چەل و مەل بە نادانیی
ڕەنگین مەلا سەمەد
تێر و پڕ بە! بە هزرو هەست، تا نەکەویە داوی نەفامی و ساویلکەیی
ڕەوتارو گەمژەیی لە لاساییکردنەوه، کەموکورتیی لە دەستخستنی زانست و تێرنەکردنی مێشک،
هەست و بیر بەرەو برسییبوون دەکات و ئامانج و ئایدیاکان بەرەو مشەخۆریی و سواڵکردن
و لاساییکردنەوەو دەبات، بەڕادەیەک چاو هەمیشە تینووی پەیبردن و جۆرێک لە ئیرەیی
ناپەسەندو ناڕەوا دەبێتەوە، بەو ئەندازەیەی تا ڕادەی کوێربوون و نەبینینی ڕاستییەکانی
دەبات.
خۆهەڵواسین و خۆداپۆشین بە بەرگ و باڵای چمکی کەوای کەسانی
دی، تووشی ڕووتبوونەوەو داماڵینی بەها مرۆییەکانت دەکات، تەفسیری ئەم جۆرە کردارە
ناباوەش، بە لێکدانەوەی جۆرێک لە ئاڵۆزیی دەروونیی و هەستی خۆبەکەم دانان و شەپڕێویی
ناخ و کردار لێکدەدرێتەوه.
هەوێنی سەرکەوتن و سەرفرازیی دەروون لە ڕکابەرییەکی تەندروستدایە،
هەڵپەکردن و هەڵوەدابوون بۆ پڕکردنی هۆش و عەقڵ، چێژی ژیریی و داناییت پێدەبەخشێت،
بەڵام خۆهەڵواسین و نادانیی، تام و تاسەی داهێنان و هێنانە کایەی جوانی و ڕکابەریی ئەخلاقیی
ناهێڵێت، ئیرادە تێکدەشکێنێت، لە بەردەم هەموو هەنگاوێکی ژیان بۆ داهاتوو، تاسەی
ناقۆڵا دروستدەکات.
با لەباربین، گەشە بە کارامەییەکان بدەین، بە فێربوون تێربین،
بە جیاوازیی و چەلەنگیی پێشەنگبین، لەبری پاشکۆیی خاوەندارییەتی بکەین، ڕووناککەرەوەی
بیرکردنەوەمان بین نەک سێبەری کەسانی تر، لەبری منەت و مەینەتباریی، بە چاندنی تۆوی بلیمەتیی شکست بە
شکست بهێنە، کۆیلەبوون بۆ ناوبانگێکی بۆش و بەتاڵ، لە سڕبوونەوە بەرەو سڕینەوەت دەبات.
ئاوبازێ لە ئاوێک بە نەزانیی، نووقمت دەکات و هەناسەی ژیانت
لێ قەتیس دەکات، هەندێ جار لاڵبی باشترە لەوەی بێسوود گۆ بکەی.
AM:10:17:23/03/2026
ئهم بابهته 672
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی