نامەیەک لە یادی هەڵەبجە

‌سلێمان مستەفا حەسەن

بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە، ئەمڕۆ کاتێک بیر لەو ڕۆژە تاریکەی مێژوو دەکەینەوە، دڵمان پڕ دەبێت لە خەم و پەژارە. چونکە هەڵەبجە تەنیا ناوێک نییە لە نەخشەی جوگرافی هەرێمی کوردستان و کوردستان؛ بەڵکوو هەڵەبجە یادگارییەکی بێ کۆتایییە لە ئازار، لە خۆڕاگری و لە ڕاستییەکی تاڵی مێژوویی. لەو ڕۆژەدا پێنج هەزار منداڵ و ژن و پیر و گەنج بە بێ تاوان بوونە قوربانیی چەکە کیمیاییەکان، تەنیا لەبەر ئەوەی کورد بوون. کارەساتی هەڵەبجە ڕووی ڕاستەقینەی ڕژێمی بەعس و داگیرکەرانی کوردستانیان بەیان کرد، کارەساتەکە ئەوەندە ناخ هەژێن بوو، ئەوەندە گەورەو پر کارەسات بوو کە لە ناخ و هزری هەموو کوردێکدا بە نەمری و کاریگەرییەوە ماوەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆحی هەڵەبجە نەکوژرا، ڕۆحی کورد بوون نەکوژایەوە نەکوژرا.

هەڵەبجە لە مێژووی کورد و کوردستاندا بوو بە نیشانەیەکی نەمری و سیمبولی بەرخودان. ئەو خاکەی کە بە ژەهری کیمیایی بۆردوومان کرا، بوو بە ئاگری بێداری لە دڵی نەتەوەیەکدا. هەر ساتێک و هەر ڕۆژێک کە ناوی هەڵەبجە دەهێنین، ئەوە تەنیا یادکردنەوەی کارەساتێک نییە؛ ئەوە سوێندێکی نوێیە بۆ ئەوەی مێژوو دووبارە نەبێتەوە و ماف و کەرامەتی مرۆڤ پارێزراوبێت و نەتەوەی کورد بگاتە ئامانجەکەی لە ئازادی و سەربەخۆیی و ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان.

بۆ ئەمڕۆ و بەیانی نەتەوەکەمان، ڕێزگرتن لە ساڵ یادی کارەساتی هەڵەبجە، ڕێزگرتن لە قوربانی و شەهیدانی هەڵەبجە، تەنیا بە وشە نییە؛ بەڵکوو بە یەکگرتنەوەی دڵ و بیر و نزاو بەرخودان و هەوڵی هاوبەشە بۆ ئایندەی نەتەوەکەمان. من دڵنیام داواکاری شەهیدانەی کارەساتی هەڵەبجە لە تاک بە تاکی کورد داواکارێکی ئاسایی و وەستانی چەند ساتێک بەبێ دەنگی نییە.

بەڵکوو داوای شتێکی زۆر زۆر گەورەتر دەکەن؛ ئەوان داوای ئەوە دەکەن کە کوردان لە نێوان خۆیاندا بە یەک دەنگ و بە یەک ئیرادە بەرخودان بکەن و بژین. چونکە یەکگرتوویی هێزە، و هێزی پاراستنی ژیان و مافە.

ئەگەر کارەساتی هەڵەبجە یەک وانەی فێری هەمووان کردبێت، ئەویش ئەوەیە کە کورد یەکگرتوو یەک بن، پشتی یەکبگرن واز لە خۆ خۆر بهێنن، چەکی یەکێتیی و یەکبوونە وا دەکات کورد و دۆزەکەی هەرگیز نەبێتە قوربانیی بیرچوونەوەی مێژوو. لەبەر ئەوەیە دەبێت یادی هەڵەبجە ببێتە پەیامی یەکگرتوویی، پەیامی ئاشتی و پەیامی خۆڕاگری بۆ داهاتوو.

با ئەمڕۆ بە دڵێکی پڕ لە ڕێز و حورمەتەوەو، پڕ لە هەستی مرۆڤایەتی بەڕۆحێکی کوردانە بە دڵسۆزییەوە سەری خۆمان دانەوێنین بۆ شەهیدانی هەڵەبجە، و پەیمان بدەین و پەیمان نوێ بکەینەوە و بە خۆمان بڵێن؛ ئەو ڕۆژە هەرگیز لە بیر ناچێت، و هەمیشە شەهیدان و ئەو قوربانییانە بەڕێزەوە یاد دەکرێنەوە. شەهیدان و قوربانیانی هەڵەبجە مانادار و پڕ شکۆن لە مێژووی کورد و کوردستان.

ڕۆحیان شاد و یادەوەرییان هەمیشە لە دڵی کوردستاندا بە نەمری دەمێنێتەوە.

با هەموومان ئەو یادە بەرز ڕابگرین


AM:11:56:16/03/2026

ئه‌م بابه‌ته 236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی