هەڕەشەی درۆن و
بانگەوازێک بۆ خەباتی مەدەنی..

‌ئاریان فەرەج

هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی مێژوویی هەستیار و ئاڵۆزدایە. لە کاتێکدا ئاگری جەنگ لە ناوچەکەدا هەروا دێ و کڵپە دەسێنێ  و دیار نییە ئەم شەڕە بێ هودەیە بە کوێ دەگات، سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان هەموو هەوڵەکانی بۆ پاراستنی هاوسەنگی و دوورخستنەوەی ئاگری شەڕ لە گەلەکەی خستۆتە کار، بە وردی ستراتیژیی بێلایەنی پەیڕەو کردووە و نەیهێشتووە خاکی هەرێم ببێتە مەیدانی جەنگ و سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هیچ دراوسێیەک، بەتایبەت کۆماری ئیسلامی ئێران. بەڵام ئەوەی جێی تێڕامانە، ئەو پەلامارە ناڕەوا و درۆنبارانە بەردەوامەیە کە لەلایەن گروپە چەکدارە شەڕانگێزە تیرۆریستە لەیاسادەرچووەکانی عێراقەوە دەکرێتە سەر شارەکانی کوردستان، لەبەرانبەریشدا تەنها سەرکۆنە و ئیدانەی سیاسی هەن بەڵام لە ڕووی میللیەوە جۆرێک لە "کپبوونی مەدەنی" دەبینرێت.

لە ڕاستیدا رۆشنبیران و دەستەبژێر تەنیا چاودێری ڕووداوەکان نین، بەڵکو ئەوان ویژدانی زیندووی نەتەوەن و دەرهەق بە هەر پێشهاتێکی گشتی ئەرکی مێژووییان لە ئەستۆیە، بێدەنگی لە ئاست تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی، نەک هەر نیشانەی خەمساردی و کشانەوەیە لە کایەی گشتی، بەڵکو بوار بۆ گروپە توندڕەوەکان خۆش دەکات کە بێباکانەتر پەلاماری کوردستان بدەن و زوو زوو ئەو قسەیە دووبارە بکەنەوە کە گوایە ئەوان کێشەیان لەگەڵ خەڵکی کوردستان نییە و تەنها دژی سیاسی و دەسەڵاتدارانن و بۆیەش شەقامی کوردستان بێ دەنگە.  مەبەست لەم وتارە گلەیی نییە لە دەستەبژێری کوردستان، بەڵکو بیرهێنانەوەی ئەرکە. ئەرکی نیشتمانیی دەستەبژێر و کۆمەڵگەی مەدەنی ئەوەیە کە هەڵوێستی ناڕەزایەتی میللی بەیان بکات و بێ دەنگ نەبێ، دەبێ دەنگەکەی بگاتە بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؛ ببێتە فشاری دیکەی زیاتر  بۆ  سەر حکومەتی فیدراڵ تا بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی خۆی بگرێتە ئەستۆ  لە جڵەوکردنی ئەو میلیشیایانەی کە لە قەڵەمڕەوی بن دەسەڵاتی بەغداوە پەلاماری کوردستان دەدەن.

ئەگەر سەیری ڕابردوویەکی نزیک بکەین، دەبینین کاتێک "ڕۆژئاڤای کوردستان" ڕووبەڕووی هەڕەشەی قڕکردن بووەوە، شەقامی  کوردی بە تایبەت باشووری کوردستان و دیاسپۆرای کوردستانی لە هەندەران و  دەستەبژێر و رۆشنبیران و هونەرمەندان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گەنجان بە گشتی، بومەلەرزەیەکی مەدەنییان بەرپاکرد. ئەو ڕابوونە میللییە تەنیا پاڵپشتییەکی مۆڕاڵی نەبوو، بەڵکو بووە فشارێکی گەورەی سیاسی کە جیهانی ناچار کرد بەدیار کارەساتەکەوە بێدەنگ نەبن.

ئەمڕۆ کە هەولێر و سلێمانی و ناوچەکانی دیکەی هەرێم بە درۆن دەکرێنە ئامانج و دەست لە سڤیل و گەڕەک و ماڵان ناپارێزرێ، هەمان ئەو وزە و یەکگرتووییە مەدەنییە پێویستە کە بە شێوازێکی گونجاو ئەو ئیرادە میللییە بخاتەوە مەیدان بە تایبەت کە ئەمجارە دوژمنەکە گروپگەلێکە کە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا بودجە و شەرعیەت وەردەگرێ و بە چاوپۆشیی حکومەتی بەغدا ئەم شەڕە چەپەڵە بە کوردستان دەفرۆشێ. ئەمەش هاوشانی هەڵوێستی فەرمی، پێویستی بە جۆرێک لە کاردانەوە و خەباتی مەدەنییە؛ خەباتێک کە ڕووکاری "یاسایی و سیاسی" هەبێت و حکومەتی عێراق بخاتە بەردەم ئیحراجییەکی نێودەوڵەتی و تەنانەت ئیحراجی بەردەم شەقامی عێراقییش.

کۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانێت لە ڕێگەی ئەم هەنگاوانەوە ڕۆڵی کاریگەر بگێڕێت:

 * یەکخستنی گوتاری نیشتمانی: دەستەبژێر دەبێت لە سەروو ململانێ حیزبییەکانەوە، پاراستنی قەوارەی هەرێم وەک "هێڵی سوور" بناسێنن.

 * دیپلۆماسیی مەدەنی: پەیوەندیگرتن بە ڕێکخراوەکان لە سەر ئاستی عێراق و جیهان و ناوەندە جۆراوجۆرەکان بۆ ناساندنی ئەم پەلامارانە وەک "تاوانی جەنگ" دژی هاووڵاتیانی سڤیل.

 * فشاری ناوخۆیی لە بەغدا: دروستکردنی لۆبییەکی بەهێز بە پێشەنگیی نوێنەرانی کوردستان لەگەڵ چالاکوانانی مەدەنیی ناوەڕاست و خووارووی عێراق، بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە ئەم گروپانە نەک تەنها بۆ سەر کوردستان، بەڵکو  بۆ سەر تێکڕای سەقامگیریی عێراقیش مەترسی و هەڕەشەن.

بە کورتی، بێدەنگی لەم ساتەوەختە ناسکەدا، دەکرێت وەک کەمتەرخەمی و درک نەکردن بە ئەرکی نیشتمانی لێکبدرێتەوە. پاراستنی کوردستان تەنیا ئەرکی سیاسەتوانان و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان نییە، بەڵکو پاراستنی "کەرامەتی نیشتمانی" ئەرکی هەموو نیشتمانپەروەرانە و لە پێش هەموانیش دەستەبژێر بە بیرمەندان و قەڵەمە بوێرەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانەوە. پێویستە دەنگی شەقام بۆ داواکردنی ئاشتی و سەروەری بەو شێوازەی لەگەڵ دۆخەکە دەگونجێ، ببیسترێت. 

هێزیی نەرمی کۆمەڵگەی کوردستان لە قەیرانی کوردانی ڕۆژئاوادا جوانترین تابلۆی هاوپشتیی نەتەوەیی نەخشاند، لەم ئاڵنگارییەشدا دەتوانێ دووبارە ببێتەوە بە قەڵغانێکی مەدەنی بۆ پاراستنی ژیان و ئاساییش و ئارامی کوردستان.


AM:09:11:14/03/2026

ئه‌م بابه‌ته 288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی