رێكەوت نییە
رهحمان غهریب
ئەگەر نەڵێم ئاكارێكی نزمی سیاسی و پیشەییە، بابڵێم كە میزاجێكی زۆر سەرنجڕاكێشە لە گەرمەی بۆردوومانكردنی هاوڵاتیان و شوێنە مەدەنییەكان و بینینی داروپەردووی داڕووخاوودا، دیمەنی خوێناوی، بێژەر حەوسەڵە و ئارەزووی قسەی سواو، بێتام، بێ ناوەڕۆك و تێكدانی میزاجی گشتی هەبێت.
ئەمەی شەوانە ناوبەناو دەیبینین تەنها وەك شەڕی میدیا تەماشا ناكرێت، هەستی پێدەكەن یان نا: ریكلامێكی بازرگانییە بۆ حزبەكانیان، كە لەم چركەساتە مێژووییەدا وازیان لە ئەركە گرنگەكەیان هێناوە، ئەیانەوێت ئەو فكرەیە جوانتر بخەنە بازاڕەوە كە حزبەكانیان بۆ كونە تەیارەیەك دەگەڕێت تا لەم ساتەوەختە مێژوویەدا خۆیان لە بەرپرسیارێتیەك بشارنەوە.
ئەم كەیف و توانایە لەم سەردەمە رەشدا، كە هاوڵاتی باجی شەڕ دەدات و لە خەمی نان و مووچە و بژێویی رۆژانە و گرانبوونی نرخی خۆراكن لە بازاڕی بێ كۆنتڕۆڵدا، رەنگدانەوەی قەیرانێكی قووڵی سیاسییە، بێژەرە منافیقەكانیان بە ژاوەژاوی میدیایی گوزارشتی لێدەكەن، هاوڵاتیانیان سەرقاڵدەكەن بە پرسیاری "كێ درۆ دەكات؟" و "كێ خیانەت دەكات؟" سەرقاڵی ناردنی پەیام و دەرخستنی ئارەزووەكانیانن بۆ قوڵكردنەوەی ناكۆكی، نەك چی بكەین؟ باشە كە لە شەڕە راستەقینەكەدا بێلایەنین، بۆ شەڕی یەكدی دەكەین؟
ناڵێم جەنگ جیاوازییە سیاسییەكان دەسڕێتەوە، نەخێر، بەڵام كاتێك كە گوتاری سیاسی و میدیایی دوو كەناڵی پارتە دەسەڵاتدارەكان خاڵی دەبنەوە لە ناوەڕۆكی سیاسیی گفتوگۆئامێز بۆ زەمینەی هاوبەشی نیشتمانیی یەكگرتوو، ئەبێت وەك شكست لە وەڵامدانەوەی پرسیار و گۆڕانكارییەكان تەماشایان بكەین.
لە كاتێكدا كە هەڕەشەكان لە ئاسمان و زەوییەوە هەرێمی كوردستانی گەمارۆداوە، رێكەوت نییە دوو كەناڵ، فرسەتێك دەدۆزنەوە بۆ شەڕی راگەیاندن، وەك جێگرەوەیەك بۆ گفتوگۆی سیاسی بونیاتنەرانە، ئاسانتر: سیاسەتمەداران ناتوانن ململانێكانیان سڕكەن، لەسەر خاڵی هاوبەش رێكبكەون، بۆیە ئاساییە ئەوانیش بگەڕێنەوە سەر ئارەزووە راستەقینەكەیان، واتە ئەو ئامانجەی بۆی دامەزران.
پەیامی سەردەمی جەنگی هەندێ كەناڵ، ئاوێنەی ئەو قەیرانەیە كە دەسەڵاتی سیاسی پێیدا تێدەپەڕێت، وەك دەرخەری قووڵایی بێتوانایی ئەو دوو حزبە لە بنیاتنانی ستراتیژێكی سیاسیی راستەقینە. ئیتر ئەمڕۆ لەم سەردەمە ترسناكەدا دوو بێژەری مونافیق لە بازاڕی كێبڕكێی زیادكردنی لایكدا، بە فشقییاتی سیاسی گوزارشتی لێدەكەن، كەسیش ناهێنێتە پێكەنین.
بە كورتی: ئەمانە تەنها دامەزراوەی میدیا نین ، كۆمپانیای قازانجویستی سەردەمی جەنگن، دەیانەوێ پشكییان لە بازاڕی هەرزانی كۆكردنەوەی لایكدا زیاد بكەن، ئێمەش سەیر دەكەین و باجەكەی دەدەین و نازانین كامیان ژەهراویترە، ترسناكترە، یان قەشمەرترە؟
PM:07:56:01/04/2026
ئهم بابهته 500
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی