بژاردەی سێیەم
هەڤاڵ عارف
بنبەستی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد دەکرێت وەک نیشانەیەکی بەرایی بۆ کزبوونی کارایی دیپلۆماسی تەقلیدی لە قەڵەم بدرێت بەو پێیەی بارستەی کێشە مێژووییەکان و لێکەوتە نادیارەکانی جەنگە ٤٠ ڕۆژێیەکە، وایانکردووە مەوداکانی مانۆڕ بۆ هەردوو جەمسەرەکە ئەوەندە تەسک ببنەوە، کە ڕێککەوتن هەروا بەئاسانی دەستەمۆ نەبێت، ئەم دۆخە گریمانەی ئەوە بەهێزتر دەکات، کە ئاراستەی ڕووداوەکان بەرەو تاقیکردنەوەی بژاردەی سێیەم بخلیسکێن تا چیتر هەموو سەرمایە سیاسییەکان تەنها لەنێو دوو هاوکێشەی سنوورداری جەنگ یان ئاشتی دا کورت نەکرێنەوە، بۆچی بژاردەی سێیەم وەک کایەیەکی لۆژیکی لە فەزای ئێستادا دەردەکەوێت؟ چونکە ئەم ئاراستەیە وەک نەشتەرگەرییەکی سیاسی کار لەسەر گۆڕینی سروشتی پێکدادانەکان دەکات و چەندین ئامانجی جیاواز لە یەک کاتدا دەپێکێت.
بۆ ئێران:
بۆ ئێران ئەم بژاردەیە وەک دەرچەیەک بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری جەنگێکی گشتگیر و وێرانکەر مانیفێست دەبێت بە جۆرێک، کە هاوکێشەکە لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازییەوە دەگۆڕێت بۆ گەمارۆیەکی توندی گۆشەگیرکردنی ئابووری و لە خراپترین سیناریۆشدا پێدەچێت تاران تەنها ڕووبەڕووی پێکدادانێکی سنووردار لە چەند پێگەیەکی ستراتیژیی ئابووریدا بکاتەوە، کە تێچووەکەی بەراورد بە جەنگی گشتگیر کەمترە.
بۆ وڵاتانی ناوچەکە:
سەرەڕای ئەوەی ووڵاتانی ناوچەکە گەورەترین زیانمەندی ئابووری و سەقامگیری بوون و هەندێکیان ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە بە ئامانج گیران و مەترسی کیانییان لەسەر دروست بوو بەڵام ژیرانە بێدەنگییان هەڵبژارد و نەیانویست ببەنە بەشێک لە بەرەی شەڕی میحوەرەکەی ئەمریکا ئەم بژاردەیە دەیانخاتە ناو تەڵەیەکی بەرپرسیارێتی نوێوە چۆن؟
بەو پێیەی واشنتۆن بە ئاشکرا لەچەندین بۆنەی جیاوازدا ڕایگەیاندووە، کە ئەوان چیتر ئیشیان بە گەرووی هورمز نییە و بۆ ئەوان گرنگ نییە،؟کێ لای گرنکە باخەمی بخوات بۆیە ئەم بێباکییە سیاسییە وڵاتانی ناوچەکە دەخاتە ناو دۆخێکی ناجێگیرەوە، کە تێیدا یان دەبێت مل بدەن بۆ ئەو خواستە ستراتیژیانەی ئەمریکا، کە رەنگە لە ئایندەدا دژی ئێران بیانگرێتە بەر و جیاواز بێت لە ئەزموونی جەنگی ٤٠ ڕۆژە ئەمەیان سەقامگیری قەوارەکانیان دەخاتە بەردەم بەرمەترسی جددیەوە یان دەبێت لەژێر سێبەری کۆتووبەندەکانی ئێراندا لە گەرووی هورمز بمێننەوە، کە ئەمەش سەروەری و سەقامگیری ئاوورییان دەخاتە بەردەم دۆخێکی ناجیگیرو لەرزۆکەوە.
بۆ ووڵاتانی ئەوروپا:
ئەم چەقبەستووییە بۆ ئەوروپا گەرچی وەک مەترسییەکی ئەمنی ڕاستەوخۆ مانیفێست نابێت بەڵام هەڕەشەیەکی کوشندەیە بۆ سەر دەمارە گرنگەکانی ئاسایشی وزەی ناوخۆییان، کە بەشێکی هەرە زۆری بە شادەماری گەرووی هورمزەوە گرێدراوە ئەم واقیعە پایتەختەکانی ئەوروپا دەخاتە نێوان سێ بەرداشی تاڵ و پڕ لە تێچووی سیاسی:
یەکەم: ملدان بۆ خواست و داواکارییەکانی ئەمریکا، ئەم بژاردەیە بۆ ئەوروپییەکان تاقیکردنەوەیەکی ئاسان نییە بەتایبەت لە سەردەمی ئیدارەیەکی وەک ترەمپدا، کە مامەڵەیەکی تەواو جیاواز و پێچەوانەی نەریتە دیپلۆماسییەکانی پێشووی واشنتۆن پەیڕەو دەکات ئەمەریکای ئێستا نەک وەک هاوپەیمان بەڵکو وەک ڕکابەرێکی توند مامەڵە لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیدا دەکات و لە ڕێگەی گێچەڵە سیاسییەکانەوە هەوڵی سەپاندنی هەژموونی خۆی دەدات، کە ئەمەش سەروەری بڕیاری ئەوروپی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
دووەم: مانەوە لەناو گێژاوی قەیرانی ووزەو سووتەمەنیدا، ئەمەش بژاردەیەکە لێکەوتەکانی لە قووڵایی ستراتیژی و ڕەهەندە ئابوورییەکاندا هێندە وێرانکەرن، کە تێچووەکەی لە ملدان بۆ داواکارییەکانی ئەمریکا کەمتر نییە داڕمانی ئاسایشی وزە بە واتای ئیفلیجبوونی پیشەسازی و تێکچوونی سەقامگیریی کۆمەڵایەتیی ئەوروپا دێت.
سێیەم: گەڕانەوە بۆ تێگەیشتن لەگەڵ ڕوسیادا، لە دەرەوەی ئەو دوو بژاردەیە، بژاردەیەکی تاڵتر هەیە، کە ئەویش هەوڵدانە بۆ پڕکردنەوەی خواستی وزە لە ڕێگەی مۆسکۆوە ئەمەش سەودایەکی بێ مەرج نییە چونکە ڕوسیا وزەی وەک کارتی فشار دژی ئەوروپا بەکارهێناوە وەک تۆڵەیەک بەرامبەر پشتیوانییەکانیان بۆ ئۆکرانیا لێرەدا ئەوروپا دەخرێتە ناو دووڕیانێکی مەحاڵەوە یان دەستبەرداربوونی تەواوەتی لە ئۆکرانیا یان کەمکردنەوەی قەبارەی هاوکارییەکان بۆ کێیڤ بە جۆرێک، کە مۆسکۆ ڕازی بکات دووبارە دەست بە ناردنی وزە بکاتەوە، بەم شێوەیە هەموو بژاردەکان لە خاڵی ناچارکردندا یەکدەگرنەوە بۆیە ئەوروپا لە دۆخێکدایە کە هەر هەنگاوێک بەرەو هەر لایەک بنێت دەبێت بەشێک لە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان و سەروەریی سیاسیی خۆی بکاتە قوربانی.
لە دەرئەنجامی ئەم خوێندنەوەیەوە دەکرێت بڵێین بژاردەی سێیەم بۆ واشنتۆن تەنها ڕێگەیەک نییە بۆ بەڕێوەبردنی تەنگژەکان بەڵکو ژینگەیەکە بۆ چنینی دەستکەوتە سیاسییەکان لەناو جەرگەی ئیفلیجیدا ئەم ئاراستەیە بۆ واشنتۆن وەک تۆڵەیەکی سارد لە وڵاتانی ئەوروپا دەردەکەوێت هاوكات دەرچەیەکە بۆ دوورکەوتنەوە لە جەنگێکی گشتگیر کە خەریک بوو ئاراستەیەکی نەخوازراو وەربگرێت و ئیدارەی ترەمپی تووشی لێشاوێکی گەورەی ناڕەزایەتی لە شەقامی ئەمریکی و ڕای ناوخۆیی وڵات و ناڕەزایەتییە نێودەوڵەتییەکان کردبووەوە، لە ڕەهەندە جیهانییەکەشیدا واشنتۆن لە ڕێگەی ئەم بنبەستەوە ئامانجێکی تری ستراتیژی دەپێکێت، ئەویش پەکخستنی بەشێکی گرنگی ئابووریی چینە، کە بە شێوەیەکی بنچینەیی پشت بە پارێزراوی هێڵەکانی وزە لە گەرووی هورمز دەبەستێت.
لە کۆتاییدا، جەنگی ٤٠ ڕۆژە نەک هەر هیچ کام لە ئامانجە سەرەتاییەکانی نەپێکا، بەڵکو کۆمەڵێک دۆخی ئەمنیی لە بازنەی جێگیری دەرهێنا و گۆڕینی بۆ قەیرانی درێژخایەن گەرووی هورمز، کە پێشتر وەک تێپەڕگەیەکی بێ ململانێ مامەڵەی لەگەڵ دەکرا ئێستا بووەتە گرێیەکی بنچینەیی و ڕەفتارێکی نوێ لە هەر دانوستانێکی ئایندەدا ئەمەش ئەو هەقیقەتە دەردەخات ،کە ئەم پێکدادانە لەبری چارەسەرکردنی تەنگژە کۆنەکان چەندین قەیرانی نوێی زەق کردەوە قەیرانێک، کە کێشەکەی بۆ وڵاتانی ناوچەکە و بەشێکی ئەوروپایە، بەڵام دەستکەوتەکەی بۆ ئەمریکایە تا لە ڕێگەیەوە هەژموونی خۆی بەسەر ئیرادەی جیهاندا دابڕێژێتەوە، بۆیە بەرمبەنای ئەم گریمانەنە، کە دەستکەوتی زۆرتر بۆ ئەمەریکا دەپێچێتەوە گریمانەی بژاردەی سێیەم وەک زەروورەتێکی لۆژیکی و ئەگەرێکی بێ جێگرەوە لەدایک دەبێت بژاردەیەک، کە نە لە جەنگ دەچێت و نە لە ئاشتی بەڵکو ئەندازیاریکردنی جۆرە ئیفلیجییەکی ستراتیژییە، کە تێیدا واشنتۆن بەبێ تەقاندنی یەک فیشەک، ئازاری هاوپەیمانەکانی و پێویستیی ڕکابەرەکانی دەگۆڕێت بۆ چەکێکی کوشندە تا هەژموونی خۆی بەسەر نەخشەی نوێی جیهاندا بسەپێنێت بەم پێیە ئەم بژاردەیە تەنها ڕێگەیەک نییە بۆ دەربازبوون لە قەیران بەڵکو نەخشەسازییە بۆ تەمبێکردنی هەموو ئەو ئیرادانەی، کە دەیانویست لە دەرەوەی لۆژیکی ئەمریکا هاوسەنگییەکان دابڕێژنەوە،
بەڵام تێچووەکانی ئەم ئاراستەیە لە دەرەوەی بازنەی جەنگ هەرچییەک بن هێشتا لە شەڕێکی گشتگیر و کاولکارییەکی بێ ئاسۆ باشترە چونکە سەقامگیرییەکی پڕ لە قەیران لۆژیکیترە لە جەنگێکی پڕ لە کاولکاری، کە تەنها بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی قەیرانەکانی تر بەرپا دەکرێت. ئەمە ئەو ڕاستییە حاشاهەڵگرەیە، کە وا دەکات بژاردەی سێیەم، سەرەڕای تاڵییەکەی ببێتە تاکە پەناگەی مانیفێستبووی عەقڵانییەت لەناو جەرگەی ئەم پشێوییەدا.
PM:04:01:12/04/2026
ئهم بابهته 564
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی