جیهان لە سایەی ڕاراییدا

‌دانا بەهادین

لەم وتارە تیشک دەخەینە سەر کورتەیەک لەو گێژاوە سیاسی و دەروونییەی کە ڕاراییەکانی دۆناڵد ترەمپ لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەیی دروستی کردووە. لە هەڕەشەی سڕینەوەی ئێران بۆ باوەشی دیپلۆماسی، لە پشتگوێخستنی هاوپەیمانە کوردەکان بۆ بڕیاری لەناکاو، چۆن ئەم پەندۆڵە سیاسییە متمانەی میدیایی و سەقامگیریی دەروونیی کۆمەڵگاکانی تێکداوە؟ هەروەها باس دەکەین بۆچی گەورەترین سەرکردەکانی جیهان وەک ماکرۆن و مێرکڵ، و ستراتیژیستەکانی وەک ماتیس و بۆڵتۆن، هۆشداریی توند لەم "نادڵنیاییە کوشندەیە" دەدەن.

سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە سەردەمی ئێستادا، لەبری ئەوەی لەسەر بنەمای دامەزراوەیی و ستراتیژییەتی درێژخایەنی دەوڵەتداری دابڕێژرێت، گۆڕاوە بۆ پەندۆڵێکی ناجێگیر کە بەردەوام لە نێوان لێدوانی دژبەیەک و هەڵچوونی کاتیدا دێت و دەچێت. ئەم جۆرە لە سەرکردایەتیکردن، کە تێیدا بڕیارە چارەنووسسازەکان زۆرجار لەسەر بنەمای باری دەروونی و هەڵچوونە کەسییەکانی دۆناڵد ترەمپ دەدرێن نەک لۆژیکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، جیهانی خستۆتە بەردەم قەیرانێکی قووڵی نادڵنیاییەوە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەم ڕاراییە بە ڕوونی لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئێران و هاوکێشەی ئیسرائیلدا دەردەکەوێت، ساتێک هەڕەشەی سڕینەوەی ئێران لەسەر نەخشەی جیهان و وێرانکردنی سەراپای سەرچاوە ئابوورییەکانی دەکرێت، ساتێکی تر باس لە بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان و ئەگەری ڕێککەوتنێکی نزیک دەکرێت. هەر هەمان سەرچاوەی بڕیار لەپڕ هەڕەشەی کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز دەکات بۆ ڕووخانی ڕژێم، بەڵام چەند کاتژمێرێک دواتر باس لەوە دەکات نابێت لە سەرچاوە ئابوورییەکانیان بدرێت. ئەم دژبەیەکییە تەنانەت هاوپەیمانە نزیکەکانیشی گرتۆتەوە، هەر بەدەم راڕاییەکانییەوە هۆشداری دەداتە کورد تێکەڵی ئەم دۆخە سەربازییانە نەبن، لە پڕ پێچەوانەکەشی دەخاتە روو کە گوایە سیستەمی سیاسیی ئێران بە گەلانی ناو ئێران دەگۆڕدرێت لە کاتێکدا چارەنووسی تەواوی ناوچەکە پەیوەستە بەو بڕیارانەی کە لە کۆشکی سپیەوە دەدرێن.

ئەم ناجێگیرییە تەنها لە چوارچێوەی دیپلۆماسی و سیاسیدا نامێنێتەوە، بەڵکو لێکەوتەی دەروونیی لەسەر کۆمەڵگەکان درووستکردووە. کاتێک سەرکردەیەک بە باری دەروونێکی ناجێگیر و گوتاری دژبەیەکەوە مامەڵە دەکات، جۆرێک لە تەنگژەی نادڵنیایی گشتی (Mass Uncertainty) لە ناو دڵی خەڵکدا دروست دەکات. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لێدوانێکی سەرۆکی ئەمەریکا تەنها مانشێت نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێی بەکۆمەڵ، خەڵک ناتوانن پلان بۆ سبەینێی خۆیان و خێزانەکانیان دابنێن، چونکە نازانن ئایا سبەی جەنگە یان ئاشتی. ئەم جەنگە دەروونییە لە ئەنجامی ڕارایی سیاسییەوە دروست دەبێت، جۆرێکە لە تیرۆری مەعنەوی و ئارامی و سەقامگیریی دەروونیی و تاکی کۆمەڵگە تێکدەدات و متمانەی خەڵک بە هەموو دامەزراوە میدیایی و سیاسییەکان دەسڕێتەوە. کاتێک ناوەندەکانی بڕیار توانای پێشبینیکردنیان لەدەست دەدەن، دەزگا میدیاییەکانیش دەکەونە داوی گواستنەوەی زانیاریی دژبەیەکەوە، ئەمەش متمانەی جەماوەر لەبەرانبەر ڕاستی و لۆژیک لەق دەکات و رایگشتی دەخاتە تەنگژەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئەم ڕاراییە زەبرێکی کوشندەی لە هەژموونی ئەمەریکا و سومعەی یاسایی و نێودەوڵەتیی ئەو وڵاتە داوە. سەرکردە و سیاسەتمەدارە گەورەکانی جیهان سەیری ئەم دۆخە دەکەن، ناتوانن بێدەنگی هەڵبژێرن. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەن بە ئاشکرا گومان دەخاتە سەر پشتبەستنی ئەوروپا بە ئەمەریکا و داوای سەربەخۆیی ستراتیژی دەکات بەهۆی ئەم بڕیارە لەناکاوانەوە. ئەنگێلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری پێشووی ئەڵمانیاش، ڕایگەیاند کە ئیتر سەردەمی پشتبەستنی تەواوەتی بە ئەمەریکا کۆتایی هاتووە. تەنانەت لە ناوخۆی واشنتندا کەسایەتییەکی وەک جۆن بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی لە بیرەوەرییەکانیدا باس لەوە دەکات ترەمپ هیچ ستراتیژێکی نییە و بڕیارەکانی تەنها کاردانەوەی هەڵچوونیی کاتین و بە مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی دادەنێت. هەروەها جەیمس ماتیس، وەزیری پێشووی بەرگریش هەر بەهۆی ئەم خەمساردی و ڕاراییەوە بەرانبەر هاوپەیمانان (بە تایبەت کوردەکان لە سووریا) بە نامەیەکی مێژوویی دەستی لەکار کێشایەوە.

کاتێک سیاسەتی دەرەوە لە هونەری هاوسەنگی و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانەوە دەگۆڕدرێت بۆ کاردانەوەی هەڵچوونیی تاکەکەسی و ناجێگیریی باری دەروونی، ئیتر سیستەمی جیهانی ڕووبەڕووی قەیرانی قوڵ دەبێتەوە. ئەم ڕاراییەی ئەمڕۆ تەنها پرسی ململانێیەک نییە لەگەڵ ڕژێمێکی دیاریکراو، بەڵکو بومەلەرزەیەکی دەروونیشە بەرۆکی هەموو جیهانی گرتۆتەوە. هەتا ئەمەریکا نەگەڕێتەوە بۆ داڕشتنەوەی ستراتیژێکی جێگیر و دامەزراوەیی، جیهان وەک بارمتەی میزاجی کەسی دەمێنێتەوە و مرۆڤایەتی لە نێو شەپۆلی نادڵنیایی و بارگرانییە دەروونییەکاندا باجەکەی بە قورسی دەدات.

 


PM:12:18:24/03/2026

ئه‌م بابه‌ته 600 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی