لە ئەگەریی ڕوودانی هێرشی زەمینیدا
فارس نەورۆڵی
هەڵگیرسانی جەنگ قەیران لەدوای قەیران دروست دەکات بۆ مرۆڤایەتی. وەک دەبینین، شەڕی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران قەیرانی گەورەیان بۆ جیهان دروست کردووە، بەتایبەتی قەیرانی وزە و بازرگانی کە هۆکارن بۆ سەر هەڵدانی بێکاری، برسێتی و داڕمانی ئابووری لە جیهاندا و دواجاریش دەبێتە هۆی وێرانکردنی ژینگە.
ئێستا لایەنە شەڕکەرەکان پەیتا پەیتا باس لە گواستنەوەی شەڕ دەکەن بۆ قۆناغێکی دیکەی ترسناک؛ ئەویش هێرشی زەمینییە بۆ سەر ئێران. ئەم هەنگاوە، ئەگەر ڕووبدات، دەرگای قەیرانی گەورەتر دەکاتەوە.
ئەگەر ئەم شەڕە درێژە بکێشێت و لایەک بەسەر ئەوی دیکەدا سەر نەکەوێت، جیهان بەرەو داتەپینی ئابووری دەبات، و دوور نییە ناوچەکەش ڕووبەڕووی دەیان قەیرانی ئابووری، ئەمنی، بژێوی و قاتوقڕی ببێتەوە.
بەو پێیەی کوردستان لە نزیک جوگرافیای شەڕەکەیە، ئاگرە سوورە لە ئێمە دوور نابێت و کاریگەری لەسەر کوردستان دەبێت و ڕووبەڕووی قەیران دەبینەوە. ئەگەرچی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی کورد نەیانویستووە ببن بەشێک لە شەڕ و ئاشووب، بەڵام بەردەوام لەلایەن تابووری پێنجەمی ناو عێراقەوە، واتە ئەو گرووپ و هێزانەی لە دەرەوەی یاسا هەڵسوکەوت دەکەن و لە دەرەوەی عێراقەوە ئاراستە دەکرێن، بەردەوام هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی پەلکێشمان بکەن بۆ ناو شەڕ و ئاشووب.
بە دڵنیاییەوە، ئەگەر هێرشی زەمینی دەست پێبکات، جەنگەکە دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە و دوور نییە لەلایەن ئەو میلیشیایانەوە کە ئێستا بە درۆن هێرش دەکەنە سەر هەرێم، ئەوکاتە بە هێرشی زەمینی پەلاماری هەرێم بدەن.
لێرەدا بەرپرسیارێتی ئەخلاقی دەکەوێتە سەر کۆی ئەحزابی کوردی، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی. لە هەمان کاتدا دەبێت حکومەتی عێراق و هێزە سیاسیە عێراقیەکان دڵخۆش نەبن بەوەی هەرێمی کوردستان لاواز بێت، چونکە هەر لاوازییەکی هەرێم لەم هەلومەرجەی شەڕ و دوای شەڕدا، بە دڵنیاییەوە بەغداش ڕووبەڕووی کێشە و قەیرانی قوڵ دەکاتەوە. بۆیە پێویستە ئەحزابی کوردی لە ئامادەییەکی تەواودا بن بۆ پاراستنی ئارامی ناوخۆ و نەهێشتنی فەرزکردنی ویستی هیچ لایەک بەسەر هەرێمی کوردستاندا.
چونکە مێژوو پێمان دەڵێت: کاتێک ناوچەکە دەبێتە ململانێی زلهێزەکان، ئەڵقە لاوازەکان زەرەرمەندی یەکەم دەبن، ئەگەر بەرەی ناوخۆیان تۆکمە نەبێت.
بۆیە پێویستە حیزبەکان واز لە خەونی بچووک بهێنن و هەمووان ناکۆکییەکان وەلا بنێن، چونکە لە کاتی جەنگدا ناکۆکی ناوخۆیی دەتوانێت مەترسی گەورە دروست بکات. بۆیە پێویستە هاوکاری یەکدی بن بۆ ئەوەی کوردستان لە مەترسی بپارێزن.
لێرەدا، ئەگەر هێزەکانی ناو حکومەت ئەرکیان پاراستنی هەرێم و گوزەرانی خەڵک بێت، ئەوا هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەبێت لەم دۆخی جەنگ و ئاشووبەدا:
(یارمەتیدەربن، نەک تەنها ڕەخنەگر؛ چاودێربن، نەک هەڵوەشێنەر؛ کار بکەن بۆ یەکگرتوویی، نەک دابەشبوون).
نابێت هیچ لایەنێک لەم کاتەدا بە :.لۆژیکی تۆپینی خۆیی و زەرەری خاوەنی بیر بکاتەوە . بۆیە لەسەر هەموو لایەک ئەرکە هەموو هەوڵێک بدەن کە لە جەنگەکە دوور بین.
بەڵام ئەگەر دوژمنان هەر ویستیان شەڕ بەسەرماندا بسەپێنن، دەبێت کورد بۆ هەموو ئەگەرێک خۆی ئامادە بکات. هەموو توانا سیاسی، دیپلۆماسی، میدیایی و سەربازی و دارایی (بەتایبەتی ئەوانەی بەهۆی ئەم دۆخەی کوردستانەوە بوونەتە سەرمایەدار، کەمێک لە سەرمایەکان بخەنە خزمەت خەڵک و ئەم دۆخە ناهەموارە) لەتەک ئەمەدا ڕای گشتی ئامادە بکەین بۆئەوەی بە یەکگرتوویی ڕووبەڕووی هەر دەستدرێژییەک ببینەوە.
ئیتر هەڵوێستمان لە خۆپارێزییەوە بگۆڕین بۆ هەڵوێستێک کە ئەو هەلومەرجەی ئەوکاتە و ئەو پێشهاتانەی پێویستییەتی، ئەگەر پێچەوانەکردنەوەی گەمەکەش بێت. لە هەموو ئەگەرێکیشدا خۆمان بۆ لێکەوتەکانی دوای شەڕ ئامادە بکەین، بۆ ئەوەی ئەگەر لە مێژوودا دوای جەنگە گەورە مێژووییەکان کورد بە دەستبەتاڵ لێی دەچوو، ئەم جارە دەسکەوتی دوای شەڕ بچنینەوە.
چونکە هەلومەرجی شەڕ لەنادیاریدایە و ئەوسەری تونێلەکە دیار نییە. تەنها هێز و یەکڕیزی خۆمان لە نادیار ڕزگارمان دەکات. دەتوانین دوای جەنگ بە ئارامی و ئاشتی وەک گەلانی دیکە بژین، بەڵام وەک شارل دیگۆل وتی: (ئەوەی نەتوانێ براوەی جەنگ بێت، ناتوانێ براوەی ئاشتی بێت).
بردنەوە و دۆڕان پەیوەندە بە ئەقڵی سیاسی و یەکڕیزی ناو ماڵی کورد خۆیەوە هەیە، هەر لایەنێکیش بە پێی هێز و تواناکانی خۆی بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆ.
PM:07:12:03/04/2026
ئهم بابهته 268
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی