ئەمڕۆی جیهانیدا و لەسایەی کارەکتەری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ستراتیژێک دەبینین کە زمانی هێز و وتووێژی تێکەل کردوە. سەرەتا هەرەشەی روخاندنی رژێمی ئیرانی کرد، کەئەمەش هەرەشەی بەکارهێنانی هێز بوو، پاشان لەئەنجامی هێرشە سەربازیەکان و وەشاندنی گورزی سەربازی کاریگەر ویستی ئارەزوی وتووێژ نیشان بدات. دوای وتوویژ هەرەشەی کشانەوەی کرد لە رێکەوتن و بەئامانج کردنی ژێرخانی کردە هەرەشە، هەموو ئەمانەش بۆ ئەوە بوو زەمینەیەک بخولقینیت کە زۆرترین دەستکەوتی هەبێت. واتە هەرەشەی بەکارهێنانی هێز وەک بەشێک لە هەوڵە دیپلۆماسیەکان و گەیشتن بەرێکەوتنێک کە دیزاینی خۆی بێت. 

دروستکردنی ئەم هاوسەنگیە لەنێوان هێز و وتووێژدا جەوهەری بیرکردنەوەی دۆناڵد ترەمپە، بەڵام ئایا تا ئێستا توانیویەتی سەرکەوتوو بێت لەم سیاسەتەدا؟ ئەوەی لە واقیعدا دەیبینین هێشتا ئێران یۆرانیوۆمی پیتێنراوی ماوە کە ٤٤٠ کیلۆی بەرێژەی لەسەدا ٦٠ و نزیکەی هەزار کیلۆ بەریژەی لەسەدا ٢٠ پیتێنراوی هەیە. ئیران توانای موشەکی ماوە و گەروی هورمز کە بەر لە ٢٨ ی شوبات رێرەوێکی نێودەولەتی ئازاد بوە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە، هێزە پرۆکسیەکانی لەناوچەکەدا بە گوێرایەڵی ماونەتەوە.
 
لەکۆتاییدا بنەمای هەر وتووێژێک ئەوەیە چەند وەرەقەی گوشارت هەیە،  لەمبارەیەوە تا ئێستا هەردولا توانای بەرگەگرتنیان هەیە و گوشاریان هەیە، پێناچێت وتووێژەکان بەمزوانە بگاتە ئەنجام مەگەر ترەمپ جەنگەکە فراوان بکات و هەرەشەکانی جێبەجێ بکات و بەمەش کارەساتی گەورە دروست دەبێت و ناوچەکە بەتەواوەتی دەکەویتە ژێر کاریگەری ئەو جەنگەوەو وێرانی گەورە و کارەسات روو دەدات.


PM:08:26:20/04/2026

ئه‌م بابه‌ته 216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی