نهێنی زیندانەکەی زانکۆی ستانفۆرد و تسۆنامی ئەخلاق
د. ئەمیر حسێن
لە توێژینەوەیەکی زانستی مەیدانیدا، گەورە زاناو سۆسیۆلۆژی ئەمریکی ( فیلیب زیمباردۆ) تاقیکردنەوەیەکی بەناوبانگی لە زانکۆی ستانفۆرد بەناوی ( زیندانەکەی زانکۆی ستانفۆرد ) ئەنجامدا، کە مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، سەرەتا خوێندکارەکانی بەسەر دوو گروپدا دابەشکرد، گروپێک ڕۆڵی زیندانیان دەگێڕا، گروپەکەی تریان ڕۆڵی پۆلیس و زیندانەوان، لەپێناو پێدانی کەشێکی واقعی بە نمایشی تاقیکردنەوەکە، تەنانەت ئەو خوێندکارانەی ڕۆڵی زیندانیان دەبینی، هەر لە ماڵەوە بە کەلەپچەکراوی، لەلایەن زیندانەوانەکانی هاوڕێیانەوە، کە جل و بەرگی پۆلیسیان پۆشیبو، گواسترانەوە بۆ ناو زیندانی زانکۆ، دەسەڵاتی ڕەهایان پێدرابو بە ئارەزوی خۆیان هەڵسوکەوت لەگەڵ زیندانیەکاندا بکەن ، زیمباردۆ توشی شۆک بو کاتێک لە ڕێگەی چەند شاشەیەکەوە چاودێری نمایشەکەی دەکرد، بینی چەند بە دڕندەیی و توندو تیژی مامەڵە لەگەڵ زیندانیە هاوڕێکانیان دەکەن، لەکاتێکدا دڵنیابون ئەوانە تاوانبار نین و هاوڕێ و هاوپۆلی خۆیانن، بۆیە خێرا تاقیکردنەوەکەی وەستاند، دوای ئەوەی دەرئەنجامێکی ترسناکی بۆ دەرکەوت، کە تا ئەمڕۆ وەک سەرچاوەیەکی بنەڕەتی زانستی سۆسیۆلۆژی پشتی پێدەبەسترێت، ئەویش ئەوەیە : ” دەسەڵاتی ڕەها خراپترین و شەڕانگێزترین دیوی تاریک، لە دەرونی مرۆڤ دەردەخات " .
لێرەوە زیندانە ئەزمونیەکەی زانکۆی ستانفۆرد، تەنها چاپتەرێکی سەرنج ڕاکێشی زانستی و ئەکادیمی سۆسیۆلۆژیای کۆمەڵایەتی نیە، دەربارەی هەڵسوکەوتی ئەبستراکتی مرۆڤ، بەڵکو پێشاندانی سیمای ڕوت و بێ ڕتوشی مرۆڤە، کاتێک بەرامبەر ئاوێنەیەکی تاریک دەوەستێت و ماسکەکەی بەردەبێتەوە، لە حەڕەمی زانکۆ بەناوبانگەکەی ستانفۆرد، تاوانبارێک حەشار نەدرابو، بۆ ئەوەی دەستگیر بکرێ و بخرێتە بەردەم لێپرسینەوەو زیندانیکردن، هەروەها هیچ جۆرە جەلادێکی پیشەگەر وەک پۆلیسی نهێنی بەمەبەستی چاودێری، لە ناو خوێندکارەکاندا نەچێندرابو، هەموو بەشداربوانی نمایشە ئەزمونیەکەی زیمباردۆ، تەنها خوێندکارە ئاساییە زیرەک و بە ڕەوشت و تێگەیشتوە ڕۆشنبیرەکانی زانکۆن، بێ هیچ جۆرە باکگراوندێکی توندڕەوی، بێ هیچ جۆرە تاوانێک لە ڕابردودا، بەڵام لەو چرکەساتەوە دەسەڵاتی ڕەهایان پێدرا، ئەوانیتر لە شوناسە مرۆییەکەیان داماڵران و تەنها وەک ژمارە خرانە بەردەستیان، مرۆڤ بون بە خێراییەکی چاوەڕوان نەکراو، توشی داڕوخان هات، تەنانەت ئەو خوێندکارانەی ڕۆڵی جەلادیان دەبینی، پێویستیان بە چاوەڕوانی بۆ گەیشتنی ڕێنوێنیەکانی سەروی خۆیان نەبو، بۆ ئەوەی ئەرکەکەیان بە باشترین شێوە ڕابپەڕێنن، تاکە یاسای چەسپاو کارپێکراو لەم نمایشەدا، تەنها ئەوەیە ( هیچ یاسایەک بونی نیە )، لێرەوە ئیتر جانەوەرە دڕندەکە خۆی ئاشکراکرد، ئەوەی فیلیب زیمباردۆ لە ڕێگەی شاشەی چاودێریەکانەوە بینی ، بە تەنها لادانێکی ئاسایی تاکە کەسی نیە، یان دەرچون لە دەقێکی شانۆیی، بەڵکو جۆرێکە لە هەڵگەڕانەوەی بونیادی و ئەخلاقی، لە ماوەیەکی پێوانەی دیاریکراودا، کاتێک چاودێری و لێپرسینەوە هەڵدەگیرێ، ئەخلاق بەشێوەیەکی ترسناک دەکەوێتە پاشەکشە، وەکاتێک لە دیدگایەکی دیاریکراو، ئەوانیتر لە واتا و چەمکی مرۆڤ دادەماڵرێن، ئەوکاتە ئەشکەنجەدان دەبێتە کردەوەیەکی ئاسایی وەزیفی بیرۆکراتیانە، پێویستی بە پاساو هێنانەوە نامێنێ، گەورەترین مەترسی لەم نمایشە ئەزمونیەدا دڕندەیی جەلادەکان نیە، بە قەد ئەوەی هەڵگەڕانەوەی خێراو ئاسانی خوێندکارەکانە، بۆ دڕندەیەکی ترسناک، بەبێ ئەوەی ساڵانێک چاوەڕێ بکەن، تا تۆوی ڕق و تۆڵە لە دەرونیاندا بچێندرێ، یان پێویستیان بە جۆرێک لە بیرکردنەوەو ئایدیۆلۆژیای ڕادیکاڵی بێت، یان بەناو کۆرسێکی پەروەردەی دەمارگیریدا ڕەت بن، تەنها ئەوەندە بەسە : جل و بەرگێکی فەڕمی پۆلیسی، دەسەڵاتێکی ڕەهای بێ چاودێری و لێپرسینەوە، لەگەڵیدا هەلومەرجێکی کپ و قبوڵکراوی چاوپۆشی و بێدەنگ.
بەم شێوەیە ستانفۆرد لەگەڵ مێژوی ستەم و ئەشکەنجەو توندوتیژیدا تێکەڵ دەبێتەوە، هەمو دەسەڵاتە ستەمکارەکان لێرەوە دەستیان پێکردوە، سەرەتا مرۆڤی ئاساین، بەڵام لەدەرفەتێکی گونجاودا کاتێک بۆیان دەڕەخسێ، بەناوی چەسپاندنی فۆڕمێکی دیاریکراوی حوکومڕانی، لە بەرژەوەندی خۆیان، یان بەبیانوی پاراستنی ئاسایش و ئارامی، یان بەناوی بەرژەوەندی باڵای نیشتیمان، تادەگاتە پاساو بۆ جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی ئادابی گشتی و کلتور وئەحکامی شەرعی و ئاینی، بە شێوەیەکی کاتی، سەرەتا جۆرێک لە توندوتیژی و فشاری نەرم پێڕەو دەکەن، دواجار کۆی گشتی دەسەڵاتەکە دەبێتە ستەمکارو خۆسەپێنی دیکتاتۆرو خوێن ڕێژ، ئەزمونی نمایشەکەی زانکۆی ستانفۆڕت، تەنها ئەوەی دوبارەنەکردەوە، مرۆڤ دەکرێ ببێتە دڕندە، لە غیابی چاودێری یاساو لێپرسینەوەدا، بەڵکو بەجۆرێک لەجۆرەکان، جەختکردنەوە بو لەو ڕاستیەی، دەسەڵاتی ڕەها، بەبێ پابەندی بە کۆت و بەندی یاسای و چاودێری چڕ، بە شێوەیەکی پێشبینی نەکراو لەماوەیەکی زۆر کورتدا، دەبێتە دڕندەو جەهەندەم دەخوڵقێنێ بۆ ئەوانیتر لە سەر زەوی، کەسێکی ئاسایی بۆ ئەوەی ببێت بە ستەمکار، پێویستی بەوە نیە شەیتان بچێتە بن کلێشەی، تەنها ئەوەندە بەسە، هێڵی گەیەنەری وزەی پێویست، لەسەرچاوەی سەرەکیەوە، لەسەر بارگاوی بونەوەی سیستەمی بیرکردنەوەی هەڵبگیرێ، ئیتر ئاگامەندی و زمانی پرسیاری لەکار دەکەوێ، ئەمەش دەرفەت دەڕەخسێنێ زۆر بەخێرایی شوناسەکەی لە ( مرۆڤ ) ەوە بگۆڕێ بۆ ( دڕندە ).
دەرئەنجامی تاقیکردنەوەکەی زیمباردۆ، تەنها دۆزینەوەی هەندێک پێدراوی زانستی نەبو، بە قەد ئەوەی تسۆنامیەکی ئەخلاقی بو، کاتێک مرۆڤ لغاوی چاودێری و یاسای لەسەر هەڵدەگیرێ و دەسەڵاتی ڕەهای پێدەدرێ، تەنها خراپترین و دڕندانەترین فۆڕمی شاراوەی پێشکەش ناکات، بەڵکو دەیان جۆری دامودەزگای میدیای، دادوەری، ڕێکخراوەی، پۆلیسی، حزبی و حکومی، تەنانەت کلتوری و ئاینی بەگەڕدەخا، بۆ پاساو هێنانەوە، گوایە ئەوەی دەیکات ڕاست و ڕەوایە. لێرەوە پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوە نیە بۆچی زیندانیەکان ئەشکەنجە دەدرێن ؟ چونکا هەمیشەو بەدرێژایی مێژو زیندانەوانەکان بە پاساوی جێبەجێکردنی یاسا، وەکو ڕاپەڕاندنی ئەرکی سەرشانیان، ئەم کارە ئەنجام دەدەن، بەڵکو ڕاستیە مەترسیدارەکە، دەسەڵاتی ڕەهایە، چۆن مرۆڤێکی ئاسایی، لەماوەیەکی کورتدا دەگۆڕێ بۆ جانەوەرێکی دڕندە ؟!.
PM:01:49:01/04/2026
ئهم بابهته 392
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی