کەرکوک و گرێکوێرەی ناوخۆ کاتێک ململانێی حزبی دەبێتە سێبەری دۆزی نەتەوەیی “
کارۆخ سەید رزگار
لە فەلسەفەی سیاسەتدا، هێزی هەر نەتەوەیی لە یەکگرتوویی گوتارەکەیدایە بەرامبەر بە نەیارەکانی بەڵام کاتێک سەیری مێژووی نزیکی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەکەین ڕاستییەکی تاڵ دەبینین ئەو وزە و تاقە بێشومارەی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بۆ دژایەتیکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خەرجی کردووە ئەگەر تەنها نیوەی دژی شۆڤێنییەکان و ناحەزانی کورد بەکاربهێنرایە، ڕەنگە باردۆی هەرێم و خەونی سەربەخۆیی کورد ئێستا لە شوێنێکی زۆر باشتردا بوایە
شکستی سیاسەتی ستراتیژی پارتی لە بەغدا
ململانێی سەر پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق، پەردەی لەسەر ئەوە عەقڵیەتە لادا. پارتی لەو پێناوەدا هەموو دەرگایەکی کوتا و هەرچی لە توانایدا بوو کردی بۆ ئەوەی کاندیدەکەی یەکێتی تێپەڕ نەکات، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوەی شکستی خوارد تەنها کاندیدێک نەبوو، بەڵکو یەکڕیزیی کورد بوو کە قوربانیی کێبڕکێیەکی حزبیی بێ ئەنجام بوو.
دوو فاقیی سیاسی؛ هەولێر و کەرکوک
ئەوەی جێگەی هەڵوەستەیە، ئەو هاوکێشە ناتەندروستەیە کە لە نێوان هەولێر و کەرکوکدا دروست کراوە. چۆن دەکرێت لە هەولێر بوونی چەندین حزبی تورکمانی و پێدانی پۆستی باڵا پێیان بە دەستکەوتی دیموکراسی و "پێکەوەژیان" بژمێردرێت، بەڵام لە کەرکوکدا داواکردنی پۆستی پارێزگار لەلایەن لایەنە کوردییەکانی ترەوە وەک هێڵی سوور و کێشە سەیر بکرێت؟
ناکرێت لە هەولێر دەرگاکان بۆ کەمینەکان واڵا بن، بەڵام لە کەرکوکدا کورد خۆی بێتە ڕێگر لەبەردەم مافە دەستوورییەکانی نەتەوەکەی خۆی. مێژوو ئەوەمان بیر ناچێتەوە کە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، جۆرێک لە سازشی سیاسی ڕێگەی خۆشکرد بۆ مانەوەی "ڕاکان جبووری" وەک پارێزگاری بەوەکالەت؛ کەسێک کە سەردەمەکەی بووە مۆتەکەی تەعریب و خانووی کوردی تێدا دەڕووخێنرا.
کەرکوک تەنها شارێک نییە، بەڵکو تاقیگەی نەتەوەییە. ناکرێت بەرژەوەندییە حزبییەکان و رقە کۆنەکان بکەینە چەکێک و لە جیاتی شۆڤێنییەکانی پێ بپێکین، سنگی نەتەوەکەمانی پێ کوناوقوژبن بکەین. کاتی ئەوە هاتووە تاقەی حزبەکان لە جیاتی "دژایەتی یەکتر"، بۆ پاراستنی خاک و شکۆ و ناسنامەی کەرکوک تەرخان بکرێت، چونکە مێژوو بەزەیی بەو لایەنەدا نایەتەوە کە بەرژەوەندییەکی کاتیی حزبی لەسەر حساب و فرمێسکی خەڵکی کەرکوک بونیاد دەنێت..
نوسەر -بیرووت
PM:06:23:15/04/2026
ئهم بابهته 160
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی