ئایا ئێران دەڕووخێت؟

‌عومەر مەرگەیی

دەرهاویشتەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران ، هێرشی فراوان وچڕی مووشەکی هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پێگە گرنگ و ستراتیژییەکانی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و سەربازی ئێران لە ٢٨ی فیبرایەرەوە کە سەدان شار و ناوچەی جیاوازی ئێرانی گرتۆتەوە لە دامەزراوە ئەتۆمیەکان ، بنکە و سەکۆ مووشەک هاوڕێژەکان ، بارەگا و سەربازگە و ناوەندەکانی سوپا و سوپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی دیکەی ئێران ... کوژرانی هەزاران کەس کە نزیکەی هەزار کەسیان سڤیلن ، لەناو کوژراوەکاندا ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی و دەیان سەرکردە و فەرماندەی باڵای ئێرانن ، هەموو ئەو ڕوداوگەلانە ، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕووبەڕووی وەرچەرخانێکی گرنگ و مێژوویی کردۆتەوە.

جەنگێکی نیمچە وێرانکەر لەنێوان ئەمریکای زلهێزی یەکەمی جیهان و ئیسرائیلی هاوپەیمانی ، لەگەڵ دەوڵەتی زلهێزی عەقیدەیی ئێران کە دەوڵەتێکە خاوەن مێژووی زیاتر لە ٣٢٠٠ ساڵە و سەدان جەنگی گەورە و بچووکی دیوە ، ئێستاش دەوڵەتێکی سیۆکراسی شیعە مەزهەبی زلهێز و کاریگەری ڕۆژهەڵاتی ناوین و بزوێنەری ئاراستەی روحانی هیلالی شیعی جیهانییە ... ( یەکێتی و پتەوی مەزهەبیش لەناو شیعەدا باڵاترین ئاستە بەراورد بە هەموو مەزهەب و پارادایمە ئایینییەکانی دیکە ).
 
ئێران ئەزموونی ئەوەشی هەیە هەرگیز تەواوی هێزی خۆی لەیەک قۆناخی شەڕدا بەکار نەهێنێت ، بۆیە پێشبینی دەکرێت بەپێی بەرزبوونەوەی کێرڤی جەنگەکە ئێران توانست و پلانی نوێی جەنگی و چەکی کاراتریش بەکار بهێنێت .
 
بۆیە کاتێک ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی جەنگ دژی وڵاتێکی ئاوا ڕادەگەیەنن ، حەتمەن دەبێت شرۆڤە و لێکدانەوەی وردی ئاکامی جەنگەکە و دەرهاویشتەکانیان کردووە .

پێمانوایە ئەم جەنگە ، وەک ئەوەی هەیە ، نە ململانێی دوو سیستمی سیۆکراسی جیاوازە بە ڕەهایی و نە جەنگی دەوڵەمەندکردنی پڕۆژە ئابوورییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلە لە خۆرهەڵاتی ناوین بەتەنیا .

بەڵکو جەنگی سەپاندنی هەژموونی سیاسی و ئابووری ئەمریکایە لە ناوچەکە و فراوانکردنی نەخشە ڕێگای داوودی ئیسرائیلییە لە سوریا و لوبنان وەک هەنگاوی یەکەم .

کورت و پوخت لای ئەمریکیەکان ، دۆزینەوەی ئاڵتەرناتیڤی دەستەڵاتی دەوڵەتی ئێران لە ئێستادا زێدە سەخت و دژوارە و تێچووی جەنگەکە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیلیش جگە زیانی گیانی زیاتر لە دەیان ملیار دۆلارە  .... لەم حاڵەتەدا ئەمریکا ناچارە لەجیاتی ڕووخاندنی دەوڵەت لە بۆشاییەکی نادیاردا ، ئێرانێک هەڵبژێرێت کە حکومەتێکی نیچە دیموکراسی ئاشنای خۆی و دوور لە قەڵەمڕەوی سوپای پاسداران و حەوزە دینیەکان بێت .

واتە هەم سەرە گورگێک بەرهەم بێنێت بۆ وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە و هەم مەڕێکی شیردەریش بێت بۆ خۆیان .
ئەوەی بۆ ئێمەش گرنگە و هەستی پێدەکرێت دۆزی کورد و مافەکانییەتی لە ئێران و ناوچەکەش ، کە لە ئەجندای ئەمریکییەکاندا بایەخی پێویستی پێنەدراوە ، لەبەر ئەوە هەرێمی کوردستان ناتوانی موسایەرە لەگەڵ ئەم بارودۆخە سەخت دا بکات ، بەڵکو پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسیەکان و حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم بە یەکگرتوویی و یەک هەڵوێستی تەواوی هەوڵە دیپلۆماسی یەکانی خۆیان بخەنە گەڕ لە پێناو پتەوکردنی پێگەی کورد لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.



PM:06:39:20/03/2026

ئه‌م بابه‌ته 724 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی