ئەنفال و ھەڵەبجە، بێدەسەڵاتیی ڕەھا...ڕامانێک لە پێداویستی گۆڕینی بەھای یادکردنەکانمان

‌ئاراس فه‌تاح

بەشی یەکەم

ئێمە ناتوانین یادی ٣٨ ساڵەی کارەساتی ھەڵەبجە و ئەنفال، تەنھا وەک بیرھێنانەوەی ئازارێکی نیشتیمانیی گەلێکی فەرامۆشکراوی سەردەمی جەنگی سارد ببینین، بەڵکو پێویستە ئەم ساڵڕۆژە وەک ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ویژدانییانەی مرۆڤایەتیی لەگەڵ کێشەیەکی بنەڕەتیی ناو فەلسەفەی سیاسیی تەماشابکەین، ئەویش پرسی ”مافی ژیانە".

ژنە فەیلەسوفی ئەڵمانی- ئەمریکی بەڕەگەز جوو (ھانا ئارێنت)، لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا دەربارەی ”بنەچەکانی تۆتالیتاریزم"، تاووتوێی پرسێکی سەرەکیی ناو فەلسەفەی سیاسیی دەکات کە ئەویش پرسی ”ماف"ە. ئەو چەمکی ”مافی ھەبوونی ماف" دادەھێنێت کە دەتوانین بۆ تێگەیشتن لە پرسی ھەڵەبجە و ئەنفال پشتی پێببەستین. پوختەی بیرۆکەکەی ئارێنت بریتییە لەوەی ھەر کاتێک مرۆڤ مافی ”ھەبوونی ماف"ەکانی لێسەنرایەوە، دەبێت بە بوونەوەرێکی بێ پشتوپەنا و بێبەش لە ھەموو مافێکی یاسایی و ھیچ ڕێسایەکی مرۆیی و ئایینیی یاخود نیشتیمانیی و گەردوونیی ناتوانێت بیپارێزێت. گەورەترین نموونەیش بۆ ئەم جۆرە گروپە بریتییە لە بوونی ھەندێ نەتەوە بە کەمەنەتەوە و سەرھەڵدانی دیاردەی بەپەناھەندەبوون. ئەم دۆخەش وەک دەرکەوتێکی نوێی دونیای مۆدێرن لە دوای جەنگی جیھانیی یەکەمەوە سەرھەڵدەدات و پاشان دەبێت بە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی کێشە نێودەوڵەیتییەکان و پرسی چەوسانەوەی کەمینەکان لەناو قەوارەی دەوڵەت-نەتەوەدا. بەعسیزم وەک ھەموو سیستەمە تۆتالیتێرەکانی تر ھەوڵیدەدا ڕووبەرێکی ئازاد نەمێنێتەوە بۆ ئینسانی کورد کە لەدەرەوەی سەروەریی دەوڵەتە نەتەوەییەکەیدا بێت، شتێک نەبێت بەناوی سەربەخۆیی یان ناوچەی ئازاد کە لە دەرەوەی چاودێریی و ھەیمەنەی حیزبدا ژیانی تێدا بەسەرببرێت. بۆیە ناوچەی موحەڕەمەی لە کوردستان دروستکرد و دانیشتوانەکەی لەناو ئۆردوگای زۆرەملێدا نیشتەجێکرد.

بەرھەمی سیاسەتی تەرحیل و جینۆساید بووە ھۆکارێک کە بۆ یەکەمینجار لە مێژووی نوێی کوردستاندا شوناسی گەلی کورد لە کەمینەیەکی نەتەوەییەوە بگۆڕێت بۆ پەناھەندە لە وڵاتەکەی خۆی. پرۆسەی بەپەناھەندەکردنی کورد لە وڵاتی خۆی، ھەم مانای لێسەندنەوەی ھەموو مافە مەدەنیی و سیاسیی و یاساییەکانی بوو و ھەم سەرەتای ئامادەکردنی بوو لە کوشتنی کۆمەڵایەتییەوە بۆ کوشتنی سیاسیی.

فەیلەسوفێکی تر کە تیۆرییەکەی دەتوانێت یارمەتیمان بدات بۆ تێگەیشتن لە ھەڵەبجە و ئەنفال، (جۆرجیۆ ئاگامبن)ە. بەکورتیی و ئاسانیی، ئەگامبن سیاسەت دەکات بە دوو بەشەوە. یەکەمیان ناودەنێت ”زۆی" (Zoe)، واتە ژیانی ڕووت، ئەو ژیانە بایەلۆژییەی کە ھەموو بوونەورێک لەناو سروشدا ھەیەتی. دووەمیشیان ناودەنێت ”بایۆس" (Bios) کە مەبەست لێی ژیانی سیاسییە و چەمکی ھاوڵاتیبوون تیایدا پیادەدەکرێت و مافەکان بە یاسا ڕێکدەخرێن. ئاگامبن پەنا دەباتە بەر چەمکی "هۆمۆ ساکەر" بۆئەوەی چەمکی (زۆی) یان ژیانی ڕووتمان بۆ ڕوونبکاتەوە. ”هۆمۆ ساکەر"، لە یاسای ڕۆمەکاندا کەسێک بووە کە بێماف بووە و دەکرا بە بێ سزا بکوژرێت. واتە مرۆڤێکە کە ھیچ مافێکی سیاسیی یان یاسایی نەبووە، ئەوەی ھەیبووە تەنھا "ژیانێکی ڕووت"ە. بەم چەشنە بۆ ئەگامبن لەکاتی کودەتادا یان حوکمی عەسکەرییدا باری نائاسایی ڕادەگەیەنرێت و یاسا مەدەنییەکان لەکاردەخرێن. لەدیدگای ئاگامبندا ئۆردوگا شوێنێک نییە کە یاسای تێدا نەبێت، بەڵکو شوێنێکە کە تێیدا یاسا جێبەجێ ناکرێت. بۆیە چ لە کاتی ڕاگەیاندنی باری نائاسایی یان لە ئۆردوگاکاندا مرۆڤ دەبێت بە ھۆمۆساکەر، واتە کەسێک کە لە دۆخی ژیانێکی ڕووتدا دەژی و ژیانە سیاسییەکەی بایۆس (Bios) ھیچ بەھایەکی یاسایی نامێنێت و دەکرێت بکوژرێت بێئەوەی بکوژەکەی سزابدرێت.

لەژێر سایەی بەعسیزمدا کوردستان دەبێت بە ناوچەی موحەڕەممە و ئۆردوگایەکی گەورە و بەو ڕووبەرەی کە (باری نائاسایی) یان (دۆخی ناکاو)ی تیادا ڕاگەیەنراوە و ھەموو یاسا کارپێکراوەکانی دەوڵەت ھەڵپەسێردراون و تەنھا لەشکر حوکمڕانی دەکات و سەرباز بڕیار لەسەر مافی ژیان و مردن دەدات. لەم چوارچێوەیەدا ھەڵەبجە و گوند و شارۆچکەکانی تری کوردستان شوناسی شوێنێکی ”دەرە-یاسا"یان پێدەبخشرێت کە تیاید مرۆڤەکانی دەبن بە "هۆمۆ ساکەر" و ھەموو مافە سیاسیی و یاساییەکانیان لێدەسەندرێتەوە. ئەم مرۆڤانە دەکرێت بە ئاسانی بکوژرێن، بەبێئەوەی ھیچ کەسێک یان لایەنێک بەدواداچوونی بۆ بکات و بەبێ ئەوەی ھیچ دەوڵەتێکی ئیسلامیی یان دەزگایەکی نێودەوڵەتی ئامادەبێت لێپرسینەوە لەو تاوانانە بکات.

بەپەناھەندەکردنی کورد لە وڵاتی خۆیدا واتە کردنی بە بوونەوەرێکی بێماف و پشتوپەنا کە دەوڵەت وەک گۆشتێکی زیادە بەسەر جەستەی سیاسی سیستەمەکەیەوە مامەڵەی لەتەکدا دەکرد و بە بڕین و لێکردنەوەی لە لەشی دەوڵەتی عێراق، مافی ژیانیشی لێدەسەنێتەوە.

بە بۆچوونی من، کەیسی ھەڵەبجە و ئەنفال ھێشتا نەبوون بە وشیارییەکی ڕەخنەیی لای مرۆڤی کورد و نەبوون بە ھەژانێک لە ویژدانی سیاسیی دەوڵەت و گەلانی عێراق. ئەم کێشەیەش بەشێکی پەیوەندی بە مامەڵەی کارەساتئامێزی دەسەڵاتی کوردییەوە ھەیە و بەشەکەی تریشی پەیوەندی بە ھەندێ نەگۆڕی سیاسییەوە ھەیە لە تیۆری دەوڵەتی نەتەوەیی لە عێراقدا.
دەسەڵاتی کوردیی پاش ٣٨ ساڵ، ھەم لە ڕێگای مۆنۆمێنتی مردووی ھەڵەبجە و ھەم لە ڕێگای بەناو دەستکەوتی بە پارێزگاکردنییەوە، ھەڵەبجەی کردووە بە ئایکۆنێکی مردووی سیاسیی کە لەدووتوێیەوە جینۆساید و بەشخورانی شارەکە و میللەتی کورد بە دەوڵەتیی عێراق و دەرەوە دەفرۆشێتەوە، بەبێئەوەی بتوانێت یەک ھەنگاوی جدیی بنێت و بیکات بە کەیسێکی یاسایی نێونەتەوەیی و مافە مادیی و مەعنەوییەکانیان بۆ بگێڕێتەوە.

بۆئەوەی ھەڵەبجە و ئەنفال بکەین بە وشیارییەکی دەستەجەمعیی دەبێت کۆی پەیوەندییە چەقبەستووەکانمان لەگەڵ ئەم کارەساتە بگۆڕین. بۆئەم مەبەستەش بەراوردێکی خێرای نێوان کولتووری یادکردنەوەی ھەڵەبجە و ئەنفالم لەگەڵ ھۆلۆکۆستدا بەپێویست زانی.

(جەیمس یۆنگ) پسپۆڕێکی بەناوبانگی بواری ھۆلۆکۆستە، ڕای وایە کە یادەوەریی تەنیا لە شوێندا نییە، بەڵکو لە کاتیشدایە. ھەر میللەتێک بە چەشنێک یادەوەرییەکانی نماییشدەکات کە لەگەڵ بەرپرسیارێتییە سیاسیی و مێژووییەکەیدا یەکدەگرێتەوە. بۆ نموونە لە ئەڵمانیا وەک شەرمەزارییەک و بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی مۆنۆمێنتەکان دروستدەکرێن، بۆئەوەی نەوەی نوێ ئەو کارەساتە مێژووییەی کە دەوڵەت و نەتەوەی ئەڵمان لێی بەرپرسیارە، ھەرگیز لەیادنەکات. لە ئیسرائیلیش یادەوەریی ھۆلۆکۆست دەبێت بە بەشێکی دانەبڕاوی شوناسی نەتەوەیی و وەک پاراستنی ”سوبێکتی سیاسیی" جوو دەبینرێت. یادکردنەوەی هۆلۆکۆست لە ئیسرائیل (کە پێیدەڵێن Yom HaShoah) مەراسیمێکی سادە نییە، بەڵکو چەند نەریتێکی ساڵانەی زۆر تایبەتی نەتەوەییە کە تەواوی ژیانی گشتیی بۆ ماوەیەکی کورت پەکدەخات. لێرەدا دیارترینیان دەخەمەڕوو کە لە چەندین سەرچاوەی جیاوازەوە وەرمگرتووە.

١. زەنگی ئاگادارکردنەوە و وەستانی کات
سەعات ١٠ی بەیانی، زەنگی ئاگادارکردنەوە (وەک ئەوەی لە کاتی شەڕدا گوێمان لێ دەبێت) بۆ ماوەی دوو خولەک لە تەواوی وڵاتدا لێدەدرێت. هەموو جووڵەیەک دەوەستێت. ئۆتۆمبیلەکان لە ناوەڕاستی شەقام و ڕێگا خێراکاندا دەوەستن و شۆفێرەکان دادەبەزن و بە بێدەنگی دەوەستن. پیادەکان، کرێکاران، و خوێندکاران هەموان ڕادەوەستن و جووڵەناکەن. بۆ ماوەی ئەو ٢ خولەکە، ھەمو وڵات دەبێت بە ”مۆنۆمێنتێکی زیندووی کۆمەڵایەتیی" وەک (جەیمس یۆنگ) ناوزەدی دەکات.

٢. ناونانی قوربانییەکان: ”هەموو کەسێک ناوێکی هەیە"
مەراسیمێکی زۆر تایبەت هەیە بە ناوی ”لکل ئیش یەش شێم" (L'chol Ish Yesh Shem). لەم مەراسیمەدا، لە پەرلەمان (کنێسێت) و لە مۆزەخانەی یەد ڤاشێم، بەرپرسە باڵاکان و خەڵکی ئاسایی بە نۆرە ناوی ئەو خزم و کەسانەیان دەخوێننەوە کە لە هۆلۆکۆستدا کوژراون، لەگەڵ تەمەن و شوێنی لەدایکبوونیان. مەبەست لێی ئەوەیە کە قوربانییەکان تەنها وەک ”ژمارە" (وەک ئەوەی نازییەکان دەیانکرد) نەمێننەوە، بەڵکو وەک ”مرۆڤی خاوەن ناو" یادبکرێنەوە و ڕێزیان لێ بگیرێت. ئەم سرووتە سیاسییە ھەوڵێکە بۆ زیندووڕاگرتنی ئەو مێژووەی قوربانییەکان کە تەنھا ”ژمارە" نین، بەڵکو ”سوبێکتی سیاسین".

٣. "ڕێپێوانی زیندووەکان" (March of the Living)
ھەموو ساڵێک بە هەزاران گەنجی جوو لەگەڵ ڕزگاربووانی هۆلۆکۆست لە ئیسرائیلەوە دەچن بۆ پۆڵەندا. لە کەمپی ”ئاوشڤیتز"ەوە بەرەو "بێرکناو" ڕێپێوان دەکەن، وەک گوزارشتێک لەوەی کە ئێمە ھێشتا ماوین و زیندووین.

٤. داخستنی شوێنە گشتییەکان
لە ئێوارەی پێش یادەکەدا، هەموو چێشتخانەکان، سینەماکان، یانەکان و شوێنە گشتییەکانی تر دادەخرێن. تەلەفزیۆنەکان تەنها فیلمی دۆکۆمێنتاری و بەرنامەی جیدی دەربارەی هۆلۆکۆست پەخشدەکەن و هیچ ڕیکلامێکی بازرگانی نیشاننادرێت.

٥. گۆڕینی جلوبەرگی فەرمیی و لۆگۆی میدیاکان
سەردێڕی ماڵپەڕە هەواڵییەکان و لۆگۆی ھەموو کەناڵەکانی وڵاتەکە دەگۆڕدرێن بۆ ڕەنگی ڕەش و سپی. لە قوتابخانەکاندا، خوێندکاران کراسی سپی دەپۆشن و مەراسیمی تایبەت بە خوێندنەوەی شیعر و گۆرانی خەمناک بەڕێوەدەچێت.

٦. یادەوەری لە ژووری دانیشتن (Zikaron BaSalon)
”یادەوەری لە ژووری دانیشتن" نەریتێکی نوێیە لە ئیسرائیل کە بۆ یادکردنەوەی ھۆلۆکۆست پەیڕەودەکرێت. ھاونیشتیمانیان لە ماڵەکانی خۆیاندا کۆدەبنەوە و ڕزگاربوویەکی هۆلۆکۆست داوەت دەکەن تا چیرۆکی خۆی بۆ گەنجەکان بگێڕێتەوە. ئەمە جۆرێکە لە گواستنەوەی یادەوەری لە "مێژووی وشک"ەوە بۆ زیندووڕاگرتنی ”پەیوەندی مرۆیی".

ئەم شێوازانە لە یادکردنەوە، کە تێیدا تەواوی دەوڵەت و جەستەی کۆمەڵگا بۆ ساتێک دەوەستێت، زۆر لەو مێتۆدەی هانا ئارێنت نزیکە کە دەڵێت دەبێت یادەوەری وەک ”کردەیەکی سیاسی" بە زیندویی بمێنێتەوە تا ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ”بێدەنگکردنی مرۆڤ" بکرێت.
لە یادی ئەنفال و ھەڵەبجەدا ئێمەی کورد چی دەکەین؟


PM:02:12:14/04/2026

ئه‌م بابه‌ته 792 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی