کێ براوەی جەنگە؟
ئارام سەعید
جەنگی ئیستای ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئیران ئاڵۆزیەکی گەورەی جیۆسیاسی دروستکردوە کە رۆژانە ئامانجەکانی شەرەکە گۆرانیان بەسەردا دێت، ئەولەویەتی لایەنەکانی شەر جێگیر نیە چونکە سەرەتا باس لەلەناوبردنی بەرنامەی ئەتۆمی و توانای موشەکی ئیران بوو، دواتر باس لەگۆڕینی رژێمی ئیران کرا و ئیستاش ئامانجی گەورە کردنەوەی گەروی هورمزە یان داگیرکردنی دوورگەی خارک....
دریژبونەوەی ماوەی شەڕ ستراتیژێکە کە خزمەتی ئێران دەکات چونکە دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێران شانازی بەوەوە دەکەن کە توانای بەرگەگرتنی لێدانی زلهیزی گەورەی وەک ئەمریکایان هەیە، کەئەمەش شەرعیەتی ناوخۆیی زیاتر دەکات و توانای مانەوەی بەهێز دەبێت. لەبەرامبەردا ئەمریکا دەخاتە بەردەم تەحەدیەک کەبۆ دەرجەیەک دەگەرێت کە بەسەرکەوتویی لەشەرەکە دەرچێت، چونکە ترەمپ پێویستی بەوەیە دەستکەوتی گەورە بەدەست بهێنێت هەربۆیە بەردەوام هیزی زیاتر رەوانەی ناوجەککە دەکات و داوای بودجەی زیاتر دەکات بۆ جەنگ.
ئێران لەرووی سەربازیەوە لەدۆخێکی لاوازدایە بەڵام توانیویەتی بەستراتیژی بەرامبەر بازاری وزە و داخستنی گەروی هورمز بازاری نەوت توشی قەیرانی گەورە بکات و ئەمەش ئەمریکا دەخاتە بەردەم سێ ئەگەری قورس یان پاشەکشێ کەئەمەش وێنەی ترەمپ تەواو دەشیوێنێت، یان گورزی سەربازی گەورە لە وزەی ئیران کە ئەویش بازاری وزەی جیهان دەهاڕێت. سەرەرای ئەوەی زیانی گەورە لەئابوری ئەمریکا دەدات و بەمەش ئاستی بژیوی ئەمریکیەکان تێک دەچێ و بۆ هەڵبژاردنی چەند مانگی داهاتوو دیموکراتەکان سەردەخات لە ئەمریکا کە تیایدا ترەمپ شکستی گەورە دەهێنیت، ئەگەری سێهەم داگیرکردنی دورگەی خارک کەئەویش ئایندەی نەزانراوە.
دیوێکی تری ئەم شەرە بەئیسرائیلکردنی شەرەکەیە کە رۆژانە روبەروی هێرشی ئیران و حزبوڵا دەبێتەوە و شەری باشوری لوبنان دەکات ، بەردەوام ئەو لێدوانانە لەخۆرئاوا دوبارە دەبێتەوە کە ئیسرائیل ئەمریکای خزاندۆتە شەرەکەوە و ئەمەش هەستێکی دژ بەئیسرائیلی چ لە ناوخۆی ئەمریکا چ لەخۆرئاوا و وڵاتانی تری دونیا دروستکردوە . هەرچەندە هەندێکی تریش دەڵین ترەمپ ئیسرائیلی پەلکێش کردوە بۆ ئەم شەڕە تا نەوتی خۆرهەڵاتی ناوەراست کۆنترۆڵ بکات لە قەتەر و سعودیە و ئیمارات وعیراق بۆ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا.
پرسیارەکە ئەوەیە کێ سەرکەوتوە لەم شەرەدا؟ هەرسێ لایەن خۆیان بە سەرکەوتوو دەزانن تا ئێستا، ترەمپ بەردەوام باسی ئەوە دەکات ئیرانی تەواو لاواز کردوە و هیچی نەماوە، نەتانیاهو دەڵیت توانای موشەکی و ئەتۆمی ئیرانمان نەهیشتوە و ئێرانیش بەردەوام باسی سەرکەوتنەکانی خۆی و موشەکی نوێ تاقی دەکاتەوە.
ئەم جەنگە ئاڵۆزە، ئامانج و بەرژەوەندیەکان تیایدا تەواو ئالۆسکاون، لەلایەک ئەمریکا و ئیسرائیل بەدوای بەدەستهینانی ئامانجە ستراتیژیەکانیانەوەن بە لەناوبردنی بەرنامەی ئەتۆمی و توانای موشەکی بالیستی و سەپاندنی هەیمەنەی خۆیان لە خۆرهەلاتی ناوەراست ، لەلایەکی ترئیران توانای خۆراگری هەیە و بەکارهێنانی کارتی وزەی لەدەستدایە تا ئێستا، چونکە هەلەی ستراتیژی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەوەبوو وتیان رژێمەکە دەگۆڕین و ئیتر خەڵکی نارازی ئێران چونەوە مالەوەو چاوەروانن، رژێمەکەیان بۆ بگۆڕن.
لەکۆتاییدا ئەم شەرە پێویستی بەچیرۆکی جیاواز هەیە کە هەموان بڵێن سەرکەوتووین و هەرکەس چیرۆکی سەرکەوتنی خۆی بگێڕێتەوە، وەک شەری ١٢ رۆژەی رابردوو ، بەبێ یەکلایکردنەوەی سەربازی وپێدەچیت ئەو دەرچەیەش بە دانیشتنی دیپلۆماسی و سیاسی بێت کێشەکە چارەسەر بێت چونکە تەنانەت ولاتانی کەنداو کە روبەوروی هیرش دەبنەوە ئامادەنین راستەوخۆ بێنە شەرەکەوەو یەکیتی ئەوروپاش تائیستا بریاری نەداوە و هەموان دژی ئێرانن و نایانەویت بەشداربن لەو جەنگەدا....
PM:07:56:25/03/2026
ئهم بابهته 112
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی