ئێران له‌ هایدگه‌ره‌وه‌ بۆ كانت

‌سلاڤۆی ژیژه‌ك

نووسینی: سلاڤۆی ژیژه‌ك
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: ئالان عه‌توف

ئێستا ئێران به‌ دو فاكتۆ نه‌ك ته‌نیا بۆ سه‌روه‌ری خۆی، به‌ڵكو بۆ پره‌نسیپه‌ جیهانییه‌كه‌ی (سه‌روه‌ری) ده‌جه‌نگێت.

له‌ دوای ١ی ئازاری ٢٠٢٦ه‌وه‌، میدیاکان به‌ په‌یوه‌ندیكردن بۆمبارانیان کردم بۆ ئەوەی شتێک بڵێم لەسەر هێرشە بەردەوامەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران. هەندێکیان بیریان هێنامه‌وه‌ کە لە ١١ی ئابی ٢٠٠٥ لە ڕۆژنامەی "ئین زیس تایمز"دا دەقێکم بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ به‌ناوی "چانسێك بده‌ن به‌ چه‌كی ئەتۆمی ئێران: لە جیهانێکی شێتدا هێشتا لۆژیکی [لەناوبردنی دڵنیای دوولایه‌نه‌ - MAD]* هێشتا کاردەکات"، و پرسیارم لێكرا کە ئایا هێشتا ئەمە هەڵوێستی منە؟ ناچارم بە دوو شێوە نائومێدیان بکەم: یەکەم، نەخێر، ئێستا ئەمە هەڵوێستی من نییە – لە دەقەکەمدا ئاماژەم دابوو به‌وه‌ی كه‌ ڕۆژئاوا هاوبه‌شه‌تاوان بووه‌‌ لە هێرشی [هه‌شتاكانی] عێراقدا بۆ سەر ئێران (تەنانەت ئەمریکا وێنەی مانگی دەستکرد و گازی ژەهراوی بۆ عێراق دابین ده‌کرد بۆ چاودێریكردن و کوشتنی هێزەکانی ئێران). هێرشەكان به‌و ئامانجه‌ ئه‌نجام دران كه‌ له‌ ماوه‌ی پشێوی دوای شۆڕشی خومەینی، عێراق بچێت دەست به‌سه‌ر ئەو زەوییە دەوڵەمەندە نەوتییەی نزیک سنووری ئێراندا بگرێت.

کاتێک سەدام حسێن گیرا و دادگایی کرا، ئێران بە شێوەیەکی تەواو ماقول داوای کرد هێرشی عێراق بۆ سەر ئێران بۆ لیستی تاوانەکانی سه‌دام زیاد بکرێت کە زیاتر لە ملیۆنێک قوربانی لێکەوتەوە؛ ئەمریکا ئەم داواکارییەی ڕەتکردەوە چونکە هاوبه‌شی تاوانی ئەمریکای لەگەڵ عێراقدا دەخسته‌ڕوو.

بەڵام ئەوەی ساڵی ٢٠٢٢ لە ئێران ڕوویدا – ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن ناڕەزایەتییەکانی [ژینا] ئەمینی – گرنگییەکی مێژوویی جیهانی هەبوو. ناڕەزایەتییەکان کە بە دەیان شاردا بڵاوبووەوە، لە ١٦ی ئه‌یلولی ٢٠٢٢ لە تاران دەستیپێکرد، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە گیانلەدەستدانی ژینا، كه‌ ژنێکی تەمەن ٢٢ ساڵی بە ڕەچەڵەک کورد بوو و لەكاتی دەستبەسەرگرتنیدا له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ گیانی لەدەستدا. ژینا لەلایەن پۆلیسی ڕێنماییكه‌ره‌وه‌ کە بە (پۆلیسی ئەخلاقی) ئیسلامی ناسراوە لێیدرا تاكو گیانی له‌ده‌ست دا، دوای ئەوەی بەهۆی ئه‌وه‌وه‌ دەستگیرکرا كه‌ حیجابێکی (نادروست)ی كردووه‌.

ناڕەزایەتییەکان خەباته‌ جیاوازه‌كانیان پێكه‌وه‌ گرێ دا له‌وانه‌ش ناڕه‌زایه‌تی (دژی ستەم له‌ ژنان، دژی ستەمی ئایینی، له‌ پێناو ئازادی سیاسی لە دژی تیرۆری دەوڵەت) و بوونە یەکێتییەکی ئۆرگانی. ئێران لە ڕووی کولتوورییەوە جیاوازە لە (ڕۆژئاوای پێشکەوتوو)، بۆیە دروشمی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه‌ (ژن، ژیان، ئازادی) زۆر جیاوازە لە بزووتنەوەی (می توو – Me Too**) ی ووڵاتانی ڕۆژئاوا.

ناڕەزایەتییەکانی ئێران ملیۆنان ژنی ئاسایییان کۆکردەوە و ڕاستەوخۆش پەیوەست بوون بە خەباتی هەمووانەوە، بە پیاوانیشەوە – هیچ مەیلێکی دژە نێرینەشیان پێوه‌ دیار نه‌بوو، وەک ئەوەی زۆرجار لە فێمینیزمی ڕۆژئاواییدا ده‌رده‌كه‌وێت. ئێستا هەڵوێستی من بەرامبەر ئێران گۆڕاوە: نابێ ئێران هیچ چه‌كێكی ئه‌تۆمی هه‌بێت (و، ئەوەش زیاد دەکەم، كه‌ ئیسرائیلیش نابێت هه‌یبێت...) – بۆیە من لەگەڵ عەلی خامنەیی هاوڕام، کە لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکاندا فەتوایەکی دژی بەدەستهێنان و پەرەپێدان و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی ڕاگەیاند. ڕاستە، لایەنە توندڕەوەکانی ئێران دژایەتی ئەم هەڵوێستەیان کرد و لە مانگی ئازاری ٢٠٢٥دا ڕاوێژکارێکی خامنەیی بە ناوی عەلی لاریجانی ووتی ئێران هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییه‌ جگە لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی ئەگەر لەلایەن ئەمریکا یان هاوپەیمانەکانیەوە هێرشی بکرێتە سەر – بەڵام بەڕاست که‌س دەتوانێت له‌سه‌ر ئه‌مه‌ لۆمه‌ی بكات؟

سەبارەت بەم شەڕه‌ بەردەوامه‌، هیچ شتێکی ڕەسەن لە هەڵوێستی مندا نییە: من دژی ڕژێمی فاشیستی ئایینسالاری ئێرانم، و دژی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلیشم – ئەگەر ئەم ڕژێمە بکەوێت، ئەوا بە شێوەیەکی هەڵە ئه‌نجام ده‌درێت. هەڵبژاردن له‌ نێوان ڕژیمی ئێران و ئەمریکای تره‌مپ هەڵبژاردنێکی درۆزنانه‌یه‌‌؛ هەردووکیان سەر بە یەک دونیای جیهانگه‌ران.

بەڵێ، دڕندەییەکانی ئێران بۆ سەرکوتکردنی دوایین شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی خه‌ڵك شەرمەزار دەکەم، بەڵام ئەو هەڵوێستەش بە قێزەون دەزانم کە لە ٤ی ئازاری ٢٠٢٦ لەلایەن وەزیری بەرگری ئیسرائیل (ئیسرائیل کاتزە)وە گیرایەبەر كه‌ ده‌ڵێت:

"هەر سەرکردەیەک کە لەلایەن ڕژێمی تیرۆریستی ئێرانەوە ڕاسپێردرا بۆ بەردەوامبوون و سەرکردایەتیکردنی پلانی لەناوبردنی ئیسرائیل، بۆ هەڕەشەکردن لە ئەمریکا و جیهانی ئازاد و ووڵاتانی ناوچەکە و سەرکوتکردنی گەلی ئێران، – ئه‌وا بێ دوودڵی دەیكه‌ینه‌ ئامانجێک تا لەناوی به‌رین. گرنگ نییە ناوی چییە یان له‌ کوێدا خۆی لێ حەشارداوە."

کەواتە بە باشی دەتوانین لە زۆرینەی بێدەنگی ئێران تێبگه‌ین ( كه‌ لەلایەن ڕژێمەوە بێدەنگ کراوە)، و کە ڕژێم ڕەتدەکاتەوە بەڵام گومانیشی له‌وه‌ هەیە کە ئەمریکا و ئیسرائیل پێیی هه‌ڵده‌ستن – هەڵوێستیان نە ئومێدە و نە نائومێدی بەڵکو نادڵنیایی و ترسە. هه‌ر وەک لە دۆسیەی ڤەنزوێلادا باسی كرد، ترەمپ لە ٦ی ئازاری ٢٠٢٦ بە سی ئێن ئێنی ووت کە سەرکردایەتی ئێران (له‌ناو براوه‌) و بەدوای سەرکردایەتییەکی نوێدا دەگەڕێن کە مامەڵەیەکی باش لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا بکات، تەنانەت ئەگەر ئەو كه‌سه‌ سەرکردەیەکی ئایینی بێت و دەوڵەتێکی دیموکراسیش نەبێت ...). ئیدی باس له‌ چ ئازادی و دیموکراسییه‌ك بكه‌ین.

*[لەناوبردنی دڵنیای دوولایه‌نه‌ - Mutually Assured Destruction (MAD)]:
چه‌مكێكی ستراتیژی چه‌كی ئه‌تۆمییه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی جه‌نگی سارددا په‌ره‌ی پێدرا. ئاماژه‌به‌ دۆخێك ده‌دات كه‌ دوو ده‌وڵه‌ت یان زیاتری خاوه‌ن چه‌كی ئه‌تۆمی هه‌ریه‌كه‌یان هێنده‌ چه‌كی ئه‌تۆمییان هه‌یه‌ كه‌ بتوانن‌ به‌ ته‌واوی یه‌كتری پێ له‌ناوبه‌رن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر یه‌كێكیان یه‌كه‌م گورزی به‌ربكه‌وێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ردوو لا له‌ناو ده‌چن، ئه‌وا هیچ لایه‌كیان پاڵنه‌رێكی عه‌قڵانییان نابێت‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌ جه‌نگێكی ئه‌تۆمی بكه‌ن.

** بزووتنەوەی (می توو – Me Too):
بزووتنەوەی (می توو یا منیش) بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییە کە هه‌ستا بە ئاشکراکردنی کێشەی بەربڵاوی گێچه‌ڵ و توندوتیژی سێکسی دژی ژنان، بەتایبەتی لە شوێنی کار و له‌ دامەزراوە بەهێزەکاندا. دەستەواژەی (می توو – منیش) بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٦ لەلایەن چالاکوانی ئەمریکی تارانا بورکەوە بەکارهێنرا. ئەو ده‌سته‌واژه‌یه‌ی بۆ ئەوە داڕشت کە یارمەتی ڕزگاربووانی توندوتیژی سێکسی بدات تاكو هاودەنگی لەگەڵ یەکتری نیشان بدەن و ڕوونی بکاتەوە کە ئەزموونه‌كانیان به‌ په‌راوێزخراوی نامێننه‌وه‌.

ئەم بزووتنەوەیە لە ساڵی ٢٠١٧دا لە ئاستی جیهانیدا ناسرا دوای ئەوەی زۆرێك له‌ ژنان دەستیان کرد بە بەکارهێنانی هاشتاگی #MeToo لە سۆشیال میدیادا تاكو ئەزموونەکانیان هه‌ر له‌ هەراسانکردنه‌وه‌ و بۆ دەستدرێژیکردنی سێكسی بەیەکەوە هاوبه‌شی پێبكه‌ن. ئەم هەڵکشانە جه‌ماوه‌رییه‌ دوای ئەو تۆمەتانە هات کە ئاراستەی بەرهەمهێنەری هۆڵیوود (هارڤی واینستین) کرا، و لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە بڵاوکرایەوە و بووە هۆی باسكردنی تۆمەتی زۆر لەلایەن ژنانی ناو پیشەسازی فیلمەوە.

سه‌رچاوه‌:
https://slavoj.substack.com/


PM:12:24:16/03/2026

ئه‌م بابه‌ته 748 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی