لە ئاگرەکەی "هورمز"ەوە بۆ دووکەڵەکەی "ئیستمێد"

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

دەگێڕنەوە کاتێک ئیمپراتۆریەتە کۆنەکان خەریکی داڕمان بوون، پێش ئەوەی دیواری پایتەختەکانیان بڕوخێت، جەنگی مان و نەمانیان لە دەریاکاندا بەلایەکدا دەخست. ئەمڕۆ مێژوو بە بەرگێکی تەکنەلۆژیییەوە دووبارە دەبێتەوە. لە کاتێکدا جیهان چاوی بڕیوەتە چارەنوسی تاران و کزبوونی ئاگری گەرووی هورمز، لە قووڵاییە بێدەنگەکانی دەریای سپیدا، نەخش و پلانێکی  جوگرافی نوێ  دەکێشرێت کە ئامانجەکەی تەنها وزە نییە، بەڵکو گۆڕینی ڕێڕەوی مێژووە بۆ سەدەی داهاتوو.

ئەوەی ئەمڕۆ لە قوبرس دەگوزەرێت، تەنها کێشەیەکی مێژوویی نێوان دوو دراوسێی دێرین نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی پڕۆژەی "EastMed Pipeline-ئیستمێد"ە؛ بۆرییەکی پۆڵاینی 2100 کیلۆمەتری کە لە کێڵگەکانی ئیسرائیلەوە بۆ ناو جەرگەی ئەوروپا ڕاکێشراوە. ئەم پڕۆژە 7 ملیار یۆرۆییە، تەنها غاز ناگوازێتەوە، بەڵکو خواستییەتی ناوەندی هەژموون لە ئەنقەرەوە بۆ تەلئەبیب بگوازێتەوە و تورکیا بۆ هەمیشە لە "هاوکێشەی ئۆکسجینی جیهان" بسڕێتەوە.

ئەم وەرچەرخانە هەوەنتە نییە. داتاکانی "ئیدرەک - Intel"—ئەو دەنگە کپانەی لە ناوەندە هەواڵگرییە ستراتیژییەکانی وەک CIA و Mossad و DGSEـی فەرەنسییەوە دەبیسترێن، پێمان دەڵێن کە جیهان بڕیاری داوە قوبرس بکاتە  فڕۆکەهەڵگرێکی وشکانی جێگیر  لە ناو جەرگەی دەریای سپیدا. فەرەنسا لە ڕێگەی ئیمانوێل ماکرۆنەوە، گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل داگیرساندووە تا بنکەی سەربازی و سیستەمی سیخوڕیی پێشکەوتوو لە بەشی یۆنانیی دوورگەکەدا بچێنێت. ئەمە تەنها بۆ چاودێریکردنی کەناراوەکانی شام نییە، بەڵکو بۆ پەکخستنی تەواوی پڕۆژەی "نیشتمانی شین"ـی تورکیایە. تورکیا هەست دەکات کلیلی ماڵەکەی کەوتووەتە دەستی هاوپەیمانییەک کە دەیەوێت لە "وێستگەیەکی جیهانیی گواستنەوە"وە بیگۆڕێت بۆ "زیندانێکی وشکانی".

کاتێک دەوڵەت باخچەلی بەو زمانە توندە هۆشداری دەدات و دەڵێت "ئیسرائیل چاوی لە خاکی ئێمەیە"، ئەو یاری بە هەستی نەتەوەکەی ناکات؛ ئەو دەزانێت کە جەنگەکە لە "ورمێ و نەغەدە" و شاخەکانی کوردستانەوە، گواستراوەتەوە بۆ ناو قووڵایی ڕێڕەوە ئاوییەکان. گواستنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی F-16 و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ فڕۆکەخانەی "گێچیتکالێ" لە قوبرسی باکوور، کە لەم چەند ڕۆژەی مانگی ئازاردا ئەنجامدرا، نیشانەی ئەوەیە کە ئەنقەرە دەزانێت تەڵەکە چەندە گەورەیە. تا ئەو کاتەی تاران وەک هەڕەشە لە گەرووی هورمزدا مابوو، تورکیا کارتێکی فشاری بەهێزی لەدەست بوو وەک تەنها ڕێگەی ئارامی جێگرەوە، بەڵام دوای داڕمانی قووڵایی ستراتیژیی ئێران، ئیتر جیهان پێویستی بە تورکیا وەک "دەرچەی وزە" نەماوە. ئیسرائیل ئێستا وەک "بەدیلی ستراتیژیی تورکیا" بۆ ڕۆژئاوا دەردەکەوێت؛ ئەمەش ئەو گەمارۆدانە جوگرافیایەیە کە دەتوانێت ئابووریی تورکیا بۆ سەدەیەک پاشەکشە پێ بکات.

ئێمە لەبەردەم جەنگی "سفر و یەک"داین. جەنگی 2026 جەنگی ئایدیۆلۆژیاکان نییە، بەڵکو جەنگی کۆنترۆڵکردنی "دوگمەی وزەی جیهانە". هەرکەسێک کۆنترۆڵی قوبرس بکات، کۆنترۆڵی هەناسەی ئەوروپا دەکات. لێدوانە توندەکانی ماکرۆن لە قوبرس تێسرەواندنی ڕوون بوون بۆ تورکیا و ئەوەی گەیاند کە تۆ لەم یارییەدا نیت. ئێستا ئەنقەرە دەبێت یەکێک لەم دوو بژاردەیە هەڵبژێرێت؛ یان قبوڵکردنی پەراوێزکەوتنێکی مێژوویی وەک هێزێکی وشکانی، یان ڕیسککردن بە هەموو سوپاکەیەوە لە ناو جەرگەی دەریای سپیدا بۆ شکاندنی ئەو گەمارۆدانەی کە لە تەلئەبیب و پاریسەوە بۆی داڕژراوە. مێژوو چاوەڕێی کەس ناکات، و لەم جەنگە نوێیەدا، تەنها ئەوانە دەمێننەوە کە دەزانن چۆن لە ناو تەمی دەریاکاندا، ڕێگەیەک بۆ مانەوە دەدۆزنەوە


PM:04:44:19/03/2026

ئه‌م بابه‌ته 432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی