ئەمە چ تێگەیشتنێکی فیقهی و شەرعییە؟
ئهبو بهكر كاروانی
دوای ئەوەی دوێنێ لەسەرئاستی هەندێك لەنەخۆشخانەکانی سلێمانی دەربارەی غەزال ڕۆژهەڵاتی بریندار ڕوویدا، بەداخەوە ئەمڕۆ باسی مزگەوتیشی تێکەڵ بوو، ئەوەش کاتێك رۆژنامە نووس هونەرئەحمەد ڕایگەیاند، داوا لەچەند مزگەوتێك کراوە بۆئەوەی تەرمی ناوبراوی تێدا بشۆرێت، یەکیان بەبیانووی ئەوەی لەژێر نۆژەنکردنەوەدایەو ئەوانی تریش گوایە بەپاساوی ئەوەی نابێت ورێگە پێدراو نییە تەرمی ئافرەت لەمزگەوتدا بشۆرێت ڕێگەیان نەداوە!
-من نازانم ئەوانەی پەیوەندییان پێوەکراوە کێ بوون، هیوادارم تەنها مجێورو فەرمانبەرێکی ئاسایی مزگەوت بووبن و مامۆستای ئاینییان تێدا نەبێت، بەحوکمی ئەوەی ئۆباڵی ڕێگە پێنەدانەکە قورستر دەبێت و ئاماژەکانیشی خراپتر، چونکە ئاماژە بەباڵادەستی عەقڵێکی فیقهیی وشکی داخراوو دابڕاو لە قورئان و ئوسوڵ ومەبەستە باڵاکانی شەریعەت وبنەما ئەخلاقییەکان دەکات.
-لەبەرئەوەی قورئان رێگەی بەمرۆڤ داوە لەژێر فشارو ئەشکەنجەی تاقەت پڕوکێندا وشەی کوفری بەدەمدا بێت، مادام(قلبه مطمئن بالايمان)، بەگوێرەی شەریعەتی ئیسلامییش، مرۆڤ لە کاتی برسیەتی زۆر بۆهێناندا، ڕێگەی پێدراوە گۆشتی بەراز بخوات، کە حەرامکراوێکی شەرعییە. ڕێسا بەناوبانگە شەرعییەکەش دەڵێت(الضرورات تبيح المحظورات) ،واتە ناچاریی بەکاتیی قەدەغە لەسەر شتە یاساغ کراوەکان هەڵدەگرێت.
- جاپرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە،کاتێك مرۆڤ لەپرسێکی وەکو ئیماندا بۆی هەبێت بەوجۆرە بجوڵێتەوە کەلەقورئاندا ئاماژەی پێکراوەو باسمان کرد،هەروەها شەریعەت خاوەنی ئەوڕێسا گشتییە بێت لەکاتی ناچاریوپێویستیدا و خستمانەڕوو،دەبێت بەچ خوێندنەوەو تێگەیشتن وسەلیقەیەك دەرگای مزگەوت بەڕووی شۆردنی تەرمی ئافرەتێکی ماڵ وێران و غەریب بەواتا کۆمەڵایەتیەکەی دابخرێت؟ کەسیش لەوانەی ئەمەیان کردووە پێشنیاری ئەوەنەکات لەماڵی خۆی یاخود شوێنێکی تری جێگرەوە بشۆرێت؟ بەداخەوە دیارە پانتاییی قەیرانە ئەخلاقییەکە لەهەندێ روەوە گەورەو فرەلایەنە یەو بەشێ لەناوەندە دینییەکەشی لێ بەدەر نییە؟!
AM:10:13:17/04/2026
ئهم بابهته 388
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی