ئەمریکا و ئێران..هێرشی زەمینی لەنێوان دڕدۆنگی و سەرکێشیکردندا
نووری بێخاڵی
لە ناو گەرمەی پەرەسەندن و هەڵکشانی کێرڤی توندوتیژییەکانی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پرسیارە کۆن و نوێیەکە دووبارە دێتەوە پێشەوە: ئایا ئەمەریکا هێرشی زەمینی دەکاتە سەر ئێران؟ هەرچەندە ئەم سیناریۆیە لە گوتاری میدیایی و سیاسیدا جاروبار دەخرێتە ڕوو، بەڵام شیکردنەوەی پێدراو و زانیارییە مەیدانی و ستراتیژییەکان دەری دەخەن، کە ڕوودانی ئەم سیناریۆیە، ئەگەر بەتەواویش مەحاڵ نەبێت، بەڵام گریمانەیەکی لاوازە.
یەکەم خاڵی گرنگیش لەم ڕووەوە کە دەبێ لەبەرچاو بگیرێت، سروشت و هەڵکەوتەی جوگرافیایی ئێرانە. ئەم وڵاتە کە بە سنوورە چیاییە سەختەکانی لە ڕۆژئاوا (زنجیرەی زاگرۆس) و بیابانە فراوانەکانی لە ناوەوەیدا، پانتاییەکی فراوانی هەیە، بە یەکێک لە دژوارترین ژینگەکان دادەنرێت بۆ هەر هێرشێکی زەمینی و پرۆسەیەکی سەربازیی کلاسیکی. ئەزموونە مێژووییە زیندوو و نزیکەکانیش، چ لە ئەفغانستان یان عێراق، نیشانی دەدەن کە جوگرافیای سەخت و ئاڵۆز، دەتوانێت بەهێزترین سوپاش شەکەت بکات و لە پەلوپۆی بخات، خودی ئەمەش وا دەکات کە هەر پڕۆژەیەکی هێرشی زەمینی بۆسەر ئێران، بە تێچوویەکی زۆری مرۆیی/ماددی لەسەر هێرشبەر بکەوێت و ئەنجامەکانیشی خوازراو و مسۆگەر نەبن.
لە ڕووی لۆجستییەوە، هێرشێکی بەم قەبارەیە، پێویستیی بە کۆکردنەوەی هێزێکی گەورەی سەربازی و بنکەگەلی جێگیر هەیە. لەم ڕوانگەیەوە، لە حاڵەتی ئێراندا، واشنتۆن دەبێت پشت بە خاکی وڵاتانی دراوسێی وەک عێراق یان وڵاتانی کەنداوی عەرەبی ببەستێت. دیارە ئەم بژارەیەش ڕووبەڕووی کێشە و گیروگازی سیاسیی گەورە دەبێتەوە، چونکە حکوومەتەکانی ئەم وڵاتانە دەزانن کە لە دۆخێکی وادا، خاکەکەیان دەبێتە ئامانجی ڕاستەوخۆی وەڵامی ئێران، ئیتر چ بە مووشەک و دڕۆنی خودی ئێران خۆی بێت یان لە ڕێگای پەلامار و هێرشەکانی هاوپەیمانە هەرێمییەکانی تەهران لە ناوچەکەدا. هاوکات سەرەڕای بەهێزییەکەی، بەڵام ژێرخانی سەربازیی ئەمەریکا لە ناوچەکە، بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ بەرگرتن و بەرپەرچدانەوە و کردارە سنووردارەکان دروست کراوە، نەک بۆ شەڕێکی زەمینی و بەرەییی گشتگیر و درێژخایەن.
هەرچی لە ڕووی هاوسەنگییە سەربازییەکانەوەیە، ئێران لە چەند دەیەی ڕابردوودا، پەرەی بە ستراتیژی (بەرگریی نابەرابەر) داوە، ئەو ستراتیژەی کە پشت بە تێکەڵەی توانای مووشەکی/دڕۆن، هێزی نیزامی، هێزگەلی میلیشیایی ناوخۆیی و تۆڕەکانی هەژموونی هەرێمایەتی دەبەستێت. ئەم ستراتیژییەش بە واتای ئەوە دێت، کە ئەمەریکا لە هەنگاونان بۆ هەر هێرشێکی زەمینی، بە تەنیا ڕووبەڕووی سوپایەکی کلاسیکی نابێتەوە، بەڵکوو ڕووبەڕووی سیستەمێکی ئاڵۆز و چەند چینیی بەرگری دەبێتەوە، کە لە ناوخۆی ئێرانەوە بۆ گۆڕەپانە جیاوازە هەرێمایەتییەکان درێژ دەبێتەوە. ئەمەش ئەگەری فراوانبوونی ناکۆکییەکە بۆ شەڕێکی کراوەی هەرێمایەتیی زیاتر دەکات، سیناریۆ و دۆخێک، کە خودی واشنتن چەندین ساڵە هەوڵ دەدات خۆی لێ بپارێزێت.
ڕووداوەکانی ئەم دواییانەش ئەم هەڵسەنگاندنەمان پشتڕاست دەکەنەوە، بەوەی کە زۆربەی جار هەڵکشانی کێرڤی هێرش و زەبروەشاندنی نێوانیان، لە سنووری (لێدانە ڕەچاوکراوەکان) ماوەتەوە، ئیتر چ بە ڕێگای ئامانجگرتنی سنووردار بێت یان پرۆسە ناڕاستەوخۆکان. تەنانەت لە ترۆپکی ئاڵۆزی و توندوتیژییشدا، وەک ئەوەی لە دوای کوشتنی (قاسم سلێمانی) لە ساڵی ٢٠٢٠ ڕووی دا، بەخێراییەکی ڕێژەیی بەر بە تەشەنەسەندن گیرا، کە ئەمەش نیشانەی بوونی هێڵە سوورە ناڕاستەوخۆکانە لە نێوان هەردوو لادا. تەنانەت سەرەڕای هەموو ئەو هێرشە چڕ و فراوانە ئاسمانییانەی ئەمریکا/ئیسرائیل لە سی و حەوت ڕۆژی ڕابردوودا بۆ سەر ئامانج و ناوچە جیاوازەکانی ئێران، وەلێ هێشتا ئەگەرچی جووڵە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا ئاماژەی حاڵەتی ئامادەباشی و خۆکۆکردنەوەن، وەکووتر، هیچ کام لە جووڵانەی (ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی فڕۆکەوانەکانی لێ دەربچێت) ناگەنە یان نەگەیشتوونەتە ئاستی ئامادەکاریی پێویست بۆ هێرشێکی زەمینیی فراوان.
لە لایەکی تر، بارودۆخ و هەڵوێستە سیاسییە ناوخۆییەکانی ئەمەریکاش لەم ڕووەوە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن. ڕای گشتیی ئەمەریکا، بەتایبەتی دوای هەردوو ئەزموونی عێراق و ئەفغانستان، لە بەرامبەر چوونە ناو شەڕی زەمینیی درێژمەودا و گرانخەرجیی مرۆیی/ماددی، زیاتر خۆپارێز بووە. جگە لەمەش، هەر حکوومەتێکی ئەمەریکایی، دەرک بەوە دەکات کە هەر چوونە ناو شەڕێکی زەمینیی درێژخایەن لەگەڵ ئێران، کاریگەری و دەرهاویشتەی نەرێنیی ئابووریی لە ئاستی جیهاندا دەبێت، بە تایبەتی لەوەی کە پەیوەندیی بە بازاڕی وزەی جیهانی و جووڵەی دەریاوانییەوە هەیە لە کەنداوی عەرەبیدا.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، هێشتا هەر ناتوانرێت سیناریۆی پەرەسەندنێکی نەخوازراو، بەتەواوی بەدوور بگیرێت. چونکە بوونی هێزەکانی ئەمەریکا و ئێران و هاوپەیمانەکانیان لە شوێنە جوگرافییە هاوسنوور و نزیکەکاندا، بەردەوام ئەگەرەکانی بەریەککەوتن زیاتر دەکات و لە دۆخێکی ئاوا بارگاوی بە گرژی و ئاڵۆزیش، لە حاڵەتی ڕوودانی هەر هەڵەیەکی گەورەی ستراتیژیدا، لەوانەیە واشنتن ناچار بێت بازنەی چالاکی و پرۆسەکانی خۆی فراوانتر بکات، ئەگەرچی ئەم فراوانکردنەش بە واتای سەرکێشان بۆ هێرشێکی زەمینیی سەرتاسەری نەیەت.
لە کۆتاییدا، وا دەردەکەوێت کە گریمانەی هێرشی زەمینیی ئەمەریکا بۆسەر ئێران؛ زیاتر ئامرازێکی فشاری سیاسییە، تاوەکوو هەڵبژاردەیەکی سەربازیی ڕاستەقینە لە ماوەیەکی نزیکی چاوەڕوانکراودا. چونکە تێچووی زۆری مرۆیی/ماددی، ئالۆزییە جوگرافییەکان و بەریەککەوتنی بەرژەوەندییە هەرێمایەتییەکان، هەموو ئەم هۆکارانە وا دەکەن کە ئەم سیناریۆیە سەرکێشییەکی پێشوەختە ئەنجام زانراو بێت، سەرکێشییەک کە ڕەنگە بۆ چەندین دەیەی تر ڕووخساری ناوچەکە بگۆڕێت؛ ئەمەش ئەو شتەیە کە سەرەڕای ئاست و ڕاددەی بەرزی گرژی و پشێوییەکان، زلهێزەکان هەوڵ دەدەن خۆیانی لێ بەدوور بگرن.
AM:10:18:06/04/2026
ئهم بابهته 784
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی