ترەمپ 2.0

‌ئاراس فه‌تاح

ئەنتۆنیۆ گرامشی فەیلەسوفی ئیتالی، لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا ”دەفتەرەکانی بەندیخانە" دەڵێت: ”جیھانە کۆنەکە مردووە و جیھانە نوێکەش ھێشتا لەدایکنەبووە؛ لەم بۆشاییەشدا تەنھا وەحشەکان دەردەکەون." وا ھەستدەکەم ئەم بۆچوونەی گرامشی کە بۆ وێناکردنی دۆخی جەنگی جیھانی دووەم نووسیوێتی، لەم سەردەمەی ئێمەشدا گرنگیی و قووڵیی خۆی لەدەستنەداوە.

دۆخێک ھەیە لە مێژووی حوکمڕانیی و ژیانی سیاسییدا بە ئینگلیزییەکەی پێیدەڵێن ”Interregnum"، ئەم دۆخە ئاماژەیە بۆ ئەو ماوە زەمەنییەی نێوان دوو حکومەت کە بۆشایی سیاسیی دروستدەبێت و ھەندێکجار پێیدەگوترێت حکومەتی کاتیی یان کاربەڕێکەر. لە مێژووی دەسەڵاتدا نموونەگەلێکی زۆرمان ھەیە کە تیایدا پاشایەک یان ئیمپراتۆرێک دەمرێت یان لەبەر ھەر ھۆکارێکی تر، حکومەت بێ سەرۆکی ھەڵبژێردارو دەبێت. ئەم قۆناغە تا ئەو کاتەی یەکێکی تر جێگای سەرۆکی پێشوو دەگرێتەوە پێیدەگوترێت قۆناغی ڕاگوزەر. لە ئیمپراتۆرییەکانی وەک ژاپۆن، چین، ڕۆم، عوسمانییەکان و چەندین دەوڵەتی تر، ئەم دیاردە سیاسییە بوونی ھەبووە. لای خۆمان ھەر لە ژمارە نایەت.

لەم قۆناغەی ئێستای جیھانیشدا دۆخێکی سیاسیی دروستبووە کە ترەمپ چیدی نایەوێت ئەمریکا، وەک سەردەمی جەنگی سارد، ڕابەرایەتی جیھانی ئازاد بکات. بۆیە دۆخێکی ئاوارتە (ئیستیسنائی) ھاتووەتەکایەوە کە دەوڵەتانی خۆرئاوا لەگەڵ چارەنووسێکی نادیاری سەرکردایەتی جیھان لە ململانێدان و چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت نەخشەی دەسەڵاتیش لە جیھاندا گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا بێت.

دووبارەھەڵبژاردنەوەی ترەمپ لە کۆتایی ساڵی 2024 و دەستبەکاربوونی لە سەرەتای 2025، دەستپێکی کێشانی ھێڵێکی جیاکاریی تۆخ بوو لەگەڵ ئەمریکای سەردەمی پێش ترەمپ. زاراوەیەکی میدیایی و زانستیی ھەیە پێیدەگوترێت ”ترەمپ 2.0" کە ھەم بەرجەستەی ئەم دۆخەی جیھان دەکات و ھەم دەتوانێت یارمەتی تێگەیشتنمان بدات. ترەمپ 2.0 بەخشینی سیفەتێکی تەکنیکیی نییە بۆ نوێکردنەوەی سۆفتوێرێکی سیاسیی لە خولێکی نوێی سەرۆکایەتی ئەمریکادا. بەڵکو ئاڵنگارییەکی گەورەیە بۆ سیاسەتی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی گەورەترین زلھێزی جیھانیی کە لە دوای جەنگی جیھانی دووەمەوە سەرۆکایەتی رێکخستنێکی نوێی جیھانی کردووە. ئەم ئاڵنگارییە دینامیکییەتێکی نوێی بە سیستەمی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەخشی و چەندین لێکۆڵەر سەرقاڵی ئەو لێکەوتە چاوەڕوانکراو و چاوەڕواننەکراوانەن کە ترەمپ 2.0 لەگەڵ خۆیدا دەیھێنێت.

بۆ ئەوەی لە گۆشەنیگای گرامشییەوە لە ترەمپ 2.0 تێبگەین، دەتوانین بڵێین: سەردەمی ترەمپ 2.0 بریتییە لە دەستپێکی مەرگی ئەو جیھانەی کە سیستەمی رێکخستنی جیھان لەدوای جەنگی جیھانی دووەمەوە دایھێنابوو. ئەم پرۆسەی ناشتنی سیستەمی کۆنی جیھانییەش نەبووەتە ھۆکاری لەدایکبوونی ڕێکخستنێکی نوێ، بەڵکو بووەتە ھۆی لەدایکبوونی چەندین گرێکوێرە و دێوەزمەی سیاسیی گەورە.

دابەشکردنی کۆنی جیھان زۆر ساکار بوو، ململانێی نێوان دوو بەرەی سیستەمی ئابووریی، سیاسیی، ئایدیۆلۆژیی بوو کە ھەریەکەیان ھاوپەیمانێتییەکی ئەمنیی و سەربازیی و ئابووریی پێکھێنابوو، یەکێکیان بە ڕابەرایەتی ئەمریکا و ئەوی تریشیان بە سەرکردایەتی سۆڤیەت بوو. ئەم ڕێکخستنە لەناو خۆڵەمێشی جەنگی جیھانی دووەم و لە کاتی جەنگی سارددا دەستیپێکرد و تاوەکو پاش داڕمانی سیستەمی کۆمۆنیزمی سۆڤیەت و ھاوپەیمانەکانیشی بەردەوام بوو. ئەم سیستەمە بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە سێ کۆڵەکەی سەرەکیی پێکھاتبوو. ئەو سێ کۆڵەکە سەرەکییەکەی کە جیھانی ئازاد پەیوەندییەکانی لەسەر بونیادنابوو و ترەمپ 2.0 دەیەوێت دەستکاری کۆی بەھا و ڕێسا و بەرپرسیارێتییەکانی بکات و بیانگۆڕێت، بریتیین لە: یەکەم، سێکوچکەی دیموکراسی، دەوڵەتی یاسا، مافی مرۆڤ.

واتە ترەمپ دەیەوێت دەستکاری کۆی ئەو بەھایانە بکات کە دەوڵەتە دیموکراسییەکان لەدوای جەنگی جیھانی دووەمەوە بەرگریی لێ دەکەن و شانازیی پێوەدەکەن. ترەمپ بازنەیەکی گرنگی پرسی شەرعییەتدانی بە جەنگەکانی ئەمریکا بچڕاند کە بریتیبوو لە بەدیموکراسییکردنی دەوڵەتان و بنیاتنانی دەوڵەت-نەتەوە و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی بیروڕا.

ترەمپ 2.0 چەقی جەنگەکانی ئەمریکای لە ھەناردەکردنی بەھا دیموکراسییەکانی جیھانی ئازادەوە گۆڕی بۆ مامەڵەیەکی بازرگانیی ڕووت. واتە ئەوەی بۆ ئەو گرنگە ئەوەیە، جەنگەکە چەند پارە و نەوت بۆ ئەمریکا دەھێنێت نەک چەند دیموکراسیی و مافی مرۆڤ بۆ وڵاتان دەبات، ترەمپ کۆمەکی رێکخراوی تەندروستیی جیھانیی (WHO) بڕی کە ساڵانە 400 ملیۆن دۆلار بوو. کۆمەکی لە (UNRWA) بڕی کە ئاژانسێکی نەتەوەیەکگرتووەکانە بۆ پرسی یارمەتییدانی فەڵەستینییەکان. لە ئەندامێتی رێکخراوی (UNESCO) کشایەوە و کۆمەکەکانی ڕاگرت بە تۆمەتی دژایەتیکردنی ئیسرائیل. ھەموو کۆمەکەکانی بۆ ئەمریکای ناوەڕاست و سندوقی نەتەوە یەکگرتوەکانیش (UNFPA) ڕاگرت. ترەمپ بڕوای بە گۆڕانی کەشوھەوا و پیسبوونی ژینگە نییە، بۆیە لە ڕێککەوتنامەی پاریس کشایەوە و ھەموو کۆمەکەکانی لە ”سندوقی سەوزی کەشوھەوا" بڕی. بڕێکی زۆری بوجەی دیبلۆماسیی و گەشەپێدانی (USAID) بڕی و تەنانەت بیرلەوە دەکاتەوە ئەم کۆمەکانە بکات بە قەرز بەسەر وڵاتانە.

کۆڵەکەی دووەم کە ترەمپ 2.0 دەیەوێت دەستکاری بکات بریتییە لەو ھاوپەیمانێتییە ئەمنیی و سەربازییەی کە لە پاش جەنگی جیھانی دووەمەوە بەناوی ناتۆ (NATO) دروستکرا. ناتۆ وەڵامێک بوو بۆ مەترسییەکانی سیاسەتی فراوانخوازیی یەکێتی سۆڤیەت و ھاوپەیمانەکانی بۆ سەر خۆرئاوا. پاش دروستکردنی ناتۆ، بلۆکی سۆڤییەتیش وەک وەڵامێکی سەربازیی و سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی ”پاکتی وارشۆ"یان دروستکرد. ئەم پاکتەش وەک نەیارێکی گەورە و ھەڕەشەیەک بۆ سەر جیھانی سەرمایەداریی و بەھاکانی دەبینرا. لەئێستادا ترەمپ ھەڕەشەی ئەوە دەکات کە دوای جەنگی ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناتۆدا دەگۆڕێت و پێویستی پێیان نەماوە.

کۆڵەکەی سێیەمی ئەم ڕێکخستنە جیھانییەی دوای جەنگی جیھانی دووەم کە ترەمپ 2.0 دەیەوێت دەستکاریبکات، بریتییە لە بێبایەخکردنی ئەو سیستەمە ئابوورییەی کە پێیدەگوترا زۆنی بازرگانیی ئازاد لەنێوان دەوڵەتە سەرمایەدارییەکاندا. دیارترین دەرکەوتەی ئەم پەیوەندییە ترانس ئەتڵەنتییە بریتی بوو لە دروستکردنی یەکێتی ئەوروپا کە پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ ئەمریکا ھەبوو. دانانی باجی پڕوکێنەر و گومرک لەسەر کاڵاکانی دەوڵەتانی جیھان و خۆرئاواش مانای کۆتاییھێنان بوو بەو لیبراڵیزمە ئابوورییەی کە خۆرئاوا شانازیی پێوە دەکرد.

ئەم چەشنە مۆدێلەی ”ئەمریکا لە پێش ھەموو شتێکەوە"، کە ئێستا ترمپ 2.0 پەیڕەویدەکات، لە سیاسەتی ئابوورییدا پێیدەڵێن ”Protectionism"، واتە ئاراستەکردنی سیاسەتی دەوڵەت بە شێوەیەک کە کایەی بازرگانیی لە وڵاتەکەدا پارێزراوبێت. ئەم پاراستنەش لە ستراتیژی ترەمپ 2.0دا لەڕێگای سەپاندنی باجی زۆرەوە بەسەر بەرھەمەکانی دەوڵەتانی تردا پیادەدەکرێت، بۆئەوەی بەرھەمھێنەرانی ناوخۆیی ئەمریکا بپارێزێت. ئەمەش ڕێک ھەڵوەشاندنەوەی ئەو رێکخستنە بارزگانییە جیھانییە بوو کە لە دوای جەنگی جیھانی دووەمەوە پەیڕەوی لێ دەکرا بە ناوی بارزگانیی ئازاد.

ترەمپ 2.0 چەندین گۆڕانکاری گەورە و قووڵی جێبەجێکرد لە سیاسەتی ناوەوە و دەرەوەی ئەمریکادا. سەرەتا با لە دروشمە سەرەکییەکەی ھەڵبژاردنەکەیەوە دەستپێبکەین: ”ئەمریکا دووبارە مەزندەکەینەوە،" واتە ئەولەوییەتی سیاسەتی ئەمریکا لە خودی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیەوە دەستپێدەکات. یەکەمین کار کە ترەمپ کردی بریتیی بوو لە سنووردانانێکی ڕەق لە شێوەی دیوار و سنورکێشانێکی ڕادیکاڵیش لەشێوەی یاسای تایبەت دژ بە بێگانە و ڕەوەندی ئەمریکای لاتین کە رێگری لە مافی ھاتنیان بۆ ئەمریکا دەکات.

زانیارییەکی نوێ نییە کاتێک باس لە سۆفتوێر (نەرمەکاڵا) بکەین، دەبێت باس لە دوو جۆر لە نەرمەکاڵا بکەین کە ژیانی ڕۆژانەی ئێمەیان ئاسانکردووە و یارمەتیدەرمانن بۆ بەڕێوەبردنی کاری ڕۆژانەمان. ئەو دوو چەشنەش لە سۆفتوێر بریتین لە سۆفتوێری سیستەم و سۆفتوێری ئەپڵیکەیشن. سۆفتوێری سیستەم لە دونیای کۆمپیوتردا پێیدەڵێین سیستەمی کارپێکەر Operating System، وەک ویندۆز و ماک ئۆ ئێس و لینوکس. سۆفتوێری ئەپلیکەیشنیشمان ھەیە لە نموونەی ۆرد و فەیسبووک یان ئینستەگرام و وێبسایتەکان کە کارئاسانیی بە ژیانی رۆژانەمان دەکەن و یارمەتیمان دەدەن لە کار و پڕۆژەکانماندا.

ترەمپ 2.0 قۆناغێکە لە گەشەپێدانی سیاسەتی ئەمریکیی کە خواستێکی پەنھان لەپشتییەوەیەتی. ئەم خواستەیش بریتییە لەوەی ترەمپ خولی سەرۆکایەتییەکەی لە سۆفتوێرێکی ئەپلیکەیشنەوە بگۆڕێت بۆ سیستەمێکی کارپێکەر ”Operating System". وەک دەزانین لە ھەموو سیستەمە دیموکراسییەکاندا ژیانی سیاسیی سەرۆکەکان ئەبەدیی نین و بە تەواوبوونی خولی سەرۆکایەتییە دیاریکراوەکەیان کۆتایی بە کاریگەریی ئەو سەرۆکەش دێت لە ناو دەزگاکانی دەوڵەت و سیاسەتی ناوەکیی و دەرەکیی. ترمپ دەیەوێت گۆڕانکاریی جەوھەریی لە کۆی سیستەمی سیاسیی ناوەوەی ئەمریکا و پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ دونیای دەرەوەدا بکات. ترەمپ ھەڕەشەی ئەوەدەکات کە دوای جەنگی ئێران حیسابێکی تایبەت بەرامبەر بە ناتۆ و ھاوپەیمانەکانی دەکات و لە ناوخۆشدا دەیەوێت شەڕێکی دەستەویەخە دژ بە گروپە چەپ و ھێزە لیبراڵەکان ھەڵگیرسێنێت.

گەر سیستەمی کارپێکەر ”Operating System" لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دیموکراسیی بێت، ئەوا ترەمپ ھەموو کارێک دەکات کە بیگۆڕێت بۆ سیستەمێکی دەسەڵاتگەرایی کە خۆی وەک سوڵتانێک بڕیار لەسەر جەنگ و ئاشتی و دۆست و دوژمن و ژیان و مردنی ھاونیشتیمانیانی بدات. لەخۆڕا نییە لە دەرئەنجامی ئەم سیاسەتە مەترسییدارانەی ترەمپ 2.0 بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتیی گەورە بەناوی (نەخێر بۆ پاشا) ”NO KINGS" لە سەرانسەری ئەمریکادا سەرھەڵدەدات و بە ملیۆنان کەس دژ بە سیاسەتەکانی سەرۆکەکەیان وەستاونەتەوە و جەغد لەسەر ئەوە دەکەن کە ”ئەمە ئەمریکایە و دەسەڵات ھی خەڵکە، نەک ئەوانەی کە مەیلی سوڵتانگەراییان ھەیە".


PM:01:57:01/04/2026

ئه‌م بابه‌ته 588 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی